بایەخی ڕەسەنایەتی لە دیاریكردنی هاوڕێ‌
بەروار: 2014/02/16سەردارن: 2311نوسەر: جیهاد قادر عەلی

‏ ڕەسەن كەسێكی خاوەن ڕەچەڵەك‌و نەژادێكی شۆڕبوەوەیە لە بنەماو ڕیشەگەلێكی خانەدان‌و بەڕێز، جا ‏هاوەڵیەتی مرۆڤێكی لەم شێوە دەستكەوتە. نیشانەو بەڵگەش بۆ ڕەسەنایەتی‌و بنەچەی تەندروست كردارو ‏گوفتارەكانن، عەرەبیش دەڵێت:‏ (إِذَا غَابَ عَنْكَ أَصْلُهُ كَانَ دَلِيلَ أَصْلِهِ فِعْلُهُ)، ‏ واتە: (كە بنچینەو ڕەچەڵەكیت لێ ‏وون‌و پەنهان بوو، ئەوا بەڵگەو نیشانە بۆی كارو كردەوەیەتی)، یانی: لە میانەی كردەوەكانی ڕاساڵی‌و ‏ڕەسەنایەتیەكەی درك پێ دەكرێت.‏
هەروەكو دەشڵێن:‏(أَصْلٌ رَاسِخٌ، وَفِعْلٌ شَامِخٌ)، واتە:(بنچینەیەكی چەسپاوو جێگیر، وە كردەوەیەكی باڵاو بڵندو ‏چاكیش)، یانیش وتویانە: (مَنْ طَابَ أَصْلُهُ، زَكَى فِعْلُهُ)، واتە: (هەر كەسێك ڕەچەڵەك‌و بنچینەی چاك‌و باش ‏بێت ئەوا كارو كردەوەشی گەشەسەندوو پاكیزەو خاوێن دەبێت). بڕوانە: رسالة إلى ولدي من تصاحب؟
جا هەر كاتێك بنچینەی بەڕێزو دینی ڕاست‌و دروست‌و زانستی بەرزو باڵا كۆبوونەوە ئەوا ئەو ڕێزەیە كە ‏كۆتاییەو لەو بڵندتر نیە.‏
مەگەر پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم، نەیفەرمووە: ‏((فَعَنْ مَعَادِنِ العَرَبِ تَسْأَلوني؟ خِيَارُهُمْ في الجَاهِليَّةِ خِيَارُهُمْ في الإِسْلامِ إِذا فَقُهُوا))‏(‏ مُتَّفَقٌ عَلَيهِ.‏‏)، واتە: (لە بنەما(‏1)و ڕەچەڵەك‌و نەژادی عەرەب پرسیارم لێ دەكەن؟ باشترینیان لە جاهیلی‌و ‏نەفامیدا باشترینیانە لە ئیسلامەتیدا(2‏ ‏)، كە لە بنەماكانی ئاین بزانن‌و تێ بگەن‌و ئیشی پێ بكەن.‏
پێشەوا حافڤ ئیبنولحەجەر دەربارەی (تَجِدُونَ النَّاسَ مَعادِنَ)(‏‏ مُتَّفَقٌ عَلَيهِ.‏ ‏)، دەفەرمووێت: خەڵكتان چنگ دەكەوێت كە ‏خاوەن بنچینە گەلێكی لێكجیان، چۆن مەعدەن‌و كانزا لە ناوەوەی زەوی بەنرخ‌و بێ بەیاخی هەیە، خەڵكیش ‏وەهایە. فتح الباری:6/529.‏
بۆیە كە خەڵكت بژاردەو پاڵاوتەكردو كردتە هاوڕێی خۆت، با خاوەنی بنەمای چاك‌و خانەدان‌و پایەبڵند ‏بێت، نەك كەسی سووك‌و بێ بەها، هەروەكو بەروبوومی چاك‌و خراپ.‏
‏ ئاخر خاوەن ڕەگ‌و ڕیشەی باش خۆشەویستی بەردەوام ترە، هەروەكو زۆر بە وەفاو ئەمەكیشە لە هەمبەر ‏بە میرات گرتنی پیاوەتی‌و دلاوەری‌و ڕێزو ڕەچاوكردنی دراوسێیەتی‌و شكۆمەندی.‏
بێگومان پێشینی چاكمان زۆر سوربوون‌و جەختیشیان لە هاوەڵیەتی خەڵكی خانەدان‌و ڕەسەن كردۆتەوە، ‏لەبەر بوونی ڕێزو شكۆمەندی زۆر گەورە، كە لێیان بەهرەوەربوون، بگرە داوای یارمەتیشیان لێ كردوون‌و ‏پشتیشیان پێ بەستوون لە كاروبارەكانیاندا لە ڕاپەڕاندن‌و ڕامیاری لەگەڵ خەڵكیدا..‏
ئەوەتا پێشەوا حەسەنی بەصڕی بە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز(‏3 ‏) دەفەرمووێت: ‏(عَلَيْكَ بِذَوِي الأَحْسَابِ؛ فَإِنًَهُمْ إِنْ لَمْ يَتَّقُوا اسْتَحْيَوْا، وَإِنْ لَمْ يَسْتَحْيَوْا تَكَرَّمُوا)‏(البصائر والذخائر: 2/26.‏‏ ‏)، واتە: (پەیوەستی خەڵكی باش‌و ڕەسەن بە؛ چونكە ‏لەڕاستیدا كە خۆپارێزیش نەبن شەرمیان هەیە، خۆ كە شەرمیش نەكەن ڕێزو حورمەت دەپارێزن‌و خەڵكێكی ‏ڕێزدارن ـ واتە: ئەوەیان پێ باشتر بووە لە ماڵ‌و قازانج‌و دەستكەوت ـ).‏
جا كەسێك لە سەرنجدانی بۆ ئەم وتەیە فەرمووی: ‏(صدق والله الحسن، وكان صدوقاً، وقد رأيت من توقى بحسبه ما لم يتوقه ذو الورع بورعه) البصائر والذخائر:2/26. ‏‎ ‎، واتە: (وەڵڵاهی حەسەن ڕاست دەكات، كە زۆریش ڕاستگۆبووە، وە بێگومان من ‏كەسی ئەوتۆم بینیوە كە پارێزكار بووە بەهۆی ڕەسەنایەتی‌و پلە بڵندیەوە بە ئاستێك لە خوا ترس بەهۆی ‏خۆپارێزیەكەیەوە بەو ئەندازەیە نەبووە).‏
ئیبنولجەوزیش ـ بەڕەحمەت بێت ـ فەرموویەتی: (بۆ هۆشمەندو ژیر پێویستە سەیری ڕەچەڵەك‌و ڕەگ‌و ‏ڕیشەو ڕێڕەوو ڕێبازی ئەوانە بكات كە تێكەڵیان دەكات‌و مامەڵە‌و هاوڕێیەتی‌و هاوبەشیان لەگەڵ ‏ئەنجامدەدات، یاخود ژن‌و ژن خوازییان لەگەڵدا دادەمەزرێنێت، جا پاش ئەوە سەیری باردودۆخ‌و شكڵ‌و ‏شێوەكان دەكات‌و بڕیار دەدات؛ چونكە باشی ئەوانە بەڵگەو هێمای باشی نێوەڕۆك‌و ناواخنیشە.‏
‏ بەڵام بنچینەكان، بەڕاستی خودی شت هەر بۆ بنەماو بنچینە دەگەڕێتەوەو بەوەوە بەستراوەتەوە، وە دوورە ‏كەسێك بنەچەكێكی باشی نەبێت، كەچی واتای چاك‌و پەسەندی تێدابێت، وەبێگومانیش ئافرەتی چاك‌و ‏جوان كە لە ماڵێكی كەم‌و بێ نرخدابێت كەم وایە پارێزگاری لە خۆی بكات، هەروەكو بەهەمان شێوەش ئەو ‏كەسەی تێكەڵی‌و مامەڵە‌و هاوڕێیەتی‌و كڕین‌و فرۆشتن دەكات. ‏
دەبێت زۆر وریا بیت‌و ئامان نەكەی تێكەڵاوی دروست بكەیت مەگەر لەگەڵ كەسێك كە ئەسڵ‌و ‏بنچینەیەكی ئەوتۆی هەیە بە ئاستێك خۆی بەدووردەگرێت‌و دەشترسێت لەوەی كە لە كەدارو نابووت‌و ‏پیسی بكات؛ چونكە بەزۆری پارێزراوی‌و بێوەیی لەگەڵ ئەوەیاندا دەبێت، كە جگە لەوەش ڕووبدات ئەوا ‏دەگمەنە). صید الخاطر:269 ـ 270.‏
پێشەوا عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بە پیاوێكی فەرموو: (ئاڕاستەم بكە‌و پێم بڵێ ئاخۆ كێ بكەم بە ‏بەڕێوەبەرو كاربەدەست، فەرمووی: بەڵام خاوەن دین ئەوەیان لە تۆ ناوێت‌و داوای پۆست‌و پلەو پایەت لێ ‏ناكەن‌و بەدوایدا وێڵ نین، وە تۆش دونیا ویستانت ناوێت، كەواتە وابەستەی خەڵكی ڕێزدارو شكۆمەندبە، ‏لەبەرئەوەی بە دڵنیاییەوە ڕێزو حورمەتیان دەپارێزێن لەوەی نەشیا‌وو نەگونجاو بێت). صید الخاطر:270.‏

=======================
(1) ئەو ڕەچەڵەك‌و بنچینەی دەدرێنە پاڵی‌و شانازی پێوە دەكەن.‏
(2) واتە: بەهۆی ئیسلامەوە پلەو پایەی ئەوانەی خاوەن ڕێزو حورمەت بوون، زیاتر بەرز دەبێتەوەو ڕێزدار تر دەبن.‏
(3) كتب عمر بن عبد العزيز إلى الحسن: (انصحني فكتب إليه إن الذي يصحبك لا ينصحك والذي ينصحك لا يصحبك)، عجائب الآثار:1/22. ‏ واتە: عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بۆ حەسەنی بەصڕی نووسی‌و فەرمووی: (ئامۆژگاریم بكە، ئەویش بۆی نووسی بێگومان ئەوەی هاوڕێیەتیت دەكات ـ بۆ سوودو كەڵكی خۆی ‏ـ ئامۆژگاریت ناكات‌و مەرایت دەكات ـ چونكە ئەمیری بڕوادارانە ـ، وە ئەوەش ئامۆژگاریت دەكات هاوەڵیەتیت ناكات ـ بۆ سوودو كەڵكی خۆی ـ).‏