ڕێگای ڕزگاربوون لە كوێیە؟
بەروار: 2010/07/23سەردارن: 3382نوسەر: علي خان

لەوانەیە بڵێی:
من كامەرانیم دەوێ، ئەمەوێ ڕزگاربم، هیوام لێخۆشبوونە، بەڵام نازانم چۆن؟! نازانم چۆن دەست پێ بكەم؟
من وەك خنكاوێكم، خوا خوایەتی یەكێك دەستی بگرێ، وەك سەرگەردانێكم سەری لێشواو بێ، ڕێگەی لێ ون بوو بێ، چاوەڕێی یارمەتیە، تروسكەیەك هیوام دەوێ، تیشكێك ڕوناكیم دەوێ، بەڵام ڕێگاكە لە كوێیە، ڕێگاكە..؟!
برای خۆشەویستم رێگاكە: دیارە وەكو خۆر، ڕۆشنە وەكو مانگ، یەكێكە و دوانی بۆ نیە..
ئەویش ڕێگەی تەوبەكردنە، ڕێگای پەشیمان بوونەوەیە، ڕێگای گەڕانەوەیە بەرەو لای خوا.. ڕێگەی ڕزگاربوون، ڕێگەی سەرفرازی.
ڕێگەیەكی ئاسانە، لەهەموو ساتێكدا بەرامبەرت واڵایە و كراوەیە، ئەوەندەت لەسەرە تەنها: ئەو ڕێگایە بگریتە بەر و لە دەرگاكە بدەی، ڕاستەوخۆ گوێت لە وەڵامەكە دەبێت و ئەفەرموێت: [وَإِنِّي لَغَفَّارٌ لِّمَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا ثُمَّ اهْتَدَى] (طـه:82). واتە: ((بەڕاستی ئە من لێبوردەم لە ئاست ئەو كەسەی پەشیمان دەبێتەوە و تەوبە دەكات و باوەڕ دێنێت و كردەوەی چاك ئەنجام دەدات، پاشانیش ڕێگای ڕاست دەگرێتە بەر، شوێن پێی پەیامبەرەكەم هەڵدەگرێ و بەردەوام دەبێ لەسەر ئەو ئیسلامەتیە هەتا مردن)).
ئەوەتا خوای پەروەردگار سبحانە وتعالی بانگی سەرجەم بەندەكانی خۆی دەكات، باوەڕدار و بێ باوەڕ، كە تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای، لەسەرجەم تاوانەكان: لە كوفر، لە شیرك، لە نیفاق، لە بیدعە، لە خراپەكاری، لە سەرپێچی...
پێی ڕایگەیاندوین كە ئەو لەسەرجەم تاوانەكان خۆش دەبێت، هەرچ تاوانێك بێت، چەند زۆریش بێت، چەند گەورەش بێت، با وەك كێوەكان بێت لە گەورەییدا، با وەك كەفی دەریا بێت لە زۆریدا، هەر لێی خۆش دەبێت، هەر وەك خۆی دەفەرموێت:[قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ] (الزمر:53). واتە: ((ئەی موحەممەد! بڵێ: خوا دەفەرموێت: ئەی ئەو بەندانەم! كە تاوان و هەڵەی زۆرتان ئەنجام داوە، زیادەڕۆیتان كردوە لە هەرچی جۆری تاوان هەیە، توشی نائومێدی مەبن لە ڕەحمەت و بەزەیی خوا و بڵێن: تاوانەكانمان زۆرە و عەیب و عارمان زۆرە، تازە چی ئەیسڕێتەوە، ئیتر بەو بیانوەوە بڕۆن بەردەوام بن لە تاوان و سەرپێچی، و دەرەنجام خوا لە خۆتان توڕە دەكەن، نەخێر هەرگیز نائومێد مەبن، بەڵكو پەروەردگارتان بناسن، ئەو زۆر لێخۆشبوە، زۆر لێبوردەیە، زۆر نەرم و نیانە، تۆبەكاری زۆر خۆش دەوێت، نوزەی گریانی تۆبەكاری لە تەسبیحاتی عابدانی لا خۆشترە، بزانن كەوا ئەو: لە هەموو تاوانێك خۆش دەبێت: لە شیرك، پیاو كوشتن، زیناكردن، ڕیبا خواردن، عارەق خواردن، ستەمكردن، حەرام خواردن و حەرام كردن.. لە هەرچی تاوان و هەڵەی گەورە و بچوكی تر هەیە لە هەمووی خۆش دەوێت، بێگومان ئەو خوایە زۆر لێبوردە و بە سۆز و میهرەبانە، غەفور و ڕەحیمە، دوو سیفەتن هەرگیز لە خوای مەزن جیا نابنەوە، بە شەو و ڕۆژ دەستی واڵا كردوە بۆ تاوانباران، بەڵام بۆ لێخۆشبون و میهرەبانی خۆی، ئەسبابی داناوە، گەورەترین سەبەبێكیش مرۆڤ بیگرێتە بەر، بەڵكو هیچ سەبەبێكی تر نیە جگە لەوە نەبێت بریتیە لە: گەڕانەوە بۆلای خوای مەزن ئەویش بە تەوبەی پاك و ڕاستەقینە، بە نزا و پاڕانەوە و عیبادەتكردن، جا وەرن و دەستبگرن بەم سەبەبە مەزنەوە، بەم ڕێگا فراوانە ڕوونەوە تا سەرفراز ببن )).