نه‌ورۆز و كورد
بەروار: 2011/03/17سەردارن: 11148نوسەر: نێردراوه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌وه‌ند

حەقیقەتی نەورۆز :
زۆربەی سەرچاوەكان ئەڵێن ئەم ڕۆژە (نەورۆز) سەرەتای سەرهەڵدانی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (4700 - 270) پێش زاین. واتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی (ماد) بە چەن هەزار ساڵێك. وە نەورۆز سەرەتا بەناوی (شم النسیم) ناسراو بووە، بنچینەی ئەم وشەیە (شمو)ی فیرعەونیە كە وشەیەكی هیرۆگلیفیە ولای دێرینەكان ئاماژەی پێ دەكرێت بۆ سەرەتای دروست بوونی ژیان، چونكە لەو باوەڕەدا بوون ئەو ڕۆژە یەكەم ڕۆژی دەست پێكردن وهاتنە كایەی جیهانە. واتە یەكەم ڕۆژێكە ژیانی دنیا تیایدا دەستی پێكردوە، وە پێی دەوترا جەژنی (شموس) واتە (زیندوبونەوەی ژیان) بەڵام لەگەڵ بەسەر چوونی ساڵ و لەسەردەمی (قبطيه كان) ناوەكەی گۆڕا بۆ ناوی(شم) پاشان وشەی (نسیم) ی بۆ زیاد كرا و بوە (شم النسیم). چونكە پەیوەست بوو بە خۆش بوونی كەش و هەوا لەو ڕۆژە كە سەرەتای بەهارە. وەك سەرەتا ئەم جەژنە لای فیرعەونیەكان باو بووە لەوانیشەوە گوازراوەتەوە بۆ میلەتانی تر.
وشەی (شم) واتە: بۆن كردن
وشەی (نسیم) واتە: هەوای بۆن خۆش
هەمووی واتە: بۆنكردنی هەوای خۆش.
لەم ڕۆژەدا فیرعەونیەكان چەندین داب و نەریتیان هەبووە و پەیڕەویان كردوە لەوانەش لەو ڕۆژەدا بەیانی زوو لەخەو هەڵدەسان و ئەچون بۆ سەر ڕوباری نیل بۆ ئاو خواردنەوە و هێنانی ئاو بۆ شۆردنی ناو ماڵیان وەك نەریتێكی تایبەت بەو ڕۆژە، پاشان دیوار و پەنجەرەی ماڵیان بە گوڵ ئەرازاندەوە و نانی خۆشیان ئەخوارد و بەخێزانی لەماڵ دەر ئەچوون ڕویان ئەكردە باخچەكان بۆ گەڕان و پیاسە كردن، واتە ئەم ڕۆژەیان تایبەت ئەكرد وەك ئەمڕۆی خۆمان كە خەڵكێكی زۆر تایبەتی ئەكات بۆ سەفرە كردن و دەرچوون لەماڵ كە بەداخەوە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن لاسایی فیرعەونیەكان ئەكەنەوە. هەروەها لەم ڕۆژەدا هێلكە و نۆك و پیازیان ئەخوارد وەك نەریتێكی تایبەت بەو ڕۆژە، هەروەها پیازیان ئەخستە ژێر سەرینەكانیان و لە بەردەرگای ماڵەكانیشیان هەڵیان دەواسی چونكە پێیان وابوو كە شەیتانەكان ڕاوئەنێ و هۆكاریشە بۆ شیفای هەندێ نەخۆشی.
پاشان لە فیرعەونیەكانەوە گەیشتە میلەتانی تر و ئاینەكانی تر لەوانەش:
1- یەهودیەكان : یەهودیەكانی میسر وەكو فیرعەونیەكان لە ڕۆژی نەورۆز جەژنیان ئەگێڕا بەڵام كە وڵاتی میسریان بە جێهێشت ئەم جەژنە لەناویان كاڵ بووەوە و بەرەو لەناوچوون ئەچوو تەنانەت بۆ ماوەیەكی زۆر لەیادیان كرد. پاشان جارێكی تر سەر لەنوێ كردیانەوە بە جەژن و ڕۆژی دەربڕینی خۆشی بەڵام ئەم جارەیان بەناوێكی تر و لە پۆشاكێكی ئاینی پەیوەست بە ئاینەكەی خۆیان كردیانە جەژنی ڕۆژی ڕزگار بوونی موسا لەدەست فیرعەون و دارودەستەكەی. ناویان لێنا (عید بساح).
2- خاچ پەرستان : خاچ پەرستان وەكو یەهودیەكان جەژنیان ئەگێڕا ـ ئەمە لەكاتێكدا كە یەهودیەكان هێشتا پیلانی كوشتنی عیسایان دانەڕشتبو ـ بەڵام كاتێك كە یهودیەكان لە پاش جەژنەكەی خۆیان پیلانی كوشتنی عیسایان داڕشت، خاچ پەرستان لەو باوەڕەدا بوون كە لە 7 ی ابریل ڕۆژی هەینی ساڵی (30) زاینی لە خاچیان داوە و پاشان عیسای مەیسح لە ڕۆژی یەكشەممە لە نێو مردوەكان هەستاوەتەوە. بۆیە ڕا جیاوازیان لا دروست بوو سەبارەت بەڕۆژی جەژن گێڕان بەم بۆنەیەوە تا لە ساڵی 325 زاینی (قسطنطين الاكبر) هات و ئەم ڕا جیاوازیەی یەكلا كردەوە و بڕیاری دا كاتی ناوەند بوون و خۆش بوونی كەش و هەوای بەهار بكرێتە‌ ڕۆژی جەژن گێڕان كە دەكەوێتە 21 ی مارس.
وە لەكاتێكدا كە ڕۆژو گرتنی خاچ پەرستان پەنجا ڕۆژ بوو، ئەم جەژنە دەكەوتە ڕۆژانی ڕۆژوو گرتنیان، نەیاندەتوانی بە ئاروزوی خۆیان بخۆن و بخۆنەوە، بۆیە بڕیاریان دا ئەو جەژنە بگوێزنەوە بۆ دوای جەژنی زیندوو بونەوە (عید القیامە‌) بۆ ئەوەی هەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت كە چێژ وەربگرن لەخواردن و خواردنەوە لەو ڕۆژەدا.
دواتر ئەم جەژنە تەشەنەی كرد و گەشتە زۆربەی وڵاتانی دونیا تەنانەت بابلی و ئاشوریەكانیش لەم ڕۆژە جەژنیان دەگێڕا، هەروەها لە لای ڕۆمان و جیرمانەكان ناسراو بووە بە جەژنی (سەربڕینی كاوڕ)، لەهەمان كات دا لای ڕۆمانیەكان بە جەژنی (مانگ) و لای جیرمەنیەكانیش بە جەژنی (استر) واتە (خوای بەهار) ناسراو بووە
تەنانەت زۆرێك ئەڵێن كە (النَّیْروز): وشەیەكە لە بناغەدا فارسیە و كراوە بە عربی، (نیروز) یش واتە ڕۆژێكی نوێ، كە جەژنێكە لە جەژنەكانی فارسە ئاگر پەرستەكان بەڵكو بەیەكێك لەگەورەترین جەژنەكانیان دادەنرێت، تەنانەت (المقریزی) لە باسی نەورۆز ئەڵێ داهێنانی ئەم جەژنە لە نێو فارسەكان لەلایەن پادشایەك بووە بەناوی (جمشید) كە یەكێك بووە لە پاشاكانی فارسە ئاگر پەرستەكان ئەوەش لە پاش ئەوەی كە دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی دەور و بەریا گرت و دوژمنی نەما ئەو ڕۆژەی كردە جەژن و ناوی لێنا (نوروز) واتە: ڕۆژی نوێ.
نەورۆزیش: یەكەمین ڕۆژی ساڵنامەی فارسەكانە و بە نەورۆز ناسراوە لەهەمان كاتیشدا یەكەمین ڕۆژی ساڵی قیبتیەكانە و بە جەژنی (شم النسیم) ناسراوە!!!!!!!
ـ هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەن ئاینێكی تایبەتە بە خۆی هەموو ئاینێكیش خاوەن جەژنی تایبەتە بە خۆی وە ((جەژنەكان لەو تایبەت مەندیانەن كە ئاینەكەیانی لەیەكتر پێ جیادەكرێتەوە)) جالەبەرئەوە پێویستە بزانرێت كەئێمەی گەلی كوردی موسڵمانیش چونكە موسڵمانین و خاچ پەرست و ئاگر پەرسن نین ئەوە وەكو تێكڕای موسڵمانانی جیهان تەنها دوو جەژنمان هەیە (ڕەمەزان و قوربان) جگە لەم دوو جەژنە جەژنەكانی تر داهێنراون و بەشداری كردن و شادی كردن و پیرۆزبایی كردن تیایاندا قەدەغەیە بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە كە (أنس) دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم هات بۆ مەدینە خەڵكی [عەرەبی] مەدینە دوو ڕۆژیان هەبوو تێیدا ئاهەنگیان دەگێڕا و یاریان دەكرد، پێغەمبەری خوا لێی پرسین ئەم دوو ڕۆژە چین ؟ وتیان: لە سەردەمی نەفامیدا لەم دوو ڕۆژەدا ئاهەنگمان دەگێڕاو یاریمان دەكرد. پێغەمبەری خوایش ئەم دوو جەژنە تایبەتەی ئەوانی قەدەغەكردوو فەرمووی: خوای پەروەردگار ئەم دوو ڕۆژەی بۆتان گۆڕی بە دوو ڕۆژی لەوان باشتر كە هەردوو ڕۆژی جەژنی قوربان و ڕەمەزانە.
- كەواتە بەشداری كردن لە بەناو جەژنەكانی تر جگە لەم دوو جەژنە لاسایی كردنەوەیەكی كوێرانەی گاوڕ و خاچ پەرەستان و ئاگر پەرستانە وە ئەو كەسەی لاسایی هەر نەتەوە و ئایینێك بكات، ئەویش لەوان دەبێت ((لەو شتەدا)) .
[كەواتە بۆمان دەركەوت كە:]
1- بناغەی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونیەكان لە نێوان ساڵانی (4700 ـ 270) پێش زاین واتە بە سالانێكی زۆر پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ماد كەوابوو لە دوو لاوە جەژنێكی تایبەت نی یە بە كوردەوە
یەكەم / دروست كراوی فرعەونیەكانە
دوەم/ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ماد باو بوە.
2- هۆی بڵاو بونەوەی دەسەڵاتی (جمشید)ی پادشای فارسەكان بەسەر ناوچەكانی دەورو بەر كە كوردستانیش لەو ناوچە داگیر كراوانە بووە كە پادشای ناوبراو داگیری كردوە. وەك ئەڵێ كە دوژمنانی نەما ئەو ڕۆژەی ناو نا (نیروز) واتە:ڕۆژێكی نوێ. كەواتە پادشای ناو براو دامەزرێنەری نەورۆز كوردی بە دوژمنی خۆی زانیوە.
3- پێش ئەوەی بكرێتە جەژنی نەتەوایەتی كورد جەژنی فیرعەونیەكان بووە پاشان گوازراوەتەوە بۆ یهودیەكان لەوانیشەوە بۆ خاچ پەرستان لەوانیشەوە بۆ فارسە ئاگر پەرستەكان بۆ ئەوانی تر تا گەیشتوەتە كورد. هەموویشیان دوژمنی سەرسەختی كورد و ئیسلامن.
ئەم ڕوونكردنەوەیە وەك دڵسۆزیەك بۆ میللەتی كوردی خۆشەویست بۆ ئەوەی جەژنی دوژمنانی كۆنی خۆیان بە هی خۆیان نەزانن چونكە هیچ بەڵاگەیەكی مێژوویی ڕاست و دروستمان نیە لەسەر ئەوەی كەئەم بەناو جەژنە هی گەلی كورد بووە لەڕابردوودا بەڵكو ئەوەی كە خەڵكی پێ‌ خەڵەتاوە ئەوەیە كە ساڵانێكی زۆرە خەڵكانێكی كوردی ئێمەش لاسایی فارسەكانیان كردۆتەوە و ئاهەنگیان لەم بۆنەیەدا گێڕاوە و وەكو ئەوان ئاگریان كردۆتەوە وەئەمەش بەبەڵگە ناژمێردرێت لای كەسانی ژیر. جا كوردی بەڕێز ژیرانە بیر بكەوەو ئەم بابەتە هەڵسەنگێنە و نەكەویتە شوێن كاریگەری سۆزو لاسایی كردنەوەی كوێرانەی گەلانی تر كەنەك تەنها بەویژدانیش نەبوون لەگەڵت بەڵكو ستەمیشیان لێمانكردووە لەڕابردوودا .