حاكمیەتی خوا، واتای چی وچی دەگرێتەوە؟وە كێ‌ ڕێگرە لە جێ بەجێ كردنی؟
بەروار: 2010/11/19سەردارن: 2542نوسەر: د.عبداللطيف

[حاكمیەتی خوا، واتای چی وچی دەگرێتەوە؟وە كێ‌ ڕێگرە لە جێ بەجێ كردنی و بەرپاكردنی ؟ وە كێ‌ جێ بەجێی نەكردووە ؟]
ئەهلی سوننەت وجەماعەت ئەوانەی شوێن سەلەفی صاڵح كەوتوون و پێغەمبەر ـ صلى الله عليه وسلم ـ، و هاوەڵان ـ رضي الله عنه ـ، پێشەوایانن بیروباوەڕیان وایە كە:
حوكمی ڕەواو تەواو تەنها حوكمی خوایە وە هەر حوكمێكی تری مرۆڤ كەپێچەوانەی حوكمی خوا بێت ئەوە بی باوەڕن پێی وە بەرین لێی. وە بە حوكمی جاهیلیەتی دادەنێن. بەڵگەش لەسەر ئەمە چەندان ئایەتی قورئانی پیرۆزە وەكو:[ قُلْ إِنِّي عَلَى بَيِّنَةٍ مِنْ رَبِّي وَكَذَّبْتُمْ بِهِ مَا عِنْدِي مَا تَسْتَعْجِلُونَ بِهِ إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ يَقُصُّ الْحَقَّ وَهُوَ خَيْرُ الْفَاصِلِينَ] الأنعام: ٥٧، وه:[وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِنْ شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبِّي عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ] الشورى: ١٠،وه:[ أَفَحُكْمَ الْجَاهِلِيَّةِ يَبْغُونَ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّهِ حُكْمًا لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ] المائدة: ٥٠، وە.....هتد .
وە باوەڕمان وایە كە خوای گەورە هەروەكو چۆن ئێمە و هەموو بونەوەریشی دروست كردووە، زۆر بەجوانی و تەواوی بە هەمان شێوەش بەرنامەو شەریعەت وحوكمی بۆ داناوین زۆر بەجوانی و تەواوی:[ إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ أَلَا لَهُ الْخَلْقُ وَالْأَمْرُ تَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِين] الأعراف: ٥٤وە هەروەكو چۆن دروست كردنی خوا تەواوترین و باشترین دروست كردنە، بە هەمان شێوەش شەریعەت و حوكمەكەشی باشترین حوكمە.
وە هەروەكو كەس ناتوانێت زەویەكی باشتر یان وەكو زەوی خوا یان ئاسمان و ئاو و هەواو مرۆڤ و گیان لەبەرانی وەكو دروست كراوانی خوا دروست بكات و دابهێنێت بە هەمان شێوەش ناتوانن حوكم و شەریعەت و بەرنامەیەكی تری وەكو بەرنامەی خوا دابهێنن.
وە هەروەها ئەگەر بێت و ئەندامێكی لاشەی مرۆڤ نەخۆش بكەوێت، ئەوە هەوڵی پزیشكەكان تەنها ئەوەیە چاكی بكەنەوە و بیگەڕێننەوە سەر ئەو دۆخەی جارانی كە خوا بۆی دانابوو، نەك خۆیان بتوانن ئەندامەكە بگۆڕن و دانەیەكی دەست كردی بۆ دابنێن، كەوەكو ئەوەی خۆی وابێت كە خوا بۆی دانابوو؛ بە هەمان شێوەش كە موسڵمان لە هەر بڕگەیەكی ئەم شەریعەت و حوكمەی خوا لا بدات ئەوە ژیانی ناخۆش دەبێت، و چارەسەریەكەشی بەوە دەبێت كە بگەڕێتەوە سەر شەریعەتەكەی خوا.
بۆ نمونە: ئەگەر كەسێك گورچیلەی پەكی كەوتبێت ئەوە پزیشكەكان هەوڵی ئەوە دەدەن گورچیلەیەكی تری بۆ بهێنن كە خوا دروستی كردووە، نەك خۆیان بتوانن گورچیلەیەكی بۆ دروست بكەن. بە هەمان شێوەش گەر موسڵمان لەهەر بەشێكی حوكم و شەریعەتی خوا لا بدات ئەوە ژیانی تاڵ دەبێت و ژیانی تەنگ دەبێت و ناحۆش دەبێت [وَمَنْ أَعْرَضَ عَنْ ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنْكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى]طه: ١٢٤گەر مەشروب خۆر بێت، یان دز بێت، یان بەد ڕەوشت بێت یان درۆزن و دوو زمان بێت ئەوە خۆشی لە خۆی ناكات تاوەكو تۆبە نەكات و نەگەڕێتەوە سەر شەریعەتەكەی خوا.
وە بە حوكمی دانراوی مرۆڤ ئیسراحەت ناكات، كە بۆنمونە بگیرێت و بەند بكرێت؛ بەڵكو بەمە زیاتر لە تاوانەكەی ڕۆ دەچێت و خەراپتر دەبێت.
كەواتە هەروەكو چۆن دروستكردنی خوا بە چاكترین دروسكراو دادەنێین، بە هەمان شێوە حوكم و شەریعەتەكەشی بە باشترین و تاكە شەریعەتی ڕ ەوا دابنێین.
بەڵام ئایا حوكم و شەرعی خوا تەنها ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە كە لە بەڕێوە بردنی وڵاتدا پێویستە پیادە بكرێن؟ یان حوكمی خوا گشتی ترە و هەموو بوارەكانی ژیانی تاك و كۆمەڵی مرۆڤ دەگرێتەوە؟ بێگومان دووەمیانە.
بەو مانایە كەپێویستە مرۆڤ بە حوكمی خوا ڕازی بێت و بە گوێرەی توانا جێ بەجێی بكات، وە سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێ بكات ئەوجا دەوروبەری پێویستە هەر یەكێك لە ئێمە حاكمیەتی خوای قەبووڵ بێت لەنەفسی خۆیدا، بەو مانایە كە ژیانی بە گوێرەی قورئان و سوننەت بێت، و هەواو ئارەزوو ڕاو بۆچونی خۆی نەخاتە پێش قورئان و سوننەت لە هیچ بوارێكدا.
نە لە بواری عەقیدە و بیروباوەڕ وە نە لە بواری عیبادەت وخواپەرستی، وە نە لە بواری مامەڵەو موعامەلات وە نە لە بواری بانگەوازی و .....هتد.
بەڵام دەبینین و دەبیستین لەم لاو لەولا كەسانێك بەناو ئیسلامیەوە داوا دەكەن حاكمیەتی خوا بگەڕێتەوە لە فەرمانڕِەوای و دەسەڵات و پەرلەماندا، لە بڕینی دەستی دزو ڕەجم كردنی زیناكارو هاوشێوەی ئەم حوكمانە. بەڵام داوا ناكەن حاكمیەتی خوا بگەڕێتەوە لە گرنگترین بواردا كە بواری بیروباوەڕە. بۆ نمونە داوا ناكەن و هەوڵ نادەن خەڵكی حاكمیەتی خوا قەبووڵ بكات لە تەوحیددا، بانگەوازی و هەوڵیان ناخەنە گەڕ بۆ ئەوە خەڵكی تەنها هاوار بكەنە (الله) و تەنها پەنا بەو بگرن و حەیوان هەر بۆ ئەو سەر ببڕن و ئیعتیقادیان تەنها بەو بێت و پێغەمبەران و پیاو چاكان نەكەنە شەریكی خوا لەهیچ پەرستنێكدا.
بە خەڵكی ناڵێن كە شەخس پەرستی پێشێل كردنی حاكمیەتی خوایە لە گرنگترین بواردا. وە پێ‌ یان ناڵێن بیدعە پێشێل كردنی حاكمیەتی خوایە لە شوێن كەوتنی پێغەمبەردااللهبە خەڵكی ناڵێن حاكمیەتی خوا وا دەخوازێ بەس ئیعتیقادتان بە خوا بێت و هیچی تر، ئیعتیقادتان بە دارو بەردو گڵ و خۆڵ و پەڕۆوپاڵی سەرگۆڕی پیاوچاكان نەبێت.
وە پێ‌ یان ناڵێن تەنها شوێن سوننەتی پێغەمبەر ـ صلی الله علیه وێ‌له وسلم ـ بكەون ئەوەیە حاكمیەتی خوا وە واز بهێنن لەو هەموو بیدعەیەی لە ناویاندا هەیە وەك ئاهەنگ گێڕانی مەولود و سەری ساڵ و تەڵقین و (إسقاط الصلاة) و مارە بەجاش و حیزبایەتی و تەفرەقەو شمشیر لەخۆدان و.......
وا دەزانن حاكمیەتی خوا تەنها ئەوەیە ئەوان سەرۆكایەتی دەوڵەت بگرنە دەست و ململانێ‌ لەسەر ئەوە بكەن!!!!
بۆیە لەبەر ئەم بۆچونە كورتە تەسكەیانە بۆ حاكمیەت ئاگایان لە حاكمیەتی خوا نەماوە لە خۆیانداو لە ناو كۆمەڵگاش. تێیاندایە هاوار دەكاتە غەیری خوا وە بەسەدان بیدعە دەكات و دژایەتی ئەهلی تەوحیدو سوننەت دەكات، وە هیچ لەمەش بەپێشێل كردنی حاكمیەتی خوا نازانن.
هەروەكو لە شەوی (پێنج شەممە، 28/شەووالی/1431هـ، تەلەفزیۆنی پەیام)ی كۆمەڵی ئیسلامی، مەلایەكی شەخس پەرستی بیدعەچی هێنا بۆ سەرشاشەكەی بۆ قسەوتن بە ئێمەی بانگەواز خوازانی تەوحید و سوننەت. وە هەروەها بۆ دژایەتی كردنی بانگەوازی تەوحیدو سوننەت و بەرگری كردن لە شەخس پەرستی و بیدعە. كەواتە نایانەوێت حاكمیەتی خوا لە تەوحیدو شوێن كەوتنی سوننەت دا بگەڕێتەوە بەڵكو دژایەتیشی دەكەن بەڕاگەیاندن، وەكو ئەم مەلایە نمونەیەكی دیارو ئاشكرابوو لەسەر ئەو پێشێل كردنە بۆ حاكمیەتی خوا. زۆر لە ئیسلامیەكان لێمان ناگەڕێن حاكمیەتی خوا لە مزگەوتەكان و ماڵەكاندا بگەڕێنینەوە. ئێمە لە لایەك بانگەوازی تەوحید و ئیتتباع دەكەین ئەوانیش بیدعە زیندو دەكەنەوە و كەسانی شەخس پەرست و بیدعەچی دەخەنە سەر شاشەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بانگەوازیەكەی ئێمە!!
دە لێمان گەڕێن با ئێمە مزگەوتەكان پاك كەینەوە، لە بیدعە و دیاردەكانی هاوبەش بۆ خوا دانان. ئەگەر ڕاست دەكەن ئێوەش پەرلەمان پاك بكەنەوە لە یاساكانی پێچەوانەی شەرعی خوا.
ئێمە لامان وایە تاوەكو مزگەوتەكان وماڵەكان وخۆمان حاكمیەتی خوای تێدا جێ بەجێ نەكرێت ئەوە حوكمی خواش لەپەرلەمان و حوكمڕانیدا جێ بەجێ ناكرێت. بەڵام ئێوە حاكمیەتی خواتان لە بیر نیە، یان بەلاوە گرنگ لە نەفسی خۆتان و ماڵەكان و مزگەوتەكان، تەنها وا دەزانن حاكمیەت واتە: دەسەڵات!!
كوا حاكمیە تی خوا لەجل و بەرگ و ئاكارتان، كوا ڕیشتان، كوا بۆچی شەڕواڵەكانتان لە زەوی دەخشێت ؟؟!!
بۆچی ئافرەتانتان وا ڕاهێناوە كە جلی تەسك و بێ عەبا لە بەر بكەن و بۆچی ژن و پیاوتان تێكەڵ دەكەن . ئافرەتی جوان و ڕازاوە دەخەنە سەر شاشەكانتان بگرە هەندێ‌ جار بە سەر و سنگی ڕوتیش!!
ئایا ئەمەیە حاكمیەتی خوا. یان گۆرانی و مۆسیقایەكەتان حاكمیەتی خوایە؟؟ ئێوە بەلاتانەوە ئاساییە كە مزگەوتەكان پڕیەتی لە بیدعە. مەلای واتان لەگەڵە كە لە مینبەری پێغەمبەردا ـ صلى الله عليه وسلم ـ، دژایەتی تەوحیدو سوننەت دەكات. گرنگ لای ئێوە ئەوەیە ئەو مەلایە دژی دەسەڵات بێت وقسەیان پێ بڵێت هەر چەندە هاواریش بكاتە غەیری خواو بانگەشەی بیدعەش بكات!! ئێمە گوناهبار نابین كە دەسەڵاتی گۆڕینی یاسای بێ شەرعی مان نەبێت. چونكە ئێمە لە پەرلەماندا نین و بەشداری حوكمڕانیش نین. بەڵام ئێوە تاوانبارن چونكە ئێوە لەگەڵ یان بەشدارن لە بڕیارەكانی پەرلەمان و سەروەختێكیش لە حوكمڕانیشدا.
پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ، كە لە مەككە بوو حوكمڕانی بە گوێرەی حوكمی خوا نەبوو، وە بەمەش ئەو تاوانبار نە دەبوو بەڵام لە بانگەوازی تەوحید نەدەوەستا و لە خۆیی و موسڵماناندا حوكمی خوا پەیڕەو دەكراو خوایان بە تەنها دەپەرست، وە نەدەچون لەگەڵ فەرمانڕەوایانی قوڕەیش یاسا دابنێن بۆ بەڕێوە بردنی شاری مەككەو دەوروبەری !! بە هەمان شێوەش ئێمە كەم تەرخەم و تاوانبار نین (إن شاء الله) بەهۆی هەر بڕیارو یاسایەكی بێ شەرعی كە لەپەرلەمان بدرێت. بەڵام ئێوە بەشدارن! ئێمەی سەلەفی لە هەر مزگەوتێك بین ئەوە بەرهەممان بووە و بە فه‌زڵی خوا توانیومانە حاكمیەتی خوا لەم شوێنەدا بەرپا بكەین و دیاردەكانی شیرك و بیدعەمان تێدا نەهێشتووە یان كەممان كردۆتەوە. هەروەكو چۆن پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ، كە چوو بۆ مەدینە یەكەم كاری دروست كردنی مزگەوت بوو وە لەوێدا حاكمیەتی خوای بڵاوكردەوە؛ بەڵام ئێوە و مەلاكانیشتان هیچ گرنگی بە حاكمیەتی خوا نادەن لەمزگەوتەكانتاندا، بەڵكو خۆیان بیدعە دەكەن و ڕیش دەتاشن و ئینكاری لە شیرك و هاواری غەیری خوا ناكەن بەڵكو هەوڵی سەرەكی بۆ ئەوەیە كە خەڵكی دەنگ بە یەكێتی وپارتی نەدەن بەڵكو بۆ حیزبەكەی ئێوەی بدەن !!. ئێمە وەكو پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه وآله وسلم ـ، دەمانەوێت حاكمیەتی خوا بەرپا بكەین لە هەردو حاڵەت دا:
حاڵەتی مەككە: گرنگی بە حاكمیەتی خوا دەدا، لە تەنها خوا پەرستی و دەیوت: ( قولوا لا إلە إلا الله، تفلحوا) هەر چەندە كە حوكمڕانیش بە دەست ئەو نەبوو، ئەو هەر بانگەوازی تەوحیدی دەكردو ململانێی لەگەڵ سەرانی قوڕەیش لەسەر فەرمانڕەوای و سەركردەیەتی نەبوو بەڵكو لەسەر [لا إلە إلا الله] بوو دەیفەرموو:[ لَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ إِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيم]الأعراف: ٥٩وە ئەوانیش دەیان گوت [أَجَعَلَ الْآَلِهَةَ إِلَهًا وَاحِدًا إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ]ص: ٥وە كاتێكیش كە حوكمڕانی دەسكەوت لەشاری مەدینە ڕاستەوخۆ مزگەوتی دروست كردو تیایدا حاكمیەتی خوای بڵاوكردەوە و وردە وردە حوكمەكانی تریش دابەزین سەبارەت بە بڕینی دەستی دزو و ڕەجم كردنی پیاو و ژنی زیناكار ......هتد.
