الحمد لله وحده، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده....
برا و خوشكانی بەڕێزم : ئێمە لەم دونیایەدا ڕێبوارین و سەفەرێكی دوور و درێژمان لە پێشە ، و تەمەنی هەموو یەكێك لە ئێمە دەڕوات و تەواو دەبێت و ئەبێت تاڵاوی مردن بچێژین، و بەرەو ئەو ژیانە هەتا هەتایە بەڕێ بكەوین [كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ].
خۆشەویستان :
هەموومان باش باش دەزانین كە ئەمڕۆ نا سبەی تەمەنمان كۆتایی دێت و دەمرین ودەخرێینە ناو قەبرێكی تەنگ و تاریكەوە ، و پاشان زیندوو دەكرێنەوە و پرسیارمان لێ دەكرێت .
ئەوەی كەوا زەمانی وەڵامدانەوەمانە بە شێوەیەكی تەواو و دروست بۆ ئەو دوو فریشە بەڕێزە بریتی یە لە كردەوە چاكەكانی ئەمڕۆمان ، جا پێم خۆشە بوو لەم بابەتە كورتەدا هەندێك لەو كردەوە چاكانەی كەوا (( ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە و ساڵانە))یە باس بكەم بە ئومێدی ئەوەی من و تۆش سوودی لێ ببینین و بتوانین بە پێی توانا جێ بە جێ یان بكەین بەڵكو ببێتە هۆی ڕوناكی و فراوانی قەبرەكەمان ، و لە ڕۆژی دوایشدا بە بەهەشتی بەرین شاد ببین .
یەكەم : ئەو كردەوە چاكانەی كەوا ڕۆژانەیە(الأعمال اليومية)
1- نوێژەكان بە جەماعەت لە مزگەوت .
2- نوێژە سونەتەكان (پاش و پێش نوێژە فەرزەكان ، شەو نوێژ لەگەڵ وتر ،و چێشتەنگا ...) .
3- زیكرەكانی بەیانیان و ئێواران و دوای نوێژە فەرزەكان و پێش خەوتن و لەخەوهەستان ...
4- خوێندنی قورئان جوزئێك یان كەمتر .
5- وەڵامدانەوەی بانگبێژ .
6- دوعا و پاڕانەوە .
دووەم : ئەو كردەوە چاكانەی كەوا هەفتانەیە (الأعمال الأسبوعية)
1- خوێندنی سورەتی (الكهف) لە ڕۆژانی هەینی .
2- ئامادە بوون و زوو ڕۆشتن بۆ نوێژی هەینی .
3- ڕۆژوو گرتنی دوو شەممان و پێنج شەممان.
4- سەردانی كردنی نەخۆشێك.
5- دانانی كاتێك بۆ موحاسەبە كردنی نەفست .
سێ یەم : ئەو كردەوە چاكانەی كەوا مانگانەیە (الأعمال الشهرية)
1- ڕۆژوو گرتنی (أيام البيض) واتە : (13 و 14و 15) ی مانگی كۆچی .
2- بەجێ گەیاندنی سیلەی ڕەحم و سەردانی كردنی كەسە نزیكەكانت .
3- صەدەقە كردن بە بەخشینی هەندێك پارە بە فەقیر.
4- سەردان كردنی گۆڕستان و بیركردنەوە لە مردن .
5- بڵاوكردنەوەی كتێب یان نامیلكە بەسەر هاوڕێ و خزم و كەسە نزیكەكانی خۆتدا .
چوارەم : ئەو كردەوە چاكانەی كەوا ساڵانەیە (الأعمال السنوية)
1- ڕۆژوو گرتنی (9 و 10) ی موحەڕڕەم .
2- ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزان و زیندوو كردنەوەی دەشەوی كۆتایی .
3- ڕۆژوو گرتنی شەش ڕۆژ لە مانگی شەوال (شەشەڵان) .
4- عومرە كرن .
5- بە ڕۆژوو بوونی ڕۆژی عەرەفە .
6- كردەوەی چاكە زۆر كردن لە دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان .
پێنجەم : كۆمەڵە كردەوەیەكی هەمەجۆر و گشتی :
وەكو : نەرم و نیانی و ڕووخۆشی و خواردنەوەی ڕق و كینە و چاوداگرتن لە ئاستی نامەحرەم و بڵاوكردنەوەی سەلام و چاكە كردن لە گەڵ دایك و باوك و دراوسێ و پاراستی زمان لە غەیبەت و سیواك بە كارهێنان و فەرمان بە چاكە و ڕێگری لە خراپە بە گوێرەی توانای خۆت و نوێژكردن لەسەر جەنازە و شوێنكەوتنی بۆ قەبرستان...
لە كۆتایدا : خوشك و برای بەڕێزم: بزانە كە هەموو ڕۆژێك لە تەمەنمان دەڕوات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە مردن نزیك دەبینەوە جا ئەو ساتە بهێنە پێش چاوی خۆت كە تۆ لەسەر جێگا ڕاكشاویت و لەسەرەمەرگی و چاوەڕێی فریشتەی گیان كێشانی و دوای چەند ساتێكی تر ڕوحەكەت لەلاشەت جیادەبێتەوەو دەردەچێ و ماڵئاوایی هەتاهەتایی لەدونیا دەكەیت, ماڵئاوایی لەخزم و كەس و كارو هاوڕێكانت دەكەیت وەپاشان پاك دەتشۆنەوە دواجار بەكفنی سپی بەرگت بۆ دەدوورن و پاش چەند خولەكێك نوێژت لەسەر دەكەن و بەرەو گۆڕ بەڕێت دەخەن و لەدوایی ناشتنت ماڵئاواییت لێ دەكەن و بەتەنها خۆت و كردەوەكانت دەبنە میوانی گۆڕ, تەنها خۆت و كردەوەكانت و بەس كەست لەگەڵ نامێنێ نە باوك و نەدایك و نەخێزان و نەمنداڵ و نەبراو نەخوشك ..هتد
ئێستا كەتۆ لەناو گۆڕیت بەتەنها لەمەنزڵگای غەریبانی ئەگەر چاكەخواز بیت ئەوە بێ گومان گۆڕەكەت پڕ دەبێت لەنازو نیعمەتی خوایی بەڵام بەپێچەوانەوە ((خوا پەنامان بدات)) ئەگەر لەكۆمەڵی خراپەكاران بیت ئەوە گۆڕەكەت دەبێتە شێوێك لەشێوەكانی دۆزەخ.
موسڵمانانی خۆشەویست: چەندەها ساڵت لەژیانی ئەم دونیایە لەدەست چووە لەخوداپەرستی و خواناسی, بیربكەرەوە چەندەها نوێژت لەكیس چووە, چەندەها ڕۆژووت نەگرتووە, چەندەها چاكەت لەدەست چووە,...
ئێستا تۆ لەناو ئەم گۆڕەدا ئاهی پەشیمانی هەڵئەكێشی بەڵام تازە بێ سوودە..
گۆڕیش یان دەبێتە ڕایەخەی بەهەشت یان ڕایەخەی دۆزەخ.
بۆیە بڕیار بەدەستی خۆتە ئەگەر ئەتەوێت قەبرەكەت ببێـە باخێك لە باخەكانی بەهەشت, دەی كردەوەی چاك ئەنجام, وەئەگەر نا ((دۆزەخ))ی پڕ ئازاری كوشندە چاوەڕێتە.
داواكارم لە خوای پەروەردگار هیدایەتمان بدات بۆ سەر ڕێگەی ڕاست و ئیستیقامەمان پێ ببەخشێت و لە هەڵە و كەموكورتیمان ببورێت .
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين