جیاوازی لە نێوان شیركی گەورەو شیركی بچووك
بەروار: 2012/01/08سەردارن: 3393نوسەر: د. عبد اللطيف أحمد مصطفى

حوكمی شیركی بچووك
هەركەسێ‌ لە هەردوو جۆرەكەی شیرك -گەورەو بچووك- ڕزگاری بوو ئەوە بەهەشتی مسۆگەرە بەفەزڵی خوا.
وە هەركەسێ‌ شیركی گەورەی بووبێت و لەسەری مردبێ‌ پێش تەوبە كردن؛ ئەوە دۆزەخی بەردەوامی مسۆگەرە بە عەدل و دادپەروەری خوا. وە هەر كەسێ‌ لە شیركی گەورە ڕزگاری بێت و توشی هەندێ‌ لە شیركی بچووك بووبێت بەڵام كردەوەی چاكەی زیاتر بێت لە تاوانەكەی ئەوە دەچێتە بەهەشت بە یارمەتی خوا.
وە هەركەسێ‌ لە شیركی گەورە ڕزگاری بوو، وە توشی شیركی بچووك بوو بەزۆری تاوەكو لای تاوانەكەی زیاتر كات لە چاكەكانی ئەوە دەچێتە ئاگرەوە. پەنا بەخوا.

جیاوازی لە نێوان شیركی گەورەو شیركی بچووك
شیركی گەورە : تەوحید لە بنەڕەتەوە ناهێلێت و مرۆڤ پێی لە دین دەچێتە دەرەوە
شیركی بچووك: لە گوناهە گەورەكانە وتەواوێتی تەوحید ناهێلێت. بەڵام مرۆڤ پێی لە دین دەرناچێت.
شیركی گەورە :  هەموو كردەوەكانی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە.
شیركی بچووك: تەنها ئەوكردەوەیە هەڵدەوەشێنێتەوە كە زاڵ بووە تیایدا، یا لەبنەڕەتەوە هەر لە سەرەتاكەیەوە تێی كەوتووە.
شیركی گەورە :  خاوەنەكەی هەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە و بەهەشت لەسەری حەرامە.
شیركی بچووك: سزای بەردەوامی دۆزەخ بۆ خاوەنەكەی دابین ناكات. بەڵكو هۆی چوونە ناو دۆزەخەو ئەگەر خوا بیەوێت دەیخاتە ناوی و ئەگەریش بیەوێت لێی دەبوورێت.
شیركی گەورە :  خوا دوای مردنی خاوەنی ئەو شیركە، پێش تۆبە؛ لەو شیركە گەورەیە خۆش نابێت.
شیركی بچووك: لێخۆش بوون لەو جۆرە لە ژێر ویست و مەشیئەتی خودایەو مەجالی لێ‌ بوردنی هەیە
شیركی گەورە : : خاوەنەكەی خوێن و ماڵی حەڵاڵ دەبێت بەهۆی شیركی گەورە. واتە: دروستە خوێنی بڕێژرێت وماڵی بە غەنیمەت بگیرێت؛ چونكە لە موسڵمانان ناژمێردرێت، بۆیە پارێزراو نابێت.
شیركی بچووك: خوێن و ماڵی خاوەنەكەی پارێزراو دەبێت چونكە خاوەنەكەی بە موسڵمان دەژمێردرێت. بەڵام موسڵمانێكی تاوانبارو كەم باوەڕە.

[كەواتە لە هەردوو بابەتی شیركی گەورەو بچووك بۆمان دەركەوت كە شەریك بۆ خوا دانان تەنها بریتی نییە لە نوێژ كردن و سوجدەبردن بۆ غەیری خوا بەڵكو هاواركردنە غەیری خواو ئیعتیقاد پێ‌ بوونیشی شیركی گەورەیە ! ]
بەڵام ئەوەی جێگای داخە، هەندێك كەس، بانگەشەی خەڵكی دەكەن بۆ ئەو شیرك و كوفرو گۆڕ پەرستییە، وە چەندان عوزرو بەڵگەی ناڕەوای بۆ دەهێننەوە، بۆ قەناعەت پێكردنی خەڵكی سادەو نەخوێندەوار. جا ئەم دەستەیە لە دوو كۆمەڵ تێپەڕ ناكەن:
1. یان جاهیل و نەفامن و، بێ‌ ئاگان لە قوڕئان و حەدیس، وە تائێستا بناغەی ئیسلامیان نەناسیوە، كە بریتییە لە تەنها خوا پەرستن؛ چونكە خەریك نەبوون بە دیراسەی قوڕئان و حەدیس كە سەرچاوەی ئیسلامەتین !!.
