ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
ئەو شتانەى كە دەست نوێژ پوچەڵ ئەكەنەوە

ئەو شتانەی كە دەست نوێژ پوچەڵ ئەكەنەوە:
چەند شتێك هەیە كە دەست نوێژ پوچەڵ ئەكەنەوەو دەری ئەكەن لە گەیاندنی مەبەستەكەی، وا لە خوارەوە باسیان ئەكەین:
1- هەرچی لە پاش و پێش دەرچوو كە ئەمانە ئەگرێتەوە:
(أ) میز.
(ب) پیسایی.
بەپێ‌ی فەرموودەی خوای گەورە كە ئەفەرمووێت: [أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِنْكُمْ مِنْ الْغَائِطِ ] (مائدة/6). واتە: یان یەكێ‌ لە ئێوە دەستی بە ئاو گەیاند. كە ئەوە كینایەتە لە چونە سەر ئاو.
(جـ) دەرچوونی بای پاش، بەپێ‌ی ئەو حەدیسەی كە ئەبی هوڕەیڕە دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی:(لا يَقبَلُ اللهُ صَلاةَ أحَدِكُم إذَا أحدَثَ حَتَّى يَتَوَضَّأ) رواه البخاري ومسلم. واتە: خوا نوێژی ئەو كەسەتان وەرناگرێ‌ ئەگەر شتێكی لێ ڕوودا كە دەستنوێژەكەی بشكێنێ‌ هەتا دەست نوێژ نەگرێتەوە. پیاوێكی (حضر موت)ی ووتی: ئەی ئەبا هوڕەیڕە ڕووداو چی یە؟ فەرمووی: تس‌و تڕ. متفق علیه.
وە هەر لەوەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتووە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی:(إذَا وَجَدَ أحَدُكُم فِي بَطنِهِ شَيئاً فَأشكَلَ عَلَيهِ أخَرَجَ مِنهُ شَيئٌ أم لا؟ فَلا يَخرُجَنَّ مِنَ المَسجِدِ حَتَّى يَسمَعَ صَوتاً أو يَجِدَ ريحاً) رواه مسلم. واتە: ئەگەر كەسێكتان هەستی بەشتێك كرد لە سكیدا، سەری لێ‌ تێك چوو نەی زانی هیچی لێ‌ دەرچووە یان نا ؟ با مزگەوت بەجێ‌ نەهێڵێ‌ هەتا دەنگ نەبیسێ‌ یا بۆن نەكا.
بەڵام نەبیستن و بۆن نەكردن هیچیان مەرج نین لەوەدا بەڵكو لێرەدا مەبەستی دڵنیایی بوونی تەواوە لە هاتنە دەرەوەی شتێك لێی.
(د، ه، و) دەرچوونی مەنی و (مذی) و وەدی، بەپێ‌ی فەرموودەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كە دەربارەی (مذی) فەرموویەتی: (فيه الوضوء). واتە: بۆ هاتنە دەرەوەی (مذی) دەست نوێژگرتنەوە پێویستە. وە بەپێ‌ی ئەو حەدیسەی كە ئیبنو عەبباس دەفەرمووێت: ئەمما مەنی ئەوەیە كە غوسڵی بۆ دەكرێت، ئەمما (مذی)و وەدی، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: «زەكەرت یان دامێن و ناوگەڵت بشۆ و دەست نوێژێك بگرە هەروەك چۆن دەست نوێژ بۆ نوێژ ئەگری» بەیهەقی لە سونەنەكەیدا گێڕاویەتی یەوە(1).
2- خەوی قوڵ: بەشێوەیەك كە ئەوكەسە هیچ ئاگای لەخۆی نەمێنێ‌ و نەتوانێ‌ پاشی خۆی لە زەوی توند بكات، بەپێ‌ی حەدیسی صەفوانی كوڕی عەسسال خوا لێی ڕازی بێت ئەفەرمووێت: (پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمانی پێ‌ ئەكردین كە لەسەفەرەكانمانا كاڵەكانمان دانەكەنین بۆماوەی سێ‌ ڕۆژو سێ‌ شەو دانەكەنین مەگەر بەهۆی لەش گرانیەوە، بەڵام بەهۆی میزو پیسایی و خەوەوە داینەكەنین) ـ واتە مەسحیان بەسەردا بكەین ـ ئەحمەد و نەسائی و (ترمذی) گێڕاویانەتەوەو (ترمذی) بە صەحیحی داناوە(2).
