بەشی یانزەیەم:تەمەنی لەبێ نوێژی كەوتن
بەروار: 2011/12/29سەردارن: 3209نوسەر: باوکی فیردەوس سەنگاوی

[خاڵی یەكەم: ماناكەی لە بێ نوێژی كەوتن.]
لە بێ نوێژی كەوتن: بریتییە لەو تەمەنەی كە ئافرەت ئیتر ناكەوێتە بێ نوێژییەوە‌و، بێ ئومێد دەبێ لەوەی ئیتر منداڵی ببێ‌..
لە زمانی عەربیدا ووشەی«الْيَأْسِ»واتە: «نائومێدی، هیوابڕان» یان «الضَّهْيَأ»واتە: «بێ نوێژنەبوون»یان بۆ بەكارهێناوە، فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیش بەم شێوە پێناسەی دەكەن:
« المرأة التي لم ينبت ثَدْيُها والتي لم تَحِضْ » تاج العروس - (ج 1 / ص 166) .واتە: «بریتییە لەو ئافرەتەی كە مەمكەكانی لە شیر دەكەون، وە ئەو ئافرەتەش كە لە بێ نوێژی دەبرێ»
« التي لم تَحِضْ قَطُّ.. النِّساء التي لا تَحِيضُ ولايَنْبُتُ ثَدْياها ولا تَحْمِل..» لسان العرب - (ج 14 / ص 487).واتە: «بریتییە لەو ئافرەتەی كە ئیتر هەرگیز بێ نوێژی نابینێ، كە مەمكەكانی شیریان نامێنێ‌و ئیتر منداڵی نابێ»
وە هەروەها لە شرعیشدا بەو مانایایە بەكارهاتوو:
وەكو خوای پەروەردگار دەفەرموێ:[ وَاللاَّئِي يَئِسْنَ مِنْ الْمَحِيضِ مِنْ نِسَائِكُمْ]الطلاق: ٤.واتە: «ئەو ئافرەتانەی كە نائومێدبوون لە بێ نوێژی، لە خێزانەكانی ئێوە...».
بۆیە زانایانی شەرعیش هەر بەو جۆرە پێناسەی ئەو حاڵەتە دەكەن:
«والنساء اللاتي قد ارتفع طمعهنّ عن المحيض، فلا يرجون أن يحضن من نسائكم». تفسير جامع البيان في تأويل القرآن - (23 / 450). . واتە: «ئەو ئافرەتانەی كە بێ ئومێد دەبن لە بێ نوێژی، بۆیە هیوایەكیان نامێنێ لەوەی جارێكی تر بكەون بێ نوێژییەوە»
« الآيسة : وهي التي قد انقطع عنها الحيض لكبرها». تفسير ابن كثير - (8 / 149).واتە: «بێ ئومێدی: بریتییە لەو ئافرەتەی كە بێ ئومێد دەبێ لە بێ نوێژی بە هۆی گەورەیی تەمەنییەوە»
« وهن الكبار اللاتي قد انقطع حيضهن وأيسن منه ». فتح القدير للشوكاني - (ج 7 / ص 241).. واتە: «بریتییە لەو ئافرەتانەی كە تەمەنیان گەورەبووە‌و لە بێ نوێژی بڕاون‌و بێ ئومێد بوون لێی»
[خاڵی دووەم: نیشانەكانی لە بێ نوێژی كەوتن لە ڕووی پزیشكییەوە: ]
ئافرەت پێش ئەوەی بە یەكجاری لە بێ نوێژی بكەوێ بە كۆمەڵێ گۆڕانكار‌و بارودۆخی جیاوازدا دەڕوات، بە زۆری لە تەمەنی «45» ساڵییەوە دەست پێ دەكات، وە لە تەمەنی «50»ساڵی بە تەواوی لە بێ نوێژی دەبرێ.
بۆیە لەو ماوەیەدا سووڕی مانگانەی دەشێوێ‌و، ماوەی بێ نوێژیەكانی لەیەك دوور دەكەونەوە، زۆرجار بۆ ماوەی «2-3» مانگ بێ نوێژی نابینێ، دوایی خوێنێكی زۆر دەبینێ بۆ ماوەی «10-15» ڕۆژ.
