هەندێك گومانی سەر هاوەڵان و ڕەواندنەوەیان
بەروار: 2013/06/23سەردارن: 1894نوسەر: عثمان الخميس /وەرگێڕانى:علی خان

شوبهەی یەكەم
فەرمودەكەی پەیامبەر‎ صلى الله عليه وسلم‏ لەسەر حەوز
ئەڵێن: پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏‏ فەرمویەتی: (خەڵكانێك دێن بۆ لام، دەیانناسمەوە و دەمناسنەوە، پاشان بە توندی لە حەوزەكە دوور ‏دەخرێنەوە، منیش ئەڵێم: هاوەڵەكانم، پێم دەگوترێ: تۆ نازانی دوای تۆ چیان كرد).‏ (1)
ئەم فەرموودەیە چەندین ڕێگا و چەندین ڕیوایەتی هەیە:‏
لەوانە: (من لەسەر حەوزم چاوەڕێ دەكەم بزانم كێ لە ئێوە دێ بۆلام، بەڵام خەڵكانێكم لێ دەبرێن، منیش ئەڵێم: ئەی ‏پەروەردگارم، لە منن و لە ئوممەتەكەی منن، پێم دەڵێن: ئایا نەتزانی دوای تۆ چیان كردوە؟ سوێند بەخوا دوای تۆ ئەوەندەی نەبرد ‏هەڵدەگەرانەوە لە دینی خۆیان. ‏
پاشان ئیبن ئەبی مولەیكە ـ هەواڵخوانی فەرموودەكە- وتی: ئەی پەروەردگارا پەنات پێ دەگرین لەوەی هەڵگەڕێینەوە).‏ ‏ (2)‏
وڕیوایەتی دووەم: (ئەمن پێشتان دەكەوم و لە پێشتانەوە لەسەر حەوزەكەم، خەڵكانێك دێن بەڵام لێم دەبرێن، ئەڵێم: ‏پەروەردگارم، هاوەلەَكانم، هاوەلەَكانم، پێم دەگوترێ: تۆ نازانی دوای تۆ چیان كرد). ‏(3)
بۆ وەڵامی ئەم شوبهەیەش:‏
یەكەم: مەبەست لە هاوەڵ لێرەدا ئەو مونافیقانەن كە لە سەردەمی پەیامبەردا صلى الله عليه وسلم‏ خۆیان بە موسڵمان پیشانداوە، هەروەكو خوای ‏گەورە دەفەرموێ:[إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ]{المنافقون 1}. واتە: (ئەی پەیامبەر كاتێك دەغەڵ و دووڕوەكان بێنە لات، دەڵێن: شایەتی دەدەین كە بەڕاستی تۆ ‏پەیامبەری خوایت و خوا خۆی دەزانێ كە تۆ پەیامبەری ئەوی، خواش شایەتی دەدات كە ئەو مونافیقانە درۆزنن ). ‏
بۆیە ئەمانەش لەو مونافیقانەن كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ پێی نەزانیوون، هەروەكو خوای مەزن دەفەرموێ: [وَمِمَّنْ حَوْلَكُمْ مِنْ الأَعْرَابِ مُنَافِقُونَ وَمِنْ أَهْلِ الْمَدِينَةِ مَرَدُوا عَلَى النِّفَاقِ لا تَعْلَمُهُمْ نَحْنُ نَعْلَمُهُمْ سَنُعَذِّبُهُمْ مَرَّتَيْنِ ثُمَّ يُرَدُّونَ إِلَى عَذَابٍ عَظِيمٍ]{التوبة 101}. واتە: (لەو عەرەبە دەشتیەكانەی كە لە دەورو بەرتاندان مونافیقانێك هەن وە هەندێ لە خەڵكی مەدینەش لەسەر دوو ‏ڕوویی ڕاهاتوون و زرنگن لەو بارەیەوە، تۆ نایانناسی ئێمە چاك دەیانناسین، ئەوانە دووجار سزایان دەدەین، دواتریش ‏دەگەڕێندرێنەوە بۆ سزایەكی گەورە). جا ئا ئەوانە لەو مونافیقانەن كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ وایدەزانی لە ئەسحابەكانی وین، بەڵام ‏واش نەبوون. ‏
دووەم: مەبەست پێیان ئەوانەن كە لە دوای وەفاتی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏‏ هەڵگەڕاونەتەوە، ئەوەبوو زۆرێك لە عەرەب دوای وەفاتی ‏پەیامبەر صلى الله عليه وسلم‏ هەڵگەرایەوە، بۆیە ئا ئەمانەن كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ دەفەرموێ: (هاوەڵەكانم، پێی دەوترێ: تۆ نازانی دوای تۆ چیان ‏كرد هەركە بەجێیانت هێشت دوای تۆ هەڵگەرانەوە). ‏
سێیەم: مەبەست پێی: واتای هاوەڵە بە شێوەی گشتی، یانی: هەر كەسێ هاوەڵی و هاوڕێیەتی پەیامبەری خوای صلى الله عليه وسلم‏ كردبێ با ‏ئیمانیشی نەهێنا بێ، ئەمانە مانای هاوەڵ لە ڕوی زاراوەییەوە نایانگرێتەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە، كاتێك سەرۆكی ‏مونافیقەكان عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەی كوڕی سەلول وتی: [لَئِنْ رَجَعْنَا إِلَى الْمَدِينَةِ لَيُخْرِجَنَّ الأَعَزُّ مِنْهَا الأَذَلَّ] (4){المنافقون8}. ‏ئەم قسەیەیان بۆ عومەر گێڕایەوە، وتی: ئەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ ئیزن بدە با لە گەردنی ئەم مونافیقە بدەم، پەیامبەری ‏خوا صلى الله عليه وسلم‏ فەرمووی: (نا وازی لێ بێنە، با خەڵك نەڵێن موحەممەد هاوەڵەكانی خۆی دەكوژێت).‏ (5)
دەبینی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ دەیكات بە هاوەڵی خۆی، ئەمەش لەسەر واتا زمانەوانییەكەی نەك زاراوییەكەی؛ چونكە عەبدوڵڵای ‏كوڕی سەلول سەرۆكی مونافیقەكان بووە و لەو كەسانەیە وا خوا ڕیسوای كرد و نیفاقی خۆی ئاشكرا كرد. ‏
چوارەم: پێ ئەچێت مەبەست لە ووشەی (هاوەڵەكانم) هەموو ئەو كەسانە بێت كە هاوەڵێتی پەیامبەری خوا‏ صلى الله عليه وسلم‏‏ دەكەن لە گرتنە ‏بەری ڕێگاكەی پەیامبەر، ئەگەر چی نەشیان بینی بێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ڕیوایەتی: ( ئوممەتەكەم)ـە، یان (ئەوانە ئوممەتی منن). ‏
سەبارەت بەو ووتەیەی پەیامبەریش‎ صلى الله عليه وسلم‏ كە دەفەرموێ: (دەیانناسمەوە )، پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ خۆی ڕونی كردۆتەوە كە ئەم ئوممەتە ‏دەناسێتەوە، وتیان: قوربان چۆن دەیانناسیەوە و نەشیانت بینیوە؟ دەفەرموێ: (بە شوێنەواری دەست نوێژەكانیانەوە دەیانناسمەوە ‏‏).‏ (6)
هەروەها ئەوەی كە ئەمە پشت ڕاست دەكاتەوە، تێگەیشتنەكەی ئیبن ئەبی مولەیكەیە - هەواڵخوانی فەرمودەكە- كاتێك كە ‏ئەڵێت: (خوایە گیان پەنات پێ دەگرین لەوەی هەڵگەڕێینەوە) كەچی لە تابعینە. ‏
دوای ئەوەش ئەم فەرمودەیە نە خەوارج و نە نەواصب و نە موعتەزیلە، هیچ كام لەمانە نەیانكردۆتە بەڵگە، تەنها شیعە ‏نەبێت، بۆ هەڵگەڕانەوەی هاوەڵانی پەیامبەر صلى الله عليه وسلم‏ كردویانەتە بەڵگە. ‏
ئەو كات پێیان دەوترێ: ئەی باشە چی عەلی و حەسەن و حوسەین و ئەوانی تریش لە ئەهل و بەیتی پەیامبەر‏ صلى الله عليه وسلم‏ لەو هاوەڵانە ‏دەردەكات؟ چی ڕێگرە لەوەی كە ئەمانیش لەوانە بن وا هەڵگەراونەتەوە؟ ‏
بەڵام ئێمە هەرگیز ئەوە ناڵێین، حاشا و دوور لەوان، تەنانەت ئێمە ئەوانە بە ئیمام دەزانین و ئەڵێین بەهەشتین، هەروەكو ‏پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ لە بارەی عەلییەوە رضي الله عنه‏ فەرمویەتی- كاتێك لەسەر كێوی (حیرا‌ء) بوون-: جێگیر بە ئەی (حیڕا‌ء) ئەوەی لەسەر ‏پشتی تۆیە پەیامبەر و صدیق و شەهیدە)(7)، ‏ جا لەوكاتە عەلیش رضي الله عنه‏ لەگەڵ پەیامبەری خوادا صلى الله عليه وسلم‏ بوو بۆیە لە ئەهلی بەهەشتە. ‏
هەروەها لە پەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم‏‏ سابت بووە كە فەرموویەتی: (حەسەن و حوسەین گەورەی گەنجانی بەهەشتن ).‏ (8)
وە ئەگەر ڕەفزكەرەكان وتیان: ئەبوبەكر و عومەر و ئەبا عوبەیدە، باقی هاوەڵەكانی تری پەیامبەر صلى الله عليه وسلم‏ ، لەوانەن كە لە حەوزی ‏پەیامبەر صلى الله عليه وسلم‏ پەڕاگەندە دەكرێن؟ !‏
ئەوكات چی ڕێگری نەواصبەكانە كە بڵێن: عەلیش بەهەمان شێوە لەو كەسانەیە كە لە حەوز دوور دەخرێنەوە. ‏
خۆ ئەگەر ووترا: عەلی فەزڵەكانی باسكراون و چەسپاون؟ ‏
ئەوكات وەڵام دەدرێنەوە: ئەی جا فەزڵی لەوە زۆرتر بۆ ئەبوبەكر و عومەر باسكراون و چەسپاون. ‏
==========================
(1) صحيح البخاري: كتاب التفسير، باب كما بدأنا أول خلق نعيده (4740).
(2) صحيح البخاري: كتاب الرقاق، باب حديث في الحوض (6593).
(3) صحيح مسلم: كتاب الطهارة، باب استحباب اطالة الغرة حديث (249).
(4) واتە: هەركە گەڕاینەوە بۆ مەدینە با دەسەڵاتدار و بەڕێزەكان، لات و بێ ڕێزەكان وەدەر نێ). ‏
(5) صحيح البخاري: كتاب التفسير، باب قوله [ سواء عليهم أستفرت لهم ] حديث (4905).
(6)(صحيح مسلم): كتاب الطهارة، باب استحباب اطالة الغرة والتحجيل في الوضوء، حديث (249). ئەمەش دەقەكەیەتی: لە ئەبی هەرەیرەوەوە دەڵێ: پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ هات بۆ گوڕستان و فەرمووی: السلام علیكم، ماڵی گەلی ئیمانداران، ان شا‌و ‏الله ئێمەش پێتان دەگەین و پێم خۆش بوو براكانمان ببینیایە) وتیان: بۆ ئەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم‏ ئەی ئێمە برات نین؟ فەرمووی: )ئێوە هاوەڵی منن، ‏براكانمان ئەوانەن كە هێشتا نەهاتوون)، وتیان: ئەی پەیامبەری خوا ‏صلى الله عليه وسلم‏ چۆن كەسانێك لە ئوممەتەكەت دەناسیەوە كە هێشتا نەهاتوون، پەیامبەر صلى الله عليه وسلم‏ ‏فەرمووی: (ئایا ئەگەر پیاوێك ئەسپێكی هەبێت نێوچاوانی سپی و لە پەلەكانی دا سیپێتی هەبێت، لە نێوان كۆمەڵە ئەسپێكی ڕەشی زۆردا ‏ناناسرێنەوە؟) وتیان: بەڵێ قوربان دەناسرێتەوە. ئەویش فەرمووی: (دەی ئەوانیش بە نێوچاو سپی و پەل سپی بە شوێنەواری دەست نوێژەوە دێن و من ‏لە پێشیانەوە لەسەر حەوزەكەم، جا خەڵكانێك لە حەوزەكەم بەتوندی دوور دەخرێنەوە، هەروەكو چۆن حوشتری سەرلێشێواو پەڕاگەندە دەكرێت، بانگیان ‏دەكەم: دەی وەرن، بەڵام پێم دەووترێت: بەڕاستی ئەوانە دوایی گۆڕان. منیش دەڵێم: (ئەو لاتر بچن، ئەولاتر بچن). ‏
(7) صحيح مسلم: كتاب فضائل الصحابة، باب فضائل طلحة والزبير (2417).
(8) سنن الترمذي: كتاب المناقب، باب مناقب الحسن والحسين حديث (3768).  سنن ابن ماجة: المقدمة باب فضل علي بن أبي طالب حديث (118). مسند أحمد حديث (10616).