شیرك لە ئیعتیمادكردنە سەر و پشت پێ‌ بەستندا
بەروار: 2011/12/19سەردارن: 3063نوسەر: د. عبد اللطيف أحمد مصطفى

[جۆری شەشەمی شەریك بۆ خوا دانان لە پەرستندا:شیرك لە ئیعتیمادكردنە سەرو، پشت پێ‌ بەستندا]
پێویستە مرۆڤ بۆ دابین كردنی خۆشی و لادانی ناخۆشی پشت ببەستێت بەو پەروەردگارە هەردەم زیندووەی كە نامرێ‌: [وَتَوَكَّلْ عَلَى الْحَيِّ الَّذِي لا يَمُوت] (الفرقان:58).
وەبەتوانایە لەسەر هەموو شتێك :[وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ] (الأنعام: 102)
بەڵام غەیری خوا قابلیەت و توانای ئەوەی نی یە كە پشتی پێ‌ ببەسترێت و ئیعتیمادی بخرێتە سەرو هیوات پێی بێت كە خۆشیت بۆ دابین بكات و ناخۆشیت لەسەر لاببات. لەبەر ئەوە پەروەردگار فەرمانی كردووە بە پشت بەستن تەنها بەخۆی : [وعلى الله فليتوكل المتوكلون](إبراهيم:12). . واتە تەنها بەخوا پشت ببەستن.
(وە هەر شتێكیش ئەو (سبحانه و تعالی) فەرمانی كردبێت بە ئەنجامدانی و پێی خۆش بێت ئەوە عیبادەتەو حەقە تەنها بۆ ئەو (سبحانه و تعالی) بكرێت، وە لادانی بۆ غەیری الله شیركە).
وە ئیعتیماد خستنە سەر الله لە هەموو كارێكدا، لە گەورەترین جۆرەكانی عیبادەت كردنی دڵە بۆ الله. وە لەگەورەترین سیفاتە چاكەكانی بڕوادارە ڕاستەقینەكانە، كە (وعلی ربهم یتوكلون) وە بەبێ‌ ئیعتیماد خستنە سەر الله نە ئیماندارێتی هەیە نە ئیسلامەتی.
لەبەر ئەوە پەروەردگار پشت بەتەنها بەخوا بەستنی كردۆتە مەرجی ئیمان : [وَعَلَى اللَّهِ فَتَوَكَّلُوا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ](المائدة:23).واتە تەنها بە خوا پشت ببەستن ئەگەر ئێوە بڕوادارن.
كەواتە ئەگەر مرۆڤ پشتی بەخوا نەبەست ئەوە ئیمانی نییە. وەئەگەر پشت پێ‌ بەستنەكەی بەتەنها بە الله نەبوو بەڵكو ئیعتیمادی خستە سەر غەیری الله بۆ دابین كردنی سوودو لادانی زیانێكی وا كە لە توانای كەسدا نییە جگە لە الله.
وەك ئیعتیماد خستنە سەر ئەولییاو پیاو چاكی مردوو یا غایب، بۆ ئەوەی بیپارێزن و ڕزقی زۆر بكەن و شەفاعەتی بۆ بكەن،ئەوە ئیمانداری ڕاست نییەو شەریكی بۆ خوا داناوە شیركی گەورەیە پەنا بەخوا.
بەڵام ئەگەر هاتوو لە شتێكی دیاری لەتوانادابووی مرۆڤ، ئیعتیمادی خستەسەر كەسێكی زیندووی بەتوانا، ئەوەش هەر شیركە، چونكە ئیعتیمادی دڵی خستۆتە سەر غەیری الله ، وەئومێدو ڕەجای بە غەیری ئەو (سبحانه و تعالی) بووە. بەڵام شیركی بچووكە نەك گەورە.
تێبینی: پشت بەخوا بەستن بە تەنها ئەوە ناگەیەنێت كە هیچ وەسیلە و سەبەبێك نەگرینە دەست. بەڵكو پێویستە مرۆڤ سووربێت لەسەر بەكارهێنان و گرتنە دەستی هەر سەبەبێك كە سوودی تێدا دەبینرێت، بەڵام لە پاشانیش تەنها پشت بەخوا ببەستێ‌ نەك بە سەبەبەكانی وەك پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (احرص على ماينفعك واستعن بالله) صحيح مسلم 2664. واتە: سووربە لە بە دەست هێنانی هەرشتێك كە سوودت پێ‌ دەگەێنێت وەپشتیش تەنها بەخوا ببەستە و داوای یارمەتی تەنها لەو بكە سودت پێ‌ بگەیەنێت بە (سەبەبەكانت و سەبەبی تریش كە خۆی دەیزانێ‌ ).
وەخوای گەورە دەفەرموێت: [ فَاعْبُدْهُ وَتَوَكَّلْ عَلَيْه] (هود: 123). واتە : خوا بپەرستەو هەر عیبادەتێك كە نزیكت بكاتەوە لە بەهەشت بیكە، بەڵام نەكەی پشت بەعیبادەتەكەت ببەستیت و وابزانیت لە بەهای عیبادەتەكەت دەچیتە بەهەشت و عیبادەتەكەت بایی ئەوەیە!.
كەواتە وازهێنان لەئەسباب و هەوڵ و تێكۆشان بە بیانووی پشت بەخوا بەستنەوە، بێ‌ شەرعی‌و بێ‌ عەقڵییه.
وە لەبەرامبەریشدا زێدەڕەوی كردن لە ئەسبابداو ئیعتیماد خستنە سەریان جگە لەخوا شیركە. پەنا بەخوا.