ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
شۆڕشى خەوارج بەردەوامە

بسم الله الرحمن الرحيم
 الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين ومن تبعهم باحسان الى يوم الدين وبعد:
لەم سەردەمەدا لە جیهانى ئیسلامى دا چەند دیاردەیەكى پێچەوانەى ئیسلام بڵاو بوەتەوە، كە خۆى بە بەرگى ئیسلام پۆشیوە، وەك توندوتیژى و حیزبایەتى و زێدەڕەوى، كە بۆتە هۆى وەرگێڕانى بانگەواز بۆ خوا لە ململانێ لەگەڵ شیرك و بیدعە وجێ بە جێ كردنى شەهادەتین و پەروەردەكردنى خەڵكى لەسەر بیروباوەڕێكى راست و پەرستشێكى دروست بۆ ململانێ لە پێناو كورسى و دەسەلات، كە سەرئەنجامەكەى پەنابردن بوو بۆ توندڕەوى و ترساندن لە پێناوى جێبەجێ كردنى ئامانجێكى رامیارى كە گومان لەوەدا نى یە ئیسلام ئەوجۆرە هەڵوێست و هەنگاوانە رەت ئەكاتەوە، چونكە بەم شێوەیە مەسەلەكان ئاڵۆزتر ئەبن و دوژمنانى ئیسلام سوود مەندتر ئەبن و كۆمەڵگاى ئیسلامیش زیاتر دوور ئەكەوێتەوە لە تێ گەیشتن لە ئایین، بەڵكو بەربەستێك دروست ئەبێت لە رووى گەنجانى موسڵمان بۆ شارەزابوون لە بیروباوەڕى راست بە هۆى گوشارى خاوەن دەسەڵاتەكان كە كاردانەوەى هەڵوێستى هەڵەى ئەو سەر لێشێواوانەیە.

دەست گرتن بە قورئان و سوننەت:


خوداى پەروەردگار فەرمانى كردووە بە موسڵمانان بەیەك خستنى بۆچونەكانیان و كۆكردنەوەى بیرو ڕاكانیان و دەست گرتن بە قورئان و سوننەتى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و ئاگاداریانى كردۆتەوە لە جیابوونەوە و دووبەرەكى، هەروەك خواى مەزن دەفەرموێ:
  [وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا] [آل عمران:103]
واتە: وەهەموو دەست بگرن بە دینى خواوە ولێك جیا مەبنەوە، وە بەنیعمەتێك كە خوا پێی داون بیهێننەوە بیر، ئەو دەمەى دوژمنى یەكترى بوون، جا ئەو دڵ و دەرونى ئێوەى یەك خست، جا بەنیعمەتى خوا بوونە براى دینى یەكتر(1). وە دەفەرموێ:
  [وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ تَفَرَّقُوا وَاخْتَلَفُوا مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَهُمُ الْبَيِّنَاتُ وَأُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ] [آل عمران:105]
واتە: خواى گەورە نەهى مان لێ دەكا لە دووبەرەكى وەك چۆن جولەكە و گاورەكان دوبەرەكى كەوتە نێوانیانەوە دواى ئەوەى كە ئایەتى ئاشكرایان بۆ هات كە حەقى تێدا روون كرا بوو. ئەوانە سزاى سەختیان بۆ هەیە.
ئیمامى شەوكانى ئەفەرمێت: ئەوانەى دووبەرەكى كەوتە نێوانیانەوە بیدعەچى یەكانى ئەم ئوممەتەن.
وە دەفەرموێ:
[إِنَّ الَّذِينَ فَرَّقُوا دِينَهُمْ وَكَانُوا شِيَعًا لَسْتَ مِنْهُمْ فِي شَيْءٍ] [الانعام:159 ] .
واتە: ئەوانەى دینەكەیان بەش بەش كردو هەندێكیان وەرگرت و هەندێكیان وازلێ هێنا و بوون بە كۆمەڵ كۆمەڵ و حیزب حیزب، تۆ بەریت لە بیدعەكانیان و جیابونەوەیان بەڵكو ئاگادار كردنەوە كارى تۆیە(2)
پێشەوا ناصر السعدی دەڵێت: ئەم ئایەتە هەڕەشەى پەروەردگارە بۆ ئەوانە كە دینەكەیان دابڕ دابڕ كردوە وە هەریەكە ناوێكى لەخۆى ناوە كە هیچ سوودێكى بۆ ئایینى ئادەمیزاد نى یە وەك جولەكایەتى وگاورێتى و ئاگر پەرستى.
