چۆن قورئانی پیرۆز لە بەر دەكەیت ؟
بەروار: 2010/06/17سەردارن: 5190نوسەر: م / شێرزاد عبدالقادر
موسڵمانانی بەڕێز : شاراوەنی یە كە خەریك بوون بە قورئانی پیرۆزەوە بە خوێندنەوە و لە بەر كردنی و تێگەیشتن لێی و كارپێكردن پێ‌ی پاداشتێكی گەورەی هەیە لای خوای گەورە.. ئێمەیش لەم باسەدا دەمانەوێت ئەمە بخەینە بەرچاوی خوێنەران كە چۆن قورئانی پیرۆز لە بەر دەكەیت بە ئومێدی ئەوەی كەسانێك هەبن لە ناو موسڵماناندا لە بەر كەری قورئانی پیرۆز بن .
ئەم باسەیشمان دەخەینە ڕوو لە ڕێگای چەند خاڵ و دابەشكردنێكدا :
خاڵی یەكەم : بنەما گشتییەكان :

ئەم بنەمایانەیش بریتین لە :
1- نیاز
2- پاكی ( الاخلاص ) :

هەموومان دەزانین كەكلیلی قبوڵ كردنی عیبادەت نیاز پاكییە، وە هەر كردارێك بە دوور بوو لەو نیاز پاكییە ئەوا بەرو بوومی نییە وە ئەگەر هەندێكی هەبوو ئەوا زۆر كات داهاتەكەی باش نابێت وە لە سەرووی هەموو شتێكەوە مرۆڤ بە دوور دەبێت لە پاداشتی خودا و قبوڵ كردنی عیبادەت .
جا ئەیئەو كەسەی كە نیازت هەیە قورئانی خودا لە بەر بكەیت نیازی خۆت پاك بكەرەوە لە هەموو مەبەستێك كە دژ بە یەكە لەگەڵ نیاز پاكی وە دڵی خۆت پاك بكەرەوە تەنها بۆ خودا ..........

3- تەقوای خودا :

خوای گەورە دەفەرمێت:[وَاتَّقُوا اللَّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللَّهُ] ( البقرة/282 )  
واتە : تەقوای خودا بكەن بە كار كردن بە دینی خودا ئەوا لە ئەنجامیشدا خوای گەورە شتی زۆرتان فێردەكات.. وە لە (ابن مسعود) ەوە(خوای لێ ڕازی بێت) هاتووە كە فەرموویەتی : ( مرۆڤ بە دوور دەبێت لە زانستی شەرعی بەهۆی ئەنجام دانی بۆ تاوان ) ...
گومانیش لەوەدا نییە كە تاوان ڕۆشنی دڵ دەكوژێنێتەوە، وەلاوازی دروست دەكات لە عەقڵدا، وە پاشان لاشەقورس دەبێت بۆ عیبادەتی خوایگەورەكەیەكێك لەوعیبادەتانە(لەبەركردنیقورئانیپیرۆزە.

3- هیممەت بەرزی :

هەركەسێك كە توشی سستیببێت،وەحەز بە تەمەڵی بكات ئەوا گومانی سەركەوتنی پێ نابرێت لەم لایەنەدا .گومانیش نابرێ موسڵمان قورئان لەبەر بكات مەگەر بە هیممەتێكی بەرز و هەوڵێكی تەواونەبێت. هەر بۆیەپێویستە لەسەری هەندێ خۆشی دونیا پشت گوێ بخات وە هەوڵی خۆی زیاد بخاتە كار بۆ ئەوەی بگاتە ئەم مەبەستەپیرۆزە .

4- گرتنی بەرنامە وشێوازی ڕاست بۆ لەبەركردن :

ئەم خاڵەیش پاشان ڕوونی دەكەینەوە، بەڵام لێرەدا دەڵێین كە هەندێ كەس كاتێك هاندانێك دەبیستێت یان دەخوێنێتەوە لەسەر قورئان ئەوا یەكسەر زۆر بە پەلەوە ڕوو دەكاتە ئەم كارە بە بێ ئەوەی بەرنامەیەكی داڕێژراوی هەبێت تێیدا، یان ڕاوێژی كەسێك وەربگرێت كە خاوەن ئەزموونە لەم كارەدا بۆیە ئەنجامی ئەم كەسانەیش زۆر جار نەگەیشتنە بەمەبەست، كەوا بوو بەرنامەی داڕێژراو زۆر گرنگە پێش ئەوەی بچیتە ناو ئەم كارە پیرۆزەوە .

خاڵی دووەم : تەمەن و كاتی لەبەر كردن :

باشترین تەمەن بۆ لەبەر كردن بریتییە لە تەمەنی بچوكی، هەر بۆیە قورئان لەبەر بكە تاوەكو تەمەنت بچوكە، چونكە مرۆڤ لەوكاتەدا زیاتر شت وەردەگرێت وزیاتر دەتوانێت لە مێشكیدا بمێنێتەوە، وە هەرچەندە تەمەنی بەرەوگەورە بوون بڕوات ئەوا توانای لەبەر كردنی بەرەولاوازی دەڕوات ....
تەمەنی زێڕین یان قۆناغی زێڕین بە باشترین قۆناغی لەبەر كردن دەژمێردرێت وە ئەمەیش بریتییەلە تەمەنی تاوەكو(25) ساڵی، لەمەودوا مرۆڤ لەبەركردن زۆر قورس دەبێت لەسەری( 1).
خۆ ئەگەر موسڵمان بۆ خۆی نەتوانێت یان نەگونجێت قورئان لە بەر بكات ئەوا با ئەو هەلە لە دەست نەدات بۆ منداڵەكانی كە لە ژێر دەستی خۆیدان ..
وە سەبارەت بەكاتی لەبەركردن لەڕۆژدا ئەوا باشترین كات: كاتی بەدوور بوونە لە ئیش وكار، وەئەو كاتەیەكە تایبەتت كردووە بۆ لەبەركردن .......وە كاتی گونجاو دەگۆڕێت لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بە پێی توانا وئیش وكاری ئەو كەسە، بەڵام بە شێوازێكی گشتی باشترین كات بریتییە لە دوای نوێژی بەیانی........

خاڵی سێیەم : لەبەر كردن :

ئەم خاڵەیش لەسێ لاوە باسی لێ دەكەین :
یەكەم : چۆنێتی لەبەركردن یان خشتەی لەبەركردن :

لەم باسەدا چەندەها ڕێگا هەیە بەپێی كەس وكات و گونجاندن ....... بەڵام لێرەدا ئێمە یەك ڕێگا باس دەكەین كە بریتییە لەڕێگای یان شێوازی ئایەت .
ئەم شێوازەیش بەم مانایە دێت كە لەبەركەری قورئان تەنها ئایەتێك بخوێنێتەوە چەندجارێك بەجۆرێك دڵی تەواو بداتە لای خوێندنەوەكە، پاشان هەوڵا بدات ئەو ئایەتە بۆ خۆی لەبەر بڵێت، كە دڵنیا بوولەلەبەركردنی با هەوڵ بدات ئایەتەكەی دوای ئەو بە هەمان شێوە لەبەر بكات، پاشان بۆ ئایەتێكی دیكە بەپێی خشتەی ڕۆژانەی خۆی كەچەند ئایەتێكە،یاخود چەند دێڕێكە،یاخود نیو لاپەڕەیە(پەڕەیەك بۆ چوار ڕۆژ دابنێت) ....... لە دوایشدا كە خشتەی ڕۆژانەی خۆی لەبەركرد ئەوا با چەند جارێك بۆ خۆی لەبەر بیڵێتەوە تاوەكو تەواو دڵنیا دەبێت بۆ پتەوی لەبەركردنەكەی .

دووەم: مەرجەكانی لەبەركردن :

1- خوێندنەوەی ڕاست ودروست :

یەكێك لەو هەڵانەی كە لەبەركەرانی قورئانیپیرۆز تێی دەكەون بریتییە لەوەی كەخوێندنەوەی بۆ قورئان هێشتا نادروستە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵدەسێت بە كاریلەبەركردن، ئەنجامی ئەمەیش بریتی دەبێت لە لەبەركردنێكی هەڵە ..............
چارەسەركردنی هەڵەكردن لەخوێندنەوەدا بریتییە لەوەی كە دەبێت لای مامۆستایەكی بە توانا لە بواری قورئان خوێندندا بخوێنیت. وەرگرتنی قورئان لە كەسانی بە توانا و شارەزا زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت لە ژیانی پێغەمبەر[صلى الله عليه وسلم] وهاوەڵاندا[رضي الله عنهم]، وە لەكردارو وانە دانەوەی زانایانی ئیسلام لە كۆنەوە تاوەكو سەردەمی خۆمان..

2-لەبەر كردنی پتەو :

لە بەركردنی نوێ پێویستە لەبەر كردنێكی پتەوبێت، بە جۆرێك هەڵەو وەستان قەبوڵ نەكات .... جا ئەگەر ویستت بەشێكی نوێ لەبەربكەیت بەپێیخشتەكەت، ئەواپێویستە لەبەركردنت بۆی وەكو لە بەركردنی سورەتی(الفاتحة) بێت، خۆ ئەگەر وا لەبەرت نەكرد خۆت بەوە دامەنێ كە لەبەرت كردووە .
كەوابوو قبوڵ ناكرێت لە لەبەركەری قورئان هەڵەو وەستان هەبێت لەلەبەركردنیدا، لە ڕێگاكانی لەبەركردنی پتەوبریتییە لەوەی كە نەڕۆی بۆ خشتەی سبەینێ‌ تاوەكو خشتەی ئەمڕۆت تەواولەبەر نەكەیت .

3-خوێندنەوەت بۆجگە لەخۆت :

بەم كارەیش هەڵەكانی خۆت بۆ دەردەكەوێت ؛ چونكە هەندێ كەس هەیە كە بەشی ڕۆژانەی خۆی لەبەر كرد گومانی وا دەبات كە بەپتەوی لەبەری كردووە؛ بۆیە دڵخۆش و شادومانە لەكاتێكیشدا كەنازانێت هەڵە هەیەلەلەبەر كردنەكەیدا . كەواتە ئەوەی كە دەتوانیت هەڵەكانت بۆ ئاشكرا بكات ئەو كەسەیە كە تۆ بۆی دەخوێنیتەوە .. بڕواتیش وا بێت هەرچەندە ژیروخێرا بیت لەلەبەركردندا ئەوا تۆ بێ‌پێویست نابیت لە كەسێكی تر كەگوێ بیستیخوێندنەوە و لەبەركراوی تۆ بێت . لەم حاڵەتەدا لەبەركەر دەتوانێت بەشی لەبەركراوی هەفتەیەك یان زیاتر بە جارێك بخوێنێتەوە بۆ ئەوكەسە گوێ بیستە .

4- دووبارە كردنەوەی نزیك :

لەبەركراوی نوێ پێویستی بە دووبارە كردنەوەی نزیكە .. وە بەشی خۆت لەڕۆژدا هەرچەندە پتەولەبەری بكەیت ئەوا بەس نییە تاوەكو لەنزیكترین كاتدا دووبارەی نەكەیتەوە، ئەوەیش بریتییە لە هەمان ڕۆژ كە تۆ تێیدالەبەرت كردووە.
جا ئەگەر بەشی ئەو ڕۆژەت لەبەر كرد ئەوا – بەلای كەمەوە- پێویستە لەهەمان ڕۆژداپێنج جار دووبارەی بكەیتەوە، ئەم كارەیش هەرچەندە زەحمەتی تێدایە لە سەرەتاوە بەڵام بەبەردەوام بوون لەسەری ئەوا مرۆڤ ڕادێت و كارێكی ئاسان دەبێت لە سەری – إن شاء الله –

5- بەستنەوەی لەبەركراوی ڕۆژ بەلەبەركراوی لەوەوپێش:

گونجاونییە بۆ لەبەركەری قورئان كەبەشیخۆی لەبەربكات لەڕۆژدا بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت لە بەستنەوەی ئایەتە لەبەركراوەكان بە یەكترەوە،بەڵكو پێویستە ئەوەی كەلەبەری دەكات بیبەستێتەوە بەلەبەركراوی پێشیخۆی، وە بەولەبەركراوەی كەلەدوای خۆی دێت .

سییەم: چەند هۆكارێكی یارمەتی دەر بۆ لەبەركردن :

1- خوێندنەوەی لەبەركراوەكان لەنوێژە سوننەتەكاندا .
2- خوێندنەوەیان لە هەموو كاتێكدا- بە پێی توانا- بە تایبەت لە كاتی چاوەڕوان كردنی نوێژەكاندا .
3- تێگەیشتن لە مانای ئایەتەكان .
گومانی تێدا نییە كە تێگەیشتن لە مانای ئایەتەكانی قورئان، وە ووردبوونەوە لێیان یەكێكە لە باشترین هۆكارەكانی خێراوجوان لەبەركردنی بەشی ڕۆژانەی خۆی، هەربۆیەچاك وایە لەبەركەر لەگەڵ لەبەر كردنی بەشی ڕۆژانەی كورتەیەك لە مانای ئایەتەكان بزانێت بە جۆرێك كە مانای ووشەی ئایەتەكان ومەبەستە گشتییەكانی ئایەتەكان لای ئاشكراوڕوون بوو بێت ..
لێرەیشدا خوێنەر دەتوانێت پەیوەست بێت بە یەكێك لەم دوو تەفسیرەی قورئان بۆ جێ بەجێ كردنی ئەم مەبەستە:
-  تيسير الكريم الرحمن في تفسيركلام المنان ( عبدالرحمن السعدي ) .
- يسر التفاسير لكلام العلي القدير (ابو بكر الجزائري )

4- گوێ ڕاگرتن لە كاسێتی قورئان:

بڵاوبوونەوەی خوێندنەوەی قورئان لەجیهاندا لەڕێگای كاسێتەوە یەكێكەلە گەورەترین نیعمەتەكانی خوایگەورە لەم سەردەمەدا؛ بۆیە با بەرنامەیەكی دیاری كراوت هەبێت لە گوێ گرتن لە قورئان بەم ڕێگایە .....وە با گوێ گرتنت بۆی هەم لە كاتی لە بەركردندا بێت وە هەم لە كاتی دووبارەكردنەوەت بۆی.
لێرەیشدا دەتوانین سود لە قورئان خوێنە بەناوبانگەكان ببینین كە بەجوانی وبەڕوونی زانستی( تجوید) یان جێ بەجێ كردووە لەخوێندنەوەكانیان لەوانە- بۆنمونە- ( محمد صديق المنشاوي،  محمود خليل الحصري،  على عبدالرحمن الحذيفي،  محمد ايوب..............) .

5- پەیوەست بوون بە یەك (مُصْحَف) ەوە :

ئەم كارەیش وات لێ دەكات كە تێكەڵ بوونت بۆ دروست نەبێت لەوێنەی ئایەتەكان لەناو پەڕەكانی قورئاندا ......كە وابوو بە هەڵە دەژمێردرێت لەبەركەر هەر جارەو لەبەر (مُصْحَف ) ێك بخوێنێتەوە كە جیاوازن لە چۆنێتی نوسیندا.

6- ئەگەر كرا ئایەتە لەبەر كراوەكان بنوسێتەوە:

خاڵی چوارەم : زانینی ئایەتە لە یەك چووەكان:

دەزانین لە قورئاندا چەندەها ئایەتی دووبارەكراوهەیە، وەچەندەها ئایەتی لەیەك چوو هەیە، بەڵام جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە لەپیتێكدا یان زیاتر، یان پاش وپێشی تێدایە لە وشەدا، یان ووشەیەك دەگۆڕێت بە ووشەیەكی تر......
لەبەركەری قورئان چاك وایە لەم جیاوازی و لێكچونانە ئاگادار بێت بۆ ئەوەی تێكەڵ بوونی بۆ دروست نەبێت .... نموونەی گەلێك زۆرهەیە لەم بوارەدا، ئێمە لێرەدا چەند نموونەیەك دێنینەوە بۆ ئەوەی ئەم خاڵە ڕوون ببێتەوە لەلای خوێنەران : .
1-      [وَمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِاللَّهِ]    [وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِاللَّهِ بِهِ].
2-      [وَيَقْتُلُونَ الْأَنْبِيَاءَ] : [وَيَقْتُلُونَ النَّبِيِّينَ].
3-      [ كَذَلِكَ اللَّهُ يَفْعَلُ مَايَشَاءُ] : [كَذَلِكِ اللَّهُ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ]
4- [عَذَابٌ عَظِيمٌ] [عَذَابٌ أَلِيمٌ]  [عَذَابٌ مُهِينٌ]
5 -[ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَصْنَعُونَ]:     [لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَصْنَعُونَ ]
6 -[وَأَرَادُوا بِهِ كَيْدًا فَجَعَلْنَاهُمُ الْأَخْسَرِينَ ]: [فَأَرَادُوا بِهِ كَيْدًا فَجَعَلْنَاهُمُ الْأَسْفَلِينَ] .
7 -[وَلَقَدْ صَرَّفْنَا فِي هَذَا الْقُرْآَنِ لِلنَّاسِ]: [وَلَقَدْ صَرَّفْنَا لِلنَّاسِ فِي هَذَا الْقُرْآَنِ] .
خوێنەری قورئان بەبەدواچوونی بۆئەم شتانە زۆری بۆ دەردەكەوێت، تۆیش دەتوانیت جیاكردنەوەت هەبێت لە نێوانیاندا، بەوەی كەبەكورتی لەلای خۆت تۆماریان بكەیت لە كاتی لەبەر كردنەكەتدا، یان ئەوەتا بگەڕێیتەوە بۆ ئەو پەرتوكانەی كەلەم باسەدا نووسراون لەوانە :
1-     فتح الرحمن في كشف ما  يلبس من القران لابي زكريا الأنصاري .
2-     متشابه القران لابي الحسين منادى .
3-     أسرار التكرار في القران لمحمود الكرماني........

خاڵی پێنجەم : دوبارە كردنەوە (المراجعة ) :

ئەم خاڵەیش لە تەواوی لە بەركردنە؛ بۆیە لەبەر كردن نییە بەبێ‌ دوبارە كردنەوە ............ لێرەیشدا پێش ئەوەی بچینە سەر دوبارە كردنەوە سێ شت باس دەكەین : .
1- بەردەوام بوون لە قورئان خوێندن :
هەركەسێك نیازی هەبێت قورئان لەبەر بكات بۆ ئەوەی سودی لێ ببینێت لەڕەوشتی وخوا پەرستیدا؛ ئەوا بێ گومان بەردەوام دەبێت لەسەرخوێندنی قورئانی پیرۆز .. كەواتە بەردەوام بە لەگەڵ ئەم قورئانە تا بەردەوام لەگەڵت بمێنێتەوە .
2- ئەندازەی زۆر :
ئەو كەسەی كە دەیەوێت لاپەڕەیەك یان هەندێ زیاتر دوبارە بكاتەوە لە ڕۆژێكدا لە كاتێكدا چەند ( جز ء) ێكی لەبەرە ئەوە پێی ناوترێت دوبارە كردنەوە، وە سودیشی زۆر كەم دەبێت، بەڵكو لەبەركەری قورئان پێویستی بەوە هەیەكەگونجاندنی هەبێت لە نێوان لەبەر كراوەكە و ئەندازەیدوبارە كردنەوەكەی.
3- سود بینین لە هەندێ لە كاتەكانی ساڵدا :
وەكو مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، پێغەمبەری خودایش[صلى الله عليه وسلم]لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا كۆدەبووەوە لەگەڵ (جبریل )، وە پێكەوە قورئانیان دەخوێند ............
• چۆنێتی دوبارە كردنەوە :
پێویستە دوبارە كردنەوە بەشێكی نەبچڕاو بێت لە لەبەركردندا- هەر وەكو ئاماژەمان پێ كرد-وە بە هیچ جۆرێك نابێت لەبەركەر بڵێت : لەم ڕۆژانەدا دوبارە كردنەوەم نییە، یان دوبارە كردنەوەكەم لەهەفتەی یان ڕۆژانی داهاتوودا دەبێت ..............
شێوازی بەسود بۆ دوبارەكردنەوە بریتییە لەوەی كە هەركاتێك بەشی ئەو ڕۆژەت دوبارە كردەوە ئەوا لەگەڵیدا بەشی چوار ڕۆژ لەوەو پێش دوبارە بكەیتەوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە بەشی هەرڕۆژێك پێنج جار دوبارە دەبێتەوە،یان دەتوانیت لەبری بەشی چوار ڕۆژ لەوەو پێش بەشی دە ڕۆژ دوبارە بكەیتەوە لەگەڵ بەشی ئەو ڕۆژەتدا ... ئەم شێوازەیش انشا ْ الله سودێكی زۆریدەبێت .............
• چەند هۆكارێكی یارمەتی دەر بۆ دوبارە كردنەوە :
1- پێش نوێژ كردن .
2- كاركردن لەبواری وانە وتنەوەی لەبەر كردنی قورئان . ئەمەیش بۆ یەكێكە كەخۆی قورئانی لەبەر بێت .
3- خوێندنەوەی لەبەركراو لە نوێژی سوننەتدا.
4- گوێ ڕاگرتن لە كاسێتی قورئان .
لە كۆتایی خاڵی پێنجەم جارێكی تر دەڵێین : بەردەوام بوونت لەسەر دوبارە كردنەوە خاڵی سەركەوتنی تۆیە بۆ لەیاد نەچوونەوە .
موسڵمانان : ئەمە چەند ڕێنمایی یەك بوو بۆئەو فێرخوازانەی كە دەیانەوێت قورئانی پیرۆز لەبەر بكەن، وە با هەموومان بزانین كەهیچ كارێك بە بێ زەحمەت ئەنجام نادرێت، بەڵكو فێر خوازی زانستیشەرعی لە هەموو كەس زیاتر پێویستی بە ئارام گرتنە، وەپێویستی بە دوور كەوتنەوە هەیەلە بەشێك لە خۆشی وپشویئەم دونیایە بەمەبەستی بوونی بە مرۆڤێكی زانا و بانگەوازكار بۆ ڕێگای پاكی ئیسلام .... وە با بزانین كە هەوڵدان و تێكۆشان بۆ شارەزا بوون لە دینی خودا بەروو بوومی زۆر چاكی دەبێت هەم لە خاوەنەكەی خۆی، وە هەم لە ناو موسڵماناندا، خوای گەورە هەموو لایەكمان سەركەوتوو بكات بۆلەبەركردنی قورئانی پیرۆز و فێر بوونی زانستی شەرع و بانگەواز كردن بۆی .
والحمد لله رب العالمین.
==================
(1) ئەمەیش مانای ئەوە نی یە دوای ئەم تەمەنە ئەگەر كەسێك لە خۆی ڕادەبینێت لەڕووی زیرەكی و كاتی دەست بەتاڵی هەڵنەسێت بە لەبەر كردنی قورئان....... مەبەستمان لەوەی كە باسمان كردبە شێوازێكی گشتی و زۆرینەیە .