دیدارى ڕۆژنامه‌ى ئاوێنه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مامۆستا خلیل أحمد
بەروار: 2010/03/09سەردارن: 3068

ئاوێنه : بەڕێزتان كە كەسێكی هەڵسوڕاوی رەوتی سەلەفی لاحیزبین لەكوردستان، بەشداریكردن لەدەنگدان‌و هەڵبژاردن چەند بەرەوا‌و شەرعی دەزانن لەروانگەی بیری سەلەفییەتەوە.
مامۆستا خلیل أحمد:

بسم الله الرحمن الرحیم
بیروبۆچونی سەلەفیەكان بۆ سیستمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەقاودەق بریتیە لە سیستمی ئاینی ئیسلام بێ زیاد و كەم كە بریتیە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی حوكم لە لایەن ئەهلی (حَلُّ و عقد)ەوە واتە : ئەم دەزگایە متمانە دەبەخشێت بە پاڵێوراوانی خۆی نەك هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە چونكە ستەمە دەنگی كەسێكی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و ژیر لەگەڵ كەسێكی نەزان و ناژیر و تریاكی چۆن یەك حسابیان بۆ بكرێت هەروەها چۆن دەبێ كەسێكی ستەمكار و دوژمن بە خاك و گەل و ئاین وەك كەسێكی دادپەروەر دروست دابنرێت ، بۆیە سەلەفیەكان تەنها بە حوكمی ئیسلام ڕازی دەبن بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لەبەچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئاین و گەل و نیشتمانمان وە لەبەر زەرورەتی ئەوەی پەرلەمان چۆڵنەكرێت بۆ دوژمنانی ئاین و گەلەكەمان بە ڕەواو گرنگی دەزانك میللەتی ئێمەش نوێنەرانی خۆیان لەپەرلەمانی عێراقدا هەبێت بەبەڵگەی (در‌ء المفاسد أولی من جلب المنافع) وە (الضرورات تبیح المحضورات) .
ئاوێنه : لەهەڵبژاردنێكی وەك ئەوەی پەرلەمانی عێراقدا ئێوە هەوادار‌و خەڵكانی پەیوەست بەبیری سەلەفی چۆن رێنوێنی دەكەن؟ ئایا هەڵوێستێكی گشتگیر‌و یەكلاكەرەوەتان هەیە یان خۆیان سەرپشك دەكەن؟
مامۆستا خلیل أحمد: بەڕاستی ئێمە زۆر دڵخۆش و دڵگەرم نین چونكە هیچ لایەنێك لە بەشداربوان گەرەنتی پاراستنی حوكمی شەرع و دادگەری كۆمەڵایەتی بە ئێمە و خەڵكی كوردستان لە ڕێگەی بۆ نموونە یەكێتی زانایانەوە نەداوە تا سەلەفیەكان دەنگی خۆیان تایبەت كەن بۆ ئەو لایەنە ، ئەوەندە هەیە ئێمە بە گشتی ئەڵێین كێ ئەمڕۆ دەتوانین لەبەرامبەر ناحەزان بە میللەت و ئاین و ئایندەی گەلەكەمان بوەستێت لەپەرلەمانی عێراقدا دەنگ بەوە بدەن .
ئاوێنه : وەك زانراوە ئێوە حیزبایەتی لەكاری ئیسلامیدا بەناشەرعی دەدەن قەڵەم، بەڵام بەمدواییانە تەنها لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیدا پێكدا هەڵپژان. بۆچی تەنها كۆمەڵ؟ لەكاتێكدا بزوتنەوە‌و یەكگرتووش لەگۆڕەپانەكەدان؟
مامۆستا خلیل أحمد: بەڵێ حزبایەتی بەحەرام و كوشندە دەزانین چونكە خۆ بچوككردنەوەیە و بریتیە لە خۆپەستی و خزمەتكردنی بەرژەوەندییە تەسكەكان وە وەلانانی بیروباوەڕ ، ئەنجا هەڵپژان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بەگشتی نەبووە بەڵكو لەگەڵ ڕەوتێكی نامۆ بە سیاسەت و خۆنەناسیو لە نێو كۆمەڵدا كە بەڕەوا نابینن تاكی موسڵمان حیزبایەتی نەكات و نكۆڵی بكات لە حیزبایەتی كردن .
ئاوێنه : یەكێك لەپاڵێوراوەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، لەسلێمانی (م. عومەر چنگیانی) پێشتر لەنێو رەوتی سەلەفیدا چالاك بووە‌و ئێستاش هەوڵ دەدات بڕێك لەو پێگەیەی لای خوێندكارە پێشووەكانی بەدەست بهێنێتەوە، ئێوە هیچ ئاگاتان لەمە هەیە؟ چ هەڵوێستێكتان لەو هەیە وەك كەسێك كە رابردووتان لەگەڵیدا هەیە؟ ئایا راستە دەڵێن بڕێك لەسەلەفییەكان دەنگی پێ دەدەن چونكە پێشتر مامۆستایان بووە؟
مامۆستا خلیل أحمد: ڕاستە م. عمر چنگیانی پێشتر لە نێو ڕەوتی سەلەفی بووە بەڵام نەمانبیستووە ئەو هەوڵە بدات ، وە هەڵوێستمان ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی خۆی وە نەمبیستووە سەلەفیەكان دەنگی پێ دەدەن یان ئەو هەوڵی ئەوە بدات .
ئاوێنه : حیزبە ئیسلامییەكان گلەیی ئەوەتان لێ دەكەن كە ئەوەندە زمانتان توندە بەرانبەر ئەوان بۆ پارتی‌و یەكێتی‌و عەلمانییەكان وەهانین، ئەمە تاچەند راستە؟ بەوە تۆمەتبارتان دەكەن كە دەنگتان لەبادینان بۆ پارتی‌و هەندێك جێگای سلێمانیش بۆ لایەنیترە، وەڵامتان؟
مامۆستا خلیل أحمد: حیزبە ئیسلامیەكان جیاوازن لە عەلمانیەكان چونكە كۆمەڵی یەكەم بانگەشەی ئیسلام دەكەن وە لەو میانەیەدا چەندین شتی نا ئیسلامی بە ئیسلام دەناسێنن بەخەڵك جا لەبەر ئەوەی خودی ئاینی ئیسلام بپارێزرێت لەو داهێنراوانە سەلەفیەكان ڕونكردنەوە و هۆشیاری دەدەن و مەبەستیش ئەوە نیە هێرش بكەنە سەر ئیسلامیەكان بەڵكو ڕاستكردنەوە و تەواو كردنەوە وە هەر نەقدێكی ڕوخێنەر هەبێت ئێمە پێی ڕازی نین وە عەلمانیەكان هەرچەندە ئێمە بە عەلمانیەت ڕازی نین بەڵام چەند حیزبێكی عەلمانی دەسەڵاتیان بەدەستە و زۆرینەی خەڵكی موسڵمانیش شوێن كەوتووی ئەوانن وە ئێمەی سەلەفی یەكێك لە دروشمە زەقەكانمان ئەوەیە خەڵكی لە دەسەڵاتداران هاننادەین بە تایبەت لە وڵاتانی ئیسلامیدا وە كوردستانیش بە یەكێك لە كرۆكی وڵاتانی ئیسلامی دەزانین ، وە بێ دەنگ نابین لە كوفر و بێ باوەڕی و كاری حەرام بە بێ جیاوازی وە بەئەركی خۆمانی دەزانین ، وە دەنگ دان بە پارتی یان لایەنی تر ئەگەر بو بێت بەهەڵسەنگاندنی شەخسەكان كەوتووە ئەگینا نە ئاڕاستەیەكی گشتی یە لە لایەن مامۆستایانی سەلەفیەوە وە نەفشاریشە لە لایەن حیزبە عەلمانیەكانەوە ، وە سەلەفیەكان جوامێر و بوێرن وە دڵسۆزن بە تێكڕای خەڵكی كوردستان و نیشتمانەكەیان .
ئاوێنه : ئێوە چۆن دەڕواننە بەكارهێنانی ئاین لەهەڵمەتی بانگەشە‌و چۆن ئەوە دەبینن كە هەموو لیستەكان بەئیسلامی‌و عەلمانییەوە هەوڵ دەدەن سود لەئاین وەرگرن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ.
مامۆستا خلیل أحمد: ئاینی ئیسلام ئامانجە نەك دەستەواژە بۆیە نابێت تەنها بۆ ئەو مەبەستە بەكار بهێنرێت بەڵكو لەسەر هەمووان پێویستە كار بە ئیسلام بكەن نەك ئیسلام بۆ كاری خۆیان بەكار بهێنن .