یان بەم ناوانە ئیمان كامڵ نابێ. وەك بەشێك لە شەریعەت بگرێت و بیكات بە دینى خۆى، وە دەست بەردارى بەشەكانى ترى شەریعەت بێت. ئەمەش حاڵى ئەوانەیە كە دینیان بەش بەش كردووە، لە بیدعەچى یەكان و گومڕاكان كە دووبەرەكی یان خستۆتە نێوان ئوممەتەوە. وە ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە ئایینەكەمان فەرمانمان پێ دەكات بە كۆبوونەوە و گونجاندن، وە دابڕ دابڕى ودووبەرەكى مان لێ قەدەغە دەكات لە بنەڕەتى دین و هەروەها هەموو بابەتەكانى شەریعەت(3).
وە ئەگەر جیاوازی و دووبەرەكى خراپ بێت لە هەموو حاڵێكدا ئەوە جیاوازى راو بۆچوون و دووبەرەكى لە باوەڕدا و دەرچوونى هەندێك (فِرَق) لە رێبازى ئەهلى سوننەت و جەماعەت خراپ ترە و زیاتر دەبێتە هۆى بە هیلاك چون.
ئیمامى موسلم (رەحمەتى خواى لێ بێت) لە ئەبو هورەیرەوە(رضي الله عنه) بۆمان ئەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ((فإنما هلك مَن كان قبلكم بكثرةِ مسائلهم واختلافهم على أنبيائهم))(4)
واتە: بەڕاستى هۆى بەهیلاك چوونى ئوممەتەكانى پێش ئێوە زۆر پرسیار كردنیان و سەرپێچى كردنیان بوو لە فەرمانى پێغەمبەرەكانیان.
وە جونەیدى كوڕى عبدالله ى بەجەلى (رضي الله عنه) لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم ئەگێڕێتەوە كەفەرموویەتى: ((اقرأوا القرآن ما ائتلفت عليه قلوبكم فإذا اختلفتم فقوموا))(5)
واتە: قورئان بخوێننەوە تا دڵەكانتان جووت بێت لەسەرى، وە ئەگەرجیاوازى كەوتە نێوانتانەوە ئەوە هەستن، واتە: بێ دەنگ بن و وازى لێ بێنن.
عرباضي كوڕى ساری یە(رضي الله عنه) فەرمووى: رۆژێكیان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم نوێژى پێكردین، رووى تێ كردین و ئامۆژگارى یەكى رەوانی كردین، چاوانمان فرمێسكى باران و دڵكانمان لەرزى، كابرایەك ووتى: ئەى پێغەمبەرى خود صلى الله عليه وسلم ئەڵێ ى ئەمە ووتارى ماڵ ئاوایى كردنە، چیمان پێ رادەسپێرى؟ فەرمووى:
((أوصيكم بتقوى الله والسمع والطاعة وإن عبداً حبشياً فإنه من يعيش منكم فسيرى اختلافاً كثيراً فعليكم بسنتي وسنة الخلفاء المهديين الراشدين تمسكوا بها وعضو عليها بالنوجذ وإياكم ومحدثات الأمور فإن كل محدثة بدعة وكل بدعة ضلالة))(6).
واتە: وەسێتتان بۆ دەكەم بەتەقواى خوا وگوێرایەڵى كردن ئەگەر تەنانەت كۆیلەیەكى حەبەشى بوو بە كاربەدەست، چونكە هەركەسێ لە ئێوە بژێت جیاوازى یەكى زۆر دەبینێ وە بۆچارەسەر كردنى ئەم جیاوازى یە فەرمووى ئێوەش دەست بگرن بە رێبازى من و رێبازى نیشتەجێ یەكانى من، بە توندى بیگرن و بەدان بیگەزن كینایەتە لەسەر بایەخ پێدان و دەست پێوەگرتنى وە ئاگادار بن كارى نوێكارى مەخەنە ناو ئەم دینەوە چونكە هەموو نوێكارى یەك لە دین بیدعەیە، وە هەموو بیدعەیەك گومڕاى یە...

سەرەتاى دەركەوتن و سەرهەڵدانى خەواریج:-


وە لەگەڵ ئەم ئاگادار كردنەوە توندوتیژە لە پێغەمبەرى خواوە صلى الله عليه وسلم لە داهێنان لە دیندا بەڵام تاقمانێك پەیدا بوون ئەم ئامۆژگارى یەیان وەرنەگرت و نوێ كارى یان خستە ناو دینى خوداى بێ هاوتاوە، دەرچوون لە رێبازى ئەهلى سوننەت و جەماعەت. وە لەو موبتەدیعانە كۆمەڵى خەواریج كە بنچینەو سەرەتایان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پیاوەى كە ناڕەزایى دەربڕى بەرامبەر فەرمانى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە بۆچونى هەڵەى خۆى، هەروەك لە(صحیحین)دا هاتووە لە فەرموودەى ئەبو سەعیدى خودرى(رضي الله عنه) كە دەفەرمێت: ئیمامى عەلى(رضي الله عنه) لە یەمەنەوە هەندێ زێرى خامى نارد بۆ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەویش دابەشى كرد بەسەر چوار كەسدا: ئەقرەعى كوڕى حابسى حنظلي، عویەینەى كوڕى بەدرى فەزارى، عەلقەمەى كوڕى عەلاثه ى عامر و.... ئەبو سەعید(رضي الله عنه) فەرمووى: قورەیش توڕە بوون و وتیان: بە پیاوانى نەجد ماڵ ئەبەخشێ و واز لە ئێمە دێنێ؟! پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووى:
 ((إني إنما فعلت ذلك لأتآلفهم)).
واتە: من ئەو كارەم كرد بۆ ئەوەى دڵەكانیان نەرم بكەم بۆ ئیسلام... كابرایەك هات: ریش پڕ، روومەت بەرز، چاو بەقوڵاچوو، نێوچەوان بەرز و دەرپۆقیو،سەرتاشراو. ووتى: لە خوا بترسێ ئەى محمد صلى الله عليه وسلم، ئەبو سەعید(رضي الله عنه) ووتى: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووى:((فمن يطع الله إن عصيته أيأمنني على أهل الارض ولاتأمنوني؟))(7)
واتە: ئەوە كێیە گوێڕایەڵى خوا ئەكات ئەگەر من یاخى بم لە فەرمانەكانى. ئایا خواى گەورە منى كردووە بە ئەمینى سەرخەڵكى زەوى وەئێوە دڵەكانتان لە من پاك نى یە و لە من بە گومانن. لە پاشان پیاوەكە پشتى هەڵكردو رۆیشت، پیاوێك داواى مۆڵەتى كوشتنى كرد ئەڵێن خالیدى كوڕى وەلید بوو(رضي الله عنه)- پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمووى:((إن من ضئضئ هذا قوم يقرأون القرآن لايجاوز حناجرهم يقتلون أهل الإسلام ويدعون أهل الأوثان: يمرقون من الإسلام كما يمرق السهم من الرمية، لئن أدركتهم لأقتلهم قتل عاد))(8).
واتە: لە وەچەو نەوەى ئەمە قەومێك دەردێن، قورئان دەخوێننەوە لە گەرویان تێ ناپەڕێ لێ ى تێ ناگەن- كوشتارى موسڵمانان دەكەن. واز لە بت پەرستان دێنن. لە ئیسلام دەردەچن هەروەك چۆن تیر لە نیشانەوە دەردەچێت، ئەگەر پێیان بگەم ئەیان كوژم وەك كوشتنى عاد. لە لەفزێكى تردا: ((آيتهم رجلُ اسود إحدى عضديه مثل ثدي المرأة أو مثل البضعة تدردر يخرجون على حين فرقة من الناس))(9).
نیشانەیان پیاوێكى رەشتاڵەیە بازویەكى وەك مەمكى ژن وایە وەك پارچە گۆشتێك وایە ئەلەرێتەوە، لەكاتێكدا دەردەكەون ناكۆكى لە نێوان موسڵماناندا پەیدا دەبێ.
ئەبو سەعید(رضي الله عنه) ووتى: گەواهى ئەدەم(أشهد) كە من گوێم لەم ئاخاوتنە بووە لە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم، وە گەواهى ئەدەم عەلى كوڕى ئەبو طالب(رضي الله عنه) جەنگا لەگەڵیان ومنیش لەگەڵیدا بووم. فەرمانى دا ئەو پیاوە بێنن بە دوایدا گەڕان هەتا هێنایان منیش تەماشام كرد بەو وەسفە بوو كە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم وەسفى كرد.
ئەمەش نیشانەیەكە لە نیشانەكانى پێغەمبەرایەتى كە هەواڵى دا بە دەرچوونى خەوارج، هەرچۆنى فەرموو ئاوها بوو سەلات و سەلامى خوداى لەسەر، كاتێك دەركەوتن كە جیاوازى لە نێوان موسڵمان هەبوو لە نێوان ئیمامى عەلى و موعاویە (رەزاى خوایان لێ بێت). پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم باسى كردن كە موسڵمانان دەكوژن، واز لە بت پەرستان دێنن ئەوانیش ئاوەهابوون.

چەند سیفاتێكى خەوارج:-


پێویستە نیشانەو سیفەتەكانى خەوارج بزانرێت و بەراورد بكرێت لەگەڵ سیفەتى ئەم گروپانەى ئەم سەردەمە، بۆمان دەرئەكەوێت چەند لەیەك ئەچن. ئەویش بەكورتى لەم سیفەتانە كۆ ئەبنەوە:-
[یەكەم:- ماڵ و سامان و ململانێ لە پێناو وەرگرتنى دەسەڵات لە دەسەڵاتداران. ]
پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى:((لكل أمة فتنة و فتنة أمتي المال))(10).
وەكاتێك ذوالخويصره هاتە لاى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كە خەراجى بەحرەینى دابەش ئەكرد پێی ووت "إعدل یا محمد" ئەم ووشەیە دائەنرێت بەدەرچوون(خروج) بە ووشەى دژى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەمەیش لە ژێر دروشمى دادپەروەرى و داواكردنى مافەكان كە بووە هۆى تاوانباركردنى باشترین مەخلوقى خوا لە دادپەروەرى و ئەمانەتدا.
[دووەم/داهێنان لە پەرستندا:-]
ئەو حەلەقە زیكرانەى كە لە مزگەوتى كوفە هەبوون بەشێوەیەكى داهێنراو، وەعبدالله كورى مسعود (رضي الله عنه) نەهى لێ كردن وە سەرەنجامیان گەیشتە بە تەكفیر كردنى(هاوەڵان رضي الله عنهم) و شەركردن لە دژیان لە رۆژى نەهرەوان. كەوابوو وەسفێكى ئەم گروپە داهێنانى زیكر بە حەلەقە وگۆڕینى رێگاى بانگەوازكردن بووە.
[سێیەم/ تەكفیر كردنى خاوەن گوناهە گەورەكان:-]
وە لە نیشانەكانى خەواریج كافر كردنە بە گوناه، بەوەى كە هەركەسێك گوناهى گەورە بكات ئەگەر لە شیرك بەخواریش بێت ئەوە لە ئیسلام ئەچێتە دەرەوە. وەلەم چەرخەدا چرۆى تازە پشكوت دەركەوتووە صاڵحان بە كافر دەزانن، وە توانج و تەشەر لە عەدالەتى پێشەوایانى ئوممەت ئەدەن. بۆیە دڵەكانیان لە یەك دەچن، هیچ جێى سەرسورمان نى یە كە ئەوانەى دواى شوێنەوارى ئەوان كەوتوون لەم سەردەمەدان(ابن باز) یان (ابن عثيمين) یان هەر یەكێك لەپێشەوایانى ئیسلام كافر بكەن.
چونكە فیتنەى بە كافركردن تووشى باشترین كەسانێك بووە لە دواى پێغەمبەران، وەئەگەر تووشى لەوان كەم تر بێت ئەوە زۆر ئاسان ترە لاى زیاد رەوانى تەكفیر ئەگەر بێتو تەكفیر كردنى (هاوەڵان رضي الله عنه) بێنینە بیرى خۆمان.
تائێستا ئەو بۆ چوونە((التكفير بالمعصية)) بەردەوامە زۆربەى بانگەوازكارە حیزبى یەكان هەڵیان گرتووە، وەبایەخیان داوە بە بڵاو كردنەوەى هەندیك كتێب كە كۆمەڵانى موسڵمان كافر دەكات هەر كوت ومت بۆچوونى خەواریجى تێدایە لە كافر كردن بە گوناە.
[چوارەم/لادان لە رێبازى بەڵگە هێنانەوە و تێنەگەیشتن لە قورئان ] (يقرأون القرآن لايجاوز تراقيهم)
وە لە نیشانەكانیان لادانیان لەشێوەى روونكردنەوەى ئەو ئایەتانەى كە دەربارەى بێ باوەڕان دابەزیوە، ئەوان لەسەر موسڵمانان بە كارى دێنن، وەتاكو ئەم كاتەش ئەو رێبازە هەڵەیە بەردەوامە لاى خاوەن هەوا و بانگەوازكارانى حیزبایەتى، ئەو فیتنەیەى كە خەواریج توشی بوون هەر عەینى ئەو فیتنەیەیە كە توشى حزبى یەكان بووە كە هیوایەتیان دەسەڵاتە و ململانێ یە لەگەڵ كاربەدەستان لەسەر حیسابى خەڵكێكى موسڵمان كە لە مەرامەكانى ئەوان تێ نەگەیشتووە و شارەزایى یەكى تەواوى لە دینەكەى خۆى نى یە، چونكە خەواریج ئەیان ووت:
((لا حكم إلا لله)) وە حزبى یەكان ئەڵێن: ((الحاكمية‌ لله)).
وە حزبى یەكان ئایاتى حوكم بە غەیرى ئەوەى كە خوا دایبەزاندووە هەروەك خەواریجەكان تەفسیرى دەكەن و بەكوفرى گەورەى دادەنێن، جیاوازى ناخەنە نێوان ئەوەى بە حەڵاڵى ئەزانى و ئەوەى بە حەرامى ئەزانى(11).
چونكە خۆشیان ئامانجى سەرەكیان هەر حوكمە. هەر بۆ ئەوەیش هەوڵ و كۆشش ئەكەن، بۆیە مەسەلەى حاكمیەت بە گەورەتر ئەزانن لە یەكخواپەرستى((توحيد الألوهية‌)) كە لە پێناویدا خواى گەورە ((انس و جن))ى دروست كردووە و پێغەمبەرانى رەوانە كردووە وكتێبەكانى داگرتووە و جیاوازى خستۆتە نێوان خەڵكى یەوە وكۆمەڵێ ئیماندار و كۆمەڵێ بێ باوەڕ -.
بەڵام لاى گروپە حزبى یەكانى ئەم سەردەمە جیاوازى لە نێوان (مُوَحِّد) و (رافضي) و (طُرُقِي) نى یە تەنها بە ئینتماى حزبى نەبێ، ئەوەى حزبى بێ ئەوە خۆشەویست و نزیكە، وە ئەوەى لە گەڵیان نەبێ ئەوە دوور و نامۆیە.

خەواریج هەر ماون:-


وەهەندێ كەس وا گومان دەبەن كە خەواریج كۆمەڵێك بوون هەر لەو سەردمەدا ئیتر لە ناوچوون و نەماون، ئەم ووتەیە كەسێك ئەیڵێت كەهیچ دەربارەى خەواریج نەزانێ، بەڵكو ئەوان بە درێژایى مێژوو هەن، ئیمامى ئەلبانى(رەحمەتى خواى لێ بێت) لە زنجیرە بەنرخەكەیدا بەرگى پێنج لە ژێر ناونیشانى(استمرار خروج الخوارج)دا، فەرموودەیەكى هێناوە لە عبدالله ى كوڕى عومەرەوە(رضي الله عنه) فەرمووى: گوێم لێ بوو پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەى فەرموو:(ينشأ نَشء يقرؤون القرآن، لايُجاوِزُ تراقيهم، كُلَّما خَرَجَ فَرْقٌ قُطِعُ حتّى يَخْرُجَ في أعْراضِهِمُ الدَّجالُ)(12).
واتە: كۆمەڵیك پەیدا ئەبن قوڕئان ئەخوێننەوە لە گەرویان تێ ناپەرێ و ناچێتە ناو دڵیانەوە و لێ ى تێناگەن، هەر كاتێ كۆمەڵێكیان دەرئەچن بن بڕ ئەكرێن تا وەكو لە ناو سوپاى ئەواندا دەجال دەر ئەچێ.
پێشەوا شیخ الاسلام إبن تیمیە لە دواى باسكردنى هەندێ نیشانەیان ئەفەرمێت: (ئەم نیشانەیە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باسى كرد-مەبەست ئەو پیاوەیە كە باڵى وەك مەمك وایە نیشانەى یەكەم تاقمیانە كە دەرئەچن، تایبەت نین بەو زەمانەوە و بەو نیشانەوە، چونكە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە فەرموودەى تر باسیانى كردووە كە ئەوان بەبەردەوامى دەر ئەچن تا وەكو سەردەمى دەججال، وە موسڵمانان یەك دەنگن كە خەواریج تایبەت نین بەو سوپایەوە كە ئەو پیاوەى تێدا بوو..(13).
بەم بەڵگانە روون بووەوە كە خەواریج هەر ماون و بەردەوام ئەمێنن تا وەكو دەجال دەرئەچێ، وە تاوەكو دەركەوتنى نیشانە گەورەكانى دوا رۆژ، لەوانە:-
یەكەم:- (الإباضية‌) كە لە ووڵاتى سەڵتەنەتى عوممان هەن، ولە هەندێ شوێنى ووڵاتە عەرەبى یەكانى تر -المغرب العربى-.
دووەم: ئەو كۆمەڵانەى كە زیاد ڕەوى دەكەن لە مەسەلەى بە كافركردنى موسڵمانان، كە ئەوانیش هەر لەسەر رێبازى خەواریج ئەڕۆن كە موسڵمانانیان كافر كرد، هەروەها خوێن وماڵى موسڵمانانیان حەڵاڵ كردوە و فەسادیان بڵاو كردۆتەوە، ئەوان پاشماوەى خەوارجن ئەگەر چى تەبەڕایان لێ بكەن و بە كافریان بزانن، چونكە عیبرەت بەناو نى یە، بەڵكو زۆربەى ئەو كۆمەڵ و حیزبانەى كە زیادڕەوى لە كافر كردنى كۆمەڵگا ئەكەن، حوكمى بێ باوەڕیان داوە بەسەر موسڵماناندا مەگەر ئەوانە نەبێت كە هاو فیكریانن، تاڕادەیەك یەكتریش كافردەكەن، وەكۆمەڵى خۆیان بە جەماعەى موسڵمانان ئەزانن.
وە ئەم كۆمەڵانە جۆراو جۆرن، وەك كافركردن بەگوناە یان زیادڕەوى لە لایەنێك لە لایەنەكانى ئایین وەك حوكم كردن بەوەى كە پەروەردگار دایبەزاندووە، وە دۆستایەتى ئیمانداران و دژایەتى بێ باوەڕان و كافركردنى كافر، گومان لەوەدا نى یە كە ئەم شتانە شەرعین، بەڵكو لە كارە گرنگەكانى شەرعن، بەڵام ئەوەى نابەجێ یە و خواى گەورە و پێغەمبەرەكەى صلى الله عليه وسلم ئاگادارمان ئەكەنەوە لێ ى زێدەڕەوی یە، خواى گەورە دەفەرمێت:
[قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ غَيْرَ الْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعُوا أَهْوَاءَ قَوْمٍ قَدْ ضَلُّوا مِنْ قَبْلُ وَأَضَلُّوا كَثِيرًا وَضَلُّوا عَنْ سَوَاءِ السَّبِيلِ] [المائدة: 77] .
مەبەستمان لێرەدا ئەوانەیە كە دەرچوون بە زێدەڕەوى یەكەیان لە عەقیدەى ئەهلى سەننەت و جەماعەت و بوونەتە هۆى بە جورئەت كردنى نەزانان و نەفامان بۆ كافركردنى موسڵمانان، ئەبینى یەكێكیان دەست نوێژ بە ڕێكى نازانێت، وە شارەزایى نى یە لەمەسەلە گرنگەكانى ئایین، چەند زوبان درێژە لە فەتوادان بە كافركردن بەبێ روون كردنەوە و بەبێ هیچ شەرم و بیركردنەوەیەك.
ئەمەیش بەڵگەیەكە لەسەر لاوازى ئیمان(14) و نەمانى ترس لە پەروەردگار، چونكە هەر كەسێ بەبێ زانیارى فەتوا بدات لەم مەسەلە سامناكە ئەوە دیارە ترسی خوا لە دڵى دا زۆر كزە یان لە دڵى دا نى یە، [وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ] [الإسراء: 36] .
زۆربەى زیادڕەوان لە كافر كردنى كۆمەڵگاى موسڵمان، بە چاوى سووك تەماشاى زانا و پێشەوایانى ئیسلام ئەكەن، چ زانایانى پێش یان ئەم سەردەمە.
خاوەنى كتێبى: (إعلان النكير على غلاة التكفير) ئەڵیت: یەكێك لە شوێن كەوتوانى(شكري مصطفى) كە بەناوبانگە بە(التكفير و الهجرة) هەوڵى سەرلێ شێواندنى دابوو لەگەڵ برایەكدا لە ئەهلى سوونەت تا مەسەلەكانى لێ ئاڵۆز كردبوو، پاشان هاتن گفتوگۆ لەگەڵ من بكەن دەربارەى ئەوباسە، منیش چەند شتێكم بۆیان باس كرد لەوانە كە ئیمامى بوخارى بابێكى داناوە لە(صحیح)ەكەیدا، (باب أن المعاصي من أمر الجاهلية ولا يكفر صاحبها إلا بالشرك) داوام لێ كردن كە پرسیار لەو سەرلێشێواوە بكەن دەربارى حوكمى بوخارى لایان، ئەویش ووتبووى: بێژەرى ئەم ووتەیە كافرە.
