حوكمى ته‌وه‌سول كردن چى یە به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)؟
بەروار: 2010/03/07سەردارن: 3657نوسەر: وه‌رگێڕانى : مامۆستا صلاح الدین عبدالكریم

و / ته‌وه‌سول كردن به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) چه‌ند به‌شێكه‌:
یه‌كه‌م: ته‌وه‌سول بكات به‌ باوه‌ڕهێنانى به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)، ئه‌مه‌ ته‌وه‌سولێكى دروسته‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى بڵێت: خوایه‌ بۆخاتر باوه‌ڕهێنانم به‌تۆ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت (صلى الله عليه وسلم) لێم خۆش به‌، ئه‌مه‌ ئاسایى یه‌و دروسته‌و هیچى تێدا نى یه‌، خواى گه‌وره‌ له‌ قورئاندا باسى ئه‌م جۆره‌ى كردووه‌ كه‌ ده‌فه‌رمێت: [رَبَّنَا إِنَّنَا سَمِعْنَا مُنَادِيًا يُنَادِي لِلْإِيمَانِ أَنْ آَمِنُوا بِرَبِّكُمْ فَآَمَنَّا رَبَّنَا فَاغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرْ عَنَّا سَيِّئَاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ الْأَبْرَارِ ] [آل عمران: 193]. . واته‌: ئه‌ى په‌روه‌ردگارمان ئێمه‌ گوێ بیستى بانگه‌وازكارێك بووین بانگه‌وازى ده‌كرد بۆ باوه‌ڕهێنان به‌ تۆ (واته‌: پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)) ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا، خوایه‌ بۆخاترى ئه‌م باوه‌ڕهێنانه‌مان به‌ تۆ وپێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت (صلى الله عليه وسلم) له‌ تاوانه‌كانمان خۆش به‌ و گوناهه‌كانمان بسڕه‌وه‌ وله‌گه‌ڵ چاكه‌كاراندا بمانمرێنه‌.
چونكه‌ باوه‌ڕهێنان به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) وه‌سیله‌و هۆكارێكى شه‌رعى یه‌ بۆ لێخۆش بوونى خواى گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كان و سڕینه‌وه‌ى گوناهه‌كان، ئه‌و ته‌وه‌سولى كردووه‌ به‌ هۆكارێكى جێگیرى شه‌رعى.
دووه‌م: ته‌وه‌سول كردن یه‌ پاڕانه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، واته‌: پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) دوعاى بۆ بكات و له‌ خوا بپاڕێته‌وه‌ بۆى، ئه‌میش به‌ هه‌مان شێوه‌ دروسته‌، به‌ڵام ناگونجێت ته‌نها له‌ ژیانى پێغه‌مبه‌ردا (صلى الله عليه وسلم) نه‌بێت، به‌ڵام پاش مردنى دروست نى یه‌، هه‌روه‌كو چۆن ئیمامى عومه‌ر (خواى لێ ڕازى بێت) له‌ پاش وه‌فاتى پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له‌ بێ بارانیدا ته‌وه‌سولى كرد به‌ ئیمامى عباسى(خواى لێ ڕازى بێت) مامى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) نه‌ك به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) چونكه‌ كۆچى دواى كردبوو، وه‌ فه‌رمووى:
[اللّهُمَّ إنَّا كُنَّا نَتَوَسَّلُ إليكَ بِنَبِيِّنَا فَتُسْقِينا، وإنا نَتَوَسَّلُ إليكَ بِعَمِّ نَبِيِّنَا فَاسْقِنَا] (رواه البخاري، وانظر: مشكاة المصابيح: 1/ [13](1509). واته‌: ئه‌ى په‌روه‌ردگار ئێمه‌ پێش تر ته‌وه‌سولمان ده‌كرد به‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ ژیانیدا تۆیش بارانت بۆ ده‌بارانین، وه‌ ئێستا ته‌وه‌سول ده‌كه‌ین به‌ مامى پێغه‌مبه‌ره‌كه‌مان (صلى الله عليه وسلم) تۆیش بارانمان بۆ ببارێنه‌. وه‌ فه‌رمانى ده‌كرد به‌ ئیمامى عه‌باس(خواى لێ ڕازى بێت) كه‌ هه‌ڵسێت و له‌خوا بپاڕێته‌وه‌ تا بارانیان بۆ ببارێنێت.
بۆیه‌ ته‌وه‌سول كردن له‌ ژیانى پێغه‌مبه‌ردا (صلى الله عليه وسلم) به‌ پاڕانه‌وه‌كه‌ى دروسته‌و هیچ شتێكى تێدا نى یه‌.
سێ یه‌م: ته‌وه‌سول كردن به‌خاترى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ئیتر له‌ ژیاندا بێت یاخود مرد بێت جیاوازى نى یه‌و ته‌وه‌سولێكى بیدعى یه‌و دروست نى یه‌، چونكه‌ خاترى پێغه‌مبه‌ر كه‌س سودى لێ نابینێت ته‌نها خۆى نه‌بێت، بۆیه‌ دروست نى یه‌ بۆ مرۆڤــ بڵێت: خوایه‌ بۆ خاترى پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت (صلى الله عليه وسلم) لێم خۆش به‌، یاخود فڵانه‌ شتم پێ ببه‌خشه‌، چونكه‌ وه‌سیله‌ ده‌بێت هۆكار بێت، وه‌ وه‌سیله‌ له‌(وسل)ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌ ماناى گه‌یشتن به‌ شتێك.
بۆیه‌ ده‌بێت وه‌سیله‌كه‌ بتگه‌یه‌نێت به‌ شته‌كه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌تی گه‌یاند به‌ شته‌كه‌ ئه‌وا وه‌سیله‌یه‌كى بێ سووده‌.
له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ ده‌ڵێین: ته‌وه‌سول كردن به‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) سێ به‌شه‌:
به‌شى یه‌كه‌م: ته‌وه‌سول كردن به‌ باوه‌ڕ هێنان پێى و شوێن كه‌وتنى، ئه‌مه‌ دروسته‌ له‌ ژیانى و له‌پاش مردنى.
به‌شى دووه‌م: ته‌وه‌سول كردن به‌ پاڕانه‌وه‌ى، واته‌: داوا له‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) بكات دوعاى بۆ بكات، ئه‌مه‌یان له‌ ژیانیدا دروسته‌ نه‌ك له‌ پاش مردنى چونكه‌ له‌پاش مردنى ناگونجێت و ناشێت.
به‌شى سێ یه‌م: ته‌وه‌سول كردن به‌ خاتر و پله‌و پایه‌ى پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له‌ لاى خواى گه‌وره‌، ئه‌مه‌یان دروست نى یه‌ نه‌ له‌ژیانیدا وه‌ نه‌له‌ پاش مردنى، چونكه‌ وه‌سیله‌ نى یه‌ ومرۆڤــ ناگه‌یه‌نێت به‌ مه‌به‌ستى چونكه‌ له‌ كرده‌وه‌ى خۆى نى یه‌. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێت: هاتوم بۆ لاى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) لاى گۆڕه‌كه‌ى، وه‌ داوام لێ كردووه‌ داواى لێخۆشبوونم بۆ بكات له‌ خواى گه‌وره‌ ئایا ئه‌م شته‌ دروسته‌ یان نا؟
ده‌ڵێین: دروست نى یه‌، ئه‌گه‌ر بڵێت: ئه‌وه‌ نى یه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: [ وَلَوْ أَنَّهُمْ إِذْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ جَاءُوكَ فَاسْتَغْفَرُوا اللَّهَ وَاسْتَغْفَرَ لَهُمُ الرَّسُولُ لَوَجَدُوا اللَّهَ تَوَّابًا رَحِيمًا ] [ النساء: 64 ] . واته‌: كاتێك كه‌ سته‌م له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و حوكم بۆ لاى جگه‌ له‌ خواى گه‌وره‌ ده‌به‌ن، ئه‌گه‌ر بێن بۆ لاى تۆ ئه‌ى محمد (صلى الله عليه وسلم) وداواى لێخۆشبوون له‌ خواى گه‌وره‌ بكه‌نء تۆیش داواى لێخۆشبوونیان بۆ بكه‌یت له‌ خواى گه‌وره‌ ئه‌وا ده‌بینن خواى گه‌وره‌ لێخۆشبوو به‌ به‌زه‌یى یه‌.
پێى ده‌ڵێین: به‌ڵێ خواى گه‌وره‌ وا ده‌فه‌رمێت، به‌ڵام ده‌فه‌رمێت: [ وَلَوْ أَنَّهُمْ إِذْ ظَلَمُوا ] . وه‌ ئه‌م [ إِذْ ] ه‌ بۆ ڕابردووه‌ نه‌ك بۆ داهاتوو، خواى گه‌وره‌ نه‌یفه‌رمووه‌: [ وَلَوْ أَنَّهُمْ إِذْا ظَلَمُوا ] . به‌ڵكو فه‌رموویه‌تى: [ إِذْ ظَلَمُوا ] ، ئایه‌ته‌كه‌ باسى شتێك ده‌كات كه‌ له‌ ژیانى پێغه‌مبه‌ردا (صلى الله عليه وسلم) ڕوویداوه‌، وه‌ داواى لێخۆشبوونى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ پاش مردنى شتێكى نه‌شیاو ونه‌گونجاوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤــ بمرێت هه‌موو كرده‌وه‌كانى ده‌بچڕێت ته‌نها سێ شت نه‌بێت: سه‌ده‌قه‌و خێرێكى نه‌بڕاوه‌، یاخود زانیارى یه‌كى به‌سود، یاخود منداڵێكى چاك له‌پاش خۆى دوعاى خێرى بۆ بكات. هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تى: (صَدَقَةٌ جَاڕية، أو عِلْمٌ يُنْتَفَعُ بِهِ، أو وَلَدٌ صَالِحٌ يَدْعُو لَهُ)(صحيح الجامع الصغير: 1/ 793)
بۆیه‌ گونجاو نى یه‌و ناشێت هیچ مرۆڤێك له‌ پاش مردنى داواى لێخۆشبون بۆ كه‌س بكات، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت داواى لێخۆشبوون بۆ خۆیشى بكات، چونكه‌ كرده‌وه‌كانى بچڕاوه‌((فتاوى مهمة لعموم الأمة: ص99-102)).

له‌ فه‌تواكانى زاناى پایه‌به‌رز الشیخ محمد بن صالح العثيمين (رحمه الله)