برا و خوشكی لاوم وریای تاوانە بچوكەكان بە
بەروار: 2014/09/05سەردارن: 2517

الحَمْدُللهِ وَحْدَهُ، وَالصلاةُ وَالسلامُ على مَنْ لا نبـي بَعْدَهُ :
برای لاوم لەوانەیە زۆر جار نەفسی بەدكار و شەیتان وات لێبكەن كە نرخ بۆ تاوانە بچووكەكان دانەنێیت و بە شتێكی كەمیان بزانیت وە گومانیش لەوەدا نیە كە تاوانی بچووك وەكو تاوانی گەورە نیە، بەڵام ئەوەش بزانە كە:
أ / مرۆڤ زۆرجار تاوانە بچووكەكان بەكەم دەزانێت، كەچی هەر ئەو تاوانە بچووكانەیە كە ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بێت لە سەریان، ئەوا ئەو تاوانانە كۆدەبێتەوە و كەسەكە لە ناو دەبات، پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بە دایكی ئیمانداران عائشە ـ رضي الله عنها ـ دەفەرمووێت :((يَـا عَـائِشَةُ ، إِيَّاكِ وَمُحَقَّرَاتِ الأَعْمَالِ فَإِنَّ لَهَا مِنَ اللَّهِ طَالِبًا)) السلسلة الصحيحة ( 513 ) واتە : ئەی عائیشە، ئامان خۆت بپارێزە لەو تاوانانەی كە زۆر بچوكن و خەڵك بەكەمیان دەزانن ، چونكە خوای پەروەردگار موحاسەبەی خەڵكیان لە سەر دەكات .
هەروەها دەفەرمووێت :((إِيَّاكُمْ وَمُحَقَّرَاتِ الذُّنُوبِ كَقَوْمٍ نَزَلُوا فِي بَطْنِ وَادٍ فَجَاءَ ذَا بِعُودٍ وَجَاءَ ذَا بِعُودٍ حَتَّى أَنْضَجُوا خُبْزَتَهُمْ )) السلسلة الصحيحة ( 389 ) .واتە : ئامان خۆتان بپارێزن لەو تاوانانەی كە زۆر بچوكن و خەڵك بەكەمیان دەزانن ، چونكە نموونەی ئەو تاوانانەی كە بە كەمیان دەزانن ، وەكو كۆمەڵە كەسێك وایە كە دەڕۆنە دەشت و دۆڵێكەوە و ئەمەیان چیلكە دارێكی هێنا و ئەویتریشیان چیلكەیەكی تر ، تاوەكو بەو چیلكانە ئاگرەكەیان داگیرساند و چێشتەكەیان پێ‌ لێنا و پێگەیشت .