الحمد لله ، و الصلاة و السلام على رسول الله:
تەمەن وەكو چیرۆكێكە ، هەمیشە تامەزرۆین و ئەویش زوو بەسەر دەچێت ، لە هەموو لایەكەوە دەبینین ئەم چیرۆكە كەسانی زۆر بەكۆتایی بەسەر هاتەكەیان دەگەیەنێت.. لاوێك ، گەنجێك هەمیشە بەدەم داواكاریە دەروونیەكانیەوەیە ، هەمیشە دەیەوێت دڵە گەنجانەكەی بێ سنوور بڕوات و بگەڕێ بە نێو ئارەزووەكاندا ، بڕوات و بڕوات ، تا نا كۆتا... نایەوێ شتێك ، كەسێك ، ببێتە بەربەستی ویستەكان، تەنها دەیەوێ بچێژێت لەوەی كە بەلایەوە خۆشە ، زویر دەبێت كاتێ وا بزانێ لێی تێكدەدرێت ، نارەحەتە بەوەی كە پێی بوترێت بۆ ئەمە نەسازاوی ، نەخوڵقاوی ، تۆ بێ پایە نیت.. تاقەتی ئەم شتانەی نیە ، نایەوێ ڕۆبچێت لەوەی پێی وایە سەر ئێشەی بۆ دێنێت و پایانی كارە خۆشەكانیەتی.. بەدوای هەموو بۆشاییە پڕ بۆشاییەكاندا وێڵ و سەرگەردانە ، ناگاتە شتێك ، دەیانی تر بانگی دەكەن ، سەما و سەیران و تەعاروف و كەپڵ و تەبڵ و سەدان شتی تر ، كە هەركەس بیەوێت بە بێ ماندووبون دەستی دەكەوێت و نەیشیەوێت تەنانەت دێتە سەر ڕێی.. پەستیش دەبیت ئەگەر ڕاستیەكان ، ئاكامی كارەكان ، دەرەنجامی تاوان و سەرپێچی و بێ بەرنامەیی بۆ باس بكەیت ، مەگەر خودا لەم تۆڕە ناڕەحەتە دەریبێنێت. خوڵاصە لە كەیف و هەوای خۆیدا دەژی ..! لەملاشەوە ، ئەمیش گەنجێكە ، لاوێكە ، ئەمەكدارە ، ئامانجی گەورە، و هیوای زۆر و كاری گرنگ تەواوی دڵی داگیر كردووە ، نایەوێ گەنجی بە بادا بدات، پێی دەڵێن بۆ كەیف ناكەی بە جوانیەكەتەوە؟ بە گەنجیەكەتەوە ؟ بڕۆ بژی .. چیت داوە لەم خۆ دورگرتن و وشكبوون و قەتیس بوونە..؟! ئەمیش دەڵێت: ئەمە تامە ، بۆنە ، بەرامە.. ئەمەی من دەیچێژم خۆشترینە ، بەردەوامترینە ، بە ئاكامترینە ، من دەمەوێ هەبم ، پێگەم هەبێت ، بەرنامەی كار ، گوزەرانی تەمەنم ڕوون بێت ، من لاوی ئەمڕۆم ، سبەی شتێكی ترم بە ناوی باوك یان دایك ، نامەوێ بێ كار و بێ بار بسوڕێمەوە تا ئەو ئەزموون و ئەم ئەزموون پڕ لە ئازار فێرم بكەن ، دەمەوێ فێربم چۆن ئەزموونەكانی لاوی بگوزەرێنم، چۆن سەركەوتوانە مێژووی تاكیم بڕازێنم.. لە ئاینم ، دەوروبەرم ، باش دەڕوانم و تێدەگەم ، دەمەوێ ئەوەی ئێستە لێمی بپرسن وەڵامەكەم ( نازانمە ) ، بیگۆڕم بۆ ( دەزانم ) ، ئەمەوێ خۆم و تۆ و نەتەوەكەم بە ئاقاری باشتر و گۆڕانكاری جوانتر ببەم.. خوڵاصە ، دەمەوێت ئەوها بژیم ، كە ڕۆژێك مردن یەخەی پێگرتم ، لە دەستی خەڵك بچم ، كۆستی خەڵكم بۆ بكەوێت ، نەك لە ملی خەڵك و خاك و وەتەن ببمەوە. بەڕێزان لە ڕاستیدا ، لەو واقیعی كە هەمووان دەژین ئەم دوو جۆرە كەسایەتیە دەبینین ، جا وابزانم جیگەی خۆمان پێ دیاری بكرێت ، لە دوای ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی سیفات و كاری رۆژانەی هەركامێكیانمان زانی.. خودا سەرفرازمان بكات .