هەروەها یەكێك لەو گومڕایانە كاتێك كە یەك لە زانایان دانووستانى كرد لە گەڵدا پێ ووتبوو: پەروەردگار ئەفەرمێ: ((وعصى آدم ربه فغوى))،))، ئایا ئادەم كافر بوو؟ ئەو تاوانكارە بێ شەرمە ووتى:"بەڵى ئادەم كافر بوو".
ئەم بەدبەخت و چارە رەشانە حاڵیان گەیشتووە بەم جورئەتە كە قسەى وا بكەن كە خۆى لە خۆى دا بێ باوەڕى یەكى ئاشكرایە، لەگەڵ ئەوەیش وا گومان ئەبات هەر ئەو و هاوبێرانى موسڵمانن، پەنا بەخوا لە كوێرى.
وە هۆى تێ كەوتنى ئەو گێژاوە دوورى یە لە تێگەیشتنى پێشینى صاڵحان و عەقیدەى ئەهلى سوننەت و جەماعەت.
شایانى باسە ئێمە ناڵێین كە هەموو تەكفیرى یەكان گەیشتوونەتە ئەم ئاستە لە گومڕایى، بەڵكو ئەوان گروپى زۆرن و كۆمەڵ و ئەحزابن. لەوانەیە چەندان كەسیان تێدا بێت هەق ویست بێت، بەڵام لێ ى شێواو و تێكەڵە.
وە هەندێك شبوهات یان بۆ پەیدا بووە ناتوانن بەرەنگارى بكەن لەبەر كەمى زانستى شەرعى.

 هۆى رەواجى شبوهاتى خەواریج (هۆى بە هێزبونى زێدەرەوان):-


ئێمە لە كۆمەڵگایەك ئەژین كە فیتنە و گوناە و بێ ئەمرى پەروەردگارى تێدا زۆر بووە لە ناو هەندێك لە توێژەكانى كۆمەڵگا، تا ئەگاتە ئیلحاد و لادان لە دین.
هەروەها گوشارى كاربەدەستان لە سەر بانگەوازكارانى هەق و ئەزیت دانیان، وە زۆر جار نەیان هێڵاوە كە دینى خوا فێرى خەڵكى بكەن كە خۆشبەختى دونیا و قیامەتى تێدایە، ئەوا حەقیقەتێكى راستەوانەیە هەرچەندە گوشار و ئەزێت دان پتر بێت بۆ بانگەوازكارانى هەق ئەوەندە گروپى زیادڕەوى زیاد ئەبن و ژمارەیان زیاد ئەكات.
بێجگەلە لە ئەم هۆیانە شەیتان زۆر سورە لە سەر ئەوەى خەڵكى سوكایەتى بكەن بە زانایان و پێشەوایانى ئیسلام، تا زمان درێژیان كرد بە سەر(هاوەڵان رضي الله عنهم) شەیتانەكانیان پێان دەووتن بڵین: "هم رجالُ ونحن رجال" لە خۆبایى بوون لە راستەڕێ دوریانى خستەوە، وە گومان ئەبەن ئەو هەوا و ئارەزووەى كە ناویان لێ ناوە "عقل" رێنمونیان ئەكات و لە سەرلێشێواوى رزگاریان ئەكات، بۆیە فورسەتى كەمى ئەهلى عیلم و كەمى ئەهلى عەمەلیان قۆستەوە، بەڵام شەمشەمە كوێرە لە تاریكى ئەفڕێ و پێشەوایان و زانایان چراى رێنمونى و سەرچاوەى راستى و بەردەوامى یەتن.
پرسیارێك و وەڵامەكەى:
لە زاناى پایە بەرز شێخ (عبدالعزیز بن باز) پرسیار كرا: هەندێك هەن ئەڵێن: ئارام گرتن لەسەر جەور و ستەمى كاربەدەستان كارێكى ترسنۆكانەیە؟ لە وەڵامدا (رەحمەتى خواى لێ بێت) فەرمووى:
ئەم بۆچوونە هەڵەیە و كەم تێ گەیشتنە لە لایەن ئەوكەسەوە كە شتى وا ئەڵێت، چونكە لە سوننەت تێ نەگەیشتوون و نەیانزانیوە وەك پێویست، بەڵام خوێن گەرمى و غیرەت واى لێ كردوون كاتێ بیانەوێ كارێكى ناشەرعى نەهێڵن خۆشیان تووشى كارى نابەجێ ئەبن هەروەك خەواریج و موعتەزیلە تووشى بوون، خۆشەویستیان بۆ سەرخستنى هەق واى لێ كردوون كە تووشى كارى بەتاڵ و ناشەرعى ببن، تاگەیشتە ئەوەى موسڵمانان بە گوناە كافر بكەن...