بەڵام زۆر لە ئیسلامیەكان دەعوەی پێغەمبەرانیان بەلاوە زۆر گرنگ نییە و دەڵێن با بەس بێت خۆ خەریك كردن بە (شركی قبور )، چونكە شیركی ئەمڕۆ (شركی قصورە). نەك: ( شیركی قبور). وە لە ڕاستیشدا نە شیركی قبور یان لادا وە نە شیركی قصور.
ئێمەی سەلەفی بەلامان وایە گەورەترین حاكمیەتی خوا بریتی یە لە تەوحیدو تەنها خوا پەرستی. [مَا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِهِ إِلَّا أَسْمَاءً سَمَّيْتُمُوهَا أَنْتُمْ وَآَبَاؤُكُمْ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ بِهَا مِنْ سُلْطَانٍ إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ أَمَرَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ] يوسف: ٤٠ بەڵام ئێوە وا دەزانن حاكمیەتی خوا تەنها دەسەڵات وەرگرتنە، ئێمە پێمان وایە تاوەكو لە خۆماندا ڕازی نەبین بە حاكمیەتی خواو گەڕانەوە بۆ قورئان و سوننەت لەهەموو كێشەكاندا، وە تاوەكو لە مزگەوتەكانەوە حاكمیەتی خوا جێ بەجێ نەكرێت ئەوە حاكمیەتی خواش لە پەرلەماندا جێ بەجێ ناكرێت!! وە تاوەكو خەڵكی تەنها خوا نەپەرستن و تەنها شوێن پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ ، نەكەون ئەوا ناشتوانن دەستی دز ببڕن و حوكمڕانی بە قورئان و سوننەت بكەن. وە سوێند بە خوا گەر بێت و ئیسلامیەكان بە حیزب و مەلاكانەوە ڕێگری بانگەوازی سەلەفیەكان نەبن ئەوا حاكمیەتی خوا لە ناو گۆمەڵگا بەرپا دەبێت (إن شا‌ء الله)، وە وڵات ئاسودەو خۆشحاڵ دەبێت، بەڵام بە داخەوە ڕێگرانی حاكمیەتی خوا زۆرن. زۆریشیان بە ناوی دینەوە دژایەتیمان دەكەن و ڕێگر دەبن لە گەڕانەوەی حاكمیەتی خوا لە گرنگترین بواردا كە تەوحیدو سوننەتە. وە لە هەمان كاتیشدا قسەی گەورە و شیعاری زەق بەرز دەكەنەوە كە گوایە هەوڵی بەرپاكردنی حاكمیەتی خوا دەدەن!!..
بەڕاستی سەیرە زۆر لە ئیسلامیەكان خۆیان حوكمی خوا لە خۆیاندا جێ بەجێ ناكەن؛ كەچی داوا لەعەلمانیەكان دەكەن بەتەواوی حاكمیەتی خوا جێ بەجێ‌ بكەن !! خۆتان لە چەندەها ناكۆكیدا ڕازی نابن بگەڕێنەوە لای قورئان و سوننەت، كەچی داوا لە كەسانێكی نا ئیسلامی دەكەن بگەڕێنەوە بۆ حاكمیەتی خوا!!
تاوەكو ماڵەكانمان و مزگەوتەكانمان وكۆمەڵگاكەمان حاكمیەتی خوا قەبووڵ نەكەن، ئەوە كاربەدەستانیش بە تەواوی قەبووڵی ناكەن. چونكە خەڵكی چۆن بن كاربەدەستانیشیان ئاوا دەبن.