هەندێك گومانی سەر هاوەڵان و ڕەواندنەوەیان (شوبهەی سێیەم)
بەروار: 2014/11/10سەردارن: 2561نوسەر: عثمان الخميس /وەرگێڕانى:علی خان / پێداچوونەوەی مامۆستا خلیل أحمد

دوا ئەوەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئاشتەوایی حودەیبیەی لەگەڵ قوڕەیشدا بەست و گەڕایەوەو عومرەی نەكرد، فەرمانی كرد بە هاوەڵەكانی هەڵسن سەریان بتاشن و ئاژەڵەكانیان سەر ببڕن، ئەوەبوو كەس وەڵامی نەدایەوە، بۆیە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم توڕە بوو.
خەڵكانێك دەڵێن: كەسێك كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم توڕە بكات مەحاڵە عادل بێت.
وەڵامی ئەمەش:
یەكەم: باسكردنی حاڵ و باری هاوەڵان لە حودەیبیەدا:
عوروەی كوڕی مەسعود بە قوڕەیش دەڵێ: (ئەی خەڵكینە، سوێند بەخوا چوومەتە لای پاشاكان، لای قەیسەر لای كیسرا لای نەجاشی، دە بەخوا پاشایەكم نەبینیوە دەوروبەرەكەی بەگەورەی ڕاگرن بە ئەندازەی بە گەورە ڕاگرتنی هاوەڵانی موحەممەد بۆ موحەممەد، دە بەخوا تفێك ناكات ئیلا دەكەوێتە نێو دەستی یەكێكیانەوە و دەیهێنێت بە دەموچاو و لاشەی خۆی و ئەگەر فەرمانێكیان پێ بكات یەكسەر دەست پێشخەری لە جێبەجێ كردنی دەكەن، ئەگەریش دەست نوێژی بگرتایە وەخت بوو بكەنە شەڕ لەسەر ئاوی دەست نوێژەكەی، گەر قسەی بكردایە بێ دەنگ دەبوون بە ئەندازەیەك ئەوەندە گەورە و شكۆدار بوو لە پێش چاویان بە پڕی تەماشای نێو چاوانیان نەدەكرد). (صحيح البخاري: كتاب الشروط، باب الشروط في الجهاد حديث (2731 و 2732). )
جا بۆیە كارەكە لە سەرپێچی كردنی فەرمانی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم نەبووە، بەڵكو لە شەیداو شەوقی هاوەڵان بووە بۆ حەرەمی ماڵی خوا و حەزیان ئەكرد كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ڕەئی بگۆڕیایە، یان خوای بەرز و پیرۆز وەحی دابەزاندایە و فەرمانی بە پەیامبەر صلى الله عليه وسلم بكردایە كە بڕواتە مەككەوە. لەبەر ئەمە دواكەوتن لە جێبەجێكردنی فەرمانەكەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ، بەڵگەی ئەمەش داناییەكەی ئوم سەلەمە بوو ڕەزای خوای لێبێ، كە كاتێك ئەوەی بینی بە پەیامبەری خوای صلى الله عليه وسلم وت: تۆ سەری خۆت بتاشە و ئاژەڵی خۆت سەر ببڕە.(1)
ئەوەبوو پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم هاتە دەرەوە و سەری تاشی و ئاژەڵەكەی سەربڕی، هەر كە ئەو كارەی كرد هەموو هاوەڵان هەستان و سەریانتاشی و ئاژەڵیان سەربڕی بەبێ دووبارە فەرمان پێكردنەوە، كەوابوو مەسەلەكە سەرپێچی كردن نەبووە هەر كە پەیامبەری خوایان صلى الله عليه وسلم بینی سەری تاشی و ئاژەڵەكەی سەربڕی، زانیان كارەكە تەواوبووە و دەرفەتێك نەماوەتەوە بۆ پاشیمان بوونەوە، بۆیە ڕاستەخۆ هەستان سەریان تاشی و ئاژەڵیان سەربڕی و وەڵامی فەرمانەكەی خوایان دایەوە و خواش ـ، ئەم ئایەتەی لەسەر دابەزاندنە خوارەوە :[لَقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنْ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ فَأَنْزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَابَهُمْ فَتْحاً قَرِيباً] {الفتح:18}.واتە: (سوێند بەخوا بێ گومان خوا ڕازی بوو لەو ئیماندارانەی كە لە ژێر دارەكەدا پەیمانیان پێدای، خوا زانی چی لە دڵیاندایە، بۆیە سەكینە و ئارامی بۆ ناردن و پاداشتیانی بە سەركەوتنێكی نزیك دایەوە).
هەروەها ئەو فەرمایشتەشی دابەزاندە خوارەوە كە دەفەرموێ : [مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ تَرَاهُمْ رُكَّعاً سُجَّداً يَبْتَغُونَ فَضْلاً مِنْ اللَّهِ وَرِضْوَاناً سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِمْ مِنْ أَثَرِ السُّجُودِ ذَلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَمَثَلُهُمْ فِي الإِنْجِيلِ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ فَاسْتَغْلَظَ فَاسْتَوَى عَلَى سُوقِهِ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمْ الْكُفَّارَ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْراً عَظِيماً]{الفتح 29}.
بەو بۆنەوەیەوە هەموو سورەتی فەتحی دوای ئاشتەوایی حودەیبیە دابەزاندە خوارەوە و ناوی فەتحیشی لێناوە، هەر ئەوەش فەتحی ڕاستەقینەیە كە خوای گەورە بۆ پەیامبەرەكەی صلى الله عليه وسلم ئەنجامیدا.
بە هەمان شێوە ئەڵێین: ئەم مەسەلەیەش تەنها شیعە دەیكەنە بەڵگە، نە نەواصب و نە خەوارج و نە موعتەزیلە هیچ كامیان ئەم فەرموودەیەیان نەكردۆتە بەڵگە.
بە شیعەش دەڵێین: باشە عەلیان لەگەڵدا بوو یان نە‌و؟!
بە ئیجماعی سوننە و شیعە عەلیان رضي الله عنه لەگەڵدا بووە، تەنانەت نووسراوی صولحەكەی نێوان پەیامبەر صلى الله عليه وسلم و سوهەیلی كوڕی عەمر ئەو نووسیەوە، عەلیش بەهەمان شێوە نە ئاژەڵی سەربڕی نە سەری تاشی، جا ئەوەی زەم بێ بۆ هاوەڵانی پەیامبەر صلى الله عليه وسلم زەمیشە بۆ عەلی رضي الله عنه، بەڵام ئێمە نە سەرزەنشتی عەلی دەكەین و نە سەرزەنشتی هاوەڵانی پەیامبەر صلى الله عليه وسلم .
هەروەها عەلیش رضي الله عنه لەم كاتەدا فەرمانی پەیامبەری خوای صلى الله عليه وسلم ڕەتكردەوە، ئەو كاتەی پەیامبەر صلى الله عليه وسلم پێی ووت ناوەكەی بسڕێتەوە، ئایا ئەویش لەسەر ئەوكارەی لۆمە دەكرێ ؟! (2)
=====================
(1) ئەوە پەیامبەری خوایە صلى الله عليه وسلم بە قسەی ژن دەكات و پرسی پێ دەكات، نە وەك هەندێك فەرمودەی ضعیف ئەڵێ پرس بە ژن بكە و بە قسەی مەكە، ئەمە ووتەی كوردەواری خۆشمانە، ئەمەش ڕاستیەكە و ئەبێ گوترێ، لە ڕۆژێكدا كە لەسەر ئافرەت تانەی زۆر لە ئیسلام دەدەرێت، ئێمەیش پێیان ئەڵێین: ئەوە گەورە و سەروەرەكەمانە صلى الله عليه وسلم پرسی كردوون و بە قسەی كردوون، خوای تەعالاش دەفەرموێ: (نمونەی چاولێكەری و سەرمەشقی چاك لە پەیامبەردایە صلى الله عليه وسلم لە بۆ ئێوە). (وەرگێڕ)
(2) ئەم جۆرە ووتانەی نوسەر، تەنها لە ڕوانگەی جەدەلەوە دەیهێنێتەوە، وەگەرنا لە بیڕوباوەڕی ئێمەدا ڕق لێبوونی ئیمامی عەلی رضي الله عنه نیشانەی مونافیقەكانە، جا بەكارهێنانی ئەم شێوازە لەم جێگایەدا زەرورە و هەموو دەرگایەك لە نەیارەكانی دەبەستێت، چونكە گەر بڵێن ئەو كارەی هاوەڵان هەڵەیە بەهۆی سەرپێچیەكەیانەوە ! ئەوا خودی ئیمامی عەلی رضي الله عنه سەرپێچی كردووە، خۆ ئەگەر وتیان ئەویش هەڵەی كردووە ئەوا هەر لە بنەڕتەوە مەزهەبەكەی خۆیان لەبن دێنن، چونكە لە بنچینەكانی مەزهەبی شیعەی ئیمامی عەلی مەعصومە و نابێ هەڵە بكات ! یان ئەوەتا بێتە ڕیزی ئەهلی هەقەوە، ئەمەش ئەو ئامانجەیە كە ئێمە پەنجە و قەڵەممانی لە پێناودا شەكەت دەكەین، بە كورتی نووسەر لە كەواو سەڵتەكەی خۆی دێتە دەر و جلوبەرگەكەی ئەوان لەبەر دەكات، بەڵكو جلوبەرگەكەی خۆیان ببینن تا بزانن تا چەند پەسەندە؟!. (وەرگێڕ)