شوێنەوارە خراپەكانی ئەنجامدانی خووی نهێنی
بەروار: 2013/11/06سەردارن: 3271نوسەر: و. إدريس محمود

شوێنەوارە خراپەكانی ئەنجامدانی خووی نهێنی
بەشی سێیەم. شوێنەوارەكانی خووی نهێنی لەداهاتوودا:-‏
‏1. خوێندن و بەدەستهێنانی وەزیفەیەكی باش:-‏
هەموو كەس دەزانێت كە بارودۆخەكانی ژیان لە ئیش كردن و فێربوون و جگە لەوەش بەو شێوە ‏ئاسانەی جاران نەماوە، وەرگیران لە زانكۆكان پێویستی بەنمرەی بەرز هەیە، وە دەسكەوتنی ‏وەزیفەی باشیش پێویستی بەنمرەی بەرزی (زانكۆ)هەیە هاوكات لەگەڵ بوونی توانا وشارەزایی ‏كردارەكی، سەرباری بوونی بڕوانامە لەزمانی ئینگلیزی وكۆمپیوتەر (لەهەندێك وڵاتدا)، ئەمەش ‏بووەتە شتێكی پێویست وداواكراو بۆ هەركەسێك بیەوێت خێزان پێكەوە بنێت و داهاتێكی گونجاو ‏بۆ ژیانی خۆی و خێزانەكەی دابین بكات.‏
هەموو ئەمانەشی كە باسمانكردن نایەنەدی تەنها بەبوونی عەقڵێكی پێگەیشتووی پڕ لە زانیاری ‏ئەكادیمی نەبێت هەروەها بەبوونی توانا و لێهاتوویی و ڕاهێنانی مەیدانی و بەدەست هێنانی ‏شارەزایی كردارەكی، هەروەها چالاكی لاشەیی و تەندروستیەكی باش، زوو لەخەو هەستان و ڕێك و ‏پێكی لەكاركردندا كەهەندێك جار ڕۆژانە دەگاتە هەشت یان نۆ سەعات، وە چەندین شتی تریش ‏جگە لەوانەی باسمان كرد كە خەڵكی پێش خۆمان پێویستیان پێ‌ی نەبووە بەحوكمی ئاسانی ژیان ‏لە سەردەمی ئەواندا بەڵام ئێستا زۆر پێویستن، بۆیە چۆن كەسێكی ڕاهاتوو لەسەر ئەنجامدانی ‏خووی نهێنی توانای بەسەر هەموو ئەو شتانەدا هەیە لەكاتێكدا ئەو لە دەریای شەهوەتە ‏حەرامكراوەكان و ئەم خووە خراپەدا نقوم بووە؟ چ عەقڵ و چ جەستەیەك دەتوانێت ڕوو بەڕووی ‏ئەوانە ببێتەوە كەباسكرا؟؟؟ ‏
لەوانەیە كەسێك بڵێت: ئەوەتا چەندین كەس هەن لە ئارەزوەكانیاندا نقوم بونە كەچی هێشتا ‏دەستیان گرتووە بەخوێندن و وەزیفە كانیانەوە و هیچ كاریگەری یەكی لەو شێوەیەیان پێوە دیارنیە ‏كە باسكران؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەوەش دەڵێین : ئەزموون و واقیع هەردووك سەلماندوویانە كە هاوشێوەی ئەو ‏كەسانە لەسەر هەمان ئاستی چالاكی و زیندووێتی بەردەوام نابن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ‏بەتایبەت لەگەڵ زیادبونی تەمەندا، وە لەلایەكی تریشەوە هاوشێوەی ئەو كەسانە دەبینین لەو ‏كەسانەن كە زۆر كەمتەرخەمن و پەرستشەكان دەفەوتێنن وە نە نوێژیان هەیە نەڕۆژوو وە نە حەڵاڵ ‏و حەرامیش لە یەكتر جیادەكەنەوە، بەڵكو لەژیانێكی دونیایی ڕەهادا ژیان بەسەر دەبەن وەكو ‏بێباوەڕ و خەڵكی دونیا، و ژیانیشیان تەنها بریتیە لە كاركردن و شەهوەت، بۆیە كەسی موسڵمان ‏باخەیاڵی ئەوە بكات كە ئەگەر ئەو كەسانەی باسمان كرد بمرن پاشەڕۆژیان چی دەبێت؟ وە بە چ ‏شێوە ئازارێكی دواڕۆژ دەگەن؟
‏2. چاودێری كردنی خێزان و منداڵ:-‏
كەسی ڕاهاتوو لەسەر خووی نهێنی هەموو هەوڵێكی تێركردنی ئارەزووەكانیەتی و ماڵ و سامان و ‏كات سەرف دەكات لە پێناوی تێركردنی ئەم ئارەزووانەیدا.‏
بۆیە زۆر واز لە ژێر دەستەكانی (ژن و منداڵەكانی) دەهێنێت و دوای خەیاڵە پەرت و بڵاوەكانی ‏دەكەوێت، و زۆر گەشت دەكات بۆ دەرەوە، یان شەو تا درەنگ دەمێنێتەوە، یان شەو لەو شوێنانەدا ‏بەسەر دەبات كە كەش و هەوایەكی لەباری بۆ دابین دەكات بۆ شەهوەت جوڵان و ئەنجامدانی خووی ‏نهێنی .‏
بۆیە ئەگەر كارەكە بەو شێوەیە بێت ئایا ئەو كەسە توشبووە دەتوانێت چاودێری خێزان و ‏منداڵەكانی بكات بە باشی؟
وە ئایا ئەو كەسە دەزانێت خوشكەكەی یان ژنەكەی یان كوڕەكەی بە هەمانشێوەی ئەو تووش ‏نەبوون بەو كارە ؟‏
وە ئایا ئەو كەسە دەتوانێت خۆی یەكلا بكاتەوە بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانی بە شێوازێكی ‏دروست؟ ‏
وە ئایا دەتوانێت پارێزگاری لەخێزان و منداڵەكانی بكات و ئەو ئەمانەتەی بەرامبەر ئەوان لەسەر ‏شانیەتی بەجێ‌ی بهێنێت؟‏
ئەو هەموو زیان و دەرەئەنجامانەی باسمان كرد هەموو كەسێكی ژیر لەواقیع دا هەستی پێدەكات و ‏زۆرێك لە كەسانی بەرچاو ڕوون و ئەمانەت پارێز باسیان لێوە كردووە، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار ‏لەگۆڤارە بازرگانیەكاندا كە ئامانجیان بەدەستهێنانی قازانجە لە ڕێگەی فرۆشراوەكانیانەوە هیچ ‏گرنگیەك بەسەلامەتی كوڕ وكچی موسڵمان نادەن، دەبینین ڕەواج بەم عادەتە خراپە دەدەن و بەڵكو ‏هانی لاوانیش دەدەن لەهەردوو ڕەگەز بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە ئەمەش لەڕێگەی ئەو شتە جنسیانەی ‏كە لەڕێگەی گۆڤارەكانیانەوە پێشكەشی دەكەن.‏
بۆیە ئەو كەسانە بەهەڵە چوون كەپێیان وایە لەو گۆڤارانەدا چارەسەری كێشەكانیان و ڕزگار بوونیان ‏لەم بەڵایە هەیە، كەچی لەڕاستیدا ئەو گۆڤارانە خۆیان لەبنچینەدا یەكێكن لەسەرچاوەكانی ئەم ‏بەڵایە.‏
وە لەكۆتاییدا پێویستە وریایی بدەین كە خوای گەورە تەنها فەرمانی نەكردووە بەوازهێنان لە زینا ‏بەڵكو ڕێگری (نەهی) لێكردوین لە هەر شتێك كە لە زینا نزیكمان بكاتەوە، وە هەروەها پاراستنی ‏عەورەت، خوای گەورە فەرموویەتی: [وَلا تَقْرَبُوا الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلاً ] (الإسرا‌ء: ‏‏٣٢‏‎ ‎‏)‏
هەروەها لە وەصفی باوەڕداراندا فەرمویەتی: [وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ ] (المؤمنون: ٥) .‏
‎ ‎گومانیشی تێدانیە كە (خووی نهێنی) یەكێكە لە هۆكارەكانی نزیك بوونەوە لە زینا، پەنابردن بۆ ‏خوای گەورە بۆ سەركەوتن بەسەر خووی نهێنیدا، گومانی تێدانیە كە تاكە یارمەتی دەری مرۆڤ لە ‏ڕووبەڕوبوونەوەی كێشەكاندا (لەنێویشیاندا خووی نهێنی) هەر خوایە(*) ، ئەو یارمەتی دانەش ‏بەمانەی خوارەوە (بە ویستی خوای گەورە) بەئاسانی دێتە دی:-‏
‏[یەكەم] كۆشش كردنی نەفس بە ئەنجامدانی نوێژە فەرزەكان لەمزگەوتدا (بەتایبەت نوێژی بەیانیان):-‏
با ئەنجامدەری خووی نهێنی زۆر بەڕێك و پێكی ئەو خاڵە جێبەجێ‌ بكات و كەمتەرخەمی تێدا ‏نەكات و خۆی لەئەنجامدانی دوا نەخات، چونكە ئەنجامدانی نوێژەكان لەمزگەوت دا واجبە لەسەر ‏نێرینە، و دەبێتە هۆی پاكێتی بەردەوام لە لەشگرانی سەرباری ئەوە لەقوتابخانەیەكی مەیدانیدایە بۆ ‏فێربوونی ئیمان و ئارام گرتن و بەرەنگاربوونەوەی شەیتان وەكو ئەو كەسەی كە مەلەوانی فێردەبێت ‏بە ئەنجامدانی لە مەلەوانگەدا نەك بە تەنها بە خوێندنەوەی كتێب لەو بارەیەوە، با وەڵامی بانگەوازی ‏خوای گەورە بداتەوە و بڕوات بۆ نزیكترین ماڵ لە ماڵەكانی خوا و پەنای بۆ ببات و داوای یارمەتی ‏لێ‌ بكات بۆ زاڵبوون بەسەر دووژمن و ئارەزووەكانیدا، وە هەل و فرسەت نەدات بە دەست شەیتانەوە ‏بۆ چوونە نێوان خۆی و دروستكارەكەیەوە (كە خوایە) لە كاتی دووبارە تووشبوون بەم عادەتە ‏قێزەونە بەڵكو با یەكسەر پاش ئەنجامدانی هەستێت خۆی بشوات و دەست نوێژ بشوات بۆ ‏نوێژكردن لە مزگەوت، بەم شێوەیە پاش ماوەیەك هەست دەكات ڕێژەی ئەنجامدانی ئەم كارە ڕوو ‏لەكەم بوون دەكات بەشێوەیەكی هەست پێكراو . ‏
‏[دووەم] : خوای گەورە بەڵێنی داوە لەگەڵ مرۆڤی مسوڵماندایە ئەگەر فەرزەكان پاشان سونەتەكانیش ‏ئەنجام بدات لە نوێژ و ڕۆژوو و صەدەقە و جگە لەوانەش لەكردارە چاكەكان وەك لە فەرموودەی ‏قودسیدا هاتووە، وە گومانی تێدانیە كە ئەوە ڕێزێكی گەورەیە وە هەل و فرسەتێكە قەرەبوو ‏ناكرێتەوە پێویستە بەدوایدا بگەڕێین وە هەوڵی بەدەست هێنانی بدەین، ئەو كاتەش ئاسان نیە گوێ‌ ‏قسەی پڕوو پوچ ببیستێ‌ یان چاو تەماشای نامەحرەم بكات یان دەست كە خووی نهێنی پێ‌ ئەنجام ‏بدات یان پێ‌ كە بۆ شوێنەكانی خراپە كاری بڕوات.‏
بابەردەوام بین لەسەر نوێژە سوننەتە(ڕەواتبەكان) وە ویترو شەو نوێژ وە هەروەها بە ڕۆژووبوونی ‏دووشەممە و پێنچ شەممە یان ڕۆژە سپییەكانی هەموو مانگێك ( واتە: سیانزە و چواردە و پانزەی ‏هەموو مانگێكی كۆچی ) .‏
‏[سێ یەم] : با دوعا بكات و داوا لە خوای گەورە بكات بە تایبەتی لە سوژدەدا (لە شەونوێژی كۆتایی شەودا ‏ئەگەر توانی) كە یارمەتی بدات وئەم بەڵایەی لێ‌ دووربخاتەوە و سەری بخات بەسەر شەیتان و ‏نەفسی فەرمان كار بە خراپەدا و بە حەڵاڵی خۆی بێ پێویستی بكات لە حەرام و داوای لێخۆشبوون ‏بكات، و كزۆڵی و زەلیلی و بێ توانایی و لاوازی خۆی لە بەرامبەر خوادا دەربخات، ئەو كاتە مادەم ‏نیەتی ڕاست بێت خوای گەورە یارمەتی دەدات . لێرەدا جێگەی ئاماژەیە كە زۆرێك لە خەڵكی كەم ‏تەرخەمی دەكەن لە پەنابردن بۆ خوای گەورە و ئەنجامدانی ئەوانەی باسمان كرد، كە ئەمەش ‏هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بڵابوونەوەی خراپەكاری (لە نێویشیاندا خووی نهێنی) و نەبوونی توانا بۆ ‏بەرەنگاربوونەوەی .‏
ئەمەی خوارەوەش هەندێك لەو دوعایانەن كە بۆ زاڵ بوون بەسەر هەوا و ئارەزوودا بەسوودن :-‏
*(اللهم أعني على ذكرك وشكرك وحسن عبادتك ) لە پاش هەموو نوێژێكی فەرز .‏
*(اللهم إني أسالك الهدى والتُّقى والعفاف والغِنى).
*(رب أعوذ بك من همزات الشياطين وأعوذ بك رب أن يحضرون).
*(اللهم حبب إليَّ الايمان وزينه في قلبي، وكره إليَّ الكفر و الفسوق والعصيان واجعلني من الراشدين ).
*(ربنا لا تزغ قلوبنا بعد إذ هديتنا وهب لنا من لدنك رحمة إنك أنت الوهاب).
*(اللهم أغنني بحلالك عن حرامك، وبطاعتك عن معصيتك، وبفضلك عمن سواك ).
=====================================
(*) خوای گەورە لە سورەتی یوسفدا فەرموویەتی : [فَاسْتَجَابَ لَهُ رَبُّهُ فَصَرَفَ عَنْهُ كَيْدَهُنَّ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ ]