هاوسەرگیری لە تەمەنێكی كەمدا
بەروار: 2011/11/10سەردارن: 4394نوسەر: و/ إدريس محمود

زۆرگرنگە بەگەنج بڵێین: زوو ژن بهێنە و هەوڵ بدە دایك وباوكت قەناعەت پێ‌ بكەیت بۆ ئەوەی خۆت لە تاوان بپارێزیت و پارێزگاری لە دین و نەفس وتەندروستی و بیروباوەڕت بكەیت، كەسی خاوەن دین هەڵبژێرە و لە بەرپرسیارێتی یان تەڵاقی خێرا یان هاوشێوەی ئەوە لە چەمكە گومڕاكەرەكان مەترسە كە دەیخوێنینەوە ودەیبیستین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە لە وەسائیلە جیاوازەكانەوە دزەیان كردووە بۆ ناو موسوڵمانان بەهۆی دوركەوتنەوەیان لەخوا ولاوازی باوەڕیانەوە .
وە دووربكەوە .....دووربكەوە ..... دووربكەوە لەهەڵبژاردنی ئافرەتی دانەپۆشراو وسفور كە بانگەشەی ئازادی خوازی بكات، ئەو ئافرەتەی كە بە دوای ماڵ و ئۆتۆمبێل ومۆدەدا دەگەڕێت، و ڕكابەرایەتی هاوڕێ‌ كچەكانی دەكات .
وە بە كچی موسوڵمانیش دەڵێین: دووربكەوە لەهەڵبژاردنی مێردێك كە نوێژە جەماعەتەكانی بفەوتێنێت و بەئاشكرا تاوان وسەرپێچی وخراپەكاری ئەنجام بدات و كەمتەرخەم بێت لەعیبادەتەكانیدا ، وە مێردكردن بە پیاوی چاك ڕەت مەكەرەوە ئەگەر تەمەنیشت كەم بێت بە بیانووی تەواوكردنی خوێندن یان جگە لەوە ، وە دوای ئەو پڕووپاگەندانە مەكەوە كە بانگەشەی سەربەخۆبوون و ئازاد بوون و سفوری و ڕووتی ئافرەتان دەكەن، هەموو ئەو جۆرە ئافرەت و پیاو خراپانەی باسمان كرد كەسانێك نین دڵنیابین لێیان ئەمانەتی ماڵ و ئابڕو و منداڵ هەڵبگرن، بەڵكو لەوانەیە ناپاكی بكەن یان جیابنەوە یان توشی بێزاری و تۆڵەسەندنەوە لە یەكترببن و بكەونە چەندین تاوانی خراپی وەكو زینا یان هەوڵدان بۆ زینا . دایك و باوكت قەناعەت پێ‌ بكە ، وە خۆت بە شێوەیەك ڕەفتار جوان بكە دایك و باوكت ئەوەت لێ‌ ڕاببینن كە دەتوانی ژیانی هاوسەرێتی پێكەوە بنێیت .
ژن بهێنە پێش ئەوەی لەلای خێزانەكەتدا دابنیشیت و نەتوانیت بەشێوەیەكی شەرعی لەگەڵیدا جووتبیت، هەرچەندە حەزیشت لێی بێت ئەوكاتەش بێبەش بیت لە پاداشت و چێژو خۆشی .
وە پێویستە لەسەر باوكان ودایكان لە خوا بترسن و ڕەچاوی حاڵی لاوان بكەن ئەوەش بەكەم كردنەوەی مارەیی و یارمەتی دانی لاوان لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەدا كە دەتوانرێت بەچەند ڕێگایەك بە دی بهێنرێت ئەوەش بە كۆكردنەوە و پاشەكەوت كردنی ئەو پارە وسامانەی كە لەشتی پڕوپووچدا یان شتی كەمالیدا سەرف دەكرێت وەكو ئۆتۆمبێلی گرانبەها وسەفەركردن بۆ دەرەوە......جگە لەوەش، با ئەو پارانە پاشەكەوت بكەن لە پێناوی یارمەتیدانی لاوان بۆ ژن هێنان ئەمەش پاش ئەوەی كە كوڕەكەت دەگاتە ئەو ڕادەیەی بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و مامەڵەی ڕاست ودروست لەگەڵ ژیاندا بكات، ئەمە بۆ كەسێك دەبێت كە پارەدار بێت بەڵام ئەگەر دەست كورت و هەژاربوون ئەوە با بەدوای خێزانێكی بەڕێزدا بگەڕێت كە پیاوی چاك دەكڕێت و لایان گرنگ نیە ڕێژەی ئەو مارەییەی بەكچەكەیان دەدرێت چەندە.
وەبە دایكان وباوكان دەڵێین: ئەوانەی كە ووتمان ئەنجامی بدەن پێش ئەوەی ببن بە هۆكارێك لە پاڵنانی كوڕ وكچەكانتان بۆ حەرام وخراپەكاری وە بۆ ئەو گەنجەی كە دەیەوێت زوو ژن بهێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە تاوان بپارێزیت مژدە ومزگێنییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((ثلاثة حق على الله عونهم: ... والناكح الذي يريد العفاف..))رواه الترمذي والنسائي. واتە : (سێ‌ كەس (كۆمەڵ )هەن حەقە لەسەر خوای گەورە یارمەتییان بدات(*) .... یەكێك لەوانە گەنجێكە كە بیەوێت ژن بهێنێت لە پێناوی خۆ پاراستن لە تاوان ) .
بێگومان ژن هێنان یان شووكردن بەهێزترین هۆكارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەهوەت و ئارەزووەكان .
======================
(*)ئەم حەقە خوای گەورە خۆی پێویستی كردووە لەسەر خۆی.