بەڵام ئەگەر كەسی خەوتوو دانیشتبوو، پاشی لەزەوی گیر كردبوو ئەوە دەست نوێژەكەی پوچەڵ نابێتەوە، (حديث)ەكەی ئەنەسیش ڕەزای خوای لێ بێ‌ هەر لەسەر ئەمە حەمل ئەكرێ‌ كە دەفەرمووێت: (یارەكانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم چاوەڕووانی نوێژی خەوتنانیان ئەكرد لە مزگەوتدا هەتا ملیان لار ئەبووەوە لەبەر خەو، پاشان نوێژیان ئەكردو دەست نوێژیان نەئەگرتەوە) شافیعی و موسلیم و ئەبو داود و (ترمذی) گێڕاویانەتەوە. وە لای (ترمذی) لە ڕێگای شوعەیبەوە هانوە بە زاراوەی: (یارەكانی پێغەمبەرم صلى الله عليه وسلم بینیوە، لە خەو هەڵیان ئەستاندن بۆ نوێژ هەتا پرخەی هەندێكیانم گوێ‌ لێ‌ ئەبوو، لەپاشاندا هەڵئەستان و نوێژیان ئەكرد بێ‌ ئەوەی دەست نوێژ بگرنەوە)، ئیبنو موبارەك دەفەرمووێت: ئێمە وا لێی تێ‌ ئەگەین كە بە دانیشتنەوە بووبێتن(3).
3- لەدەس دانی عەقڵ: جا ئەو لەدەس دانە چ بە شێت بوون بێ‌، یان بە بوورانەوە بێت یان بە مەست بوون بێ‌ یا بە دەرمان بێ‌، وە چ زۆر بێ‌ یا كەم، وە ئایا پاش جێگیر كرابێ‌ لە زەوی یا جێگیر نەبێ‌، لەبەر ئەوەی بێ‌ ئاگایی ئینسان بەم هۆیانە لە خەو لێ‌ كەوتن لەپێش ترە، قسەی زانایانیش یەكە لەسەر ئەم بۆچوونە.
4- دەست دان لە عەورەت بە ڕووتی:
بەپێ‌ی ئەوحەدیسەی بوسرەی كچی صەفوان كە دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی:(مَن مَسَّ ذَكَرَهُ فَلا يُصَلِّ حَتَّى يَتَوَضَّأَ) رواه الخمسة وصححه الترمذي.. واتە: هەر كەسێك دەستی دا لە زەكەری خۆی هەتا دەست نوێژ نەگرێتەوە نوێژ نەكات. بوخاری دەفەرمووێت: لەم بابەدا ئەمە صەحیح ترین شتە.
وە هەروەها مالیك و شافیعی و ئەحمەدو جگە لەوانیش ئەو (حديث)ەیان گێڕاوەتەوە. ئەبو داود دەفەرمووێت: بە ئیمام ئەحمەدم ووت: (حديث)ەكەی بوسرە صەحیح نیە؟ فەرمووی: صەحیحە.
وە لە ریوایەتێكدا لە ئەحمەد و نەسائی یەوە هاتووە لە بوسرەوە: كە گوێ‌ی لە پێغەمبەر بوو صلى الله عليه وسلم دەیفەرموو: (وَيَتَوَضَّأُ مِن مَسِّ الذَّكَڕ) واتە هەركەس دەستی لە زەكەری خۆی دا دەست نوێژی ئەشكێ‌ ئەبێ‌ دەست نوێژ بگرێتەوە.
ئەمەش زەكەری خۆی و زەكەری كەسێكی تریش ئەگرێتەوە. وە لە ئەبی هوڕەیڕەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (مَن أفضَى بِيَدِهِ إلَى ذَكَڕهِ لَيسَ دُونَهُ سِترٌ، فَقَد وَجَبَ عَلَيهِ الوُضُوءُ) رواه أحمد وابن حبان والحاكم وصححه هو وابن عبد البر واتە: هەركەس دەستی لە زەكەری خۆی دا بە ڕووتی، دەست نوێژگرتنەوەی لەسەر واجب ئەبێت». ئیبنو سەكەن دەفەرمووێت: ئەم (حديث)ە چاكترین (حديث)ە كە ریوایەت كراوە لەم بابەدا.
وە لە زاراوەكەی شافیعی دا هاتووە دەفەرمووێت: (إذَا أفضَى أحَدُكُم بِيَدِهِ إلَى ذَكَڕهِ، لَيسَ بَينَهَا وَبَينَهُ شَيئٌ فَلِيَتَوَضَّأ).. واتە: هەركەس دەستی لە زەكەری خۆی دا بە ڕووتی و هیچی بەسەرەوە نەبوو، با دەست نوێژ بگرێتەوە.
