الحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله ، وبعد
پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لە پێش ئیسلامدا
ا وەكو خوای گەورە دەفەرموێت: [وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدّاً وَهُوَ كَظِيمٌ يَتَوَارَى مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ ] النحل /58-59 . واتە:(كاتێك موژدە بدرایە بە یەكێكیان بەوەی كە كچیان بووە ، ئەوا ڕوخساری ڕەش هەڵدەگەڕا لەغەم وپەژارەو خەفەت وە پڕ دەبو لە ڕق وقینە ، بەڵام دەری نەدەبڕی و دەیشاردەوە، وەخۆی دەشاردەوە لە خەڵكی ، لە خراپی ئەو مژدەیەی كەپێی درابوو) كە بەهۆی ئەو كچەی بویەتی ، توشی خەفەت وعەیب و عارو شەرمەزاری بووە ، بەپێی ئەو داب و نەریتەی هۆزەكەی هەیبوو. وە هەندێك لە عەرەبەكان لایان وابوو زیندەبەچاڵ كردنی كچ مافێكی ڕەوای باوكە.
وەك خوای گەورە دەفەرموێت :[وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ (8) بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ ] التكوير واتە :كـاتێك لـە ڕۆژی قیـامـەتـدا كچی زیندە بەچاڵ كراو پرسیاری لێ دەكرێت ، بەهۆی چ تاوانێكەوە كوژراویت ؟. مەبەست ئەوەیە ، پرسیار لە بكوژەكەی دەكرێت و تۆڵەی لێ دەسێنرێت .
(الموؤدة) : كچێكە ، زیندە بەچاڵ كرابێت لە ژێر خۆڵدا ، هەتا مردن .
وە ئەگەر ئافرەت پارێزراو بوایە لە زیندە بەچاڵ كردن ، ئەوا دەژیا ، بەڵام ژیانێكی ریسوایی .
ژنان لەپێش هاتنی ئاینی ئیسلام ستەم لێكراو بوون،لەلایەن هەموو یاساو گەلێكەوە ، وە بەچاوێكی سوكەوە وەك بەندەیەك سەیر دەكران ، وە هەروەها لە لایەن ئەوانەیش كە خۆیان بە خاوەنی كتێبی ئاسمانی دەزانی،وەك جولەكەو گاورەكان ، هەر بەهەمان شێوە سەیر دەكران .ژنـان دەكـڕدران و دەفـرۆشـران
وەك ئاژەڵ و كەل و پەل ، وە زۆریان لێ دەكرا لەسەر مێرد كردن ، وە پارەیان پێ پەیدا دەكردن بە داوێن پیسی و لەش فرۆشی بەزۆر .
وە خاوەنی موڵك و ماڵ نەبوون . تەسەڕوف كردنیان لە ماڵی خۆیان لێ قەدەغە كرابوو بەبێ پرسی پیاوەكانیان، وەبۆ پیاو هەبوو تەسەروف كردن لەماڵی ژنان بەبێ ڕەزامەندیو پرس پێكردنیان.
هیچ بەشێكی لە میراتی نزیكەكانی نەبوو ، هەرچەندە موڵكەكە زۆربوایەو، ئافرەتەكە بیناڵاندایە بەدەست هەژاریو نەبوونیەوە ، چونكە ئەوان پیاوانیان تایبەت كردبوو بەمیرات وەرگرتنەوە بەتەنها جگە لە ئافرەت ، بەمەش نەدەوەستان ، بەڵكو لە پاش مردنی هاوسەرەكەی ، ئافرەتەكەیشیان بە میراتی دەبرد بۆ خۆیان هەروەكو چۆن ماڵەكەیان دەبرد .
وە دەربارەی بۆچونی پیاوان بەرامبەر بەژنان جیاوازی هەبوو! ئایا ژن مرۆڤەو خاوەنی نەفس و گیانە وەك پیاو ؟ وەباوەڕیان وابو، گیانی پیاو دەمێنێتەوە بۆ هەتا هەتایی و بەڵام گیانی ژن نامێنێتەوە! وە ئایا ژن شایەنی ئەوەیە، ببێتە خاوەنی ئایین وپەرستش بكات؟ وە ئایا دەچێتە بەهەشت؟.
