الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسول الله و على آله وصحبه و سلم, أما بعد:
خوشك و برای بەڕێزم ، گەر ئێستا لە هەر یەكێكێمان بپرسن ئامانجتان چیە لە ژیاندا و ئەتانەوێت تەمەنتان لە چیدا بەسەر بەرن؟؟؟ بێگومانم كە زۆربەمان ئەڵێین پەیمانمان داوە كە تەمەنمان لە چاكە و بەندایەتیدا بەسەر بەرین و خۆمان بۆ مردن ئامادە بكەین ! بەڵام لە ڕاستیدا گەر بێت و سەیری كردەواكانمان بكەین سەیری هەڵسوكەوتمان بكەین بەداخەوە زۆر دوورە لەو ئامانجەی كە هەمانە ، خوشك و برای بەڕێزم بۆ ئەوەی ئێمە بەراستی هەوڵ بۆ ئەم ئامانجانە بدەین پێویستە ڕۆژانە ئەم پرسیارانە لە خۆمان بكەین.
ئایا گرەنتی لێخۆشبوونی تەنها یەك تاوان لە تاوانەكانت وەرگرتوە و ئایا دڵنیایت كە چاكەیەك لە چاكەكانت قبوڵ بووە؟ نا والله كەسمان دڵنیا نین لەوە, ئەی خوشكە باشەكەم, برا بەڕیزەكەم ئێوە چۆن جورئەتی ئەوە ئەكەن كە سنور و فەرمانەكانی خوای گەورە بشكێنن؟! باشە خوشك و براكەم چی وای لە ئێوە كردوە كە هەست ئەكەن زۆر پاكن و تاوانتان نیە؟ یان هەموو شتێكتان بە هەوڵ و كۆششی خۆتان بەدەست هێناوە و نیعمەتەكانی خوای گەورەتان لەبیر كردوە؟ بۆچی چاوتان داخستوە لە ئاست ئەو هەموو میهرەبانیەی خوای گەورە؟ ئەوەتا خوای گەورە ئەفەرموێت:[يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَنْتُمُ الْفُقَرَاءُ إِلَى اللَّهِ وَاللَّهُ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ (15) إِنْ يَشَأْ يُذْهِبْكُمْ وَيَأْتِ بِخَلْقٍ جَدِيدٍ (16) وَمَا ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ بِعَزِيزٍ (17)] الفاطر . واتە: ( ئەی خەڵكینە ئێوە پێویستتان بەخوای گەورە هەیە، بەڵام خودا هیج پێویستیەكی بەئێوە نیە! چونكە ئەو دەوڵەمەندە و سوپاسكراوە، ئەگەر بیەوێت لە ناوتان دەبات و كەسانێك دروست ئەكات كە بیپەرستن و هاوەڵی بۆ دانەنێن، ئەمەش كارێكی گران نیە بەلای خوای پەروەردگارەوە).
گەر بیربكەینەوە هەر شتێك هەیە لە زەوی هەمووی نیعمەتەكانی خوای مەزنن و بۆ خزمەتی ئێمەن، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر ئەمانەدا چیمان كردووە بۆ ئەوەی خوای گەورە لە خۆمان ڕازی بكەین؟
خوای گەورە هەمیشە دەرگای تۆبەی بەڕووی ئێمەدا كردۆتەوە ، بەڵام ئێمە چی هەمیشە سەرپێچی ئەكەین وە كەی بەڕاستی گەڕاوینەوە بۆ لای خوای گەورە؟ خوشك و براكانم پێویستە هەمیشە ئەم پرسیارانە لە خۆمان بكەین،ئایا من ئەوەنە بەتوانام كە پێویستم بە خوا نەبێت ئاگادارم بێت ؟ ئایا جگە لە خوای پەروەردگار كەسێكی تر هەیە داوای یارمەتی لێبكەم و لە هەموو كاتێكدا بێت بەهانامەوە و بێزار نەبێت لێم؟ ئایا كەسێكی تر هەیە لە هەموو هەڵەیەكم ببورێت؟ ئایا كەسێكی تر هەیە هەموو ناخۆشیەكانم لەسەر لاببات؟
زۆر پرسیار هەن كە بەداخەوە نە من و نە ئێوەش لەخۆمانی ناكەین وائەزانین كە پێویستیان بە وەڵام نیە و زۆرئاسانن، بەڵام نازانین كە چەندە پێویستن بۆ بەرزكردنەوەی ئیمانمان،ئەگەر بپرسم و بڵێم ئایا خوای گەورەت خۆشناوێت؟وە ئاواتی ئەوە ناخوازیت كە لێی نزیك بیتەوە؟ئایا بەختەوەر و دڵخۆش نیت بە ڕەزامەندی ئەو؟
هەر لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا بە توڕەبونێكەوە ئەڵێیت چۆن خوای گەورەم خۆش ناوێت!!
باشە، بەڵام ئایا ئەم كارانەی كە تۆ ئەیانكەیت مانای خۆشەویستی ئەگەیەنێت؟!سوێند بەخوا ئەگەر ئەم سەرپێچیانەی كە تۆ ئەیانكەیت بەرامبەر خوای گەورە، بەرامبەر كەسێكی نزیكت بتكردایە هەرگیز ڕووت نەدەهات سەیری بكەیت و شەرمت ئەكرد بەبیستنی ناوی، بێئەوەی بیر لەوە بكەیتەوە كە ئەو كەسەش وەكو تۆ مرۆڤێكە!!ئەی كە وایە چۆن ئەتوانیت لە قیامەتدا لەبەردەم خوای گەورە بوەستیت؟ئاخر چۆن!!
ئای لەو كاتە چەن شەرمەزاریت!! خوشك و برا بەڕێزەكانم والله ئێستا نە درەنگە نە زووە، تەنها هەوڵبەن و بیر بكەنەوە و كار بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بكەن، كە ئایا ئەتوانیت داوای لێبوردن بكەیت لەوەی كە لەوە و پێش كردووتە؟ تكایە بگەڕێنەوە لای پەروەردگار و دان بە تاوانەكانتان بنێن و لە زیادەڕەویەكانتان پەشیمان ببنەوە.
لە كۆتایدا ئەمڕۆ ڕۆژی كاركردنە نەك لێپرسینەوە بەڵام سبەی ڕۆژی لێپرسینەوەیە نەك كاركردن.
وأخر دعوانا ان الحمدلله رب العالمين.