وە لە عەمری كوڕی شوعەیبەوە لە باوكی یەوە لە باپیری یەوە خوا لێ یان ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: (هەر پیاوێك و هەر ئافرەتێك دەستیان بەر شوێنی عەورەتیان بكەوێت با دەست نوێژ بگرنەوە)، ئیمامی ئەحمەد گێڕاویەتی یەوە، وە ئیبنو قەییم دەفەرمووێت: حازمی ی فەرمویەتی: ئەم ئیسنادە صەحیحە.
بەڵام حەنەفی یەكان ڕایان وایە كە دەست دان لە عەورەت دەست نوێژ ناشكێنێ‌ بەپێ‌ی (حديث)ەكەی (طلق) كە دەفەرمووێت: (پیاوێك لە پێغەمبەری پرسی صلى الله عليه وسلم ئەگەر كەسێك دەستی بدات لە زەكەری خۆیەوە دەست نوێژ بگرێتەوە ؟ فەرمووی: نەخێر، چونكە ئەویش پارچەیەكە لە خۆت) خاوەنی پێنج سونەنەكان ریوایەتیان كردوە، ئیبنو حببان بە صەحیحی داناوە، ئیبنو مەدینی دەفەرمووێت: ئەم (حديث)ە لە (حديث)ەكەی بوسرە حەسەن ترە(4).
===================================
(1) ئەوە مەوقوفە، وە بەڵگە هێنانەوە بە تەنها بەوە ـ لەگەڵ ئەوەشدا كە جیاوازی هەیە لە گونجانی بۆ بەڵگە پێ‌ هێنانەوە ـ وا دەرئەخات كە لە فەرموودەی مەرفوعدا شتی وا نی یە بەڵگە بێت بۆ ئەوە، بەڵام بەو شێوەیە نیە، چونكە لەسەر (مذی) (حديث)ی زۆر هەیە؛ بەناوبانگترینیان (حديث)ەكەی عەلی كوڕی (أبوطالب)ە خوا لێی ڕازی بێت. (تمام المنە).
(2) ئەم حەدیسە حەسەنە بڕوانە (صحیح سنن النسائی 123)ی شێخ ئەلبانی.
(3) لە ڕاستیدا خەو بە گشتی پوچەڵ كەرەوەی دەست نوێژە، وە بەڵگە نی‌یە بۆ بەستنەوەی (حديث)ەكەی صەفوانی كوڕی عەسسال، بەڵكو (حديث)ەكەی عەلی كە مەرفوعە پشتگیری ئەكات كە ئەفەرمووێت: (دەم هەڵێنی كۆم چاوەكانە، جا هەركەس خەوی لێ‌كەوت با دەست نوێژ بگرێتەوە) وە ئیسنادەكەی حەسەنە وەك (ابن المنذر) و نەوەوی و ئیبنو صەلاح فەرموویانە، وە لە صەحیحی ئەبوداووددا بە ژمارە (198) ڕوونم كردۆتەوە، وە (حديث)ەكەی ئەنەس ئەبێت ئەو كاتە بووبێت كە هێشتا دەست نوێژگرتنەوە لە خەو واجب نەكرابێت. بۆ زیاتر بڕوانە (تمام المنە).
(4) فەرموودەكە ئاماژەیەكی جوانی تێدایە، ئەویش ئەوەیە ئەو دەست لێدانەی دەست نوێژ ناشكێنێ‌ ئەوەیە كە بێ‌ شەهوەت بێت، چونكە لەم حاڵەتەدا بە بەشەكانی تری لەش ئەچوێنرێت كاتێ‌ كە دەستیان لێ‌ ئەدەی دەست نوێژ ناشكێت، بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەگەر دەست لێدانەكە بە شەهوەت بوو ئەوە بە ئەندامەكانی تری لەش ناچوێنرێت، ئەمەش شتێكی ئاشكرایە وەك ئەبینی، بەم پێ‌یە حەدیسەكە نابێتە بەڵگە بۆ حەنەفی یەكان كە ئەڵێن: دەست لێ‌ دان بە گشتی دەست نوێژ ناشكێنێ‌، بەڵكو ئەبێتە بەڵگە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەڵێن: دەست لێ‌ دان بەبێ‌ شەهوەت دەستنوێژ ناشكێنێ‌، بەڵام ئەگەر بە شەهوەت بوو ئەوە دەست نوێژ ئەشكێنێ‌، بەپێ‌ی (حديث)ەكەی بوسرە، بەو شێوەیە ئەو دوو (حديث)ە كۆ ئەكرێنەوە. وە ئەمە هەڵبژاردەی ئیبنو تەیمییەیە لە هەندێ‌ پەڕاوەكانیدا، والله أعلم (تمام المنە).

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام