صەدەقەو خێركردن بە نهێنی
بەروار: 2010/06/06سەردارن: 3484نوسەر: ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى مامۆستا أبو بكر أحمد

چیرۆكه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله علیه وسلم)
و په‌ندو ئامۆژگارى وه‌رگرتن لێیان
چیرۆكی نۆزدەیەم:
عَنْ أَبِى هُرَيْرَةَ (رضي الله عنه) أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) قَالَ: ( قَالَ: رَجُلٌ لأَتَصَدَّقَنَّ اللَّيْلَةَ بِصَدَقَةٍ، فَخَرَجَ بِصَدَقَتِهِ فَوَضَعَهَا فِى يَدِ سَارِقٍ، فَأَصْبَحُوا يَتَحَدَّثُونَ تُصُدِّقَ عَلَى سَارِقٍ، فَقَالَ: اللَّهُمَّ لَكَ الْحَمْدُ لأَتَصَدَّقَنَّ اللَّيْلَةَ بِصَدَقَةٍ، فَخَرَجَ بِصَدَقَتِهِ فَوَضَعَهَا فِى يَدَىْ زَانِيَةٍ، فَأَصْبَحُوا يَتَحَدَّثُونَ تُصُدِّقَ اللَّيْلَةَ عَلَى زَانِيَةٍ، فَقَالَ: اللَّهُمَّ لَكَ الْحَمْدُ عَلَى زَانِيَةٍ، لأَتَصَدَّقَنَّ اللَّيْلَةَ بِصَدَقَةٍ، فَخَرَجَ بِصَدَقَتِهِ فَوَضَعَهَا فِى يَدَىْ غَنِىٍّ، فَأَصْبَحُوا يَتَحَدَّثُونَ تُصُدِّقَ عَلَى غَنِىٍّ فَقَالَ اللَّهُمَّ لَكَ الْحَمْدُ، عَلَى سَارِقٍ وَعَلَى زَانِيَةٍ وَعَلَى غَنِىٍّ، فَأُتِىَ، فَقِيلَ لَهُ: أَمَّا صَدَقَتُكَ عَلَى سَارِقٍ، فَلَعَلَّهُ أَنْ يَسْتَعِفَّ عَنْ سَرِقَتِهِ، وَأَمَّا الزَّانِيَةُ فَلَعَلَّهَا أَنْ تَسْتَعِفَّ عَنْ زِنَاهَا، وَأَمَّا الْغَنِىُّ فَلَعَلَّهُ يَعْتَبِرُ فَيُنْفِقُ مِمَّا أَعْطَاهُ اللَّهُ)أَخْرَجَهُ الْبُخَارِيُّ (1421)، ومُسْلِمٌ (2359) . واته‌: هاوەڵی خۆشەویست (أَبِى هُرَيْرَةَ (رضي الله عنه) دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) فەرموویەتی: پیاوێك ووتی: سوێند بەخوا ئەمشەو خێرێك دەكەم، كاتێك شەو هاتە دەرەوە خێرەكەی كردە ناو دەستی دزێكەوە (بەڵام نەی زانی كە دزە)، كە بەیانی بووەوە لە ناو خەڵكیدا باسی ئەوە دەكرا كە ئەم شەو خێر بە دز دراوە، پیاوەكەش ووتی: خوایە سوپاس‌و ستایش بۆتۆ، كە ئەو خێرە بۆ ئەو دزە بوو (ئەویش بە ویستی خوایە نەك بە ویستی من، چونكە ویست‌و فەرمانەكانی تۆ هەموویان جوانن)، دووبار ووتی: سوێند بەخوا ئەم شەو خێردەكەم، هاتە دەرەوە شەو ئەم جارەیان خێرەكەی كرد بە داوێن پیسێك، دیسان كە بەیانی بووەوە لەناو خەڵكیدا باسی ئەوە دەكرا كە ئەم شەو خێر بە داوێن پیس دراوە، پیاوەكەش ووتی: خوایە سوپاس‌و ستایش بۆتۆ، كە ئەو خێرە بۆ ئەو داوێن پیسە بوو (ئەویش بە ویستی خوایە نەك ویستی من، چونكە ویست‌و فەرمانەكانی تۆ هەموویان جوانن)، جاری سێیەم ووتی: سوێند بەخوا ئەم شەو خێردەكەم، هاتە دەرەوە شەو بەڵام ئەم جارەیان خێرەكەی دا بە دەوڵەمەندێك، دیسان كە بەیانی بووەوە لەناو خەڵكیدا باسی ئەوە دەكرا كە ئەم شەو خێر بە دەوڵەمەندێك كراوە، پیاوەكەش ووتی: خوایە سوپاس‌و ستایش بۆتۆ، كە ئەو خێرە بۆ ئەو دەوڵەمەندە بوو (ئەویش بە ویستی خوایە نەك ویستی من، چونكە ویست‌و فەرمانەكانی تۆ هەموویان جوانن)، پیاوەكە شەو خەونی بینی كە مەلائیكەتێك لە خەودا پێی ووت: بەڵام ئەو خێرەی كە كردت بە دزەكە ئومێد دەكرێت‌و دەگونجێت كە دەست هەڵبگرێت‌و واز لە دزی بهێنێت، وە ئەو خێرەی كە كردت بە داوێن پیسەكە ئومێد دەكرێت‌و دەگونجێت كە واز لە داوێن پیسی بهێنێت، وە ئەو خێرەی كە كردت بە دەوڵەمەندەكە ئومێد دەكرێت‌و دەگونجێت كە بەهۆی ئەو كارەوە پەندو ئامۆژگاری وەربگرێت‌و ببەخشێت لەوەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوە .
چەند سوودو ئامۆژگارییەك لەم چیرۆكەدا .
(1) دڵسۆزی‌و نییەت پاكی گەورەترین هۆكارە بۆ گیرابوونی كردەوە چاكەكان.
(2) فەزڵ‌و گەورەیی ماڵ بەخشین، بەتایبەتی ماڵ بەخشینی نهێنی
(3) خێرو ماڵ بەخشینی نهێنی‌و شاراوە توڕە بوونی خوای گەورە لادەبات.
(4) ڕازی بوون بەقەدەری خوای گەورەو سوپاس‌و ستایشكردنی پەروەردگار لەهەموو كاتێكدا، بەتایبەتی لە كاتی ناخۆشیدا .
(5) دوو بارەكردنەوەی خێرو صەدەقە ئەگەر زانرا نەدراوە بە هەژارو كەسانی موستەحەق‌و شیاو .