ئیتر وردە وردە سوڕی مانگانەی لە یەك دوور دەكەوێتەوە‌و بڕی خوێنەكەیشی ووردە ووردە كەم دەكات، ئەم گۆڕانكارییە لە تەمەنی «45»ساڵیەوە دەست پێدەكات‌و بەردەوام دەبێ بۆ ماوەی «2» تا «5»ساڵ، تاوەكو بە یەكجاری لە بێ نوێژی نائومێد دەبێ.
[خاڵی سێیەم: ئەحكامەكان شەرعیەكان لە بێ نوێژی كەوتن.]
یەكێك لەو شتانەی كە خوای پەروەردگار فەرزی كردووە لەسەر ئافرەتانی موسڵمانان كە پابەندبن پێوەی بریتییە لە حیجاب‌و جل‌وبەرگی شەرعی، بۆ ئەوەی بە هۆی ئەو حیجابە شەرعییەو كە خودا داوای كردووە ئینسانییەتی خۆی بەرجەستە بكات، بۆیە بە هۆیەوە كەسایەتی‌و ڕێزو قەدری پێ زیاد دەكات، وە بۆ ئەوەی مێینایەتیەكەیشی دابپۆشێ، بۆیە بە هۆیەوە پەرژین‌و شوورەیەكی قایم‌و مەحكەمی ئەدەب‌و ویقاری وای بەدەوردا دەكێشێ كە رێ لە چاو تێبڕین‌و تەماعی هەموو كەسێكی دڵ نەخۆش‌و ئارەزووباز بگرێ، لەوە تێدەگەین كە ئیسلام لەسەر بنەمای ئینسان بوون بۆ ئافرەتان دەڕوانێ، نەك وەكو ڕۆژاوا كە لەسەر بناغەیی مێینە بوون بۆ ئافرەتان دەڕوانن.
وە ئەو حیجابەش كە خوای پەروەردگار فەرزی كردووە كە ئافرەتانی موسڵمان بیپۆشن، ئەوەیە كە سەرتاپایی جەستەی بپۆشێ، بێ ئەوەی تەنك بێ، یان كورت بێ ، یان تەسك بێ، یان ڕازاوەو سەرنج ڕاكێش بێ، وە بە جۆرێكیش جەستەی پۆشیبێ‌ تەنها هەردوو دەست‌و ڕوومەتی دەربكەوێ.
بەڵام بۆ ئەو ئافرەتانەی كە بە تەمەنن‌و لە بێ نوێژی بێ ئومێد بوون، ئەوا ئەگەر لە دەست‌و دەم‌وچاویان زیاتر دەربكەوێ، تاوانبار نابن، بەڵام مەرجێك دەركەوتنی ئەو بەشە زیادەی جەستەیان بۆ ئەوە نەبێ كە خۆیانی پێ دەربخەن‌و بۆ خۆڕازاندنەوە‌و سەرنج ڕاكێشان نەبێ، ئەگەر نا تاوانبار دەبن.
بەڵگەش بۆ ئەوە::[ وَالْقَوَاعِدُ مِنْ النِّسَاءِ اللاَّتِي لا يَرْجُونَ نِكَاحاً فَلَيْسَ عَلَيْهِنَّ جُنَاحٌ أَنْ يَضَعْنَ ثِيَابَهُنَّ غَيْرَ مُتَبَرِّجَاتٍ بِزِينَةٍ وَأَنْ يَسْتَعْفِفْنَ خَيْرٌ لَهُنَّ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ]النور: ٦٠ واتە: «ئەحكامی جل‌و بەرگ بۆ ئەو ئافرەتانەی كە بێ ئومێد بوون لە مێرد كردن‌و، ئەوەیە ئەگەر بەشێكی ئەو پۆشاكەی بەریان لابەرن تاوانبار نابن، بەڵام بەمەرجێك بۆ ئەوە نەبێ كە خۆیانی پێ دەربخەن‌و بۆ خۆڕازاندنەوە‌و سەرنج ڕاكێشان نەبێ، ئەگەر نا تاوانبار دەبن، خۆ ئەگەر ئەو پۆشاكە لانەن ئەوا باشترو خێرترە بۆیان.. »..