هەموو ئەو بۆچونانە گومڕایى یە.
وە ئەوەى ئەهلى سوننەت لەسەرین هەر ئەوە هەقە كە گوناهكار كافر نابێت ئەگەر گوناهەكەى بە حەلاڵ نەزانێت.... بەڵام كافركردنى خەڵكى لە لایەن خەواریجەوە كارێكى بەتاڵە بۆیە پێغەبەر صلى الله عليه وسلم دەربارەیان فەرمووى: ((يمرقون من الإسلام ثم لا يعودون فيه))(15)، ((يقاتلون أهل الاسلام و يدعون أهل الاوثان))
ئەمە حاڵى خەواریجە بە هۆى زیادەڕەوى و نەفامى و گومڕایى یانەوە، بۆیە شیاو نى یە بۆ گەنج و غەیرى گەنجیش كە تەقلیدى خەواریج و موعتەزیلە بكەن، بەڵكو پێویستە كە لەسەر بۆچوونى ئەهلى سوننەت و جەماعەت بڕون بە گوێرەى بەڵگە شەرعى یەكان.....

مەبەستمان لە نووسینى ئەم بابەتە:-


بۆ ئەوانەى كە هەقیان لێ شێواوە و مەبەستیان هەقە و بۆئەوانەى راستى یەتى رێبازى زیادڕەوانى تەكفیر نازانن، كە مەترسى ئەوەیان لێ ئەكرێ كە تووشى ئەو دەردەبن ئەم لێكۆڵینەوەیەمان نووسى، وە رەچاوى ئەوەمان كردووە كە وشەى زیادڕەو بەكار بێنین، چونكە تەكفیر كردن خۆى لە خۆیدا هەقە ئەگەر بە گوێرەى سنوورەكانى شەرع بێت.
وە زۆر كەس هەن نەرم و نیانى یەكى زۆریان نیشان داوە لەم بوارەدا، تاڕادەیەك خەڵكانێك یەهود و نەێارى بە كافر نازانن، ئەمەیش تێنەگەیشتنە لە دینى خواى گەورە، وەلەگەڵ دەقەكانى قورئاندا ناگونجێ.
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه و سلم
=========================
(1) تەفسیرى قورئانى پیرۆز بە كوردى وبەكورتى، وەرگێڕانى:محمد صالح إبراهيمى.
(2)زبدة التفسير من فتح القدير للشوكانى، د. محمد سليمان عبدالله الأشقر: ص191.
(3) (تيسير الكريم الرحمن في تفسير كلام المنان للشيخ: عبد الرحمن بن ناصر السعدي).
(4) (صحيح الجامع الصغير: 5810).
(5) (متفق عليه، وانظر: السلسلة الصحيحة، رقم: 3993).
(6) (رواه أبو داود والترمذي، وصححه الشيخ الالباني في صحيح الجامع الصغير: 2549).
(7) (رواه النسائي، وصححه الشيخ الألباني في صحيح سنن النسائي: 2578).
(8) (صحيح الجامع الصغير: 2227)
(9) (البخاري ومسلم، وانظر: مشكاة المصابيح: 5894).
(10) (رواه الترمذي، وانظر: صحيح الجامع الصغير: 2148).
(11) شارحى طحاوى دەفەرمێت: لێرەدا باسێك هەیە ئەوەیە كە حوكم بە غەیرى ئەوەى كە خواى گەورە دایبەزندووە هەندێك جار كوفرێكە مرۆڤـ لە دین دەردەكات، وەهەندێك جاریش تاوانە: یان گەورە یان بچوك.
(12)(سلسلة الأحاديث الصحيحة): (5/ 582) رقم: 2455).
(13) (مجموع الفتاوى): (28/ 495-496)، الخوارج أول الفرق في تاريخ الإسلام، د. ناصر عبدالكريم العقل: ص52).
(14)ئەو نەفامانە دینى مرۆڤـ ئەپێون بە زۆرى كافر كردن، چەندێك خەڵكى زۆرتر كافر بكات ئەوە زیاتر پلەو پایەى بەرز وبڵندتر دەبێت، وەشایەتى بەهێزى دین وباوەڕى بۆ دەدرێت.
(15) (أخرجه البخاري).

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام