بەشی پێنجەم:خیلافەتی ئەمیری ئیمانداران حەسەنی كوڕی عەلی رضي الله عنه
بەروار: 2011/10/30سەردارن: 4056نوسەر: عثمان الخميس /وەرگێڕانى:علی خان

بەشی پێنجەم:خیلافەتی ئەمیری ئیمانداران حەسەنی كوڕی عەلی رضي الله عنه لەساڵی 40بۆ 41ك
باسی یەكەم حەسەنی كوڕی عەلی رضي الله عنه لە چەند دێڕێكدا:
* خێزانەكانی :
1. خەولەی كچی مەنزور.
2. ئوم بیشری كچی ئەبو مەسعود.
3. ئوم ئیسحاقی كچی تەڵحەی كوڕی عوبەیدوڵڵا.
وە بەناوبانگە كە حەسەن زۆرێكی خواستووە و زۆرێكیشی تەڵاق داوە.
* مندالەَكانی :
كوڕەكان: حەسەن - زەید - تەڵحە - حوسەین - عەبدوڵڵا - ئەبوبەكر - عەبدولڕەحمان - القاسم - عەمر - موحەممەد.
كچەكان: ئوم حەسەن - ئوم عەبدوڵڵا.
* فەزڵەكانی :
لە ئەبی بەكرەوە ئەڵێ: (گوێم لە پەیامبەری خوا بوو صلى الله عليه وسلم لە سەر مینبەرەوە، حەسەن لە تەنیشتیەوە بوو، جارێك تەماشای خەڵكەكەی دەكرد و جارێك تەماشای حەسەن، دەیفەرموو: ( ئەم كوڕەم گەورە و بەڕێزە، بەڵكو خوا بیكاتە هۆی ئاشتەوایی نێوان دوو كۆمەڵی موسڵمانان ). (1)
لە ئوسامەی كوڕی زەیدەوە، كەوا پەیامبەر صلى الله عليه وسلم  خۆی وحەسەنی دەگرت ودەیفەرموو: (ئەی خودایە من خۆشیانم دەوێ‌، خودایە خۆشیانت بوێ) (2)
لە عوقبەی كوڕی حارسەوە ئەڵێ: ئەبو بەكرم بینی، حەسەنی لە ئامێز بوو و دەیووت: باوكم بە قوربانی بێ، شێوەی هەر لە پەیامبەر دەچێ و لە عەلی ناچێ، عەلیش پێدەكەنی). (3)
* وەفاتی:
لە ماوەی خیلافەتی موعاویەدا بوو لە ساڵی 49 ك حەسەنی كوڕی عەلی رضي الله عنه وەفاتی كرد.
عومەیری كوڕی ئیسحاق ئەڵێ: من و برادەرێكم چووین بۆ لای حەسەنی كوڕی عەلی سەردانێكی بكەین، بە هاوڕێكەم وتی: ئەی فڵان كەس بپرسیارم لێبكە؟
ئەویش پێی ووت: هیچت لێناپرسم. پاشان هەستا و ڕۆیشتە ژورەكەیەوە و دیسانەوە هاتە دەرێ‌ و وتی: ئەی فڵان كەس، پرسیارم لێبكە پێش ئەوەی ڕۆژێك بێت نەبم تا لێم بپرسی، دە بە خوا وە چەند جار ژەهر خۆر كراوم، بەڵام وەكو ئەمە كاری تێنەكردووم، لێم بپرسە.
ئەویش وتی: هیچت لێناپرسم، إن شا‌ء الله خوا شیفات دەدات، (ئەوجا پرسیارت لێ دەكەین)
دوایی هەستاین و بەیانییەكەی سەردانیم كرد، بینیم لە سەرەمەرگدایە، حوسێن هاتە لای سەری و دانیشت، وتی: برام، پێم بڵێ‌: كێ بە خواردی دای؟
وتی: بۆ؟ دەیكوژی؟
وتی: بەڵێ.
ئەویش وتی: پێت ناڵێم، ئەگەر ئەوە بێت كە خۆم ئەیناسم ئەوە خوای گەورە تۆڵەی سەختترە، گەرنا سوێند بەخوا هەرگیز ڕێگا نادەم بێ تاوانێك لە جیاتیم بكوژرێت. (4)
گوتراویشە: ئەوەی كە ژەهرەكەی پێداوە، خێزانەكەی خۆی بووە (جەعدەی كچی ئەشعەس )بەڵام ئیسپات نەبووە.
زەهەبی ئەڵێ: (ئەمە شتێكی ڕاست نییە، ئەمە كێ‌ بینی؟). (5)
ئیبن كەسیر ئەڵێ: (بەڕای منیش ئەمە شتێكی ڕاست نییە). (6)
باسی دووەم :بەیعەتدان بە حەسەنی كوڕی عەلی رضي الله عنه
دوای كوشتنی عەلی رضي الله عنه خەڵكی كوفە بەیعەتیان دا بە حەسەنی كوڕی عەلی، پاش تەواو بوونی بەیعەتەكە ڕۆیشت بەرەو شام، چونكە تا ئێستا نەهاتوونەتە ژێر گوێڕایەڵی عەلی كوڕی ئەبو تالیبەوە.
* حەسەنی كوڕی عەلی صوڵح لەگەڵ موعاویەدا دەكات و موسوڵمانان كۆدەكاتەوە :
حەسەنی كوڕی عەلی كەوتەڕێ بەڵام بە نیەتی ئاشتیەوە، حەزی لە جەنگ نەبوو، تەنانەت حەسەن بە دەرچونی باوكیشی بۆ كوشتاری خەڵكی شام ڕازی نەبوو. (7)
لە نیشانەكانی ئارەزوی صوڵحكردنی ئەوەبوو، هەستا بە لابردنی قەیسی كوڕی سەعدی كوڕی عوبادە لە سەركردایەتی و دانانی عەبدوڵڵای كوڕی عەبباسب وەكو سەركردە. (8)
لە حەسەنی بەسریەوە ئەڵێ: كاتێك كە حەسەنی كوڕی عەلی بە سوپاكەوە چوو بۆ لای موعاویە، عەمری كوڕی عاص بە موعاویەی ووت: من سوپایەك دەبینم پشت هەڵناكات تا دوا دنكی نەبڕێتەوە.
حەسەنی بەسری ئەڵێ: وە گوێم لە ئەبو بەكرە بوو ئەیووت: لەو كاتەی كە پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم وتاری دەدا، حەسەن هات، پەیامبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی: ئەم كوڕەم گەورە و بەڕێزە، بەڵكو خوا بیكاتە هۆی ئاشتەوای نێوان دوو كۆمەڵی موسڵمانان. (9)
هەروەها لە زوهریەوە دەڵێ: موعاویە تۆمار (سجل) ێكی نارد بۆ حەسەن و كۆتاییەكەشی مۆر كردبوو، هەرچی تێدا دەنوسی بنوسە ئەوە بۆ تۆیە، عەمری كوڕی عاص وتی: نا لەگەڵیدا دەجەنگین، موعاویە وتی: (جا زوهری ئەڵێ موعاویە لە عەمر باشتر بووە): لەسەر خۆبە ئەی ئەبو عەبدوڵڵا، تۆ لە كوشتاری ئەمانە نابیتەوە هەتا بە ژمارەی ئەمانە لە خەڵكی شام نەكوژرێت، ئیتر دوای ئەو هەموو كوشتارە خێر وخۆشی دونیا كوا؟
دە بە خوا ئە من هەرگیز ناجەنگم مەگەر ڕێگە چارەیەكم نەمێنێ‌ و مەجبوربم.
موعاویە و حەسەن گەیشتنە یەك، حەسەنی كوڕی عەلی ڕەزای خوای لێ بێ وازی لە خیلافەت هێنا بۆ موعاویە، ئیتر موعاویە بوو بە ئەمیری ئیمانداران، ئەم ساڵەش ناونرا بەساڵی كۆمەڵ (الجماعە).

=================================
1- البخارى: كتاب فضائل الصحابة، باب فضائل الحسن و الحسين (2746). وانظر (البدايةوالنهاية) (7/245).
2- صحيح البخارى: كتاب فضائل الصحابة، باب ذكر أسامة (3735).
3- صحيح البخارى: كتاب فضائل الصحابة، باب مناقب الحسن و الحسين حديث (3750) وفي باب صفة النبي صلى الله عليه وسلم (3542).
4- (الطبقات الكبرى) (ص 335 رقم 294) الطبقة الخامسة من الصحابة تحقيق محمد بن صامل السلمي.
5- (تاريخ الاسلام) - عهد معاوية - (ص 40).
6- (البداية و النهاية) (8/44).
7- (مصنف عبدالرزاق) (5/462).
8- (فتح الباري) (13/67).
9- أخرجه البخارى - كتاب فضائل الصحابة - باب مناقب الحسن و الحسين، حديث (2746).