چەند دێڕێك بۆ خوشكان
بەروار: 2013/02/16سەردارن: 4425نوسەر: دايكى عبد الله

بسم الله الرحمن الرحیم
ئەم‌ چەند دێڕە‌ دەنێرم بۆ هەموو خوشكەكانم, بۆ ئەو خوشكانەم كە هەست بە بێزاری و بێ هیوایی دەكەن و ‏وادەزانن دەرگاكان بەرویاندا داخراون، چەند وشەیەكە بۆ ئەوانەی دڵتەنگن و دەناڵێنن بە دەست ستەمی ‏جۆرا و جۆرەوە.‏
خوشكی بەڕێزم: لە وشەكانم وردبەرەوە و هەوڵبدە بیر بكەیتەوە لە پاداشتی ئەو تاقیكردنەوانەی كە لەلایەن ‏خوای گەورە ڕووبەڕووت ئەبێتەوە تا ئارام بگریت, ئەو كات ئارامگرتنەكەت لەبەر خوای گەورە ئەبێت، ‏ئازیزەكەم تكایە بە ئازایی پێشوازی لە ناخۆشیەكان بكە، ئارام بگرە ، چونكە پەروەردگارمان فەرموویەتی: ‏‏[وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ] "البقرة ‌249" وە هەروەها لە سورە ا‌ل عمران ‌ فەرمویەتی [وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ] (146 ) هەرچەند دەردەسەری ونەهامەتی ڕووی تێكردی و ڕێگاكەت تاریك بوو هەر ئارام بگرە و دڵنیابە ‏كە‌ لەگەڵ هەموو ناخۆشییەك‌ خۆشییەك دێت، (ان مع العسر یسرا) "الشرح 6 "‏
خوشكەكەم, زۆر ئاساییە ئەگەر دووچاری ناخۆشی و ستەمی دەور و بەرت بوویتەوە ، چونكە ئێمە لە ‏سەردەمێك ئەژین ئەوەی دەست بە قورئان و سوننەتەوە بگرێت غەریبە و توشی چەندەها ناخۆشی ئەبێت ‏كە هەموویان تاقیكردنەوەی پەروەردگارن، تۆش كە ئێستا خۆت داپۆشیوە بەو شێوەیەی كە خوای گەورە ‏فەرمانی پێكردویت و هەمیشە عاباكەت و دەستكێش و نقابەكەت لەبەركردوە و هەرگیز لە سنوری شەرع ‏ناچیتە دەرەوە دڵ تەنگ مەبە لەبەر ئەوەی قسەت پێئەڵێن و وەك جاران نازت هەڵناگرن و گوێت بۆ ناگرن، ‏لەبەرئەوە تەنها تۆ وانیت دڵنیابە زۆربەی ئەو خوشكانەی وەك تۆ الحمدلله ڕێگای ڕاستیان دۆزیوەتەوە وەك ‏تۆ وان و بگرە لەوانەیە لە تۆ زۆر زۆر خراپتر بن، هەمیشە سوپاسی خوای گەورە بكە لەسەر ئەوەی كە تۆی ‏تاقیكردۆتەوە بشزانە ئەوە قەدەری خوای گەورەیەو هەرچی بوێت ئەنجامی دەدات، [ مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَي اللَّهِ يَسِيرٌ] "الحدید ‌22" واتە (هیچ ‏دەرد و بەڵا و موصیبەتێك ڕوو نادات نە لە زەوی و نە لە خودی خوتان ئیلا بەرلەوەی كە ئەوە ڕوبدات لە ‏كتێبێكدا نوسراوە و بڕیار دراوە كە لوح (المحفوظ)ە كە ئەمەش كارێكی ئاسانە بۆ خوا)، هەرگیز مەترسە ‏لەو كەسانەی زۆرت لێدەكەن و قسەت پێ ئەڵێن.... چونكە دڵنیابە تەنها ئەوە ڕوو ئەدات كە خوای گەورە ‏ویستی لەسەرە زانایانی اهلی سوننە‌ فەرموویانە ( ما شاء الله كان و ما لم يشأ لم يكن) واتە خوای گەورە ‏ویستی لە هەر كارێك بێت دەبێ و ویستیشی لە هەر كارێك نەبێت نابێت. ئەوەش بزانە كە خوای گەورە تۆی ‏خۆش ئەوێت بۆیە تاقیتدەكاتەوە ، ئەگەر صبر بگریت و بەردەوام بیت ئەوە پاداشتی گەورە چاوەڕوانتە ، ‏ئەوەتا خۆشەویستمان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (ان الله إذا أحب قوما ابتلاهم، فمن رضي فله رضا و من سخط فعليه السخط) أخرجه الترمذي في الزهد (4601) و ابن ماجه في الفتن (4031) وصححه العلامة الألباني في الصحيحة :146) واتە ( بێگومان خوای گەورە ئەگەر خەڵكانێكی خۆشبوێت تاقیان دەكاتەوە، جا ئەو كەسە ‏ئەگەر ڕازی بێت بەو تاقیكردنەوەی خوای گەورە ئەوا ڕەزامەندی خوای گەورە بە دەست دەهێنێت، وە هەر ‏كەسێكیش توڕەبێت و پێی ڕازی نەبێت ئەوا توڕەی خوای گەورەی لەسەر ئەبێت).‏
خوشكە خوشەویستەكەم, با لە خۆشی و ناخۆشیدا دوعا و پاڕانەوەكانت تەنها بۆ بەر دەرگای ‏پەروەردگارت بێت و جگە لەو خوایە لە كەسی تر نەپاڕێیتەوە ، چونكە ئەو كەسەی وا نەكات پەنا بەخوا ‏خەسارۆمەندی دونیا و قیامەتە ، ئەوەتا خوای بەرز ئەفەرموێت [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَعْبُدُ اللَّهَ عَلَي حَرْفٍ فَإِنْ أَصَابَهُ خَيْرٌ اطْمَأَنَّ بِهِ وَإِنْ أَصَابَتْهُ فِتْنَةٌ انقَلَبَ عَلَي وَضهِهِ خَسِرَ الدُّنْيَا وَالْآخِرَةَ ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِينُ] "الحج 11" واتە (هەندێك لە خەڵكی هەیە تەنها لە یەك حاڵەتدا خواپەرستی دەكات (ئەویش ئەو حاڵەتەیە كە ‏دنیا بەدڵی ئەو بێت)، ئەگەر تووشی خێرو خۆشی بوو دڵی پێی خۆشە، خۆ ئەگەر تووشی تاقیكردنەوەیەك ‏هات، ئەوە هەڵدەگەڕێتەوە، ئا بەو حاڵەتەی دنیا و قیامەت لە دەست خۆی دەدات و زەرەرمەندی هەردوو ‏لا‌یە و هەر ئەوەشە خەسارەتمەند و زەرەرمەندی ڕوون و ئاشكرا). لەبەرئەوە تەنها خوای پەروەدگارە لە ‏هەموو كاتەكاندا ئاگای لێتە و هەر ئەویشە وەڵامی دوعا و پاڕانەوەكانت ئەداتەوە هەروەك خۆی ئەفەرمویت :[أَمَّن يُجيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ] ”النمل 62" واتە (كێیە ئەوەی كە دوعای داماوان قبوڵ ‏ئەكات كاتی لێی بپاڕێتەوە، وە شتی خراپە و ناخوش لەسەر مرۆڤەكان لا ئەدا؟) خوشكە باشەكەم هەمیشە ‏دوعا بكە بە تایبەت ئەو كاتەنەی كە بەتەنیایت, لەو كاتەی كە خەڵكی لەدەریای خەوتندا نقوم بوون, لە ‏تاریكای شەودا دانیشە و بگری و بیر بكەرەوە و لەگەل خۆت قسە بكە و بڵێ من بۆچی دروستكراوم؟ بۆ ‏ئەوەی تەنها خەم و خەفەت بخوم؟ یان بۆ ئەوەی تەنها ڕابوێرم و بێئاگا بم؟ نا تۆ بۆ هیچ كام لەمانە خەلق ‏نەكراویت [وَمَا خَلَقْتُ الْجنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ] "الذاریات ‌56"، ئەوە بزانە خوای گەورە هەرگیز بە تەنها ‏جێت ناهێڵێت و دڵنیابە كە وەڵامی دوعا و پاڕانەوەكانت زوو بێت یان درەنگ, ئێستا بێت یان بەیانی یان ‏ساڵێكی تر هەر دەدرێتەوە و تەنها و تەنها پشت بەو ببەستە لەكاتی دڵتەنگبوون و گیروگرفت و ناهەمواری ‏بارودۆخەكان .‏
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما مزيدا.