جەژنی دایك بێ‌ ڕێزی یە بۆ دایكان نەك ڕێز لێگرتنیان
بەروار: 2012/03/14سەردارن: 4174نوسەر: هاوار عبدالله

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحده ، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده ....و بعد :
گومانی تێدا نیە كەوا دایك پلەیەكی باڵای هەیە و لای هەموو موسڵمانێك بە نرخە ، وە ڕێز لێ‌ گرتنی و خۆش ویستنی ئەركی سەرشانی هەموو موسڵمانێكی ڕاستەقینەیە ، تا گەشتوەتە ئەو ڕادەیەی خوای پەروەردگار لە پاش بەتەنها بیپەرستنی بەبێ‌ هاوەڵ داوامان لێدەكات كە لەگەڵ دایك و باوك چاكەكار بین هەروەك ئەفەرموێت :[ وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَاناً إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلاَهُمَا فَلاَ تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ وَلاَ تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلاً كَرِيماً ] (الإسراء : 23) . بەڵام ئەم رێز لێ‌ گرتنەی دایك لەم سەردەمە لای زۆرێك بوەتە جەژن و لە تەنها ڕۆژێكدا گوزارشتی لێدەكرێت ، وە یەكێك لەو جەژنە داهێنراوانەی جیهان بە گشتی و موسڵمانان بەتایبەتی گیرۆدەی بوون (جەژنی دایكە) لە 21 ی ئازاری هەموو ساڵێك ، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە هۆكاری دروست بوونی ئەم جەژنە چیە و چۆن سەری هەڵدا و لەكوێ‌ دەستی پێكرد ؟
ئاشكرایە ئەوەی پەیوەست بێ‌ بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە گوفتار و رەفتار هەموو رۆژێكی جەژنی دایكە ، بەهاوكاری كردن و خۆشویستنی یادی ئەكاتەوە و لە پاش مردنی بە دوعای خێر بۆ كردنی و قورئان خوێندن یادی ئەكاتەوە . بەڵام ئەم جەژنە لەو كۆمەڵگانە سەری هەڵداوە كە هیچ ڕێزێك بۆ دایك دانانێن هەركە بەساڵاچون ناچار دایكانی ئەو كۆمەڵگایانە هیچ پەناگەیەكیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە خەڵوەتگەی پیری ، كوڕ و كچەكانی وەك وەفایەكی دونیایی و لەبەر قسەی خەڵكی ساڵی جارێك سەردانیان ئەكەن و گوڵێك یان دیاریەكیان بۆ ئەبەن ، بۆیە ئەگەر بەوردی بیربكەینەوە ئەگەینە ئەو قەناعەتەی كە جەژنی دایك لەو كۆمەڵگانەوە سەرچاوەی گرتووە كە (عقوق) زاڵبوە بەسەریانا و تەشەنەی كردوە ، بۆ ئەوەی زیاتر درێژە بە باسەكەمان نەدەین و بچینە ناوەڕۆكی باسەكە ئەڵێن : چەندین زانای پایە بەرزی ئەهلی سوننە جەژنی دایك بە بیدعە ئەزانن لەوانەش : ( لجنة الدائمة و شيخ الباني و شيخ ابن باز و شيخ ابن عثيمين وشيخ صالح الفوزان و شيخ عبدالرحمن السحيم و چەندین زانای تر ) بە واتایەكی ڕونتر هیچ زانایەك ڕێگەی نەداوە بە جەژن گێڕان بەو بۆنەیە بەڵكو هەموو ئەوانە بەحەق زانان ئەم كارە بە بیدعە ئەزانن هەروەك لە فەتوای لیژنەی هەمیشەیی فەتوادان هاتووە : ئاهەنگ گێڕان جائز نیە بەو بۆنەیەی ناوی لێنراوە (جەژنی دایك) و هاوشێوەكانی لە جەژنە داهێنراوەكان لەبەر فەرمودەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم كە ئەفەرموێت : ((من عمل عملا ليس عليه أمرنا فهو رد)) . واتە : هەر كەسێك كردەوەیەك بكات فەرمانی ئەم ئاینەی ئێمەی لە سەر نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە . وە ئاهەنگ گێران و خۆشی دەربڕین بە (جەژنی دایك) نە لە كردەوەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بووە و نە لە كردەوەی هاوەڵەكانی و نە لەكردەوەی شوێنكەوتوانی ئەم ئومەتە بوە . بەڵكو ئەم كارە بیدعەیە و خۆ شوبهاندنە بە بێ‌ باوەڕان .
هەروەها شێخ (ابن عثيمين)ئەفەرموێ‌ : هەموو ئەو جەژنانەی كە پێچەوانەی جەژنە شەرعیەكانن هەمویان جەژنی داهێنراوی تازەن و لەسەردەمی سەلەفی صالح نەبوە ، وە ڕەنگە داهێنەرەكانی موسڵمان نەبن ئەمەش لەگەڵ ئەوەی كە بیدعە لە هەمان كاتدا خۆ شوبهاندنە بە دوژمنانی خوا لە بێ‌ باوەڕان ، جەژنە شەرعیەكانیش لای موسڵمانان ئاشكرا و ناسراون ئەوانیش جەژنی ڕەمەزان و قوربان و جەژنێكی هەفتانە كە ئەویش رۆژی هەینی یە ، وە لە ئیسلامدا جگە لەم سێ‌ جەژنە جەژنی تر نیە و هەر جەژنێكی تر دابهێنرێت دەدرێتەوە بەڕوی داهێنەرەكەی و لە شەریعەتی خوای پەروەردگاردا پوچەڵە چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت :((من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد )) . واتە : هەر كەسێك شتێك دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمەدا نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە .هەروەها ئەفەرموێت : ((من عمل عملاً ليس عليه أمرنا فهو رد)). واتە : هەر كەسێك كردەوەیەك بكات فەرمانی ئەم ئاینەی ئێمەی لە سەر نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە . وە ئەگەر ئەمە ئاشكرا بوو ئەوا لەم ڕۆژەی ناونراوە بە (جەژنی دایك) جائز نیە شتێك لە دروشمەكانی جەژن بەرپا بكرێت وەك : دەربڕینی خۆشی و شادی و پێشكەش كردنی دیاری و هاوشێوەكانی .
هەروەها شێخ (عبد الرحمن السحیم) ئەفەرموێ‌ : نابێ‌ لە جەژنی دایك ئاهەنگ بگێڕیت لەبەر چەند هۆیەك :
یەكەم: لە ئیسلامدا تەنها سێ‌ جەژن هەیە : جەژنی ڕەمەزان و قوربان و جەژنێكی هەفتانە كە ئەویش رۆژی هەینی یە بەهۆی كۆبونەوەی موسڵمانان لەو ڕۆژە
دووەم: ئەم جەژنە لە داب و نەریتی خاچ پەرستانەوە هاتووە .
سێ‌ یەم : ئەم جەژنە سەرەتا بە مەبەستی چاودێری و بایەخ دان بە دایك سەری هەڵدا وە بە عقوق كۆتایی هات لایان كە ئێستایە .
بەم پێیە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی كە جەژنی دایك جەژنی موسڵمانان نیە و نابێ‌ موسڵمان بە جەژنی بزانێت ئەوێش لەبەر ئەم هۆیانە :
1 ـ موسڵمانان تەنها سێ‌ جەژنیان هەیە : جەژنی ڕەمەزان و قوربان و جەژنێكی هەفتانە كە ئەویش رۆژی هەینی یە ، كەواتە ئەمەی ناویان لێناوە جەژنی دایك بیدعەیە و پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :((كل بدعة ضلالة وكل ضلالة في النار)) . واتە : هەموو بیدعەیەك گومڕایی یە ، و هەموو گومڕایی یەكیش خاوەنەكەی لە ئاگری دۆزەخدایە
2 ـ ئەم یادە نە لە سەردەمی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەنجام دراوە ، و نە لە سەردەمی خەلیفەكان و نە لە سەردەمی دوای ئەوانیش ، لە كاتێكدا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە بارەیانەوە فەرموویەتی : باشترینی خەڵك لە ئوممەتەكەم ئەو سەدەیەیە كە من تیایدا ژیاوم ، پاشان ئەوانەی كە بە دوایاندا دێن ، پاشان ئەوانەی كە بە دوایاندا دێن .
كەسانێك بەو شێوەیە ناویان هاتبێت و یەكەم كەسانێك بن لە پەیڕەوكردنی ئاینی ئیسلام و پابەندبوونیان بە سوننەتەكانی پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم، ئاخۆ بۆچی ئەم یادەیان نەكردوە ؟! خۆ ئەوان لە ئێمە زیاتر دایكیان خۆش ویستوە ؟! وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە ، چونكە ئەوان خۆیان لە بیدعە پاراستوە ، ئەمەش دەیسەلمێنێ‌ كە ئەم كارە بیدعەیە ، و لە ئایندا بونی نیە ، نە لە قورئانی پیرۆز ، و نە لە فەرموودە ڕاستەكانیش پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((من عمل عملا لیس علیه أمرنا فهو ردّ )). واتە : هەر كەسێك كردەوەیەك بكات فەرمانی ئەم ئاینەی ئێمەی لە سەر نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە . هەروەها فەرمویەتی :  ((من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد )) . واتە : هەر كەسێك شتێك دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمەدا نەبێت ، ئەوا بەڕووی خاوەنەكەیدا رەت دەكرێتەوە .
3 ـ سازكردنی ئەم بۆنەیە ، خۆشوبهاندنە بەكافر وخاچ پەرستان ، پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم لە خۆ شوبهاندن ئاگاداری كردووینەتەوە لەم فەرموودەیەدا : ((من تشبه بقوم فهو منهم)) ، واتە : هەر كەسێك خۆی بشوبهێنێت بە گەڵێك ئەوا ئەویش لەوانە
4 ـ جائز نیە لەم ڕۆژەدا شتێك لە دروشمەكانی جەژن بەرپا بكرێت وەك : دەربڕینی خۆشی و شادی و پێشكەش كردنی دیاری و هاوشێوەكانی چونكە لە شەرعی خوادا ئەم ڕۆژە حسابی جەژنی بۆ ناكرێ‌ .
هەروەها ( عبدالله ) ی كوڕی ( عمر ) رضي الله عنه فەرموویەتی : هەموو بیدعەیەك گومڕایی یە با خەڵكیش بە باشی بزانن .
هەروەها پێشەوا مالك فەرمویەتی : (هەركەسێك لە ئیسلامدا داهێنراوێك دابهێنێت و بە باشی بزانێت ئەوا ئەو كەسە پێی وایە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم خیانەتی كردوە لە گەیاندنی پەیامەكەی چونكە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت : [ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ ] هەر بۆیە ئەوەی كە لەو سەردەمەدا ئاین نەبوبێت ، ئەوا ئەمڕۆ نابێتە ئاین)
هەروەها هاوەڵی بەڕێز (عبدالله) ی كوڕی (مسعود) رضي الله عنه فەرموویەتی : " شوێنی سوننەتی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بكەون ، و شت دامەهێنن ( واتە : بیدعە مەكەن ) ، چونكە سوننەت بەستانە ، و هەموو شتێكی داهێنراویش بیدعەیە " جەژنی دایكیش بیدعەیە .
هەروەها حُذَیفە بن الیمان رضي الله عنه فەرموویەتی : هەر جۆرە عیبادەت و پەرستنێك هاوەڵانی محمد صلى الله عليه وسلم نەیان كردبێت ئەوا ئێوەش مەیكەن ، وە دەست بە ڕێباز و ئاینی پێشینانەوە بگرن ، چونكە ئەوانەی پێشین هیچیان بۆ دوای خۆیان نەهێشتووە باسیان نەكردبێت .
كۆتایی وتەشمان ئەوەیە كەوا ئەم جەژنە داهێنراوە لە كۆمەڵگەیەكەوە سەرچاوەی گرتووە كە مەبەستیان لە داهێنانی ئەم جەژنە بۆ قەرەبو كردنەوەی بێ‌ بایەخیانە بە دایكان و پچڕانی سیلەی ڕەحم لە نێوانیان بۆیە بۆ پیرۆز ڕاگرتنی و پاداشت دانەوە بە چاكە ئەم ڕۆژەیان داهێنا بۆ ئەوەی خێزانەكان لە ساڵێكدا یەك جار دایكیان بیر بكەوێتەوە و ئاهەنگ بگێڕن و گوڵێكی بە دیاری بۆ بەرن ، تا ساڵی داهاتوو دەگەنەوە بەم ڕۆژە ئەو دایكانە یان بەدیار بەخێو كردنی پشیلەیەكەوە بەتەنها لەماڵێكدا ئەژین یان لە خەڵوەتگەی پیری ژیان بەسەر ئەبەن بێ‌ ئەوەی كەسێك سەردانیان بكات . ئەمەیە جەژنی دایك و بەم شێوە ئەوان گوزارشت ئەكەن لە گەورەیی و ڕێزی دایك !! گرفتەكەش لەوەدا لەكاتێكدا ئاینێكی كامڵمان لەبەردەستایە و جوانترین یادكرنەوەی تیایە بۆ دایكان كەچی خەڵكانێك هەن هەر پەیوەستن بە جەژنە داهێنراوەكان . بۆیە تەنها ئەڵێم : هەركەسێك لەگەڵ خوای خۆی ڕاستگۆ بێت هەموو ڕۆژێكی ئەكاتە جەژن بۆ دایكی چونكە جەژنی دایك بچوك ڕوانینە بۆ دایكان و بێ‌ نرخ كردنیانە نەك بە گەورە ڕوانین بۆیان و نرخ پێدانیان ، دایكیش زۆر لەوە گەورەتر و بەڕێز ترە بە درێژایی ساڵ لە تەنها ڕۆژێكدا یادی بكرێتەوە .

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