ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
ئینتەرنێت دەروازەیەك بۆ تاقى كردنەوەى باوەڕ و ڕەوشت و ژیرى

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه اجمعين
دەروازە
ئینتەرنێت گەورەترین شۆڕشێكە سەرى هەڵدابێت لەجیهانى زانستدا وەبەربڵاوترین گۆڕەپانە بۆ تاقى كرنەوەى ((باوەڕ و ڕەوشت و ژیرى)).
چاكەكردن دەرگاى واڵایە وەهەروەها خراپەكاریش دەرگاى واڵایە.
ئەو كەسەى كەئالوودەى ئینتەرنێتەو بەكارى دەهێنێ ئازادە لەهەر ووتەیەك كەدەیڵێ و بەئارەزووى خۆى ئەڕوانێ، نەچاودێر هەیە و نەبەربەست و نەسنوور !!
بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو كەسە ئارەزوو خوازبوو بەچاكە، و ودووربین بوو وەپاشەڕۆژى لەیادبوو ئەوە خوا دەكات بەچاودێر و تووشى تاوان نابێت، وەبەپێچەوانەوە:
ئەگەر سنوورى بۆ ئارەزووەكانى دانەنا وشوێن ئارەزوو و مەبەستەكانى كەوت وەپاشەڕۆژى لەیادنەبووئەوە بێ گومان دەكەوێتە داوى تاوانەوە وەسەرئەنجام تووشى سەرشۆڕى و زەبوونى و زەلیلى ئەبێت.
بۆیە مرۆڤى ژیر ئەو كەسەیە ئینتەرنێت بۆ كارى چاكەخوازى بەكاردەهێنێت. وەپشت بەخۆى نابەستێت بەڵكو خودا دەكاتە چاودێرو پاڵپشتى تاوەكو نەكەوێتە نێو گێژاوى تاوانەوە كەسەرفرازبوون لەو گێژاوە زۆر ئەستەمە.
بۆیە پێویستەو جێى بایەخە هەركاتێك بەشدارى ئینتەرنێت دەكەیت دەبێت هاوكارى و بەشدارى كرنەكەت شەرعى بن و قەدەغەكراو نەبن وەكو ((نووسینى بابەتى ناڕەواو نابەجێ _ جنێودان و فریودانى خەڵك _ بڵاوكردنەوەى دەنگوباس و هەواڵى بێ بناغە و درۆ _ كردنەوەى سایتە بەدڕەوشتیەكان...))، وەهەركاتێك ڕەخنەیەكت لەبابەتێك هەبوو پێویستە ڕەخنەكانت زانستى بن.
زەنگى ئاگاداركردنەوە
مرۆڤى ژیر دەبێت ئاگادارى هەنگاوەكانى شەیتان بێت، كەشەیتان بەردەوام لەهەوڵى لەخشتەبردنى مرۆڤە بەرەو تاوان و خراپەو دووركەوتنەوە لەخوا، وەكو خواى پەروەردگار دەفەرموێت: [.....وَلاَ تَتَّبِعُواْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُّبِينٌ ] البقرة168 واتە:شوێن هەنگاوەكانى شەیتان مەكەون چونكە بێگومان ئەو دوژمنێكى ئاشكراتانە.
پێویستە متمانە بەم دوژمنەمان نەكەین باچەند خاوەنى دین و ئاین و زانستیش بین بەڵكو تەنها پشت بەخوا ببەستین بۆ ئەوەى پارێزراومان بكات لەكارى تاوان و خراپەكارى، وەهەر مرۆڤێك پشتى بەخۆى بەست ئەوە سەرئەنجام تووشى تاوان دەبێت وەهەركەسێك پشتى بەخودا بەست ئەوە بێ گومان خودا لەتاوان دەیپارێزێت.
تاقى كردنەوە
ئینتەرنێت گەورەترین قوتابخانەیە بۆ تاقى كردنەوەى ئارەزووەكان، ئەگەر چاوێك بەقورئاندا بخشێنین بۆمان دەردەكەوێت كەیوسف _علیه السلام_ كەیەكێكە لەپێغەمبەرەكان كاتێك تووشى تاقى كردنەوە بوو لەلایەن (زوڵەیخا) وە لەبەرامبەر ئارەزووەكانى بەپەلە هەڵهات و متمانەى بەخۆى نەكردو پەناى بردەبەر خودا وەپاشان فەرمووى: ئەگەر خودا پارێزەرم نەبوایە ئەوە تووشى داوێن پیسى دەبووم.
بڕوانە ئەى ئیماندارى خۆشەویست قوتابخانەى (یوسف) قوتابخانەى باوەڕو ڕەوشتە وەخواى گەورە ئەم بەندە خۆشەویستەى خۆى دەربازكرد لەگێژاوى ئەو تەڵەكەیە چونكە پەناى بۆ خوا برد.
بەربەستەكانى تاوان لە ئینتەرنێت دا
١ـ بەكارهێنانى ئینتەرنێت بۆ مەبەستێكى دیارى كراو:
پێویستە كاتێك ئینتەرنێت بەكاردەهێنى ئامانجێكى دیارى كراوت هەبێت و لەكاتێكى دیارى كراوداو بۆ مەبەستێكى ڕوون و ئاشكرا بەكارى بهێنیت، بەڵام لەكاتى بەبێ مەبەست گەڕان بەئینتەرنێتدا بێ گومان تووشى تاوان دەبیت و كاتیش بەفیڕۆ دەدەیت.
٢ـ لەخواترسان (التقوى):
لەخواترسان گەورەترین قەڵغان و بەربەستە لەبەرامبەر تاوان وەكو ئیمامى (ابن الجوزي) فەرمویەتى: ((ئەى ئەو كەسەى لەخوا دەترسیت و خاوەنى باوەڕیت، باوەڕو كردەوە چاكەكانت مەگۆڕە بەكەساسى تاوان و خراپە، و ئارام بگرە، و لەشوێن ئارەزووەكانت هەنگاو هەڵ مەگرە)) پاشان دەفەرموێت: ((زاڵ بوون بەسەر تاواندا گەورەترین چێژوەرگرتنە، باشە نابینى ئەو كەسەى تاوان بەسەریدا زاڵبووە چەندە داماوو كەساسە)).
پێویستە مرۆڤى موسڵمان كاتێك ئینتەرنێت بەكاردەهێنێ دووربكەوێتەوە لەو سایت و ماڵپەڕانەى كەووروژێنەرن، هەروەها لەو پێگانەى كە وتەى ناشرینى تێدا بڵاودەكرێتەوە هەروەها لەو بابەتانەى كەئارەزووت ئەبزوێنن وەلەو وێنانەى كەئابڕووبەرن.
ئەگەر مرۆڤ ئارەزووەكانى دوورنەخاتەوە لەكارى خراپە ئەوە بێ گومان شوێنى دەكەوێ و ئەنجامى ئەدات، وەنموونەى ئارەزووى مرۆڤ وەكو كەرەستە داگیرساوەكانە وەكو (نەوت_ بەنزین...هتد)، كەهەرچەندە لەئاگرەوە دووربێت ئەوەندە پارێزراوتر دەبێت، وەبەپێچەوانەوە هەرچەندە نزیك بێت ئەوەندە ئارەزووەكان زیاتر دەبزوێن.
٣ـ نەزەرنەكردن: هۆكارێكى تر بۆ سەرفرازبوون و دەربازبوون لەتاوان (نەزەرنەكردن)ە.
لەبەرئەوە ئینتەرنێت چەندەها وێنەى ئابڕووبەرى تێدایە پێویستە مرۆڤ چاوى خۆى لەو وێنانە بپارێزێت بۆ ئەوەى دڵى هەست بەئارامى بكات چونكە چاو ئاوێنەى دڵە وەچاوپۆشین دەبێتە مایەى بەربەستكردنى ئارەزووەكان، وەخواى پەروەردگار دەفەرموێت: [قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ] النور30
واتە: ئەى پێغەمبەر بە پیاوانى ئیماناران بڵێ: با چاویان بپارێزن (لەسەرنجدانى ئافرەتانى نامەحرەم) هەروەها نامووس و عەورەتى خۆیان لەحەرام بپارێزن بێگومان ئەوە پاكترو پوختترە بۆیان (بۆ دڵ و دەروون ورواڵەت و رۆح و لاشەیان) بەڕاستى خوا ئاگادارە بەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانەى كە دەیكەن.
وەشێخ الاسلام (ابن تيمية‌) دەربارەى ئەم ئایەتە فەرمویەتى: خواى پەروەردگارە نەزەرنەكردن و داوێن پاكى بەگەورەترین هۆكار دەژمێرێت بۆ پاك كردنەوەى دەروون، وەپاك كردنەوەى دەروون پاك كردنەوەیەتى لەهەموو تاوانێك وەكوزوڵم و درۆو هاوەڵ بڕیاردان و...هتد
٤ـ ووردبوونەوە و جەخت كردنەوە:
مرۆڤ لەئینتەرنێت زۆر هەواڵ و بابەت دەخوێنێتەوە یان دەیبیستێ بۆیە پێویستە ووردبێتەوە لەو بابەتانە نەوەك درۆبن وەپێویستە بەڕاستەوخۆى بڵاویان نەكاتەوە تاوەكو دڵنیا دەبێت لەڕاست و دروستى هەواڵەكە. ئەگەر هاتوو هەواڵەكە چاكەو خێرى تێدابوو بۆ موسڵمانان. ئەوكاتە پێویستە لەسەر موسڵمان ئەو هەواڵانە پشت ڕاست بكاتەوە و پاشان بڵاویان بكاتەوە وەچەندەها مرۆڤ ئینتەرنێت وەكو سەرچاوەیەك بەكاردەهێنێ وائەزانێ سروشەو هەڵەى تێدانى یە.
وەپێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: ((كفى بالمرء كذبا أن يحدث بكل ما أسمع)) رواه مسلم، واتە: بەسە بۆ كەسێك بە درۆزن بناسرێ ئەوەى كە دەیبیستێ بیگێڕێتەوە.
وەخواى پەروەردگار فەرموویەتى:{وَإِذَا جَاءهُمْ أَمْرٌ مِّنَ الأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُواْ بِهِ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَى أُوْلِي الأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنبِطُونَهُ مِنْهُمْ وَلَوْلاَ فَضْلُ اللّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ لاَتَّبَعْتُمُ الشَّيْطَانَ إِلاَّ قَلِيلاً }النساء83
وەزاناى پایەبەرز (عبدالرحمن السعدى) دەربارەى ئەم ئایەتە دەفەرموێت: ((لەم ئایەتە خواى پەروەردگار فێرى ئیمانداران دەكات كەهەر هەواڵ و دەنگ و باسێكیان بیست پێویستە ڕاستەوخۆ بڵاوى نەكەنەوە بۆیە هەرهەواڵێك كەپەیوەستە بەموسڵمانانەوە پێویستە بگەڕێتەوە بۆلاى زانایانى ئایینى و پاشان ئەوانەى كەخاوەنى هزرو بیرو زانست و ڕاوبۆچوونن، كەدەتوانن چاكسازى و چاكەخوازى جیابكەنەوە لەگەندەڵى و خراپەكارى بەشێوەیەك كەبیر دەكەنەوە ئەگەر ئەو هەواڵانە دڵخۆشكەر بێت بۆ ئیمانداران و سوودى تێدابێت بڵاوى دەكەنەوە بەپێچەوانەوە ئەگەر تاوان و زیانى تێدابوو بۆ موسڵمانان ئەوە دایدەپۆشن و بڵاوى ناكەنەوە.
بۆیە خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [...لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنبِطُونَهُ مِنْهُمْ...] سورة النساء(83)، واتە: ئەوانە خاوەنى زانست و بیروڕان دەگەنە ئەنجام بەهۆى ژیرى و زانستیانەوە.
وەهەروەها ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كەسى شیاو بۆ جێگەى شیاو بێت وەبەڵگەیە لەسەر قەدەغەكردنى ئەو هەواڵانەى كەجیێ گومانەوجێى متمانە نین.
