هۆكارەكانی كاریگەربوون بە قورئان
بەروار: 2015/02/03سەردارن: 3504نوسەر: إدريس محمود

هۆكارەكانی كاریگەربوون بە قورئان
بِسْمِ اللهِ الرحمنِ الرحیم
الحَمْدُللهِ ۆحْدَهُ، ۆالصلاەُ ۆالسلامُ علی مَنْ لا نبی بَعْدَهُ :
خوا سبحانە قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ بیخوێنینەوە و كاریگەر بین و كردەوەی پێبكەین نەك بە تەنها بیخوێنینەوە و بیكەینە هۆكارێك بۆ پارە پەیداكردن و هەڵخەڵەتاندن و كوشت و كوشتاری خەڵك ، بە كورتی خوا سبحانە قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكاری خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵك ، جا لەبەرئەوەی زۆربەی خەڵك پشتیان لە قورئان كردووە و لێی تێنەگەیشتوون یان بە هەڵە لێی تێگەیشتوون بۆیە حەزمان كرد بە كورتی كۆمەڵە خاڵێك بخەینە ڕوو كە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ دڵ كرانەوە و تێگەیشتن و كاریگەر بوونی دروست لە قورئان لەوانە :
1 . حەزكردن لە سوودمەندبوون :
دەبێت خوێنەر حەزێكی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ سوود بینین و كاریگەربوون ئەگینا پێش خوێندن و دوای خوێندنی نزیك لە یەك دەبن .
2 . پڕی دڵ لە بەگەورەڕاگرتنی خوا سبحانە :
تاوەكو خوێنەر زیاتر بیر لە گەورەیی خوا بكاتەوە و ترسی لە خوا زیاتر بێت زیاتریش گرنگی بە واتای ئایەتەكان دەدات و خەمی كاریگەربوون و تێگەیشتنی واتاكەیەتی بۆ ئەوەی بزانێت پەروەردگارەكەی چی دەفەرموێت تاوەكو گوێڕایەڵی بكات .
3 . وازهێنان لە تاوان و گوێڕایەڵیكردنی خوا سبحانە :
تاوان دڵا ڕەش دەكاتەوە و دەرگای تێگەیشتن و كاریگەربوون دادەخات بە پێی زۆری و كەمیەكەی ، تاوان نەكردن و گوێڕاڵیكردنیش دڵ ڕووناك دەكاتەوە و توانای بیستن و تێگەیشتن زۆر زیاد دەكات، جا بە ویستی خۆت هەڵبژێرە بەڵام وریابە دواڕۆژ بۆ لەخواترسانە .
4 . كۆكردنەوەی دڵ و گوێڕاگرتنی تەواو :
كاتێك قورئان دەخوێنیت دەبێت دڵت بخەیتە لای ئایەتەكان و ئەو سەرقاڵیە زۆرانەی هەتە لە كاتی خوێندنەوەكەتدا لە خۆتی دوور بخەرەوە و بە جوانی گوێ لە خوێندنەوەكە ڕابگرە چونكە پەرتەوازەیی دڵ وادەكات تەركیزت لاواز ببێت و سەرنجی ورد لە ئایەتەكان نەدەیت بەمەش لە بەشێكی زۆری كاریگەربوون ئەگەر نەڵێم هەمووی بێبەش دەبیت .
5 . هەست كردن بەوەی ئایەتەكان تۆ دەدوێنن :
واتە كاتێك قورئان دەخوێنیت ئەو هەستە لە لای خۆت دروست بكە كە ئایەتەكە لەگەڵ تۆ دەدوێت و فەرمان بە تۆ دەكات و ڕێگری لە تۆ دەكات بۆ نموونە كە خوای گەورە دەفەرموێت :[ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ ] واتە : نوێژەكان بەو شێوازەی لە شەرعدا هاتووە جێبەجێی بكەن، وابزانە كە بە تۆیەتی بۆیە یەكسەر هەوڵی جێبەجێكردنی بدە .
6 . جوان خوێندنەوە :
هەوڵ بدە بە پێی توانا حوكمە تەجویدیەكان جێبەجێ بكەیت ئەمەش بە خوێندن لای كەسێكی شارەزا لەو بوارەدا یان گوێگرتن لە قورئان خوێنێكی بەتوانا ، ئەمەش لەبەر :
یەكەم : پێویستی جوان خوێندنەوەی قورئان .
دووەم : هۆكاریكە بۆ هاندانت بۆ زیاتر خوێندنەوە و كاریگەربوون بە قورئان .
7 . دەنگ خۆشی :
دەنگ خۆشی هۆكارێكە بۆ كاریگەربوونی خوێنەر و گوێگر و زیاد بوونی خۆشەویستی بۆ قورئان ، پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم  لە ڕێگەی فەرمایشتە پیرۆزەكانیەوە هانی داوین بۆ ئەوەی بە دەنگی خۆش قورئان بخوێنین وەكو فەرموویەتی : ((زيِّنوا القرآنَ بأصواتكم)) ( السلسلة الصحيحة : 771 ) .
واتە : قورئان جوان بكەن بە دەنگەكانتان .
جا خوێنەری بەڕێز هەوڵ دان و خۆ هیلاككردنت بۆ ئەوەی دەنگت خۆش بێت لەبەر خوا سبحانە بە عیبادەت بۆت دەنوسرێت و پاداشتی لەسەر وەردەگریت، جا لە كەمتەرخەمان مەبە .
8 . زانینی واتای ئایەتەكان :
بۆ ئەوەی ئایەتەكان كاریگەریت لەسەر دروست بكەن دەبێت لە مانا و واتاكانی تێبگەیت ئەگینا كە تۆ تێنەگەیت بەچی كاریگەر دەبیت ؟!
9 . دووبارەكردنەوەی ئایەتەكان :
چەندە ئایەتێك دووبارە بكەیتەوە كاریگەری زیاتری لەسەرت دەبێت بە تایبەت ئەو ئایەتانەی كە باسی گەورەیی خوا سبحانە و بەهەشت و دۆزەخ دەكەن جا خۆت بێبەش مەكە .
10 . پاڕانەوە :
لە خوا سبحانە بپاڕێرەوە كە دڵت بكاتەوە و تێگەیشتنت زیاد بكات ، پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :
" أفضل العبادة : الدعاء " ( السلسلة الصحيحة : 1579 )
چاكترین پەرستن : پاڕانەوەیە .
11 . سەیركردنی حاڵی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانی –رضي الله عنهم- لەگەڵ قورئاندا :
ئەمەش بە سەیركردنی ئەو فەرموودە پیرۆز و وتە بەنرخانە دەبێت كە لە پێشینانمانەوە گێردراونەتەوە و باسی كاریگەربوونیان دەكەن بە قورئان ، وەكو لە فەرموودەی صەحیحدا هاتووە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەنگی گریان لە سنگیەوە هاتووە وەكو دەنگی ئاوی كوڵاو لە ناو مەنجەڵدا ( رواه أبو داود وصححه الألباني )
خوا سبحانە هەموو لایەكمان هیدایەت بدات بۆ تێگەیشتن و كاریگەربوون و كاركردن بە قورئان، آ‌مین .
وَصَلى اللهُ عَلَى مُحَمدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمد