باسی دووەم :كوشتنی حوسەین رضي الله عنه
بەروار: 2012/01/16سەردارن: 3720نوسەر: عثمان الخميس /وەرگێڕانى:علی خان

* حوسەین دەگاتە كەربەلا:
حوسەین لە شوێنێك وەستا پێی دەگووترا كەربەلا (كَرْبَلاءُ).
پرسیاری كرد ئەم شوێنە ناوی چی یە؟ وتیان:كَرْبَلاء.
وتی: كَرْبٌ وَبَلاءٌ، سەخڵەتی و مەینەتی.
كاتێك سوپاكەی عومەری كوڕی سەعد گەیشت كە ژمارەیان چوار هەزار سەباز دەبوو، قسەی لەگەڵ حوسەیندا كرد و پێی ووت كە لەگەڵیدا بڕوات بۆ عێراق لای عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد، ڕازی نەبوو. بەڵام كە بینی مەسەلەكە جیددیە، بە عومەری كوڕی سەعدی وت: من سەرپشكت دەكەم لە نێوان سێ شتدا، یەكێكیان لە بۆ خۆت هەڵبژێرە. وتی: چییە؟
وتی: یان ئەوەتا ڕێگەم بدەی بگەڕێمەوە، یان ئەڕۆم بۆ ثەغرێك(1 ) لە ثەغرەكانی موسڵمانان، یان ئەڕۆم بۆلای یەزید لە شامدا و دەستم دەخەمە نێو دەستی. عومەری كوڕی سەعد وتی: باشە تۆ یەكێك بنێرە بۆلای یەزید، منیش یەكێك دەنێرم بۆلای عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد، تا بزانین چی ئەبێت، حوسەین كەسی نەنارد، بەڵام عومەری كوڕی سەعد نێردراوێكی نارد بۆلای عەبەیدوڵڵای كوڕی زیاد.
نێردراوەكە گەیشت و حاڵ و مەسەلەكەی بۆ باسكرد، كە حوسەین دەڵێ: لە نێوان ئەم سێ شتەدا سەرپشكتان دەكەم، ئیبن زیاد ڕازی بوو بە هەركام لەوانەی حوسەین هەڵی دەبژێرێت، بەڵام لەلای عوبەبدوڵڵای كوڕی زیاد پیاوێك هەبوو بەناوی (شەمری كوڕی زیلجەوشەن)، كە یەكێك بوو لە دار و دەستەكانی ئیبن زیاد، ئەو وتی: نە بەخوا شتی وا نابێ، ئیلا ئەبێ بە حوكمی تۆ ڕازی بێ. عوبەیدوڵڵا بەم قسەیەی فریوی خوارد و وتی: بەڵێ، ئەبێت بە حوكمی من ڕازی بێت(2 ).
ئەوەبو عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد هەستا بەناردنی شەمری كوڕی زیلجەوشەن وپێی وت: بڕۆ هەتا ڕازی دەكـەیت بە حوكمی من، ئەگەر عومەری كوڕی ســەعــد بــەمـە ڕازی بوو باشــە.
وەگەرنا ئەوە تۆ لە جێگەی ئەو دەبیتە سەركردەی سوپا.
جا ئیبن زیاد، عومەری كوڕی سەعدی بە چوار هەزار سەربازەوە ئامادە كردبوو بۆ ڕۆیشتن بۆ ناوچەی (ڕەی) و پێی وت: مەسەلەكەی حوسەین تەواو بكە و پاشان لەوێوە بڕۆ بۆ ڕەی، بەڵێنیشی پێ دابوو بیكا بە والی ڕەی.
شەمری كوڕی زیلجەوشەن كەوتە ڕێ، هەواڵەكە گەیشتە حوسەین، كە هەر ئەبێت بە حوكمی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد ڕازی بێت، بەرپەچی دایەوە و وتی: (نەخێر بەخوا هەرگیز بە حوكمی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد ڕازی نابم).
[* حوسەین ئامۆژگاری سوپای كوفە دەكا و خوایان بیر دێنێتەوە:]
ژمارەی ئەوانەی لەگەڵ حوسەیندا بوون هەفتا و دوو سوار بوون و سوپای كوفەش پێنج هەزار دەبوون، كە هەر دوولا بەرانبەر یەك ڕاوەستان، حوسەینی كوڕی عەلی وتی: بە خۆتانا بچنەوە و موحاسەبەیەكی نەفسی خۆتان بكەن، دەكرێ خەڵكانی وەك ئێوە لەگەڵ ئەمسالی مندا بجەنگێ؟ من كچەزای پەیامبەرەكەتانم، لە كاتێكدا ئێستا هەموو سەر زەوی كچەزای پەیامبەرێكی تێدا نییە جگە لە من نەبێ، پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم بە من و براكەمی فەرموو: (ئەم دووانە گەورەی گەنجانی بەهەشتن)(3 )
ئیتر بەردەوام هەر هانی دەدان كە واز لە عوبەیدوڵڵای كوڕی زیادبێنن و بێنە پاڵ وی، ئەوەبوو سی كەسیان دایانە پاڵ حوسەین لەوانە حەڕڕی كوڕی یەزیدی تەمیمی سەركردەی پێشەكی سوپاكەی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد. بە حەڕڕی كوڕی یەزیدیان وت: تۆ وەكو سەركردەی پێشەكی سوپاكە لەگەڵمان هاتی، ئێستا دەڕۆیتە پاڵ حوسەین؟!!
ئەویش وتی: [تیابچن، سوێند بەخوا ئەمن نەفسی خۆم سەرپشك دەكەم لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا]، دەی بەخوا هیچ شتێك بەسەر بەهەشتدا هەڵنابژێرم، ئەگەر لەت لەت بكرێم و بسوتێنرێم.
دوای ئەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عەسری بەجێهێنا، پێش نوێژی بۆ هەردوو لا كرد، هەم بە سوپاكەی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد، هەم بەوانەی لەگەڵیدا بوون، لە پیشدا پێی ووتن: خۆتان بەرنوێژی بۆخۆتان بكەن و ئێمەش بۆ خۆمان. وتیان: نابێ، ئێمەش نوێژ لە دوای تۆوە دەكەین، ئیتر نوێژی نیوەڕۆ و عەسریان لە دوای حوسەینەوە كرد، كە نزیكی ئێوارە بوویەوە بە سوارەكانیانەوە هاتنە پێشەوە، حوسەین هەندێكیش خەوتبوو هەركە بینیانی وتی: ئەمە چی یە؟ وتیان: قوربان بۆ پێشەوە دێن، وتی: بڕۆن قسەیان لەگەڵ بكەن، بزانن چیان دەوێ؟
بیست سوار ڕۆیشتن، لە نێوانیاندا عەبباسی كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تالبی برای حوسەینیان تێدا بوو، قسەیان لەگەڵ كردن و پرسیاریان لێكردن؟ ئەوانیش وتیان: یان ئەوەتا بە حوكمی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد ڕازی دەبێ یان بجەنگێ.
وتیان: با بڵێین بە ئەبو عەبدوڵڵا، گەڕانەوە بۆلای حوسەین رضي الله عنه و پێیان ووت، وتی: ئەمشەو سەبرمان لێبگرن سبەی هەواڵتان دەدەینێ، با نوێژ بكەم، حەزم لە نوێژكردنە بۆ پەروەردگاری پاك و پیرۆزم، ئیتر ئەو شەوە هەتا بەیان هەر خەریك نوێژ و استغفار و دوعاكردن بوو، ئەو و ئەوانەشی لەگەڵیدا بوون -ڕەزای خوا لە هەموویان بێ-.

[* ڕووداوی طەف ساڵی 61 ك:]
لە بەرە بەیانی ڕۆژی هەینیدا دوای ئەوەی حوسەین ڕازی نەبوو ببێتە دیلی ژێر دەستی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد، جەنگ لە نێوان هەردوو لادا دەستی پێكرد، هەر دوو تاكە هاوسەنگ نەبوون، بۆیە هەركە هاوەڵەكانی حوسەین زانیان توانای ئەم سوپایەیان نییە، هەموو خەمێكیان بووە پاراستنی حوسەین رضي الله عنه، ئەوەبوو یەك لە دوای یەك لە دەور دەستی دەكوژران، هەتا كەسیان نەمایەوە جگە لە حوسەینی كوڕی عەلی خۆی نەبێت رضي الله عنه . عەلی كوڕیشی نەخۆش بوو.
دوای ئەوە حوسەین بە درێژایی ئەو ڕۆژە هەروا مایەوە، كەس نەیدەوێرا بڕواتە پێشەوە بەشكو بگەڕێتەوە، كەس نەیدەویست ببێتە هۆی كوشتنی، ئەمە هەر بەردەام بوو، هەتا شەمری كوڕی زیلجەوشەن هات و هاواری كرد تیاچن، لەبار دایكی خۆتان چن، دەوری دەن و بیكوژن، ئەوانیش هاتن و دەوریان گرت، حوسەینیش زۆر بە جوامێرانە بە شمشێرەكەیەوە بە نێوانیاندا دەڕۆیشت، زۆرێكی لێیان كوشت، وەكو شێر بوو، بەڵام زۆری لە زیرەكی دەباتەوە.
شەمر هاواری تێكردن: تیا بچن ئەوە چاوەڕوانی چین ؟! پەلاماری بدەن. ئەوانیش چوونە پێشەوە بۆی و كوشتیان. جا ئەوەی كە حەسەنی كوڕی عەلی كوشت و دەستی ڕاستەوخۆی تیا هەبوو: سینانی كوڕی ئەنەسی نەخعی بوو، سەری لە لاشەی كردەوە، هەندێكیش دەڵێن: شەمر بووە، خوا ڕوویان ڕەشكا.
دوای ئەوەی كوژرا سەریان برد بۆ عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد لە كوفە، عوبەیدوڵڵا بەو چوكڵەی كە بە دەستیەوە بوو پیای دەكێشا و دەیخستە نێو لوتیەوە، ئەوەبوو ئەنەسی كوڕی مالك هەستا و وتی: بە خوا خراپت لەگەڵ دەكەم، ئەمن پەیامبەری خوام بینی صلی الله علیە وسلم ماچی شوێنی چوكڵەكەی تۆی دەكرد( 4).
ئیبراهیمی نەخعی ئەڵێ: ئەگەر لە بكوژانی حوسەین ببوایەم و پاشان بخرایەمە بەهەشتەوە ڕٍووم نەدەهات بە لای پەیامبەری خوادا صلی الله علیە وسلم بڕۆم و بمبینێت(5 ).
[* كێ لە خانەوادەكەی حوسەین كوژرا؟ ]
* لە منداڵەكانی عەلی كوڕی ئەبو تالب: حوسەین خۆی، جەعفەر، عەبباس، ئەبوبەكر، موحەممەد، عوسمان كوژرا.
* لە منداڵەكانی حوسەین: عەبدوڵڵا، عەلی گەورە (زەینولعابدین نا).
* لە منداڵەكانی حەسەن: عەبدوڵڵا، قاسم، ئەبوبەكر.
* لە منداڵەكانی عەقیل: جەعفەر، عەبدوڵڵا، عەبدولڕەحمان، عەبدوڵڵای كوڕی موسلیمی كوڕی عەقیل، موسلیمی كوڕی عەقیل خۆیشی لە كوفە كوژرا.
* لە منداڵەكانی عەبدوڵڵای كوڕی جەعفەر: عەون، موحەممەد( 6)هەژدە كەس بس لە ئال و بەیتی پەیامبەر صلی الله علیە وسلم لەم جەنگە ناهاوتایەدا كوژران.

[* ئەو پێشەكیانەی ئاماژەن بۆ كوشتنی حوسەین رضي الله عنه:]
لە ئوم سەلەمەوە دەڵێ: جوبرەئیل لە لای پەیامبەری خوا بوو صلی الله علیە وسلم وحوسەینیش لای من بوو، حوسەین دەستی كرد بە گریان منیش بەرمدا و ڕۆیشتە ژورەوە بۆلای پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم ، جوبڕەئیل فەرمووی: ئەی موحەممەد خۆشیت دەوێ‌؟ ئەویش فەرمووی: بەڵێ. فەرمووی: دەی ئوممەتەكەت دەیكوژن، ئەگەریش ئەتەوێ لە خۆڵی ئەو شوێنەت پیشان دەدەم كە تیایدا دەكوژرێت، پیشانیدا، بینی شوێنێكە پێی دەوترێت كەربەلا( 7)
هەر لە ئوم سەلەمەوە دەڵێ: گوێم لە جنۆكە بوو كاتێك حوسەین كوژرا شیوەنیان دەكرد( 8).
بەڵام ئەوەی كە ڕیوات دەكرێ كەوا لە ئاسمانەوە خوێن باریوە، یان ئەوەی دیوارەكان خوێناوی بوون، یان بەردێك بەرز نەدەكرایەوە ئیلا ژێرەكەی هەر خوێن بوو، یان هەر وشترێكیان سەر ببڕایە هەمووی دەبووە خوێن، ئەمانە هەر هەمووی درۆ و دەلەسە و قسەی پوچن، ڕچەیەكی صەحیحی نییە نە بۆ پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم نە بۆ یەكێك لەوانەی كە هاوچەرخی ڕوداوەكە بوون، تەنانەت ضعیفیش نییە، تەنها درۆیەكە و بۆ وروژاندنی هەست و سۆز دەكرێ. ڕیوایەتانێكی سەنەد پچڕاون و نەگەیشتونەتە ڕوداوەكە( 9).
هەروەها لە ئیبن عەبباسەوە ئەڵێ: لە خەودا پەیامبەری خوام صلی الله علیە وسلم بینی، لە نیوەڕۆیەكدا قژی خۆڵاوی و شێواو بوو، شوشەیەكی هەڵدەگرت خوێنی تێدا بوو، وتم: ئەی پێغەمبەری خوا ئەوە چییە؟ فەرمووی: خوێنی حوسەین و هاوەڵەكانێتی، لەو كاتەوە بە دواییدا ئەگەڕێم تا ئەمڕۆ. عەممار كە هەواڵخوانی فەرمودەكەیە دەڵێت: ئەمەمان لای خۆمان لەبەركرد، دوای بینیمان حوسەین لە هەمان ئەو ڕۆژەدا كوژرا(10 )هەروەها پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم دەفەرموێ: (هەركەس بمبینێ لە خەودا، ئەوا بەڕاستی منی بینیوە )(11 ).
جا ئیبن عەبباسیش شارەزاترین كەسە بە شێوە و ڕوخساری موبارەكی پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم (12 ).
[سزای دونیا پێش دواڕۆژ:]
ئەو كەسەی وا فەرمانی كوشتنی حوسەینی كوڕی عەلیدا عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد بوو، بەڵام زۆری نەبرد یەكسەر كوشتیان، موختاری كوڕی ئەبی عوبەید هەستا كوشتی و تۆڵەی حوسەینی لێ سەندەوە، جا ئەم موختارە لەو كەسانەبوو كە پشتی موسلیمی كوڕی عەقیلی بەردا و پاشگەز بوویەوە.
هەربۆیە ئەم كارە بۆ خەڵكی كوفە تۆڵە سەندنەوە بوو لە نەفسی خۆیان، چونكە :
یەكەم: ئەوان پشتی موسلیمی كوڕی عەقیلیان بەردا، تا كوشتیان و كەسیشیان جوككەی لێوە نەهات.
دووەمیش: كاتێك حوسەین دەرچوو كەسیان بەرگریان لێنەكرد، تەنها حوڕڕی كوڕی یەزیدی تەمیمی و هاوەڵەكانی نەبێت، بەڵام خەڵكی كوفە ئەوان وازیان لێهێنا، هەر بۆیە دەبینیت سینە دەكوتن و ئەوە دەكەن كە دەیكەن، هەمووی بۆ سڕینەوەی ئەو هەڵەیەی باو و باپیرانە هەروەك خۆیان ئەڵێن(13 ).
عومارەی كوڕی عومەیر ئەڵێ: سەری عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد و دار و دەستەكەیان هێنا و لە مزگەوتەكەی ( ڕەحبە )دا ڕیز كران، دەڵێ: كە گەیشتمە لایان گوێم لێبوو دەیانوت ئەوە هات، ئەوە هات، بینیم مارێكە، بەنێو سەرەكاندا دەڕۆیشت تا چووە نێو لوتی عوبەیدوڵڵای كوڕی زیادەوە، كەمێك مایەوە و پاشان هاتە دەر و چوو تا دیاری نەما، پاشان هەم وتیان: ئەوە هاتەوە، ئەوە هاتەوە، هەمان كاری دووبارە یان سێ بارە كردەوە(14 ).
ئەمەش تۆڵەیەكی خوایی بوو لەم پیاوەی كردەوە كە دەستێكی گەورەی هەبوو لە كوشتنی حوسەینی كوڕی عەلی دا رضي الله عنه .
هەروەها لە ئەبی ڕەجائی عەتارەدیەوە وتوویەتی: جوێن بە عەلی و ئەو خانەوادەیە مەدەن، ئێمە هاوماڵێكی (بەلهوجین)یمان(15 ) هەبوو وتی: ئەم فاسقە -حوسەینی كوڕی عەلی- نابینن خوا كوشتی، ئەبو ڕەجاء دەڵێ: ئەوەبوو خوای گەورە سپیاییەكی تووشی چاوی كرد و كوێری كرد(16 )
* * *
[باسی سێیەم :كێ حوسەینی كوشت رضي الله عنه ؟ بابەتی داهاتوو دەبێت چاوەڕوان بن]
===================================
(1) ناوچە سنوریەكانە كە مەترسی دزەكردنی لێوە دەكرێ، جا حوسەین پێشنیاری ئەوەی كرد بەڵكو بڕوا بۆ جیهاد كردن، بەڵام زیاد قایل نەبوو. (وەرگێڕ)
(2) مەبەست لە (ئەبێت بە حوكمی من ڕازی بێت) واتە: دێت بۆ كوفە و لەوێوە خۆم بەڕێی دەخەم ئیتر بۆ كوفە بێت یان بۆ ثــغر یان دەیگەڕێنمەوە بۆ مەدینە، یا بۆ هەر كوێیەك، ئەگەر كوشتنیش بێ.. (وەرگێڕ)
(3) (أخرجه الترمذي) كتاب مناقب، باب مناقب الحسن والحسين، حديث (3768)، وهو ضعيف من رواية الحسين، ولكنه صحيح من رواية حذيفة و أبي سعيد وغيرهما.
(4) (المعجم الكبير) للطبراني، (5/ 206 رقم 5107)،  وانظر: (صحيح البخاري (كتاب فضائل الصحابة، باب مناقب الحسن والحسين حديث (3748)
(5) ( المعجم الكبير) للطبراني، (3/112رقم: 2829) وسنده صحيح.
(6)(تاريخ خليفة بن خياط) (ص 234).
(7)(فضائل الصحابة) (2/782 رقم 1391)، فەرمودەیەكی مەشهوریشە بەڵام لە هەموو ڕێگاكانیەوە لە ئوم سەلەمەوە ضعيفه
(8) (فضائل الصحابة) (2/766 رقم 1373) وسنده حسن.
(9) راجع (البداية و النهاية )، أحداث سنة 61هـ.
(10) ( فضائل الصحابة) (2/788 رقم 1280)،  واسناده صحيح.
(11) ( فضائل الصحابة) (2/788 رقم 1280)،  واسناده صحيح.
(12)بینینی پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم لە خەودا بە تەنها بەس نییە، بەڵكو دەبێت ئەوەی لەخەودا بینیوتە شێوە و ڕوخساری هەمان شێوە و ڕوخساری پەیامبەری خوا بێت صلی الله علیە وسلم لە ژیانیدا، بەو شێوازە بێت كە لە كتێبەكانی سیرەدا ڕوون كراوەتەوە. بۆ نموونە: كەسێك پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم دەبینێ لە خەودا لە شێوەی پیاوێكی كورتە باڵا، یا لەڕ و لاواز، یا ڕیش سپی یا..، ئەمە پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم نییە، چونكە پەیامبەری خوا صلی الله علیە وسلم شێوەی وا نەبووە... نە باڵای كورت بووە، نە لاواز بووە، بەڵكو چوار شانەیەك بووە (ڕوح و ماڵم فیدای بێ) تەنانەت هەموو تەڵە سپیەكانی ڕیشی موبارەكی نەگەیشتۆتە بیست تەڵ، جا ئاگادار بە. (وەرگێڕ)
(13) ئەو سوپای موختارەی كە تۆڵەی حوسەینیان كردەوە ناوی خۆیانیان نابوو( التوابین) (تۆبەكاران)، وەكو دان پێدانانێك بەو كەمترخەمیەی لە ئاست حوسەین كردیان، ئەمەش سەرەتای دەركەوتنی شیعە بوو وەكو مەزهەبێكی سیاسی، بەڵام دەركەوتنی شیعە وەكو مەزهەبێكی فیكری و فیقهی دوای ئەوە دەركەوت دەمێك دوای ڕوخانی دەوڵەتی بەنی ئوممەییە بوو.
(14) (جامع الترمذي) كتاب المناقب، باب مناقب الحسن و الحسين، حديث(3780)،  واسناده صحيح.
(15) هۆزێكە لە هۆزەكانی عەرەب.
(16) (المعجم الكبير) (3/112 رقم 2831) وسنده صحيح.