فرمێسك ڕشتن لەترسی خوای پەروەردگاردا
بەروار: 2012/01/24سەردارن: 4570نوسەر: هیوا زیرەم

إنَّ الحَمدَ للهِ، نَحمَدُهُ وَنَستَعِينُهُ وَنَستَغفِرُهُ، وَنَعُوذُ بِاللهِ مِن شُرُورِ أنفُسِنَا وَسَيِّئَاتِ أعمَالِنَا، مَن يَهدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ، وَمَن يُضلِل فَلا هَادِيَ لَهُ، وَأشهَدُ أن لا إلَهَ إلا اللهُ وَحدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ، وَأشهَدُ أنَّ مُحَمَّداً عَبدُه وَرَسُولُهُ.
أما بعد:(فَإنَّ خَيرَ الحَدِيثِ كِتَابُ اللهِ، وَخَيرَ الهَديِ هَديُ مُحَمَّدٍ، وَشَرَّ الأمُورِ مُحدَثَاتُهَا، وَكُلَّ مُحدَثَةٍ بِدعة، وَكُلَّ بِدعَةٍ ضَلالَة، وَكُلَّ ضَلالَةٍ فِي النَّار).

گریان نیعمەتێكە خوای گەورە بەهەموو مرۆڤێكی بەخشیوە ، جا چ گەورە بێت یاخود منداڵ ، دەبینین منداڵ كاتێك دایكی لێی دوور دەكەوێتەوە دەگری ، وە كاتێكیش برسی بێت هەر دەگری ، وە كاتێكیش ئازارێكی هەبێت دیسانەوە دەگری ، بەڵام گەورەكان بەپێچەوانەی منداڵەوە لەهیچ كام لەو سێ حاڵەتە ناگرین ، بەڵكو لەو كاتانەدا دەگرین كە (كەسێكی خۆشەویستیان لەدەست بچێت ، یان بۆڕابردوویان دەگرین ، یاخود هەندێ كاتیش لەخۆشیاندا دەگرین) ، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئێمە مەبەستمانە هیچ كام لەوانە نیە ، بەڵكو گریانێكە كە لەترسی خوای پەروەردگاردا بێت ، ئەو گریانەیە كە مرۆڤ بەتەنهایەو ساتێك بیر لەتاوانە زۆرەكانی دەكاتەوەو بیر لەبێكەسی خۆی دەكاتەوەو بیر لەبچووكی خۆی دەكاتەوە ، كە ساتە وەختێك دێتە پێشەوە ، ئەو وەختە هیچ كەس فریات ناكەوێت تەنها خۆت و كردارەكەت نەبێت ، بۆیە كاتێك مرۆڤ بیر لەو ساتە وەختە دەكاتەوە دەگری و ساتێك لەپێناوی خوای گەورەدا فرمێسك دەڕێژێت .

