ئەو هۆكارانەی كە موسڵمانانی پێ گومڕا دەكرێن لە لایەن بێ باوەڕانەوە
بەروار: 2015/12/08سەردارن: 2744نوسەر: محمد بن صالح العثيمين رحمه الله / و - بەدەستكاریەوە پشتیوان حسن كرم

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تُطِيعُوا فَرِيقاً مِنْ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ يَرُدُّوكُمْ بَعْدَ إِيمَانِكُمْ كَافِرِينَ
الحمدُ لِلهِ رب العالمين والصلاة والسلام على المبعوث رحمة للعالمين وعلى آلِهِ و أصحابهِ أجمعـيـن:
خوێنەرانی بەڕێز و ئیسلام دۆست: یەكێك لە هۆكارەكانی توانای مرۆڤ بۆ بەردەوام بوون لەسەر عیبادەت و خواناسی ئەوەیە كە شارەزایی و ئاگاییت هەبێت بە ڕێچكە و پیلانەكانی دوژمن و وریابیت بە نەخشەو نیازەكانیان بۆ ئەوەی تووشی پێ هەڵخلیسكان نەبیت و نەكەویتە داویانەوە و بەرچاو ڕوون بیت. ئەو بابەتەش خوای پەروەردگار بۆمانی ڕوون كردۆتەوە لە كتێبە بەپێزەكەی خۆیدا و پێغەمبەرەكەشی بەئێمەی ڕاگەیاندووە و زانا بەرز و بەڕێزەكانی ئەم ئوومەتەش بەجوانی بۆمانیان شی كردۆتەوە والەبەردەستماندایە سوپاس بۆ خوای میهرەبان.
ئێمەش لە سۆنگەی هەست كردن بەبەرپرسیارێتیەوە كە چاومان كەوتە سەر ئەم بابەتە بەنرخە بەباشمان زانی وەری بگێڕین و بیخەینە بەردیدەی بەڕێزتان بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵكی لێی سوودمەند بـبـن.
ئەوەی پێویست و گرنگە بزانرێت ئەوەیە كە: بێباوەڕان با ئەهلی كتابیش بن هەمیشە و كات لەهەوڵی جدیدان بۆ ئەوەی باوەڕداران پاشگەزبكەنەوە لەدینەكەیان و بەرەو بێ دینی و بێباوەڕی ئاراستەیان بكەن. بێژەری ئەو قسەیەش كە خوێندتەوە بریتیە لە خوای زانا و بەئاگا بەناخی دڵەكانیان. هەندێك جار وا خۆیان پیشان دەدەن بەڕواڵەت و ڕووكەش كە ئاشتی خواز و مرۆڤدۆستن و ڕێككەوتنیان پێ خۆشە و دۆست وپشتیوانن، بەڵام ئەوەی لەدڵەكانیان شاردویانەتەوە بریتیە لە ڕق و كیـن و حەزكردنیان بۆ پەشیمان كردنەوەی ئێمەی موسڵمان لە دینەكەمان. ئێمە ئەم قسەیەمان چۆن زانی و لەكوێوە گەیشتین بەم ڕاستیە؟ لە كتێبەكەی خوای گەورەوە كە قورئانە. وەكو ئەم ئایەتانە كە دەیخەینە پێش چاوتان:
خوای پەروەردگار دەفەرموێت:[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تُطِيعُوا فَرِيقاً مِنْ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ يَرُدُّوكُمْ بَعْدَ إِيمَانِكُمْ كَافِرِينَ (100)] {آل عمران}
لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [وَدُّوا لَوْ تَكْفُرُونَ كَمَا كَفَرُوا فَتَكُونُونَ سَوَاءً] {89: النساء}
لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێـت:[وَدَّ كَثِيرٌ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ يَرُدُّونَكُمْ مِنْ بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّاراً حَسَداً مِنْ عِنْدِ أَنفُسِهِمْ] {109: البقرة}
كەوابوو ئەوەمان بە جوانی بۆ ڕوون بوویەوە كە نەیارانمان لە بێباوەڕان بە كوفر نەبێت ڕازی نین بە ئێمە و بەوە كەمتر ڕازی نابن و لە پێناوەدا هۆكارەكانی بۆ دەگرنە بەر بۆ لەخشتەبردنی ڕۆڵەی موسڵمان و فریودانی كاڵفامان و تازەپێگەیشتووان بەچەندین وەسیلە و میكانیزم. وەكو خوای گەورە دەفەرموێـت: [وَلَنْ تَرْضَى عَنْكَ الْيَهُودُ وَلا النَّصَارَى حَتَّى تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ] {120 البقرة}
جا میكانیزم و هۆكارەكانی ئەهلی كتاب بۆ گومڕاكردنی موسڵمانان زۆر و هەمەچەشنە، لەوانە: كردنەوەی دەرگای ئارەزوو شەهوات لەسەریان، چونكە ئەوە دەرگایەكی ئێجگار فراوان و ڕازاوەیە، هەربۆیە تێدەكۆشن بۆ دروست كردنی ئەو پەیكەرە وەهمیەی كە ناویان ناوە ئازادی و سەربەستی بۆ ئافرەت، كە ئەوەش لە ناوەرۆكدا و لە ڕاستیدا بریتیە لە كۆیلایەتی نەوەك ئازادی، چونكە ئەوان و هاوبیرەكانیان ئازادیان بۆ ئافرەت ناوێ‌ بەڵكو ئازادی گەیشتن بە ئافرەتیان دەوێ‌، چونكە ئەگەر چ ئافرەت یان پیاو ئەگەر دەرچوو لەو سنوورەی كە خوا بۆی دیاری كردووە، ئەوە دەردەچێت لەسنووری بەندایەتی بۆ خوا و دەچێتە سنوری بەندایەتی كردنی شەیتانەوە، دەردەچێت لە بەندایەتی دین كە بەندایەتیەكی ڕاستەقینەیە چونكە بۆ خوایە، بۆ بەندایەتی و كۆت وبەندی شەیتان و شوێنكەوتووانی، هەربۆیەش هەركە لەوسنوورە هاتە دەرەوە ڕاستەوخۆ شەیتان دەستی بەسەردا دەگرێ و زاڵ دەبێت بەسەریدا و دەبێت بە كۆیلە و بەندەی ئەو، بەوهۆیەوە خۆی لەناو دەبات و خەڵكیش فریو دەدات، چونكە بەڕیزان ڕاستیەك هەیە لەم ژیانەدا ئەویش ئەوەیە كە هەردەبێت لە دونیادا بەندە بیت، بتەوێ‌ یان نەتەوێ‌، ئەویش یان بۆ خوا یاخود بۆ شەیتان ونەفس، لەم دوو ئاراستە زیاتر نیەو سێیەمی بۆ نیە، كەوابوو كە بڕیار وابوو هەردەبێت بەندە بیت، ئەوا بەندەی خوا بیت باشترە و ئەو پاداشتت دەداتەوەو ستەمت لێ ناكات و هەوڵ و تێكۆشانەكانت زایەناكات وبەفیڕۆیان نادات و بەڵكو بەزیادیشەوە بەرهەمەكەی وەردەگریت، و ماندووبونەكانت بەهەند وەردەگرێت. وەكو زانای پایەبەرز ابن القیم بەڕەحمەت بێت دەڵێـت:
هـربوا من الـرق الذي خلقوا لـه فبلوا برق النفس و الشيطان
واتە: ئەوان لەو بەندایەتیەی كە بۆی دروست كرابوون هەڵهاتن، كەچی تووشی بەندایەتی بۆ نەفس و شەیتان بوون.
ئالەم سۆنگەیەوەیە كە بێباوەڕان و دوژمنانی ئیسلام زۆر جەخت دەكەنەوە لەسەر ئافرەت بۆ ئەوەی ئازاد بێت لەبەندایەتی كردن بۆ خوا، تا بكەوێتە بەندایەتی كردنەوە بۆ شەیتان، چونكە چاك دەزانن ئافرەت كاریگەرترین هۆكارە لەسەر پیاوان، لەوپێناوەدایە كە شەو و ڕۆژ لەهەوڵی ئەوەدان ئافرەتان تێكەڵی پیاوان بكەن، و بیانكەن بە هاوشانیان لە ئەرك و ماف و كاردا و لەماڵ بیهێننە دەرەوە و وەكو پیاو و لەگەڵ پیاودا لەسەر ئیش پێكەوە خزمەت بكەن، شان بەشان و بەتەنیشت یەكەوە، ئەم بۆنی ئەو بكات و ئەویش بۆنی ئەم بكات، و بەیانیان لەسەر ئیش و لەفەرمانگە بەتەوقەكردن بەیانی باش لەیەكتر بكەن و لەهەندێك شوێنیش بەدەست لەمل یەكتركردن. ئەوان باش دەزانن ئەگەر مرۆڤ دابەزی بۆ ئەم ئاستە ئەوا دەبێتە ئاژەڵێكی بێ زمان و هەموو ژیان و گیانی تەنها بۆ پڕكردنەوەی ئارەزووەكانی دەبێت و هەسكەهەسكێتی بۆ شكاندنی تێنووێتی دڵ وناخی كە هەرگیز تێرنابێت، هەربۆیە دین و بەندایەتی خوای بیردەچێتەوەو ئەوەشی پەیوەندی بەدینەوە هەبێت بێ ئاگادەبێت لێی و هەتابێت دووردەكەوێتەوە تا سەری لە كوفر و بێ دینیەوە دەردەچێت.
ئەوان ناتوانن ڕاستەوخۆ بە موسڵمانان بڵێن: ببن بەبێ باوەڕ، یان لەدین هەڵگەڕێنەوە، چونكە ئەگەر وابڵێن: ئەوا موسڵمانانیش دەڵێن: بەڵێ‌ بێباوەڕین بە تاغووت و ستەمكاری، و باوەڕدارین بە خوا. بەڵكو بەچەندین شێواز و بەبەكارهێنانی هۆكاری جۆراوجۆر دێنە پێشەوە هەتا كەسەكە تووشی فاسقێتی و فاجرێتی دەكەن و ئەوكات زوتر و ئاسانتر هەنگاو دەنێت بۆ كوفر، چونكە وەكو دەوترێت: " الفسوق برید الكفـر ".
جۆرێكی تر لە پیلان و هەوڵەكانیان بۆ بێباوەڕكردنی موسڵمانان بریتیە لە بڵاوكردنەوەو پەرەپێدانی بـیـروبۆچوون و هزری خراپ و ئیلحادی و چەپ لەنێوان موسڵماناندا لە ژێرناوی " مرۆڤ ئازادە، سەربەستی بیروباوەڕ، وازبێنن هەركەسێك هەرچیەك دەڵێت، خەڵكی مەكەن بە كۆیلە لەكاتێكدا بە ئازادی لەدایك بوون"، وە هەروەها هاوشێوەی ئەم قسانە كە دەیڕازێننەوە ودەیدەن بەگوێی خەڵكیدا و كاتێكیش موسڵمان ئەم قسانە دەبیستێت و بەرگوێی دەكەوێت، دەڵێت: بەڕاستی ئەمە دینە، پاشان خەڵكی پەرتەوازە دەبێت و هەركەس هەرچی بووێت دەیكات وبەوهۆیەوە واعزی دینی دەتوێتەوە لەوەها ژینگەیەكدا، و بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش چەند هەنگاوێك هەڵدەگرن وەك: وازهێنان لە فەرمان بەچاكە و ڕێگری لەخراپە وپەكخستنی ئەم ئەركە و نەهێشتنی، و والە خەڵكی دەكەن فەرمان بەچاكە وڕێگری لە خراپە نەكەن، چونكە دەزانن ئەگەر فەرمان بەچاكە بكرێـت ئەوا چاكە بەرپا دەبێت و ئەگەریش ڕێگری لەخراپە بكرێت ئەوا خراپە نامۆ دەبێت و بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە لەهەوڵدان ئەم بوارە كەمبكەنەوە و بیكەن بەعەیبە گوایە ئەمە دەستێوەردانە لە كاروباری تایبەتی خەڵكی و بهێڵن با خەڵكی ئازاد بێت چی دەڵێ و چی لەبەر دەكا و باوەڕی بەچی یە !! یان دەڵێن: من خۆم دەبـم تـۆش خـۆت بە!! كەكاتێك ورد دەبیتەوە ئینجا بۆت دەردەكەوێت ماناو ئاماژەكانی ئەم جۆرە قسانە چی یە و چی لەپشتەوەیە.
یەكێكی تر لەو بابەتانەی كەدەیوروژێنن و وەكو تەپڵ لێی دەدەنەوە، بابەتی سزا و تۆڵەسەندنەوەكانە لە ئیسلامدا، وێنەی ئیسلام ناشرین دەكەن گوایە ئیسلام دینێكی توندڕەوو تیـژەو بەكەڵكی ژیانی شارستانیەت و پێشكەوتوویی ئەمڕۆ نایەت، وئیسلام دەستی دز دەبڕێتەوە و زیناكار ڕەجم دەكاو .... وێنایەكی خوێناوی بۆ ئیسلام دەكەن. جا ئاشكرایە كە ئەگەر ئیمان لاواز بوو ترس و بیم و سزای كاربەدەست و دەسەڵاتداریش نەبوو، ئەوا بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی و پشێوی دەچێت، بەشێوەیەك كە هەركەس هەرچیەكی بوێ ئەنجامی دەدات بەبێ ترس، بێباوەڕ دەبێ، زیناو داوێن پیسی دەكات، مەی دەخواتەوە .... لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێك لە ئارادا نیە كە رێگری لێ بكات لە كردنی ئەو كارانە، و ترسی خوایشی لەدڵدا نەماوە، لەئەنجامدا دۆخەكە بەرەو تێكچوون دەچێت، بۆیە پێویستی و گرنگی كاربەدەست لێرەدا دەردەكەوێت و هەروەها جۆری ئەو سزایانەش كە جێ بەجێیان دەكات.
دیسان یەكێكی تر لەو هەوڵ و پیلانانەیان بۆ ساردكردنەوەی خەڵكی لەباوەڕ و پابەندبوون بە دینەوە بریتیە لە ڕازاندنەوەی ماڵ وسامان و جوان كردنەوەیەتی لەدڵدا و خۆشەویست كردنێتی لەناخی تاكدا، بەجۆرێك كە هەستێكی بۆ دروست دەبێت هەمیشە بەدوای دەستخستنی پارەو سامانەوە بێت و هەوڵی كۆكردنەوەی بدات گوێ‌ بەهیچ نەدات لەو پێناوەدا بەڵكو گرنگ ئەوەیە دەوڵەمەند بێت ئیتر بەڕێگەی حەڵاڵ بێت یاخود حەرام. شێوازێكیشی ئەوەیە كە مامەڵە سووخۆریەكانیان بۆ جوان وئاسان دەكەنەوە و خەڵكی تووشی ریبا خواردن دەكەن و قومارخانەو تەئمینات و هاوشێوەكانی پەرەپێدەدرێت لەناو خەڵكیدا، جا ئەگەر هاتوو نەفس و دڵی مرۆڤیش پەیوەست بوو بەم شتانەوە ئەوا هەموو شتێك لەبیردەكات. تەنها ئەوە گرنگ دەبێت بەلایەوە كە ماڵ كۆبكاتەوە بەریبا چونكە زیادەی دەكەوێتە سەر و قازانجی دونیایی دەكات بەبێ ئەوەیش كە كاروبازرگانیەكی قورسیش بكات. هەربۆیە هەموو غەم و پەژارەیەكی دەبێتە زیادكردنی ماڵەكەی بەزوڵم و ستەم و نەفس و ناخیشی ڕادێت بە چروكی و دەستگیرۆیی و خۆشویستنی ماڵ و سامان و ئەو ئامانجەی بـیـردەچێتەوە كە بۆی دروست كراوە.
بەهەمان شێوە قوماركردن یەكێكی ترە لە شێواز و میكانیزمەكانی بەدەست هێنانی پارە بە ناڕەوا، ئەوەش بەوە دەبێت كە دوو كەسە قوماربازەكە بەرانبەر بەیەكتر دادەنیشن و بۆنموونە یەكێكیان بڕێكی زۆر لە پارەی پێیە و پاشان دەست دەكەن بەیاری كردنەكە و زۆری پێ ناچێت بەشێوازێكی خێرا و ناڕەوا ئەو هەموو پارەیە دەگوازرێتەوە بۆ بەرانبەر هەتا وای لێ دێت بەرانبەرەكەی تەنها خۆی و جلوبەرگەكەی بەدەستەوە دەمێنێت و هیچی تر، پاش ئەوەی خاوەنی پارەیەكی زۆربوو، بەهەرحاڵ ئەم شێوازانە كە جولەكە و گاوران پەرەی پێ دەدەن لەنێوان موسڵماناندا پێویستە ڕێگری لێ بكرێت و وریای بـیـن.
هەربۆیە دەبێت موسڵمانان ڕێساكانی ژیانی خۆیان لە فەرمایشتەكانی خوای گەورە و فەرموودەكانی پێغەمبەرەكەیەوە صلى الله عليه وسلم وەربگرن و درێژە بەو ڕێبازە بدەن و لێی لانەدەن، وە هەوڵی ئەوە بدەین دووبارەو سەرلەنوێ‌ ئەم ئیسلامە پیشانی ئەم ئوممەتە بدەین بە گوفتار و كردارەوە واتە نەوەك تەنها دەست بگرین بەدەقەكانیەوە و بێ ئەوەی كاریگەری دروست كردبێت لەسەر ناخ و رۆحمان، چونكە هەموو كەس دەتوانێت قسەی باش بكات و دەست بگرێت بەدەقەكانەوە، بەڵام موسڵمانی ڕاساڵ ئەوەیە كە لەكاتی ناخۆشی و فیتنە و بەڵا و كارەساتەكاندا دەردەكەوێت و لەو حاڵەتانەدا ڕوون دەبێتەوە كەكێ دەستگرتو و پەیوەستە بە ئیسلامەوەو كێیش تەنها بە ڕواڵەت و قسە بانگەشەی ئیسلامەتی دەكات.
لەكۆتاییدا ئەمەوێت ئەوە بڵێم: هەموو یەكێك كەمتەرخەمە، هەموو كەسێك بەئەركی خۆی هەڵناسێت و كاری خۆی ڕاناپەڕێنێت. هەموو تاكێك لە گەلانی موسڵمان و تەنانەت كاربەدەستانیش كەمتەرخەمن و كەموكورتیان هەیە لەم بوارەدا، بۆیە نابێت ئەم ناتەواوی و ساردوسڕیە بخەینە ئەستۆی كۆمەڵێك یان لایەنێك بەتەنها. بۆ نممونە: ئایا یەكێك لە ئێمە كاتێك هەڵە یان خراپەیەك لەبراكەیدا دەبینێت دەستبەجێ پێی دەڵێـت برام ئەمە دروست نیە لە خوا بترسە؟ نەخێـر. ئەمە لەكاتێكدا كەسیش ڕێگەی لێ نەگرتووە كەچی بەدەگمەن نەبێت كەس بەم ئەركە پیرۆزە هەڵناسێت. بۆیە ئەگەر موسڵمانان خۆیان ڕابهێنن بە فەرمان بەچاكە و ڕێگری لە خراپە ئەوا بارودۆخەكە دەگۆڕێت بەدڵنیاییەوە. فەرمان بەچاكە و ڕێگری لە خراپەیش پێویست بەوە ناكات كۆمەڵ و گروپێكی تایبەتی بۆ دیاری بكرێت لەلایەن كاربەدەستانەوە، هەموو كەسێك دەبێت كاری ئەوە بێت، بەڵام بە حیكمەت و داناییەوە دەبێت بكرێت، وە من هەمیشە ئەوە دووبارە دەكەمەوە كە دەڵێم: فەرمان بەچاكە بەبێ گۆڕینی خراپە هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت. چونكە گۆڕینی خراپە پێویستی بەدەسەڵات هەیە، بەڵام فەرمان بەچاكە پێویستی بە دەسەڵات نیە، هەموو یەكێك لەلایەن خۆیەوە دەتوانێت بەو كارە هەستێت.
سەرچاوە// تفسير القرآن لإبن عثيمين – فوائد من سورة آل عمران آية رقم 100.