بەشی حەوتەم:خیلافەتی یەزیدی كوڕی موعاویە لەساڵی 35 بۆ40 ك
بەروار: 2011/12/27سەردارن: 3163نوسەر: عثمان الخميس /وەرگێڕانى:علی خان

باسی یەكەم:بەیعەتدان بە یەزید و ڕەفزكردنەوەی لە لایەن حوسەینەوە

پاشان دەرچوونی لە مەككەوە بەرەو كوفە
لە ساڵی 60ی كۆچی و لە تەمەنی 34 ساڵیدا بەیعەت درا بە یەزیدی كوڕی موعاویە، بەڵام حوسەینی كوڕی عەلی و عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر بەیعەتیان پێنەدا، كاتێك داوایان لێكرا بەیعەت بدەن، عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر وتی: ئەم شەو بیرێكی لێدەكەمەوە و بەیانی ڕای خۆمتان پێ ئەڵێم، وتیان: باشە، ئیتر هەر كە شەو داهات لە مەدینەوە بەرەو مەككە هەڵهات و بەیعەتی نەدا.
كاتێك هاتن بۆ لای حوسەینی كوڕی عەلی، وتیان: بەیعەت بدە.
وتی: من بە نهێنی بەیعەت نادەم، بەڵكو بە ئاشكرا و بە پێش چاوی خەڵكیەوە بەیعەت ئەدەم.
وتیان: باشە، ئەویش هەر كە شەو هات، بە دوای عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیرەوە هەڵهات.

* خەڵكی عێڕاق نامە بۆ حوسەین دەنێرن :
گەیشتە خەڵكی عیراق كە حوسەین بەیعەتی بە یەزیدی كوڕی موعاویە نەداوە، ئەمانیش یەزیدی كوڕی موعاویەیان ناوێت، بەڵكو معاویەشیان ناوێت، تەنها عەلی و كوڕەكانی نەبێت -ڕەزای خوایان لێبێت- كەسیان ناوێت، ئەوە بوو هەر هەموویان نامەیان دەنارد بۆ حوسەینی كوڕی عەلی و تێیدا دەیان نوسی: ئێمە بەیعەتمان بە تۆ داوە و تۆ نەبێت كەسمان ناوێت و بەیعەتی یەزیدیش لە گەردنمان نەما بەیعەتەكەمان بۆتۆیە، ئیتر نوسراو و نامەكان ئەوەندە زۆر بوون گەیشتنە زیاتر لە پێنج سەد نامە، هەر هەمووی لە خەڵكی كوفەوە دەهات و داوایان لێدەكرد بێت بۆ لایان.

* حوسەین موسلیمی كوڕی عەقیل دەنێرێت :
بۆ ئەو مەبەستە حوسەینی كوڕی عەلی، كوڕی مامەكەی موسلیمی كوڕی عەقیلی كوڕی ئەبوتالبی نارد بۆ هێنانی هەواڵ و ڕاستی و ڕوونی مەسەلەكە، كە موسلیمی كوڕی عەقیل گەیشتە كوفە دەستی كرد بە پرسیار كردن، بۆی دەركەوت خەڵكی یەزیدیان ناوێ و حوسەینی كوڕی عەلیان دەوێت، دوایی لە ماڵەكەی هانیئی كوڕی عوروەدا مایەوە، ئیتر خەڵك كۆمەڵ كۆمەڵ و تاك تاك دەهاتن و بەیعەتیان دەدا بە موسلیمی كوڕی عەقیل لە جیاتی حوسەینی كوڕی عەلی ڕەزای خوا لە هەموویان بێت.
لەوكاتەدا نوعمانی كوڕی بەشیر ئەمیری كوفە بوو، هەركە هەواڵەكەی پێگەیشت، وا موسلیمی كوڕی عەقیل لە بن دەستیانە و خەڵك دێن و لە جیاتی حوسەین بەیعەتی پێ‌ دەدەن، وای پیشاندا كە هیچی نەبیستووە و پەی بەو باسە نەبردووە، كار گەیشتە ئەوەی هەندێك لەدەور و دەستەكەی چوون بۆلای یەزید و هەواڵەكەیان پێدا، كە خەڵك بەیعەت دەدەن بە موسلیم و نوعمانی كوڕی بەشیریش خۆی كەڕ كردووە.

* عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد دەكرێت بە ئەمیری كوفە :
بەوهۆیەوە یەزید فەرمانی دا نوعمانی كوڕی بەشیر لەسەر كار لاببرێت و عوبەیدوڵڵای زیادی كرد بە ئەمیری كوفە، خۆی ئەمیری بەسرە بوو كوفەشی خستە پاڵی تا ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، ئەوەبوو عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد لە شەودا گەیشتە كوفە و دەم و چاوی هەلپێچابوو، هەر كە بەلای خەڵكێكدا تێدەپەڕی و سەلامی لێدەكردن دەیانوت: وعلیك السلام، ئەی كچەزاكەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم، وایان دەزانی حوسەینە و بەنهێنی و دەم هەڵپێچراوی هاتووە، ئیتر عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد زانی مەسەلەكە جدیە و خەڵكیش چاوەڕێی حوسەینی كوڕی عەلی دەكەن، گەڕایەوە كۆشكەكەی، خزمەتكارێكی خۆی نارد بەڵكو هەوالێكی مەسەلەكە بێنێ و بزانێ سەر مەسەلەكە كێ بەڕێوەی دەبا؟
ئەویش ڕۆیشت بەو پێیەی كە ئەم پیاوە لە ناوچەی (حمص)ـەوە هاتووە و سێ هەزار دیناری پێیە بۆ یارمەتیدانی حوسەین رضي الله عنه، ئا بەو شێوەیە دەستی كرد بە پرسیاركردن تا ماڵەكەی هانیئی كوڕی عوروەیان پیشاندا، كە چووە ژورە موسلیمی كوڕی عەقیلی بینی و بەیعەتی پێدا و سێ هەزار دینارەكەشی پێدا، بەو شێوەیە چەند ڕۆژێك سەردانی كردن هەتا بە تەواوی زانی چیان بەدەستەوەیە، پاشان گەڕایەوە لای عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد و دەنگ و باسەكەی بۆ گێڕایەوە.

* دەرچوونی حوسەین رضي الله عنه بۆ كوفە :
دوای سەقامگیر بوونی بارودۆخەكە و بەیعەتدانی خەڵكێكی زۆر بە موسلیمی كوڕی عەقیل، ناردی بە دوای حوسەیندا كە بەڕێ بكەوە كاروبارەكە ئامادە باشە، ئەوەبوو حوسەینی كوڕی عەلی رضي الله عنه لە ڕۆژی تەرویەدا دەرچوو بەروە و كوفە، عوبەیدوڵڵاش بەو كارەی موسلیمی كوڕی عەقیلی زانی بوو بۆیە گوتی: هانیئی كوڕی عوروەم بۆ بێنن، ئەوانیش هێنایان و پرسیاری لێكرد:
موسلیمی كوڕی عەقیل لە كوێیە؟ وتی: نازانم.
ئەویش بانگی (مەعقەل)ی خزمەتكاری هانیئی كرد، كە هاتە ژورەوە، پێی وت: ئەمە دەناسی؟ وتی: بەڵێ، كە ناسیەوە پەشیمان بوویەوە و زانی مەسەلەكە فێڵی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد بووە، عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد پێی وت: موسلیمی كوڕی عەقیل لە كوێیە؟!
وتی: بەو خوایە ئەگەر لە ژێر پێكانم بێت بەرزی ناكەمەوە، كە وای ووت عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد پیای كێشا و فەرمانی دا زیندانی بكرێ.