بۆیە دەگێڕنەوە كە (ڕۆژێكیان [ئیمامی حەسەنی بەصری ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت] ـ بەتەنیشت گەنجێكدا تێپەڕی كە ئەو گەنجە قاقای پێكەنینی زۆر بەرزەوە ببو ، بۆیە ئیمامی حەسەنی بەصری پرسیاری لێكردوو پێی فەرموو : ئایا تۆ بەسەر پردی صیراتا تێپەڕیویت ؟ گەنجەكەش گوتی : نەخێر ، وە ئیمامی حەسەنی بەصری پێی فەرموو : ئایا تۆ هیچ زانیاری یەكت هەیە دەربارەی دواڕۆژت كە بەرەو بەهەشت دەڕۆیت یاخود دەكەویتە ناو دۆزەخەوە ؟ گەنجەكەش گوتی : نەخێر هیچ لەوەش دڵنیا نیم ، بۆیە ئیمامی حەسەنی بەصری پێی فەرموو : ئیدی ئەم هەموو پێكەنینە چ مانایەكی هەیەو بۆچی زۆر پێدەكەنیت !؟ ، بۆیە دەگێڕنەوە ، لەدوای ئەو ئامۆژگاری یەی ئیمامی حەسەنی بەصری هیچ كەس ئەو گەنجەی نەدەدی كە زۆر پێبكەنێت و قاقای پێكەنینی بێت.
بۆیە لێرەدا سودەكانی گریان لەپێناوی خوای پەروەردگارو لەترسی خوای پەروەردگاردا دەخەینە ڕوو:
- پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم لەفەرموودەیەكدا دەفەرموێت :((عينان لا تمسهما النار ، عين بكت من خشية الله ، وعين باتت تحرس في سبيل الله)). (حديث صحيح : صححه الشيخ الألباني في " صحيح الترمذي " ( 1338 )). واتە " دوو چاو هەن ئاگری دۆزەخ نایان سوتێنیت : چاوێكیان ئەوەیە كە لەترسی خوای پەروەردگاردا بگری ، وە چاوەكەی دیكەش ئەو چاوەیە كە لەپێناوی خوای پەروەردگاردا ئێشك بگرێت و چاودێری بكات و نەخەوێت ".
- هەروەها پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم لەفەرموودەیەكی دیكەدا دەفەرموێت : ((سَبْعَةٌ يُظِلُّهُمُ اللَّهُ في ظِلِّهِ يَوْمَ لا ظِلَّ إلا ظلُّهُ :.... ورَجُلٌ ذَكَرَ اللَّه خالِياً فَفَاضَتْ عَيْنَاهُ )).( رواه البخاري ( 629 ) ومسلم ( 1031 )). واتە " خوای گەورە لەڕۆژی قیامەتدا حەوت كۆمەڵە خەڵك دەخاتە سێبەری عەرشی خۆیەوە كە لەو ڕۆژەدا هیچ سێبەرێك نیە جگە لەسێبەری عەرشی پەروەردگار نەبێت : بۆیە یەكێك لەو حەوت كۆمەڵەیە كەسێكە كە بەتاكو تەنها یادی خوای پەروەردگار دەكاتەوەو چاوەكانی فرمێسك دەڕێژن ".
- هەروەها خوای پەروەردگار باسی پێغەمبەرانمان بۆ دەكات (علیهم السلام) كە چۆن لەخودا ترساون و زۆربەی ساتەكانیان لەسوژدەدا بەسەر بردووەو بەكوڵ گریاون . هەروەكو دەفەرموێت : [إِذَا تُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ آيَاتُ الرَّحْمَٰنِ خَرُّوا سُجَّدًا وَبُكِيًّا ].(مريم : 58). واتە " كاتێك ئایاتەكانی خوای پەروەردگاریان بەسەردا خوێنرایەوە ـ مەبەست لێرەدا پێغەمبەرانە كە لەپێشدا خوای گەورە باسیان دەكات ـ بۆیە دەست بەجێ سوژدە دەبەن و بەكۆڵ دەگرین لەترسی خوای پەروەردگاردا ".

- هەروەها لەفەرموودەیەكی دیكەدا هاتووە كە ((عن أنس بن مالك رضي الله عنه عن رسول الله صلى الله عليه وسلم أنه قال لجبريل : " ما لي لا أرى ميكائيل ضاحكاً قط ؟ " قال : ما ضحك ميكائيل منذ خلقت النار )).( رواه أحمد ( 12930 ) ، وقال المناوي في " فيض القدير " ( 5 / 452 ) : ... قال الزين العراقي إسناده جيد ، وحسنه الشيخ الألباني في " صحيح الترغيب " ( 3664 ) . [ تنبيه : هذا الحديث من الأحاديث التي تراجع الشيخ الألباني من تضعيفه إلى تحسينه ] .).واتە " ئەنەسی كوڕی مالیك ـ ڕەزای خوای لێبێت ـ دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فەرمووی : پرسیارم لە جوبرەئیل كردو پێم وت : بۆچی نابینم هیچ كات (میكائیل) پێبكەنێت و دڵخۆش بێت ؟ جوبرەئیلیش فەرمووی : لەو كاتەوەی كە دۆزەخ دروستكراوە (میكائیل) پێنەكەنیوە ". بۆیە برایان ، خوشكان ، ئیمامی عبدالله ی كوڕی عومەر (ڕەزای خوا لەخۆی و لەباوكی بێت) دەفەرموێت : ( ئەگەر لەپێناوی خوای گەورەدا فرمێسك بڕێژم ، پێم خۆشترە لەوەی كە دە هەزار دینار لەپێناوی خوادا ببەخشم ). وە (كەعبی كوڕی ئەحبار) دەفەرموێت : ( ئەگەر لەترسی خوای پەروەردگاردا بگریم و فرمێسك ڕومەت و ڕیشم تەڕبكات ، لەلام باشترە لەوەی كە بەكێشی لاشەم زێڕ ببەخشم ). وە ئیمامی ئەبو هورەیرە (ڕەزای خوای لێبێت) لەكاتی نەخۆشی یەكەیدا گریا ، هاوەڵانی لێیان پرسی : لەترسی چیدا دەگریت ؟ ئەویش پێی فەرموون : من لەپێناوی ئەم دونیایەی ئێوەدا ناگریم كە جێی دێڵم ، بەڵكو بۆ دووری گەشتەكەم دەگریم و بۆ كەمی توێشووم دەگریم ، وە نازانم كاتێك دەبرێم ئایا دەخرێمە بەهەشتەوە ، یاخود دەخرێمە نێو دۆزەخەوە .

سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ الْعِزَّةِ عَمَّا يَصِفُونَ وَسَلَامٌ عَلَى الْمُرْسَلِينَ وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