2. وە یان زاڵم وستەمكارن، كە دەشزانن كارەكەیان بێ‌ شەرعییەو شیركە، بەڵام بەرژەوەندی دونیایی ماڵ و زەعامەتیان لەوەدا دەبینن، كە خەڵكی چەواشە بكەن بۆ ئەوەی بە ناتێگەیشتوویی بمێننەوە.
وە ئەگەر ڕاستی بۆ خەڵكەكە ڕوون بێتەوە، بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان لە دەست دەچێت، بۆیە هەمــووكـات دژی ڕاستین و دژایەتی ئەو موسڵمانانەش دەكەن، كە قوڕئان و حەدیسی ڕاست بۆ خەڵكی ڕوون دەكەنەوە!. وە جۆرەها بوهتانیان بۆ دروست دەكەن و بە بەكرێ‌ گیراوو سەر لێ‌ شێواو نیشانی خەڵكیان دەدەن، وە لەناو خەڵكی دا دەڵێن: ئەم گەنجانەی كە باسی قوڕئان و حەدیس دەكەن و، تەنها هاوار دەكەنە خوا، ئەوانە دینێكی تازەیان هێناوەو، دینی باب و باپیرانمان دەگۆڕن!!.
بەم شێوەیە بوهتان بە موسڵمانی دڵسۆز دەكەن، هەروەكو چۆن لە مێژووی ڕابردوودا:
* دارو دەستەی (فیرعەون)، بوهتانیان بە (موسی) دەكردو، لای فیرعەون دەیان وت: موساو هاروِون ـ كە دوو پێغەمبەری خۆشەویستی خوا بوون ـ سەر لە خەڵكی دەشێوێنن و فەسادی بڵاودەكەنەوە لە زەویدا!. وەك قورئان وتەكەیانمان بۆ دەخاتە ڕوو: [وقَالَ الْمَلَأُ مِنْ قَوْمِ فِرْعَوْنَ أَتَذَرُ مُوسَى وقَوْمَهُ لِيُفْسِدُوا فِي الآرْضِ ويَذَرَكَ وآلِهَتَكَ قَالَ سَنُقَتِّلُ أَبْنَاءَهُمْ ونَسْتَحْيِي نِسَاءَهُمْ وإِنَّا فَوْقَهُمْ قَاهِرُونَ] (الأعراف:127). واتە: ئەی فیرعەون ئایا تۆ واز دەهێنی لە موساو قەومەكەی فەسادی بڵاوبكەنەوە لە زەویدا، وە دینەكەت بگۆڕن بە دینێكی تازەو وازبهێنن لە(پەرستن) و پەرستراوەكانی تۆو، دینەكەی تۆ؟!.
كەواتە ئەی موسڵمانی ژیر بیربكەوە، چۆن بەكرێ‌ گیراوو ماستاوچیەكانی فیرعەون، تەنها خوا پەرستییان بە فەسادی بڵاوكردنەوە دادەنا لە زەویدا.
** وەهەروەها فیرعەون دەیوت موسا دینەكەتان دەگۆڕێت و فەسادی بڵاو دەكاتەوە لە وڵاتدا:  [ وقَالَ فِرْعَوْنُ ذَرُونِي أَقْتُلْ مُوسَى ولْيَدْعُ رَبَّهُ إِنِّي أَخَافُ أَنْ يُبَدِّلَ دِينَكُمْ أَوْ أَنْ يُظْهِرَ فِي الأرض الْفَسَادَ] (غافر:26). واتە: لێم گەڕێن با موسا بكوژم. با ئەویش بانگی پەروەردگارەكەی بكات دیفاعی لێ‌ بكات؛ (چونكە من دەترسم موسا دینەكەتان بگۆڕێت و فەسادی بڵاو بكاتەوە لە زەوی و وڵاتدا!!).
(سبحان الله) ئاوا بوهتانی فەسادی بڵاو كردنەوە لە زەویدا بە پێغەمبەرانی خوا(علیهم الصلاة والسلام) بكرێت، ئەدی دەبێ‌ بە ئێمەی شوێن كەوتەی پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) چی بووترێت!.
وە ئایا فیرعەون دینی تازەی شیرك و كوفری بۆ خەڵكی هێنابوو ؟، یاخود موسا؛ كە نوێ‌ كەرەوەو زیندوو كەرەوەی دینی تەنها خوا پەرستی‌و ئیسلامەتی بوو؟!.
*** وە موشریكەكان دەیان وت: محمد دینێكی تازەی هێناوەو لە خۆیەوە دروستی كردووە پەروەردگاریش فەرمووی:[قُلْ مَا كُنْتُ بِدْعاً مِنَ الرُّسُلِ] (الأحقاف:9). واتە: من یەكەم پێغەمبەر نیم بۆ خەڵكی، وە دینی من تازە نی یەو داهێنراو نی یە بەڵكو درێژە پێدەری دینی پێغەمبەرانی (علیهم الصلاة والسلام) پێشووە. وە دەیان وت:[ أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَهاً واحِداً إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ... مَا سَمِعْنَا بِهَذَا فِي الْمِلَّةِ الْآخِرَةِ إِنْ هَذَا إِلَّا اخْتِلاقٌ] (ص:5-7).  واتە: ئەوە محمد هەموو پەرستراوەكانی وەلاناون و تەنها یەك پەرستراو بە حەق دەزانێت. وە لای وایە كە تەنها (الله) شایستەی هاوار لێ كردن و داوا لێ‌ كردنە؟ بەڕاستی ئەو بانگەوازیەی محمد شتێكی عەجیب و سەیرە !! ئێمە شتی وامان نەبیستووە لە پێشینانی خۆمان. ئەوە دیارە محمد مەبەستی زەعامەت و دونیای هەیە بەم دینە تازەیەی كە دەڵێت: تەنها(الله) پەرستراوی ڕاستەو غەیری ئەو هاوارو پەرستنیان بۆ ناكرێت !!.
بڕوانە برای موسڵمان: ئەمڕۆش بەهەمان شێوە، بە شوێن كەوتووانی محمد صلى الله عليه وسلم دەڵێن مەبەستتان حیزبایە تی یەو( 1)، بەكرێ‌ گیراوی دەرەوەن و، دینێكی سەیـرو تــازەتـان هێناوە، كە باوك و باپیرانمان لەسەر ئەو دینە نەبوون!!
بەڵام ئەگەر قورئان حاكم بێت لە نێوانماندا، دەردەكەوێت كە ئایا ئێمەی ئەهلی سوننەت، شوێن كەوتووانی پێغەمبەرو صلى الله عليه وسلم موسڵمانانی پێشین، دینمان تازەیەو داهێنراوە، یان ئەوانەی كە هاوار دەكەنە غەیری خواو، شەخس پەرستی دەكەن و، شەریك بۆ خوا بڕیار دەدەن ؟!.
زیاتر لە دەیان ئایەتی قوڕئانی، بە ئاشكراو ڕوونی باس لەوە دەكات كە: هاوار كردنە غەیری خوا شیركەو ناشەرعییە. بەڵام تەنها نیو ئایەتیش ناڵێت هاوار بكەنە پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان.
جا هەندێك لەو ئایەتانەی كە هاواركردنە غەیری خوا بە شیرك دادەنێن باس دەكەین.
وە ئەگەر گۆڕ پەرست و نەفامەكانیش ڕاست دەكەن، با تەنها ((نیو)) ئایەت بهێننەوە كە بە ئاشكراو ڕوونی بێ‌ لادان و مانا گۆڕین بەڵگە بێت لەسەر شەرعیەتی هاواركردنە پیاوچاكان!!.
وە پێیان دەڵێین:
[ أَإِلَهٌ مَعَ اللَّهِ ؟! قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ ] (النمل:64).
[ فَأْتُوا بِكِتَابِكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ ] (الصافات:157).
==============================
(1) لە ڕاستیشدا ئەهلی سوننەت، شوێن كەوتووانی پێغەمبەرو صلى الله عليه وسلم موسڵمانانی پێشین، دوورن لە حزبایەتی و ئینكاریشی لێ دەكەن!