بۆچی نوێژ بكەین ؟
بەروار: 2011/09/26سەردارن: 5769نوسەر: هاوار عبدالله/پێداچونەوەی:مامۆستا عدنان بارام

الحمد لله وحدة ، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده ....
و بعد :
بۆ دەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ پرسیارێكە و حەق وایە هەموو موسڵمانێك وەڵامەكەی بزانێت .
بۆ دەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ چونكە فەرمانی پەروەردگارە و دەبێ‌ بێ‌ یەك و دوو جێبەجێی بكەین هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت :[ حَافِظُواْ عَلَى الصَّلَوَاتِ ] ( البقرة : 238 )   واتە : پارێزگاری لە نوێژەكانتان بكەن .
بۆ دەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ چونكە نوێژكردنمان شایەتی دانە بەوەی ئیماندارین هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت : [ قُل لِّعِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُواْ يُقِيمُواْ الصَّلاَةَ ] ( إبراهيم : 31 ) واتە : بەو بەندانەم بڵێ‌ كە باوەڕیان هێناوە نوێژەكانیان بە باشی ئەنجام بدەن .
دەبێ‌ نوێژ بكەین : چونكە خوای پەروەردگار دروستی كردوین بۆ ئەوەی بیپەرستین هەروەك ئەفەرموێ‌ :  [ وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ ] ( الذاريات : 56 ) واتە : من جنۆكە و مرۆڤم دروست كردوە تەنها بۆ ئەوەی كە بە تەنهایی بمپەرستن .
دەبێ‌ نوێژ بكەین : چونكە تاوانمان زۆرە و بە نوێژ كردن خوا لێمان خۆش ئەبێ‌ ، وە بۆ ئەوەی لە خۆشبەختی بژین هەروەك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێت :
(......... ومن حافظ عليهن عاش بخير ومات بخير وكان من ذنوبه كيوم ولدته امه ) صحيح الترغيب والترهيب (194)

واتە : هەر كەسێك پارێزگاری لە نوێژە فەرزەكان بكات و بە جەماعەت بیان كات ئەوە بێگومان بە خۆشی و شادی دەژێت ، وە بە خۆشی و شادی دەمرێت ، وە لە تاوان و گوناه پاك دەبێتەوە وەك ئەو ڕۆژەی كە لە دایك بووە .
بۆ دەبێت نوێژ بكەین ؟ بۆ ئەوەی چاكە و كردەوەكانی ترمان قبوڵ بێ‌ ، چونكە ئەگەر نوێژ نەكەین هیچ كردەوەیەكی ترمان قبوڵ ناكرێ‌ و لێمان وەرناگیرێ‌ هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :( أول ما يحاسب به العبد يوم القيامة الصلاة فإن صلحت صلح سائر عمله وإن فسدت فسد سائر عمله ) صححه الألباني في صحيح الجامع الصغير برقم : 2573 واتە : یەكەم شتێك كە لەڕۆژی دواییدا لێپرسینەوەی بەندەی موسڵمانی لەسەر بكرێت نوێژە جا ئەگەر نوێژەكانی باش بوو ئەوا پەرستشەكانی تری باش دەبێت وە ئەگەر نوێژەكانی خراپ بوون ئەوا پەرستشەكانی تریشی خراپ دەبن )
بۆ دەبێت نوێژ بكەین ؟ بۆ ئەوەی خۆمان لە بێ‌ باوەڕی بپارێزین كە بۆ تاهەتایە لە دۆزەخدا ئەمانهێڵێتەوە هەروەك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی : (بين الرجل وبين الشرك و الكفر ترك الصلاة ) . واتە : جیاكەرەوەی مرۆڤ لە هاوەڵ بڕیاردان و كوفر نوێژكردنە .
ئەمەش مانای وایە كە یەكێك لە جیاكەرەوەكانی موسڵمان لەبێ باوەڕان نوێژكردنە ، بۆ ئەوەیە دەبێ‌ نوێژبكەین . بۆچی گاور و خاچ پەرستەكان دەست لەدین و نوێژی خۆیان هەڵناگرن ؟ بۆ ئێمە دەست لەم ئاینە پاك و بێگەردە هەڵبگرین ؟ قەت لەخۆت پرسیوە ؟
بۆدەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ بۆ ئەوەی خوای پەروەردگار ڕەحممان پێ‌ بكات هەروەك ئەفەرموێت [ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ ] ( النور : 56 ) واتە : ئەی ئیمانداران نوێژی كامڵ بكەن و بەشێك لە داراییتان بەناوی زەكاتەوە ببەخشن و لە پەیامبەریش فەرمان بەرداری و گوێڕایەڵی بكەن تا بەڵكو بەر ڕەحمەت و بەر سۆزی خوا بكەون .
بۆدەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ چونكە دوایەمین وەسیەتی پێغەمبەری خوا بوو صلى الله عليه وسلم بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات وەك فەرمویەتی :( أتقوا الله في الصلاة .....) السلسلة الصحيحة 868 واتە (لەخوا بترسن لەنوێژەكانتان)
دەبێ‌ نوێژ بكەین بۆئەوەی بچینە ڕیزی ئەوانەی پەروەردگار لەبارەیانەوە ئەفەرموێت :[ الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُم بِالْآخِرَةِ هُمْ يُوقِنُونَ] ( النمل : 3 ) واتە : ئەوانەی كە بە ڕێك و پێكی نوێژەكانیان ئەنجام ئەدەن و لەماڵ و سامانیان زەكات ئەدەن و لەهەمان كاتیشدا یەقینیان بەڕۆژی دوایی هەیە .
بۆ دەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ چونكە لە ڕۆژی قیامەت جێگای هەموو نوێژ نەكەرێك سەقەرە .
هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت :[ مَا سَلَكَكُمْ فِي سَقَرَ * قَالُوا لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ ] ( المدثر 42  ـ 43 )
واتە : وە پێیان ئەڵێن ئەوە چی بوو ئێوەی بەرەو دۆزەخ ڕاپێچ كرد وا ئێستا ئەو سزا سەختە ئەچێژن، ئەوانیش لەوەڵامدا ئەڵێن : ئێمە لەنوێژگەران نەبوین بۆ پەروەرگامان ) .
. بەڵام موسڵمانی بەڕێز ئەوەش بزانە وازهێنان لەنوێژكردن یان بەباشی ئەنجامنەدانی و لە كۆڵ كردنەوەی و كەمتەرخەمی كردن لە ئەنجامدانی جیاوازی یەكی ئەوتۆی نی یە لەگەڵ هەرگیز نەكردنی چونكە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت : [ فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ *الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ ] (الماعون : 4 ـ 5 ) واتە (ئینجا سزای سەخت بۆ نوێژ خوێنەكان ئەوانەی لەنوێژەكانیاندا غافڵ و بێ‌ ئاگان : واتە بەدڵ نوێژەكانیان ناكەن و لەماناو مەبەستەكەی بیرناكەنەوە لەپێش چاو خەڵك دەیكەن بەڵام ئەگەر هەرخۆیان بەتەنها بن نوێژەكانیان بە باشی و لەكاتی خۆی ناكەن ) .
هەروەها پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی :
.(.....من حافظ عليها ـ أي الصلاة ـ كانت له نورا وبرهانا يوم القيامة ، ومن لم يحافظ عليها لم يكن له نور ولا برهان ، ولا نجاة ، وكان يوم القيامة مع قارون وفرعون وهامان وأبي بن خلف " )
( صححه العلامة الألباني في صحيح مشكاة المصابيح ، برقم : 578 ) .
واتە : ئەو كەسەی كە پارێزگاریان لە سەر بكات ـ مەبەستی نوێژەكانە ـ ئەوا ڕووناكی و بەڵگەن بۆی لە ڕۆژی دواییدا ، و ئەو كەسەش كە پارێزگاریان لە سەر نەكات ، نە ڕووناكین بۆی و نەش بەڵگەن ، ڕزگاریشی ناكەن ، وە لە ڕۆژی دواییشدا لە دۆزەخدا لە گەڵا قارون ، و فیرعەون ، و هامان ، و ئوبەیی كوڕی خەڵەفدایە ـ خوای پەروەردگار پەنامان بدات ـ !!!
وە ئایا دەزانیت نوێژكردن كلیلی هەموو چاكە و خێرێكە ؟ بە نەكردنی هەموو ئەو چاكانەی نوێژت لە دەست دەچێت ؟!! زانای پایە بەرز (ابن القیم) بە ڕەحمەت بێت فەرمویەتی : نوێژ : بەدەست هێنەری ڕۆزیە ، وپارێزەری تەندرووستیە ، و دوورخەرەوەی ئازارە ، پاڵنەری نەخۆشیەكانە ، پتەوكەری دڵەكانە ، وڕووناك كەرەوەی ڕوومەتە ، وئاسوودەكاری دەروونە ، و نەهێڵەری سستیە ، و بە گڕخەری ئەندامەكانە ، بەردەوام كاری تواناكانە ، و فراوانكاری سینگ و خۆراكدەری دەروونە ، و ڕووناك كەرەوەی دڵە ، و پارێزەری نیعمەتەكانی خوای پەروەردگارە ، پاڵنەری ناهەمواریەكانە ، بە دەست هێنەری بەرەكەتە ، و دوورخەرەرەوەیە لە شەیتان ، و نزیكەرەوەیە لە خوای پەروەردگار .... نهێنی ئەوەش ئەوەیە كە نوێژ پەیوەندیە لە گەڵا خوای پەروەردگار ، وە بە پێی ئەو پەیوەندیەی نێوان بەندە و پەروەردگاری ، دەرگاكانی چاكە و خێری بۆ دەكرێتەوە ، و هۆكارەكانی خراپەی لێ‌ دەبڕدرێت ، و لە لایەن خوای پەروەردگارەوە یارمەتی و سەركەوتنی بە سەردا دەڕێژدرێت ، لە گەڵا سەلامەتی و صیحەت و دەسكەوت و دەوەڵەمەندی و ئارامی و نیعمەت و خۆشی .. هتد )
زۆر بە كورتی : بۆ دەبێ‌ نوێژ بكەین ؟ لەهەموی گرنگ تر جێ‌ بەجێ‌ كردنی فەرمانی پەروەردگارە ، بە ئەنجامدانی پەروەردگار لە خۆمان ڕازی ئەكەین . دەزانی ڕازی بونی پەروەردگار لێمان مانای چیە ؟ واتە بەدەست هێنانی بەهەشت ، هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێ‌:
[ وَالَّذِينَ هُمْ عَلَى صَلَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ, أُوْلَئِكَ فِي جَنَّاتٍ مُكْرَمُونَ ] ( المعارج :  35 ـ 34 )
واتە : ئەوانەی پارێزگاری دەكەن لە نوێژەكانیان، ئەوانە لەناو باخچەكانی بەهەشتەكانن ڕێزیان لێ دەگیرێ‌
ئایە تۆ بەندەیەكی صاڵحانی ؟ دەسا بە نوێژ كردن بیسەلمێنە بۆ ئەوەی بچیتە ئەو بەهەشتەوە كە پەروەردگار بۆ بەندە چاكەكانی دروستی كردوە .‌
جا برای لاو ، و خوشكی بە حیشمەت : بیرێك لەم ووتانە بكەرەوە ، و بڕیار بدە كە ئایا دوای بیستنی ئەم ووتانە بڕیار دەدەی كە نوێژەكانت بە باشی و لەكاتی خۆی بكەی ، یان هێشتا دەڵت ڕانەچەڵەكیوە ؟!!
وە زۆر ئایەت و فەرمودوی تر هەیە سەبارەت بەنوێژكردن و نوێژگەران بەڵام گەریەكێك بەدوای ڕاستی دا بگەڕێ‌ ئایەتێكی بەسە گەر خۆیشی لەڕاستی بشارێتەوە هەموو قورئان بكە بەڵگە بۆی داوای بەڵگەی تر دەكات .
بۆیە كە نوێژیش ئەكی نوێژێك بكە ببێتە هۆی سەرفرازیت لە ڕۆژی قیامەت هەروەرك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت [ قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ ـ  الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ ] ( المؤمنون : 1 ـ 2 ) واتە: بەڕاستی خەڵكانی خاوەن باوەڕ و بڕوادار سەركەوتو و سەرفراز و ڕزگارن چونكە خاوەنی ئەم سیفەتە بەرزانەن كە پەروەردگار لەبارەیانەوە ئەفەرموێ‌ ئەوانەن كە لەنوێژەكانیاندا خۆ شكێن و ملكەچن و هەردەم بەترسەوە نوێژ ئەكەن و بەرامبەر بەخوا ئەهلی شەرمن .
دەسا كاتێك نوێژ ئەكەی بەم شێوەبە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمانی پێ‌ كردوین وەك ئەفەرموێت : (صلی صلاە مودع ). واتە : كەنوێژ دەكەیت باوەكونوێژی ماڵئاوایی كەرێك بێت كە دوای ئەو نوێژە بمرێت)
جابرای موسڵمان ئێستا خۆت دواڕۆژی نوێژگەر و نوێژنەگەرت زانی خۆت بڕیار بدەو ئۆباڵت لەڕۆژی دوایی بەئەستۆی خۆت

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