وەپێویستە مرۆڤى موسڵمان لەهەموو باس و خواسێكدا بڕیارنەداو قسە نەكات ئەگەر خاوەن زانستیش بوو بەڵكو باشتروایە بەرژەوەند پارێزبێت چونكە هەندێك جار خاوەن زانست ڕاى جیاوازى هەیە كەلەگەڵ ڕاستیدا یەك ناگرێتەوە و دەرئەنجامى خەمڵاندنێكى نادروست كەزۆر دوورە لەڕاستى و واقیعەوە، بەڵكو دەبێت ووردبین و لەسەرخۆبین چونكە مرۆڤى بزێو (هەڵەشە) زۆر هەڵە دەكات وەكو ووتوویانە [الخطأ زاد العجول] ، واتە: هەڵە تێشووى بزێوانە.
دانایى ئەوەیە مرۆڤ ڕاوبۆچوونى خۆى بپارێزێ و ئاشكراى نەكات تاوەكو ڕووداوێك پێویستى دەكات وەپێویستە دووربین و ڕاوێژكاریش بێت.
كەسى بزێوو هەڵەشە پێش ئەوەى زانستى بێت ووتە دەردەبڕێ و پێش ئەوەى تێ بگات وەڵام ئەداتەوە و پێش ئەوەى تاقى بكاتەوە ستایشى خەڵك دەكات وەسەرزەنشتى خەڵك دەكات دواى ئەوەى سوپاس كراون. وەبزێوى و هەڵەشەیى پەشیمانى لەدوایە وەلەسەرخۆى و هێمنى بێوەى و سەلامەتى لەدواوەیە.
٥ـ خواى پەروەردگار چاودێرە:
جوانترین ئامۆژگاریەك بۆ مرۆڤ ((چاودێرى خودایە)). هەركەسێك خودا بكات بەچاودێر بەسەر خۆیەوە ئەوە سەلامەت و پارێزراو دەبێت لەتاوانى ئینتەرنێت.
مرۆڤى موسڵمان بەجوانى لەم ناوەڕۆكە تێ دەگات و بیرى لێ دەكاتەوە چونكە پەنهانى هەموو لاى خوا ئاشكرایە وەهەركاتێك مرۆڤ كارێكى بەنهێنى ئەنجامدا (چاك بوو یان خراپ) خواى پەروەردگار ئاشكراى دەكات.
ووتەى زانایانى پێشین
*(باوكى حازم سەلەمەى كوڕى دینار) فەرمویەتى:
((هەركەسێك پەیوەندى نێوان خۆى و خواى چاك بكات ئەوە خواى پەروەردگار پەیوەندى نێوان ئەو مرۆڤەو خەڵكى چاك دەكات، وەبەپێچەوانەوە هەركەسێك پەیوەندى نێوان خۆى و خوا تێك بدات ئەو خواى پەروەردگار پەیوەندى نێوان ئەو و خەڵكى تێك دەدات.
وە ئەگەر خواى پەروەردگار یەكێكى خۆش بوێت ئەوە خەڵكیش ئەو كەسەیان خۆش دەوێت وەهەركەسێكیش خوا ڕقى لێ بێت ئەوە خەڵكیش ڕقیان لێ دەبێت.
*(معتمر كوڕى سلێمان) دەفەرموێت: ((مرۆڤ لەنهێنى شەودا تووشى تاوان دەبێت بەڵام كەڕۆژ بوویەوە كەساسى و داماوى تاوانەكەى پێوە ئاشكرایە)).
*(ابن الجوزي) دەفەرموێت: ((مرۆڤ زۆرجار تاوانێك بەنهێنى ئەنجام دەدات خوا پێى ناخۆشە، خواى گەورە ئەو تاوانە ئاشكرا دەكات ئەگەر دواى ماوەیەكى زۆریش بێت وەخەڵكیش باسى تاوانبارەكە دەكەن ئەگەر بەرچاویشیان نەكەوتبێت.
وە ڕەنگە هەندێك جار خواى پەروەردگار لەنێو خەڵكدا ئابڕووى مرۆڤى تاوانبار ببات بۆ ئەوەى هەرچى تاوانى هەیە ئاشكرابێت وەبۆ ئەوەى بزانرێت خواى پەروەردگار كردەوەى هیچ كەسێك وون ناكات تاوانبار بێت یان چاكەكار، خۆ ئەگەر چاكەكاریش بێت ئەوە خواى پەروەردگار چاكەى ئەو كەسە ئاشكرا دەكات بۆ ئەوەى خەڵكى خۆشیان بوێت)).
*(ابن الجوزي) دەفەرموێت: ((كردەوەى كەنارگیرى زۆرجار سەرئەنجام ئاشكرا دەبێت.چەندەها خواپەرست هەیە لەپەنهانى و نهێنى دا لەبەر سزاى خوا یان لەبەر گەورەى خوا واز لەئارەزووەكانى دەهێنێت بۆنى خۆشى چاكەى ئەو كەسە لەنێو خەڵكدا بڵاودەبێتەوە بێ ئەوەى بزانن ئەو كەسە لەكوێیە!!
وەهەرچەندە ئەو مرۆڤە لەتاوان دووربكەوێتەوە ئەوەندە بۆنى خۆشى چاكەكانى زۆرتر دەبن، وەهەندێ جار دواى مردنى پیاوێكى چاك بۆنى خۆشى هەر دەمێنێتەوە وەخەڵكى بەچاكە باسى دەكەن و ناوى دەبەن نموونەى زانایانى خواناس هەندێكیان دواى سەدساڵ لەمردنیان باس دەكرێن وەهەندێكى تریان ناویان هەر دەمێنێتەوە تاوەكو ڕۆژى دوایى بەپێى كردەوە چاكەكانیان.
بەڵام ئەگەر مرۆڤێك تاوانباربوو ئەوە بۆنى ناخۆشى تاوان بەنێو خەڵكدا بڵاودەبێتەوە تاوەكو خەڵكى ڕقیان لێ دەبێت)).
*(ابو الدرداء) دەفەرموێت: ((مرۆڤ تاوانێك دەكات لەنهێنى دا خواى پەروەردگار ڕق دەخاتە دڵى ئیماندارانەوە بەرامبەر بەو مرۆڤە بێ ئەوەى ئەو مرۆڤە هەست بكات)).
*(ابن الجوزي) دەفەرموێت: ((هەرچەندە مرۆڤ خواى پەروەردگار بەگەورە بزانێ و ڕێز لەپەرستشەكانى بگرێ ئەوەندەش خەڵك ئەو مرۆڤە بەگەورە دەزانن و ڕێزى لێ دەگرن)).
* * * *
كۆتایى
كەواتە ئەى ئیماندار ئەبێت ئاگادارى زیانەكانى ئینتەرنێت بیت بەڵام ئەمەش ماناى ئەوە نیە بۆ كاروبارى چاكەكارى بەهەمان تێڕوانین بۆى بڕوانین بەڵكو هەركەسێك تواناى هەبێت دەتوانێت لەكاروبارى بانگەوازو چاكەكاریدا بەكارى بهێنێ وەسوود لەئینتەرنێت وەربگرێ بەدوور لەهەر تاوانێك.
براى بەڕێزم بەچەند پرسیارێك ماڵئاوایت لێ دەكەم:
ئایا هەست بەدڵتەنگى و لاوازى ناكەیت كاتێك چاوت بڕیوەتە ئافرەتێكى ڕووت؟
ئایا هەست بەڕەشبینى و دوورى لەخوا ناكەیت كاتێك جنێو بەكەسێك دەدەیت؟
ئایا هەست بەبێزارى ناكەیت كاتێك چەند كاتژمێرێك بەبێ سوود كات لەئینتەرنێت بەسەر دەبەیت؟
بەپێچەوانەوە
ئایا هەست بەئارامى ناكەیت كاتێك ئەنتەرنێت بۆ كارى چاكە بەكاردەهێنى و دووریت لەتاوان؟
ئەمانەو چەندین پرسیارى تر كە پێویست دەكات بەهێمنى و ژیرى تێبفكرى و بەدواى وەڵامێكى دروست دا بگەڕێى بۆیان.
والسلام عليكم ورحمة الله وربكاته

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام