[ شەفاعەت ]
دەڵێن: هەموو موسڵمانێك باوەڕی وایە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و پیاوچاكان شەفاعەت دەكەن بۆ موسڵمانان لە ڕۆژی قیامەتدا. كەوابوو ئێمە هەر لە دونیادا بەزوویی داوای ئەو شەفاعەتەیان لێ دەكەین كە خوا پێی بەخشیون. وە دەڵێین ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلمشەفاعەتمان بۆ بكە لای خوا. وە ئەی شێخ عبدالقادری گەیلانی شەفاعەتمان بۆ بكە لای خوا. چونكە هەروەكو لە قیامەتدا داوای شەفاعەت و بەفریاكەوتنیان لێ دەكەین، بە هەمان شێوەش دروستە لە دوای مردنیشیان هەر داوایان لێ بكەین !.
[وەڵامی ئەم شوبهەیە:]
لە وەڵامدا دەڵێین: بەڵێ ڕاستە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم شەفاعەت دەكات، وە هەروەها پیاوچاكانیش و، فریشتەكانیش و، شەهیدانیش شەفاعەت دەكەن، دوای ئەوەی خوا ڕێگایان پێ دەدات، لەو سنوورەدا كە بۆیانی دادەنێت، بۆ ئەو كەسە شەفاعەت بكەن كە تەنها خوا پەرست (مُوحِّد) بووەو، هاوبەشی بۆ خوا پەیدا نەكردووەو، هاواری نەكردۆتە غەیری خوا.
جا بێ ئەوەی ئێمەش داوایان لێ بكەین شەفاعەتمان بۆ بكەن، خوا ڕێگای شەفاعەت كردنی پێ داون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەرامیشی كردووە كە ئێمە لە دونیا داوای شەفاعەت كردنیان لێ بكەین و هاواریان بكەینێ دوای مردنیان.