ترسی نهێنی بە ئیعتیقادەوە لەغەیری خوا
بەروار: 2011/12/07سەردارن: 2961نوسەر: د. عبد اللطيف أحمد مصطفى

جۆری پێنجەمی شەریك بۆ خوا دانان لە پەرستندا:
ترسانێكی نهێنی بە ئیعتیقادەوە لەغەیری خوا
ترسان چەند جۆرێكی هەیە:
(1) ترسانێك كە لە بیروباوەڕ و ئیعتیقادی دڵەوە دروست بووە لە یەكێك كە زۆر بە گەورەو خاوەن دەسەڵات دادەنرێت و ئیعتیقادی ئەوەی پێ‌ دەبرێت كە توانای هێنانی خێر و لادانی شەڕی هەیە؛ جا لەبەر ئەوە مرۆڤ لێی بترسێت و زەلیل و ملكەچی بێت وخۆ پارێزی بكات لەوشتانەی كە وادەزانێ‌ ئەو پێی ناخۆشە، وەهەروەها ترسە ئیعتیقادییەكە وای لێبكات لێی نزیك بێتەوە بەهەر شێوەیەك كەوادەزانێ‌ ئەو پێی خۆشە، وەك خێرو نەزر بۆ كردن و حەیوان بۆ سەربڕین و سوێند پێ‌ خواردنی، لەبەر بەگەورە و پیرۆز دانانی. وەهۆی ئەم بەگەورە دانان و لێ ترسانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئیعتیقادبون بە دەسەڵات بونی بەسەر هێنانی خێر و لادانی شەڕ،بێ‌ ئەوەی هۆی ترسانەكە بەرجەستەو هەست پێ‌ كراوو بەرچاویش بێت.
ئەم جۆرەترسە لە عیبادەتە هەرە گەورەكانی دڵە، لەبەر ئەوە پێویستە تەنها بۆ خوا بێت. واتە تەنها لە خوا بترسین ترسانێك كە لە ئعتیقادەوە دروست بووبێت بەوەی كە خوای پەروەردگار زۆر بەتواناو تۆڵەیەو سەرپێچی كردنی دەبێتە هۆی سزای توندی بێ‌ وێنە. وەئەو ترسە لە الله عیبادەتێكی زۆر گەورەیە بۆی؛ چونكە دەبێتە هۆی خۆپارێزی كردن لە توڕەیی خواو سەرپێچی كردنی فەرمانەكانی و دۆزەخەكەی.. وە خوای گەورە فەرمانی پێكردوین تەنها لەو بترسین : [وَقَالَ اللَّهُ لا تَتَّخِذُوا إِلَهَيْنِ اثْنَيْنِ إِنَّمَا هُوَ إِلَهٌ وَاحِدٌ فَإِيَّايَ فَارْهَبُونِ] (النحل: من الآية51).
وە مەدحی ئەو بەندانەی دەكا كەلەو دەترسن: [ إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَباً وَرَهَباً وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ](الأنبياء:90).
[يَخَافُونَ رَبَّهُمْ مِنْ فَوْقِهِمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ] (النحل:50).
بەڵام كە ئەم جۆرە ترسە نهێنییە ئیعتیقادیە لە غەیری خوا هەبوو، ئەوە شیركی گەورەیە هەروەك موشریكەكانی كۆن و نەفامانی ئەم سەردەمەش،لە ئەولیاو هەندێ‌ قەبر دەترسن، چونكە ئیعتیقادیان وایە كە ئەو شێخ و ئەولیایانە توانای ئازارو زیان پێ‌ گەیاندیان هەیە وەك دەبیستین دەڵێن هەركەسێك درەختی وشكیش ببڕێت لەسەر گۆڕی فڵان پیاوچاكە ئەوە (دەیهەنگێوێت)، واتە زەرەری لێ‌ دەدات وتوشی بەڵاو موسیبەتی دەكات.
وەهەروەها بەردو دارو پەڕۆی سەر گۆڕەكەشی بە گەورە دادەنێن و ترسێكی نهێنیان لێیان هەیە لە قوڵایی دڵەوە.
وە دەوێرن سوێندی نابەحەقیش بخۆن بەخوا، بەڵام بەسەری شێخ یا قەبری شێخ ناتوانن سوێند بخۆن، چونكە لەو زیاتر دەترسن وەك لەخوا لە ڕاستیدا !، ئەم ترسەش شیركە چونكە خوا فەرمانی كردووە بەبونی ئەو ترسە لەو بەتەنها (وە هەر شتێكیش ئەو (سبحانه وتعالى) فەرمانی پێكردبێت و پێی خۆش بێت، ئەوە عیبادەتەو حەقە تەنها بۆ ئەو (سبحانه وتعالى) بكرێت، وە لادانی بۆ غەیری الله شیركە) وەهەروەها ئەو ترسە دەبێتە ڕێگری عەبد لە سەرپێچی كردنی فەرمانەكانی الله.
وە پەروەردگار لە قورئاندا باسی كردوە كە موشریكەكان هەوڵیان دەدا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بترسێنن لەپەرستراوە درۆیینەكانیان كە خۆیان لێیان دەترسان.
 [أَلَيْسَ اللَّهُ بِكَافٍ عَبْدَهُ وَيُخَوِّفُونَكَ بِالَّذِينَ مِنْ  دُونِهِ وَمَنْ يُضْلِلِ اللَّهُ فَمَا لَهُ مِنْ هَادٍ] (الزمر:36)
وە لە كۆنیشدا (عاد)ی قەومی هود ئیعتیقادیان وابو كە پەرستراوەكانیان لە هود توڕەبوون و تێكیان داوەو دەستیان لێ‌ وەشاندووە، لەسزای ئەوەی هود خەڵكی لەو پەرستراوانە (الآلهة) دور دەخستەوەو بانگی دەكردن بۆ پەرستنی الله بەتەنها. وەك پەروەردگار فەرمویەتی : [إِنْ نَقُولُ إِلَّا اعْتَرَاكَ بَعْضُ آلِهَتِنَا بِسُوءٍ قَالَ إِنِّي أُشْهِدُ اللَّهَ وَاشْهَدُوا أَنِّي بَرِيءٌ مِمَّا تُشْرِكُونَ] (هود:54). واتە: ئەی هود ئالیهەتەكانی ئێمە تۆڵەیان لێ‌ سەندیتەوەو شێتیان كردوی!
بەڵام هود فەرمووی من خوای گەورە دەكەمە شاهید وەئێوەش ببن بەشاهید كە من بەریم لەو پەرستراوانەی كەكردوتانە شەریكی الله، وەلەهیچیشیان ناترسم؛ لەبەر ئەوە بێ منەت بن چیتان پێ‌ دەكرێت بیكەن من پشتیوانم بەپەروەردگارمە.
وە شەیطان هەوڵی ئەوەدەدات ئەم جۆرە ترسە بخاتە دڵی موسڵمانانەوە و وایان لێ‌ بكات لەغەیری خوا لە پیاوچاكان و شتی وەهمی بترسن و ترسەكەیان تەنهالە
خوا نەبێت. وەك پەروەردگار فەرمویەتی: [إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ] (آل عمران:175). واتە شەیتان دەتان ترسێنێ‌ لە غەیری خوا لە دۆستەكانی!، دەی مەترسن لەوانە بەڵكو تەنها لە خوا بترسن، ئەگەر ئێوە بڕوا دارن !. كەواتە لەو ئایەتە پیرۆزەدا دەركەوت كە نابێت لە غەیری خوا ئەم جۆرە ترسە شاراوە ئیعتیقادییەمان هەبێت ئەگەر ئیماندار بین. وەلە ئایەتی تریشدا ئەو ترسەی لێ حەرام كردوین وەك: [ فَلا تَخشَوْهُمْ وَاخْشَوْنِ ] (المائدة: من الآية3).
(2) ترسی سروشتی: وەك لەشێر یا لەمار یا لەزاڵمێكی دەسەڵاتدار بترسیت؛ ئەو جۆرە ترسە شیرك نییەو سروشتییە چونكە ترسێكی نهێنی ئیعتیقادی نیە بەڵكو هۆی ترسانەكە بەرجەستەو هەست پێ‌ كراوو بەرچاوە. وەگوناهیشی نییە ئەگەر نەبێتە هۆی وازهێنانی واجب یا كردنی حەرام؛ بۆ نمونە كاتێك پەروەردگار فەرمانیكرد بە موسا و هارونی برای كە بچن بۆ لای فیرعەونی زاڵم و طاغوت، هەردوكیان ترسان و وتیان :  [قَالا رَبَّنَا إِنَّنَا نَخَافُ أَنْ يَفْرُطَ عَلَيْنَا أَوْ أَنْ يَطْغَى] (طـه:45). واتە: ئێمە دەترسین دەست درێژیمان بكاتە سەر، یاخود یاخی بێت لە حەق!. بەڵام لەگەڵ ئەو مەترسییەش فەرمانی پەروەردگاریان هەر بەجێ‌ گەیاندوو ترسەكە نەبوە هۆی كەمتەرخەمی گوناهباری.
كەواتە پێویستە موسڵمانان بەگشتی و بانگەوازیكارانی ڕێگای ڕاستیش بەتایبەتی ترسی ستەمكاران نەبێتە ڕێگری پابەند بونیان بەدینی الله وبانگەوازی بۆ ڕێبازە ڕاستەكەی. ئەگینا گوناهبار دەبن و پەروەردگار لێیان دەڕەنجێت و پشتیان تێ‌ دەكات!، كەواتە پێویستە لەسیفەتی ترسنۆكی خۆمان بپارێزین وە دینی الله ڕابگەیەنین و لەخوا نەبێت لەكەس نەترسین، بۆ ئەوەی لەو كەسانە بین كە پەروەردگار لەم ئایەتانەدا مەدحی كردون :
 [الَّذِينَ يُبَلِّغُونَ رِسَالاتِ اللَّهِ وَيَخْشَوْنَهُ وَلا يَخْشَوْنَ أَحَداً إِلَّا اللَّهَ وَكَفَى بِاللَّهِ حَسِيباً] (الأحزاب:39.)
[ وَلا يَخَافُونَ لَوْمَةَ لائِمٍ ](المائدة:54) [إِنَّمَا يَعْمُرُ مَسَاجِدَ اللَّهِ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَأَقَامَ الصَّلاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَلَمْ يَخْشَ إِلَّا اللَّهَ فَعَسَى أُولَئِكَ أَنْ يَكُونُوا مِنَ الْمُهْتَدِينَ](التوبة:18)