وە لە یەكێك لەو كۆڕو كۆبونەوانە كە لە ( رومیه) بەسترا ، بڕیاردرا ، ژن ئاژەڵێكی پیسەو خاوەنی گیانی خۆی نییە و نامێنێتەوە هەتا هەتایە ، بەڵام پێویستە لە سەری پەرستن بكات و خزمەتكاری بكات ، وە دەبێت زاری ببەسترێت وەك ووشترو سەگی هار ، وە دەبێت قەدەغە بكرێت لە پێكەنین و قسە كردن لەبەر ئەوەی پەتی شەیتانە.
وە زۆربەی شەریعەتەكانی پێش شەریعەتی ئیسلام، بە هۆی دەست تێوەردان و بیدعە دروست كردن تیایاندا، بەڕەوایان زانیوە ، باوك كچەكەی بفرۆشێت ، وە هەروەها مافی تۆڵە سەندنەوە (القصاص) نەبوو لە سەر پیاو ئەگەر ژنی بكوشتایە ، وە هەروەها خوێنیشی لەسەر نەبو .
وە ژمارەیەكی زۆری ئافرەت لە ژێر سەرپەرشتی یەك پیاودا (هاوسەر) دەژیان، چونكە ئەوان پەیوەست نەبوون بەژمارەیەكی دیاری كراو لەخێزان ، وە گوێیان نەدەدا بەوەی كە ئەو ئافرەتە زۆرانە، توشی تەنگ وچەڵەمەو ناخۆشی و ستەم لێكردن دەبن یان نا ، بەهۆی ئەوەی كە هەمویان خێزانی یەك پیاون .
وە تائێستاش لە هەندێك جێگە دەبینین دەبێت ژن مارەیی بدات بەپیاو. وە بۆ كەس و كاری ژن هەیە زۆر لێكردن لە سەر مێرد كردن ئەگەر بەحەزی ژنەكەش نەبێت ، یان مێردكردن لە ژن قەدەغە دەكەن بەتەواوی ئەگەر مێردەكەی بمرێت ، یان تەڵاقی بدات.
زۆر سـتەمی تریـش هەبـوون لـە ژنـان دەكران و دەكرێت، كە لەم كورتە باسەدا ناتوانرێت هەموویان بخرێنە ڕوو .
پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لەئیسلامدا
ئیسلام هات و ئەم ستەم كاریانەی لەسەر ئافرەت هەڵگرت و، شوێنی خۆی لە مرۆڤایەتیدا بۆ گەڕاندەوەو ڕای گەیاند كە ئافرەت هاوبەشی پیاوە لە مرۆڤایەتیدا ، هەروەكو چۆن هاوبەشی پیاوە لە پاداشت وسزا وەرگرتن لەسەر كردەوە ، خوای گەورە دەفەرموێت : [مَنْ عَمِلَ صَالِحاً مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ] (النحل:97) واتە: هەركەسێك كردەوەی چاك بكات چ پیاو بێت چ ئافرەت ، بەو مەرجەی باوەڕ داربن ، ئەوا ئێمە دەیژیێنینەوە ژیانێكی باش ، بەپێ دانی ڕۆزی حەڵاڵ ، لە پاشانیشدا بۆ بەهەشت، وەپاداشتیان دەدەینەوە بە باشتر لەو كردەوانەی كە كردویانە .
وە خوای گەورە ئایینەكەی تەواو كرد بە ناردنی كۆتایی پێغەمبەران محمدی كوڕی عبدالله صلى الله عليه وسلم ، وە بەخشی بەژنان لە قورئان و سوننەتدا ، هەموو مافێك كە بەخشیویەتی بەپیاوان ، جگە لەوشتانە نەبێت كە جیاوازی تەبیعەتی ژنایەتی و حاڵەتی ژنایەتی دەیخوازێ .
وەلەگەڵ چاودێری و ڕێزلێگرتنی ژنان و بەزەیی پێدا هاتنەوەو سۆز نواندن بۆیان ، بەشێوەیەكی وەها كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەیفەرموو: (خيركم خيركم لأهله وأنا خيركم لأهلي ) سلسلة الأحاديث الصحيحة (285)، واتە باشترینتان ئەوانەن كە باشترینتانن لەگەڵ خێزانەكانیاندا وەمن باشترینی ئێوەم لەگەڵ خێزانمدا .
وەخوای گەورە قەدەغەی كرد كە ئافرەت دابنرێت بە بەشێك لە میراتی مێرد كە بەجێی دەهێڵێت ، خوای گەورە دەفەرموێت : [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهاً] النساء /19 واتە : ئەی باوەڕداران حەڵاڵ نیە كە ئێوە ئافرەت بەشێوەی میرات بۆ خۆتان بەرن بەزۆر .
هەروەكو چۆن خەڵكی سەردەمی نەفامی دەیانكرد كە خۆیان بەشایەنی ئەوە دادەنا كە ئافرەت بەمیراتی بەرن ، وە خوای گەورە سەربەخۆیی كەسایەتی بۆ ئافرەت مسۆگەر كرد .
ئیسلام مافی خاوەنداریەتی بڕیاردا بۆ ژنان بە هەموو جۆرەكانیەوەو تەسەروف كردن بەماڵی خۆیان. وە لەو مافانە دانانی وەصیەت و میرات بۆ ژنان وەك پیاوان . وە پێویستی كرد لەسەر پیاوان بژێوی بۆ خۆیان و مناڵەكانیان دابین بكەن ئەگەر ژنان دەوڵەمەندیش بوون .
وە ئیسلام بەخشی بەژنان مافی كڕین و فرۆشتن و بەكرێ دان و بەخشین و دیاری و خێر كردن و جگە لەوانەش ، وە هەروەها مافی بەرگری كردن لەماڵیان وەك بەرگری كردن لە نەفسیان وە شكایەت كردن و چوونە دادگا .
كردی بەمیرات گر ، نەك بەمیرات گیراو ، وەلە خزمە نزیكەكانی مافی میرات گرتنی بۆ ئافرەت داناوە ، خوای گەورە دەفەرموێت : [ لِلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِمَّا تَــرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُـونَ مِـمَّا قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ نَصِيباً مَفْرُوضاً] النساء/7 واتە : لەو موڵك و سەروەت وسامانەی كە دایك وباوك وخزم وكەس وكار بەجێی دەهێڵن ، پیاو بەشی خۆی هەیەو ئافرەتیش بەشی خۆی هەیە ، كەم بێت یاخود زۆر ، مافێكی جێگیرە، خوای گەورە پێویستی كردوە .نابێت هەڵوەشێنرێتەوە یاخود كەم بكرێتەوە .
وە خوای گەورە دەفەرموێت :[يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ ] النساء /11 واتە : خوای گەورە ڕاسپاردەییتان دەكات لەبارەی منداڵەكانتان ، لە كاتێكدا كە كوڕو كچ ببنە میرات گر ، ئەوا كوڕ دوو ئەوەندەی كچی بۆهەیە ، بەڵام ئەگەر تەنها زیاد لە دووكچ بەجێما، كوڕیان لە گەڵدا نەبوو ئەوا لە سێ بەش دوو بەشیان بۆ هەیە ، وە ئەگەر تەنها یەك كچ بوو ئەوا نیوەی میراتی یەكەی بۆ هەیە .
تا كۆتایی ئەو ئایەتانەی كە لەبارەی میرات گری ئافرەتەوە هاتوون ، ئیتر ئایا دایك بێت یا كچ یا خوشك یا خێزان .
وە لەبواری خێزانیدا خوای گەورە ژن هێنانی كورت كردەوە لەسەر چوار ژن بەلای زۆرەوە ، بەمەرجێ بتوانێت هەستێت بە دادپەروەری كردن لە نێوانیاندا ، وە ئەگەر ترسا لەوەی كە ناتوانێ بەیەكسانی ڕایان بگرێت ، نابێت لە یەك ژن زیاتر بهێنێت.
وەخوای گەورە پێویستی كردوە لەسەر پیاو بە چاكە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەن ، وەكو دەفەرموێت : [وعاشروهن بالمعروف ] (النساء/19) واتە: هەڵسوكەوتیان بەچاكە لەگەڵدا بكەن.
وەمارەیی بۆ داناوە بەمافی خۆی ، وەفەرمانی كردووە بەوەی كە بەتەواوی پێی بدرێت ، مەگەر خۆی ڕێگای پێبدات و لێی خۆش بێت و بە ڕەزامەندی وویستی خۆی وەكو دەفەرموێت: [وَآتوُا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً فَإِنْ طِبْنَ لَكُمْ عَنْ شَيْءٍ مِنْهُ نَفْساً فَكُلُوهُ هَنِيئاً مَرِيئاً] النساء/4 واتە: مارەیی ئافرەتان بە خۆشحاڵیەوە بدەن ، ئەگەر ئەوان خۆیان لە دڵەوە لێتان خۆش بوون بە ڕەزامەندی خۆیان لە هەر بەشێكی ، ئەوا وەری بگرن و بیخۆن بە خۆشی .
وەخوای گەورە ئافرەتی كردووە بە سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرو پارێزگار لە مالێ هاوسەرەكەیدا فەرمانڕەوایە بەسەر منداڵەكانیەوە،پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: [المراة راعية في بيت زوجها، ومسؤلة عن رعيتها ] البخاري 2/441 و مسلم 3/1459.واتە : ئافرەت شوانە لەماڵی مێردەكەیداو بەرپرسە لەوەی كە لەژێردەستیدایە.
وە لە سەر پیاوی پێویست كردووە دابین كردنی پۆشاك وخواردن و پێویستیەكانی ژن.
ژن هێنان لە هۆزە دەشتەكیەكان و گەلە شارەستانیەكان ، بە شێك بوو لە كردنە كۆیلە و بە بەندە كردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە بەڵام ئیسلام ژن هێنانی كردە بەندێكی ئایینی و شارستانی ، بە دانانی خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێردا وە فراوان كردن و دروست كردنی چوار چێوەی خۆشەویستی لە نێوان دوو هۆزدا وە تەواو كردنی سۆزو بەزەیی ئینسانی و بڵاوكردنی لە نێوان دایك و باوك بۆ مناڵەكانیان ، وەك لەو فەرموودەیەی خوای پەروەردگاردا دەردەكەوێ :[وَمِنْ آيَاتهِِ أَنْ خَـلَقَ لَكُـمْ مِـنْ أَنْفُسِـكُمْ أَزْوَاجـاً لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا] الروم: من الآية21 (واتە: لە نیشانەكانی گەورەیی خۆی دروستی كردووە بۆتان لە نەفسی خۆتان ژن ، بۆ ئەوەی ئارام بگرن لەلای و گێڕاویەتی لە نێوانتاندا خۆشەویستیو بەزەیی).
قورئان دادگەری كردووە لە نێوان ژن و مێرد ، بە بەش كردنی ئیش و كارو مافەكان بەچاكە و داد پەروەری ، لەگەڵ دانانی مافی سەرۆكایەتی بۆ پیاو ، لەبەر ئەوەی پیاو بەتوانا ترە لەسەر جێ بەجێ كردنی بژێوی و پارێزگاری.هەروەك دەفەرمووێ:[ وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ] (البقرة: من الآية228) واته:( وە بۆ ژنان هەیە لە ماف و حەقەكان بە ئەندازەی ئەوەی لەسەریان پێویستە لە ئیش و كار ، وە بۆپیاوان هەیە یەك پلەی زیاتر لە ژنان )
وە قورئان ئەو پلە زیادەیەی ڕون كردۆتەوە بە ووتەی پیرۆزی : [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِم] (النساء: من الآية34)، واته:(پیاوان بەهێز ترن لە ژنان بەو بەخششەی كەخوا دایوەتیە هەندێكیان لە سەر هەندێكیان ، وە بەوەی دەبەخشن لە ماڵەكانیان ) .
تەڵاق دانی ژن لەوانەیە ببێتە یەكێك لە پێویستیەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی، ئەگەر نەتوانرا هەستن بە دابین كردنی مافەكانی ژن و مێردی لە ڕاگرتنی سنوری خوای پەروەردگار و مافەكانی پاراستنی ناموس و دابین كردنی بژێوی (النفقة) ، وە ژیان بە چاكە بردنە سەر لەگەڵ یەكتری ، وە هەروەها تەڵاق شتێكی ڕێ پێدراو بووە لە لایەن خاوەن نامە ئاسمانیەكانی تر ، وە هەروەها لەلایەن ئەوانەی بت پەرستیش بوون لە عەرەب و غەیری عەرەب ، بەڵام تەڵاق دان دەبووە هۆی ئەوەی كە ژن ستەمێكی زۆری لێ بكرێ ، بەڵام ئیسلام هات و هەموو ئەو ستەمانەی لابرد لە سەر ژن لە تەڵاقداندا ، بە شێوەیەكی وا كە هیچ شەریعەتێكی پێش ئیسلام بەم شێوەیە نەبوو ، وە هیچ یاسایەك نەهاتووە لە دوای ئیسلام ، بەو وێنەیەی كە لە ئیسلامدا هەیە ، ئەوروپیەكان تەڵاق دانیان قەدەغەكرد وە ڕەخنەشیان لە ئیسلام دەگرت لە سەری ، بەڵام لە دواییدا بۆ خۆشیان ناچار بوون لەسەر حەڵاڵ كردنی، بەشێوەیەك زیادە ڕەویان تێدا كرد ، كە زۆرجار دەبوە هۆی پەیدا بوونی ئاڵۆزی لە ژیانی ژن و مێرددا و هەڵوەشاندنەوەی پێ بەستی خێزان و هۆز.
وە ئیسلام گرێی مارەكردنی خستە دەستی پیاو بە شێوەیەكی گشتی. وە هەر بەدەستی پیاوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێیە ، چونكە پیاو سورترە لەسەر مانەوەی ژیانی ژن و مێردایەتی ، بەوەی كە لەسەر پیاو پێویستە دابین كردنی بژێوی ، وە هەروەها سەبر و ئارامیان لە ژنان زیاترە لە سەر ناخۆشی ، وە هەروەها خوای گەورە فەرمانیشی بە پیاوان كردووە كە دان بەنەفسی خۆیاندا بگرن .بەباشی ڕەفتار بكەن لەگەڵ ژنەكانیانداو سەبر بگرن لەسەر ناخۆشیەكانیان جا فەرمووی : [ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِنْ كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئاً وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْراً كَثِيراً] النساء/19 (واتە:بەچاك لەگەڵ ژنەكانتان بژین وە ئەگەر شتێكیان تێدا بوو ئێوە حەزتان لێی نەبوو ، لەوانەیە خوای گەورە بەخێرێكی زۆر بۆ تان بگێڕێ ) .
وەهەروەها ژن مافی هەڵوەشاندنەوەی بەندی مارەكردنی هەیە لەلای قازی ، كاتێك كە مێردەكەی یەكێك لەو كەم و كورتیانەی تێدابێت وەك نەبوونی یەكێك لەو ئەندامانەی كە پێویستن بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی و هەندێك نەخۆشی و ناڕێكی وە هەروەها كاتێك كە پیاو نەیتوانی هەستێ بەدابین كردنی مافە پێویستەكانی ئافرەت .
وە لەسەر پیاو پێویستە دابین كردنی بژێوی بۆ ژنە تەڵاق دراوەكەی بۆ ماوەی ئەو ڕۆژانەی كە ناتوانێ مێردێكی تر بكات تێیدا (العِدة) .
ئیســـلام ئـامـۆژگـاری زۆری مــرۆڤــی كردووە بەوەی كە باش بێت لەگەڵ دایك و باوكدا وە بەرامبەری كردووە لەگەڵ پەرستنی خوادا ، وە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم تەئكیدی كردووە كە مافی دایك لە پێشترە لە هی باوك وە ئامۆژگاری زۆری كردووە لە پەروەردەكردنی كچان و ئاگا لێ بوونی خووشكانت ، بەڵكو بە پێویستی گێڕاوە بۆ هەموو ژنێك كەسێكی هەستێ بە چاودێری كردنی وە هەر ژنێك چاودێری كاری نەبێ لە خزمان ، ئەوا پێویستە لەسەر گەورەی موسوڵمانان و موسوڵمانان چاودێری بكەن و سەرپەرشتی بكەن و یارمەتی بدەن !!
وە پوختەی قسان،بەڕاستی نەمان دیوە لە هیچ ئاینێك و شەرعێك و یاسایەكی جیهاندا ، كە مافی بەخشیبێ بەژنان وەك ئیسلام ، لە دابین كردنی مافەكانیان و چاودێری كردنیان و ڕێز لێگرتنیان .
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بێباوەڕان و دوو ڕوان و ئەوانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە دەیانەوێت ؛ نەهێشتن و لێسەندنەوەی ئەو ڕێزو مافانەیە كە ئافرەتی موسوڵمان بەدەستی هێناوە - ئەو ڕێزو سەربەرزی پارێزراوەی لەئسلامدا هەیەتی توڕەی كردون وڕقی جوڵاندون – چونكە ئەیانەوێت ئافرەت ببێتە ئامێری ڕوخاندن و داوی ڕاوكردنی ئیمان لاواز و خاوەن ئارەزوە ملكەچیەكان ، پاش ئەوەی كە ئارەزوە گڕسەندوەكانی خۆیانیان پێ تێركردوە .
وەكو خوای گەورە دەفەرموێت : [ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَنْ تَمِيلُوا مَيْلاً عَظِيماً] (النساء: من الآية27). واتە: ئەوانەی شوێن ئارەزوەكانیان دەكەون و ئارەزوەكانیان تێر دەكەن بە ناشەرعی،ئەیانەوێت ئێوەش وەكو ئەوان بكەن ، بەلای ئەواندا لابدەن و بچنە سەر ڕەوشتی ئەوان .
وە ئەوانەیش كە دڵیان نەخۆشە لەموسوڵمانان،ئەیانەوێت ببێتە شتومەكێكی هەرزان لەپێشەنگای خاوەن ئارەزو خوازە شەیتانیەكانیان ، ببێتە شتومەكێكی ئاشكرا و پێش چاو،تالەزەت بكەن لە جوانیو ڕوخساریان ، یاخود بگەن بەناشیرین تریش لەمە ، بۆیە سورن لەسەر ئەوەی كە دەرچێت لە ماڵەكەی و شانبەشان بەشداری پیاوان بكەن لەئیش و كارەكانیاندا .یاخود میوانداری بكەن لەناو ئوتێل و چێشتخانەو فڕۆكەو شوێنە گشتییەكانی تر ، یاخود بخوێنن و وانە بڵێنەوە لەبەشێكی خوێندنی تێكەڵاودا ، یاخود ئەكتەرێك بن لەشانۆدا ، یاخود گۆرانی بێژبن ، یاخود بەخشی بەرنامە بكەن لەدەزگا ڕاگەیاندنە ڕووتەكانەوە ، بۆ ئەوەی خەڵكی توشی ئاشوب بكەن و لە خشتەیان بەرن بە دەنگ و ڕەنگیان .
وە گۆڤارە ڕووتەكانیش وێنەی ئافرەتانی لەخشتەبەری ڕووتیان كردووە بەهۆكارێك بۆ خستنە بازاڕی گۆڤارەكانیان و سەرنج ڕاكێشانی خەڵكیو بڵاوبونەوەیان .هەروەها هەندێ لە بازرگانەكان و كارگەكان ئەم وێنانەیان بەكار هێناوە وەكو هۆكارێك بۆ پەیدا كردنی سەرنج ڕاكێشان بۆ بەرهەمەكانیان كە ئەم وێنانەیان داناوە لەسەر پێشەنگاو بەرهەم و بەدەست هاتوەكانیان .
وە بەهۆی ئەم بەكارهێنانە هەڵانەوە ئافرەتان وازیان هێناوە لە ئەركە سەرەكی و ڕاستەقینەكانیان لەماڵەوە و دەست بەرداری بوون ، كە ئەویش هاوسەرەكانیان ناچار كردووە بۆ هێنانی خزمەتكارانی بیانی بۆ خزمەت كردنی منداڵەكانیان . و ڕێكخستنی ئیش وكاری ماڵیان ، كەئەمەش بوە بەهۆی زۆر لە فیتنەكان، وە خراپەیەكی زۆری هێناوە .
پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لەئیسلامدا
1- پێویستی بەم ئیش كردنە هەبێت یاخود كۆمەڵ پێویستی پێی بێت بە شێوەیەك كە پیاو نەبێت جێگاكەی بگرێتەوەو پێی هەڵسێت .
2- دەبێت ئەم ئیش كردنەی لە پاش هەڵستانی بێت بە جێبەجێ كردنی ئیش و كاری ماڵەوەی كە ئیشە سەرەكی و بنچینەییەكەیەتی
3- ئەم كار كردنە دەبێت لە چوارچێوەی ئافرەتاندا بێت ، وەكو فێر كردنی ئافرەتان و چارەسەركردنی ئافرەتان ، وەجیا بێت لە پیاوان .
4- هەروەها قەدەغە نییە بەڵكو پێویستە لەسەر ئافرەت كە كارو باری دینەكەی فێر بێت ئەوەندەی كە پێویستی پێیەتی ، وە فێربونیشی دەبێت لە چوارچێوەی ئافرەتاندا بێت ، وە هیچی تێدا نییە ئەگەر ئامادەی وانەو دەرس بێت لە مزگەوت و هاوشێوەی مزگەوت ، وەدەبێت داپۆشراو و جیابێت لە پیاوان ، لەسەر ڕۆشنایی ئافرەتانی سەرەتای ئیسلام كە چۆن كردەوەیان دەكرد فێردەبون و ئامادە دەبوون لە مزگەوتەكاندا .
وصلى الله على محمد وعلى آل محمد