* خەڵكی كوفە پشتی موسلیمی كوڕی عەقیل بەر دەدەن:
كە هەواڵەكە گەیشتە موسلیمی كوڕی عەقیل، بە چوار هەزار سەربازەوە لەگەڵ خەڵكی كوفەدا دەوری كۆشكەكەی عوبەیدوڵڵایاندا، جا لەوكاتەدا عوبەیدوڵڵا زۆرێك دەم سپیەكانی كوفەی لە لابوو، بۆیە پێی ووتن: ئەو خەڵكە لە موسلیمی كوڕی عەقیل پاشگەز بكەنەوە، بەڵێنی پارە و پوڵیشی پێدان و هەڕەشەی سوپای شامی لێكردن، ئەوەبوو ئەو دەم سپیانە دەستیانكرد بە هەڵگەڕانەوە و پاشگەز كردنەوەی خەڵك، ئیتر هەر دایكە و دەهات و كوڕەكەی خۆی ئەبردەوە، هەر پیاو و دەهات و براكەی خۆی ئەبردەوە، هەر سەرۆك خێڵە و دەهات و خەڵكی پاشگەز دەكردەوە، تا وای لێهات لە كۆی چوار هەزار كە لەگەڵی بوون، تەنها سی كەس مایەوە ! تەنانەت خۆری ئەو ڕۆژە ئاوا نەبوو موسلیمی كوڕی عەقیل تەنیا كەوت، خەڵك هەمووی ڕایكرد، وای لێهات بە ناو كۆڵانەكانی كوفەدا دەڕۆیشت نەیدەزانی بۆ كوێ بڕوات، تا دای لە دەرگای ماڵی ئافرەتێك لە خێڵی (كیندە) و پێی وت: ئاوم دەوێ؟ ئەویش پێی سەیر بوو، وتی: تۆ كێی؟ وتی: من موسلیمی كوڕی عەقیلم، هەواڵ و سەربوردەی خۆی بۆ گێرایەوە، كە خەڵك لێی هەڵگەڕاونەتەوە و سەریان نەخستووە و پشتیان داوەتە ئاوە و حوسەینیش وا لە هاتننە، چونكە ئەم ناردبویە شوێنیە كە بكەوێتەڕێ، ژنەكە بردیە ماڵەوە و خانوویەكی چەپیان هەبوو لەوێی دانا و ئاوی بۆ هێنا، بەڵام كوڕەكەی هەستا و ئیخباری كرد، شوێنەكەی ووت بە عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد، ئەویش هەفتا پیاوی بۆنارد و دەوری ماڵەكەیان گرت، هەندێك شەڕی لەگەڵ كردن بەڵام دواجار-دوای ئەوەی پەیمانی نەكوشتنی لێوەرگرتن [خۆی دا بەدەستەوە بردیان بۆ كۆشكی ئەمیر]، كە ڕۆیشتە ژورەوە، عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد هۆكاری ئەم خروجەی لێپرسی؟
وتی: بەیعەتێك لە گەردنماندایە بۆ حوسەینی كوڕی عەلی. ئەویش وتی: بۆ مەگەر بەیعەتێكی یەزید لە گەردنتدا نییە؟ پاشان وتی: دەتكوژم.
موسلیم وتی: ڕێگە بدە با وەسیەت بكەم. وتی: باشە وەسیەت بكە، چاوی گێڕا، عومەری كوڕی سەعدی كوڕی ئەبی وەقاصی بینی، پێی وت: تۆ نزیكترین كەسی منی كە بە خزمایەتی بە من دەگەی وەرە با وەسیەتێكت بۆ بكەم، بردیە سوچێكی ژورەكەوە و پێی ووت كە: كەسێك بنێرێت بۆلای حوسەین بەڵكو بگەڕێتەوە، عومەری كوڕی سەعدیش ڕاستەوخۆ پیاوێكی نارد كە بە حوسەین ڕابگەیەنێت كار لەكار ترازاوە و خەڵكی كوفە فێلێان لێكردووە.
موسلیم لەو كاتەدا ووتە بەنرخە بەناوبانگەكەی خۆی ووت: (بە خاوخێزانتەوە بگەڕێوە، خەڵكی كوفە فریوت نەدەن، لە ڕاستیدا خەڵكی كوفە درۆیان لەگەڵ تۆ ولەگەڵ منیش كرد، درۆزنیش خاوەن قسەی خۆی نییە ).
لە ڕۆژی عەرەفە موسلیمی كوڕی عەقیل كوژرا، حوسەینیش لە ڕۆژی تەرویەدا كەوتبووە ڕێ، كە دەكاتە ڕۆژێك پێش كوشتنی موسلیمی كوڕی عەقیل.

*بەرهەڵستی هاوەڵان لە دەرچوونەكەی حوسەین :
زۆرێك لە هاوەڵان هەوڵیاندا نەهێڵن حوسەینی كوڕی عەلی بڕوات، لەوانە: عەبدوڵڵای كوڕی عومەر، و عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس، و عەبدوڵڵای كوڕی عەمری كوڕی عاص، و ئەبو سەعیدی خودری، و عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر، و موحەممەدی كوڕی حەنەفیەی برای، هەموو ئەمانە كە زانیان حوسەین نیازی كوفەی هەیە ڕیگریان لێكرد، ئەمەش ووتەی هەندێكیانە:
1. عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس:
كە حوسەین ویستی بڕوات، عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس پێی وت: لەبەر ئەوە نەبێت خەڵك گاڵتەمان پێ بكات، بە توندی دەمگرتی و نەمدەهێشت بڕۆی( 1).
2. ئیبن عومەر:
شەعبی دەڵێ: ئیبن عومەر لە مەككەدا بوو هەواڵی پێگەیشت كەوا حوسەین وا بەرەو عێڕاق ڕۆیشتووە، بە دووری سێ ڕۆژە ڕێوە خۆی گەیاندە حوسەین، وتی :بۆ كوێ تەشریف ئەبەی؟
ئەویش وتی: بەرەو عێڕاق، پاشان نامەكانی خەڵكی عێڕاقی پیشاندا و وتی: ئەوە نامە و بەیعەتەكانیانە -(فریویان دابوو ڕەزای خوای لێبێ-. ئیبن عومەر وتی: مەڕۆ، حوسەین قایل نەبوو.
پاشان وتی: دەی فەرمودەیەكت بۆ دەگێڕمەوە، جوبڕەئیل هاتە لای پەیامبەر صلى الله عليه وسلم سەرپشكی كرد لە نێوان دونیا و ئاخیرەت، پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئاخیرەتی هەڵبژارد و دونیای نەویست، تۆش پارچە گۆشتێكی لەو ((إنك بضعة منه)، دە بەخوا هەرگیز كەستان ئەم كارە ناگرێتە دەست، خوای گەورەش ئەم كارەی لێ لانەداون مەگەر بۆ خێری خۆتان نەبێ، بەڵام هەر ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە، عەبدوڵڵا دەستی كردە ملی و گریا و پێی وت: (أستودعك الله من قتيل ).
3. عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیر:
بە حوسەینی وت: بۆ كوێ تەشریف ئەبەی؟ دەڕۆی بۆلای خەڵكانێك باوكتیان كوشت و دایان لە براكەت ! مەڕۆ( 2)، بەڵام حوسەین قایل نەبوو.
4. ئەبو سەعیدی خودری:
وتی: ئەی ئەبوعەبدوڵڵا من ئامۆژگاریت دەكەم و دڵم بۆت دەسوتێ، لە ڕاستیدا پێم گەیشتووە كەوا خەڵكانێك لە سەرخەرانی خۆتان لە كوفە داوات لێدەكەن بڕۆی بۆلایان، نەكەی بڕۆی، چونكە گوێم لە بابت بوو لە بارەی كوفەوە دەیوت: بەخوا بێزارم لێیان و ڕقم لێیانە، ئەوانیش لە من بێزارن و ڕقیان لێمە و هەرگیز وەفایان لێ نابینی وە هەركەس بەوان بباتەوە ئەوا بەشێكی دۆڕاوی بردۆتەوە، بەخوا نە عەزمیان هەیە لەكاروباردا، نە ئارام دەگرن لەژێر شمشێردا(3 ).
* هەروەها لەو كەسانەی كە بە حوسەینیان ووت نەڕوا بۆ كوفە، لە غەیرە صەحابە:
فەرەزدەقی شاعیر، دوای ئەوەی حوسەین كەوتە ڕێ گەیشتە فەرەزدەقی شاعیر، پێی وت: لە كوێوە؟ ئەویش وتی: لە عێڕاقەوە، وتی: ئەی دەنگ و باسی خەڵكی عێڕاق چۆنە؟
وتی: دڵیان لەگەڵ تۆیە و شیرەكانیان لەگەڵ بەنی ئوممەییە، بەمەیش ڕازی نەبوو و وتی: خوا پشت و پەنایە(4 )

* حوسەین دەگاتە قادسیە:
هەواڵی موسلیمی كوڕی عەقیل لە ڕێگەی ئەو نێردراوەی كە عومەری كوڕی سەعد ناردبووی گەیشتە حوسەین، حوسەین ویستی بگەڕێتەوە، پرسێكی بە كوڕەكانی موسلیمی كوڕی عەقیل كرد، ئەوان وتیان: نە بەخوا ناگەڕێینەوە هەتا تۆڵەی باوكمان نەكەینەوە، حوسەینیش هاتە سەر ڕەئی ئەوان، عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد دوای ئەوەی بەدەرچوونی حوسەینی زانی، فەرمانیدا بە حوڕڕی كوڕی یەزیدی تەمیمی كە لە پێشەوە بە هەزار سەربازەوە بڕوات ڕێگە بە حوسەین بگرێت، ئەوەبوو لە نزیك قادسیە گەیشتە حوسەین.
حوڕ پێی وت: بەرەو كوێ ئەی كچەزاكەی پەیامبەری خوا؟!
وتی: بەرەو عێڕاق.
ئەویش وتی: كەواتە بگەڕێوە و باخوا بە تۆ گیرۆدەم نەكات، بگەڕێوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتووی، یان بڕۆ بۆ شام بۆلای یەزید، بەس بەرەو كوفە مەیە.
حوسەین قایل نەبوو و دەستی كرد بە ڕۆیشتن بەرەو عێڕاق، حوڕڕی كوڕی یەزیدیش دەهاتە پێشیەوە و ڕێی پێ نەدەدا.
حوسەین پێی وت: لێم دووركەوە لە بار دایكت چی.
حوڕری كوڕی یەزید وتی: دەی سوێند بەخوا هەر عەرەبێكی تر ئەو قسەیەی بكردایە، تۆڵەم لە خۆیی و دایكیشی دەكردەوە، بەس چی بڵێم دایكت گەورەی ئافرەتانی دونیایە.
* * *

[باسی دووەم (كوشتنی حوسەین رضي الله عنه) چاوەڕوان بن]


===========================
(1) (البداية والنهاية) (8/161).
(2) (البداية والنهاية) (8/163).
(3) (البداية والنهاية) (8/161).
(4)(البداية والنهاية) (8/168).