شوبهه‌كانى شه‌خس په‌رستان و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌یان(شوبهه‌ى یه‌كه‌م)
بەروار: 2012/05/28سەردارن: 2744نوسەر: د.عبداللطیف أحمد مصطفی

بەداخەوە نەفام و بێ‌ ئاگایان ناگەڕێنەوە بۆلای سەرچاوەی ئیسلامەتی كە قوڕئان و حەدیسەو ناچنە خزمەتیان بۆ تێگەیشتن لێیان ( تدبّر ) و ئیش كردن پێیان. بەڵكو بەشیان لە قوڕئان خوێندن تەنها بۆ مردووانە لەسەر تەعزیە، نەك بۆ زیندووەكان. وە ئەگەر بێت و لە كتابی نوسەرێكی باوەڕ پێكراوی خۆیاندا نوسرابێت دروستە هاوار بكرێتە پیاوچاكان، ئەوە باوەڕ بەو دەكەن، بەڵام باوەڕ بە كەلامی خوا ناكەن، وە قوڕئان و حەدیس دەخەنە پشت گوێ‌ و، مانای ئایەتەكانی دەگۆڕِن و تەحریفی دەكەن بەناوی تەفسیرو لێكدانەوەو تەئویل و مەجاز. وە چەندان شوبهە دەهێننەوە، بۆ ڕەت كردنەوەی مانای زاهیری ئەم ئایەتە قوڕئانیانە.
زۆر لە نەفامانی ئەم سەردەمەی ئێمە، شەیتان سەری لێ‌ شێواندوون و لەڕێگای ڕاستی تەنها خوا پەرستی گومڕای كردوون و، گەڕاندوونیەوە بۆ سەر دینی موشریكەكانی پێشوو، بەڵام نەك بەناوی شیرك و كوفر، بەڵكو بەناوی خوا پەرستی و خۆش ویستنی پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و لەخوا نزیك بوونەوە. وە هەروەها شەیتان بەوەش وازی لێ‌ نەهێناون كە لە تەوحید ( تەنها خوا پەرستی ) ەوە لای داون بۆ هاوبەشی بۆ خوا دانان (الشرك)، بەڵكو شەریك بۆ خوا دانانی بۆ ڕازاندوونەوە لە پۆشاكی حەق و خوا پەرستیدا نیشانیان دەدات و چەندان شوبهەشیان فێردەكات بۆ ئەوەی بیان هێڵێتەوە لەسەر دینی شیرك و قـەنـاعـەتـیان بـۆ دروسـت بـكات و موجادەلەی ئەهلی تەوحیدیشی پێ بكەن. وە شوبهەكانی شەیتان بۆتە چەكی دەستیان بۆ دیفاع كردن لە بیروباوەڕە شیركیەكەیان لەبەرامبەر بانگەوازی ئەهلی تەوحید بۆیان. وەك پەروەردگار دەفەرموێت:[ وزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِيلِ فَهُمْ لا يَهْتَدُونَ ] (النمل: 24). واتە: شەیتان كردەوەكانی بۆ ڕازاندوونەوەو لە ڕێگەی ڕاست لای داون.
وه‌ ده‌فه‌رمووێت: [ وإِنَّهُمْ لَيَصُدُّونَهُمْ عَنِ السَّبِيلِ ويَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ مُهْتَدُونَ ] (الزخرف:37). واتە: شەیتانەكان لە ڕێگەی ڕاست لایان دەدەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وا حیساب دەكەن كە هیدایەت دراون و لەسەر ڕێگەی ڕاستن !!.
وە دەفەرموێت: [وإِنَّ الشَّيَاطِينَ لَيُوحُونَ إِلَى أَوْلِيَائِهِمْ لِيُجَادِلُوكُمْ وإِنْ أَطَعْتُمُوهُمْ إِنَّكُمْ لَمُشْرِكُونَ] (الأنعام: من الآية 121 )  واتە: شەیتانەكان وەحی دەنێرن بۆ دۆستەكانیان وە شوبهەیان فێردەكەن بۆ ئەوەی موجادەلەی ئێوەی دۆستی خوا ( ئەهلی تەوحید )ی پێ‌ بكەن .
بەڵام بە پشتیوانی خوا ناتوانن لە بەرامبەر ئەهلی تەوحید بوەستن و شوبهەكانیان خـۆی ناگرێت لە ئاستی بەڵگەكانی ئەهلی سوننە ( ئەهلی تەوحید ) چونكە فێڵ و شوبهەی شەیتان لاوازە لە راستیدا [فَقَاتِلُوا أَوْلِيَاءَ الشَّيْطَانِ إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفاً] (النساء: من الآية76 )
وە فێڵ و شوبهەی شەیتان تەنها لای موسڵمانی سادەی تێنەگەیشتوو لە قوڕئان و سوننەت ـ ڕەواجی هەیە.
بەڵام لای تەنها خوا پەرستان ( شوێنكەوتووانی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم و هاوەڵانی ) ڕەواجی نی یەو لاوازترە بەلایانەوە لە هێلانەی جاڵجاڵۆكە، كە هێلانەی جاڵجاڵۆكە لاوازترین هێلانەیە :
[ مَثَلُ الَّذِينَ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِ اللَّهِ أَوْلِيَاءَ كَمَثَلِ الْعَنْكَبُوتِ اتَّخَذَتْ بَيْتاً وإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنْكَبُوتِ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ] (العنكبوت:41)
وە هێزو توانای تەنها خوا پەرستانی شوێنكەوتەی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم و هاوەڵانی لە خۆیانەوە نیە بەڵكو لەوەوەیە كە شوێن ئەو ڕۆشنكەرەوە( نور )ە كەوتوون كە خوا بۆی ناردوون، كە بریتی یە لە قوڕئان و سوننەت. چونكە هەركەسێك شوێن ئەم دوو سەرچاوە ڕۆشن كەرەوە بكەوێََََت ئەوا هەموو شتێكی لا ڕووناك و ئاشكرا دەبێت و حەق و ناحەق لێك جیا دەكاتەوەو شەیتان ناتوانێت فێڵی لێ‌ بكات و سەری لێ‌ بشێوێنێت.(سوپاس بۆ خوا) .
ئێستاش با شوبهەی نەفامەكان بخەینە ژێر تیشكی ڕووناكی قوڕئان و سوننەت بە گوێرەی تێگەیشتنی هاوەڵان و پێشەوایانی پێشینەی ئوممەت:
گۆڕپەرستانی ئەمڕۆ دەڵێن: ئێمە موشریك نین، چونكە ئێمە لە زۆر بیرو باوەڕو كردارو گوفتاردا جیاوازین لە موشریكەكان كەواتە نابێت ئەو ئایەتانەی موشریكەكانی بە كافر داناوەو لە سەر ئەوان دابەزیوە بەسەر ئێمەیدا جێ بەجێ‌ بكەن، چونكە ئێمە لە زۆر شتدا جیاوازین لە موشریكان بەم شێوەی خوارەوە:

شوبهەی یەكەم
دەڵێن: ئێمە باوەڕمان وایە تەنها خوا خالقە و دروستكاری هەموو بوونەوەرەو تەنها ئەویش پادشاو خاوەنەو هەر ئەویش پەروەردگاری هەموو جیهانە. وە هەموو ئەو پیاوچاك و پێغەمبەرانەش كە ئێمە ئیعتیقادمان پێیانەو هاواریان دەكەینێ‌ ئەوانیش هـەر تەنهـا خـوا دروستی كردوون و هیچیان ناكەین بە شەریكی خوا لە دروست كردنی هیچ بەشێكی بوونەوەر.
كەواتە: چۆن ئێمە بەكافر دادەنرێین لە كاتێكدا باوەڕمان بە بوونی خوا هەیە ؟!. وە چۆن ئێمە بە موشریك دادەنرێین لە كاتێكدا كە ئیعتیقادمان وایە تەنها خوا خالیقەو پەروەردگارە بەبێ‌ شەریك ؟!.

پوچەڵ كردنەوەی شوبهەی یەكەمی شەخس پەرستان
لە وەڵامی ئەم شوبهەیەدا دەڵێین:
ئەم شوبهەیە مایەی نەفامی و بێ‌ ئاگایی یە لە قوڕئان و سوننەت ، چونكە ئەگەر ئاوڕ بدەنەوە بەلای قوڕئاندا بۆیان دەردەكەوێت، كە لە چەندەها ئایەتدا پەروەردگار باسی كردووە كە موشریكەكانیش باوەڕیان بە بوونی خوا بووەو لەوەش زیاتر باوەڕیان بە تەنها پەروەردگاریەتی و خالقیەتی خوا بووەو بتەكانیان بە شەریكی خوا دانەدەنا لە دروست كردن و پەروەردگاریەتی دا وە خۆیان ئیقڕاڕیان دەكرد كە بتەكانیان دروست كراون‌و تەنها خوا خالیقە. وە هەروەها ( ابلیس )ی نەفرەت لێكراویش باوەڕی بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا هەیەو دەڵێت: [ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ ] واتە: ئەی پەروەردگارم تۆ منت دروست كردووە لە ئاگر.
كەواتە ئەگەر تەنها بەو باوەڕە عەبد ببێت بە موسڵمان ئەوا دیارە ( ابلیس)و موشریكەكانیش موسڵمان بوون و كافر نەبوون، چونكە ئەوانیش باوەڕیان وابوو كە تەنها خوا خالقەو پەروەردگارە وەكو گۆڕپەرستەكانی ئەمڕۆ.
كەواتە ئەی شەخس پەرستان بە تەنها بەم باوەڕ بوونە لە موشریك و كافرەكان جیا نابنەوە؛ چونكە ئەوانیش وەكو ئێوە ئەم باوەڕەیان بە خوا هەبوو وەك لەم ئایەتانەدا دەردەكەوێت:

1ـ [ ولَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ خَلَقَهُمْ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ فَأَنَّى يُوفَكُونَ ] (الزخرف:87)
واتە: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر ئەگەر بپرسی لەم موشریكانە كێ‌ دروستی كردوون ؟. لەوەڵامدا دەڵێن: (الله) دروستی كردووین بە تەنها. كەوابوو ئەدی بۆچی هەڵدەگەڕێنەوە لە تەنها پەرستن و هاواركردنی ئەو( الله )یەی كە بەتەنها دروستی كردوون ؟ وە بۆچی شتی تری لەگەڵ دەپەرستن كە هیچ پەیوەندییان نەبووە بە دروست كردنی ئێوە ؟!

2ـ [وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ فَأَنَّى يُؤْفَكُونَ ]؟! ( العنكبوت : 61).  
واتە: ئەگەر پرسیار بكەیت لە موشریكەكان: كێ‌ ئاسمانەكان و زەوی دروست كردووەو كێ‌ خۆرو مانگی ژێربار كردووەو بە ڕێكی دەخولێنەوە. لە وەڵامدا دەڵێن: تەنها ( الله ). كەوابوو چۆن لادەدەن لە پەرستنی ئەو ( الله )یە كە دروستكاری ئاسمانەكان و زەوی یەو ڕێكخەری خۆرو مانگەو چۆن لەگەڵ ئەودا هاوار دەكەنە غەیری ئەو، وە شتانێكی تر دەپەرستن ؟!.

3ـ [وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّن نَّزَّلَ مِنَ السَّمَاء مَاء فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ مِن بَعْدِ مَوْتِهَا لَيَقُولُنَّ اللَّهُ قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ ] ( العنكبوت : 63) .   
واتە: ئەگەر پرسیار لە موشریكەكان بكەیت كە: كێ‌ لە ئاسمان بارانی باراندووەو زەویی مردووی وشك بووی پێ‌ زیندوو كردۆتەوە؟. لە وەڵامدا دەڵێن:( الله )؛ دەتۆش بڵێ‌ سوپاس بۆ ئەو خوایە( الحمدلله )، بەڵام زۆربەی ئەو خەڵكە عەقڵیان نی یە كە تەنها دەبێت ئەو ( الله )یە بپەرسترێت كە بارانیان بۆ دەبارێنێت و زەویان بۆ زیندوو دەكاتەوە!. جا چونكە عەقڵی ئەوەیان نی یە. شەریكی بۆ دادەنێن لە پەرستن و پشت پێ‌ بەستن و ئیعتقاد پێ‌ بوون !!.

4. [ قُلْ لِمَنْ الأَرْضُ وَمَنْ فِيهَا إِنْ كُنتُمْ تَعْلَمُونَ (84) سَيَقُولُونَ لِلَّهِ قُلْ أَفَلا تَذَكَّرُونَ (85) قُلْ مَنْ رَبُّ السَّمَوَاتِ السَّبْعِ وَرَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ (86) سَيَقُولُونَ لِلَّهِ قُلْ أَفَلا تَتَّقُونَ (87) قُلْ مَنْ بِيَدِهِ مَلَكُوتُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ يُجِيرُ وَلا يُجَارُ عَلَيْهِ إِنْ كُنتُمْ تَعْلَمُونَ (88) سَيَقُولُونَ لِلَّهِ قُلْ فَأَنَّى تُسْحَرُونَ ]المؤمنون (84ــ89).
واتە: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر بەو موشریكانە بفەرموو: ئەم زەوی یەو ئەوەی كە لەناو زەوییش دایە ـ موڵكی كێ‌یە ئەگەر دەزانن ؟. بێگومان ـ لە وەڵامدا دەڵێن ـ تەنها موڵكی (الله)یە. تۆ ئەوكاتە بفەرموو: ئەدی كەواتە بۆ بیرناكەنەوە كەتەنها ئەویش شایسـتەی پـەرسـتـنەو زینـدوتـان دەكاتەوەو موحاسەبەتان دەكات لەسەر شەریك بۆ خوا دانانتان.
وە بفەرموو: كێ‌ پەروەردگاری حەوت ئاسمانەكان و كێ‌ پەروەردگاری عەرشی گەورەیە كە لە هەموو دروستكراوێك گەورەترەو بەرزترە؟!.
بێگومان لە وەڵامدا دەڵێن: تەنها(الله) پەروەردگارە ، تۆش بفەرموو كەوابوو بۆ لەو تەنها پەروەردگارە؛ ناترسن و شەریكی بۆ دادەنێن لە پەرستندا، لەكاتێكدا خۆتان دان دەنێن بەوەی كە تەنها ئەو پەروەردگارە ؟.
وە بفەرموو: كێ‌ خاوەنی هەموو شتێكەو خەزێنەی هەموو شتێكی بەدەستە ؟.
وە كێ‌ پەنای ئەوە دەگرێ‌ كە پەنای پێ‌ بگرێ‌ و پەناش لەو ناگیرێت؟ ئەگەر دەزانن؟.
لە وەڵامدا دەڵێن: ئەم دەسەڵات و موڵكە تەنها هی(الله)یە.
تۆش بفەرموو: [فأنّی تسحرون] واتە: كەوابوو چۆن فێڵتان لێ‌ دەكرێت و لادەدرێن لە پەرستنی ئەو خوایەو بەڕاست دانانی هەواڵەكانی و شوێنكەوتنی فەرمانەكانی.
5ـ [قُلْ مَن يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاء وَالأَرْضِ أَمَّن يَمْلِكُ السَّمْعَ والأَبْصَارَ وَمَن يُخْرِجُ الْحَيَّ مِنَ الْمَيِّتِ وَيُخْرِجُ الْمَيَّتَ مِنَ الْحَيِّ وَمَن يُدَبِّرُ الأَمْرَ فَسَيَقُولُونَ اللّهُ فَقُلْ أَفَلاَ تَتَّقُونَ (31) فَذَلِكُمُ اللّهُ رَبُّكُمُ الْحَقُّ فَمَاذَا بَعْدَ الْحَقِّ إِلاَّ الضَّلاَلُ فَأَنَّى تُصْرَفُونَ (32)  ] (يونس).  
واتە: بفەرموو: كێ‌ ڕزقتان دەدات لە ئاسمان بە باران بارین و لە زەویدا بە روِوەك ڕواندن ؟. وە كێ‌ بیستن و بینینی ئێوەی بە دەستە ؟. وەكێ‌یە مردن و ژیانی بە دەستەو زیندوو لە مردوو دروست دەكات، وە مردووش لە زیندوو دروست دەكات. وەكێ‌ كاروباری بوونەوەر بەڕێوە دەبات ؟ لە وەڵامدا دەڵێن ( الله ) بەتەنها.
تۆش بفەرموو: كەوابوو بۆ لە خوا ناترسن و خۆپارێزی ناكەن لەوەی كە ئەو (الله)یە پێی ناخۆشە. وەك پەرستنی غەیری خوا ؟!
وە تەنها ئەو خوایە پەرستراوی حەقەو شایستەی پەرستنە كە پەروەردگارتانەو هەمـوو شتێكی بە دەستە. وە غەیری ئەو پەروەردگارە هیچ یەكێك شایستەی پەرستن و هاوار بۆ كردن نی یەو تەنها ( الله ) پەرستراوی حەقەو غەیری ئەو پەرستراوی ناڕەواو نا حەقن.
كەوابوو بۆ لە پەرستنی ئەم پەرستراوە شیاوە لادەدەن بۆ پەرستنی پەرستراوێكی ناحەق (باطل) ؟!.
كەواتە: لەم ئایەتانەدا بۆمان دەركەوت كە موشریكەكان هەموویان باوەڕیان بەوە هەبوو، كە تەنها خوا پەروەردگارەو دروستكاری بوونەوەرەو خاوەنی هەموو شتێكە، وەلەو شتانەدا هیچ یەكێكیان نەدەكرد بە شەریك بۆ خوا، بەڵام لە عیبادەتدا شەریكیان بۆ خوا دادەناو پەرستنیان بۆ غەیری خوا دەكرد؛ بۆیە خوای گەورە بانگیان دەكات بۆ تەنها(الله) پەرستن، لە ڕێگای باوەڕ بوونیان بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا؛ چونكە كەسێك باوەڕی بەوە هەبێت كە تەنها (الله) پەروەردگارە، دەبێت تەنها ئەویش بپەرستێت؛ چونكە تەنها ئەو زاتە شایستەی پەرستن بۆ كردنە كە پەروەردگارو خالیق و ڕازق و مالك و قادر ... بێت، بەڵام ئەوەی كە هیچ یەكێك لەم سیفەتانەی نی یە، شایستەی ئەوە نی یە بپەرسـترێـت و عیبادەتی بۆ بكرێت و هاواری بكرێتـێ‌.
وە لە چەندان ئایەتی تریشدا دەبینین خوای گەورە ئەم باوەڕ بوونەیان بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا (الإيمان بتوحيد الربوبية )، دەكاتە بەڵگە لەسەر بانگ كردنیان بۆ تەنها پەرستنی ئەو ( توحيد الأُلوهية ). وەك لەم ئایەتانەدا دەفەرمووێت:
[أَمَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنزَلَ لَكُم مِّنَ السَّمَاء مَاء فَأَنبَتْنَا بِهِ حَدَائِقَ ذَاتَ بَهْجَةٍ مَّا كَانَ لَكُمْ أَن تُنبِتُوا شَجَرَهَا أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ بَلْ هُمْ قَوْمٌ يَعْدِلُونَ (60)  أَمَّن جَعَلَ الْأَرْضَ قَرَارًا وَجَعَلَ خِلَالَهَا أَنْهَارًا وَجَعَلَ لَهَا رَوَاسِيَ وَجَعَلَ بَيْنَ الْبَحْرَيْنِ حَاجِزًا أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (61) أَمَّن يُجِيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ وَيَجْعَلُكُمْ خُلَفَاء الْأَرْضِ أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ (62)  أَمَّن يَهْدِيكُمْ فِي ظُلُمَاتِ الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَمَن يُرْسِلُ الرِّيَاحَ بُشْرًا بَيْنَ يَدَيْ رَحْمَتِهِ أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ تَعَالَى اللَّهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ (63)  أَمَّن يَبْدَأُ الْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُ وَمَن يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاء وَالْأَرْضِ أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ (64) ]سورة النمل .
 واتای ئایەتی (60): ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر پرسیار بكە لەو موشریكانە: ئایا كێ‌ ئاسمانەكان و زەوی دروست كردووە، وە لە ئاسمانەوە ئاوێكی باراندوە ، جابەهۆی ئەو ئاوەوە باغ و بێستانی بەدیمەن و جوانمان بۆسەوز كردن لەحاڵێكدا كەئێوە توانای سەوز كردنی دارەكەشتان نەبوو ئەگەر پەروەردگار بارانی بۆ نەباراندبان !!.
كەوابوو تەنها ئەو زاتە پەرستراوە(إله)ـە كە ئەمانەی بۆ ئێوە كردووەو هەر پەرستراوێكی تر كە ئەمانەی نەكردبێت ناحەقە بە پەرستراو دابنرێت و پەرستن و سەربڕین و هاواری بۆ بكرێت. جا ئایا هیچ پەرستراوێكی دی هەیە لەگەڵ (الله) ئەم شتانەی پێشووی بۆ ئێوە كردبێ‌ تاوەكو بەهۆی ئەوەوە ببێتە شیاوی پەرستن بۆ كردن و بەگەورە دانان ؟!.
بێگومان هیچ پەرستراوێكی تر نی یە جگە لە ( الله ) ئەم كارانەی كردبێت، بەڵام ئەم موشریكانە گەلێكن ( قومٌ ) لە حەق لادەدەن و پەرستراوەكانیان یەكسان دەكەن بە خوا لە پەرستن بۆ كردنداو كردوویانن بە شەریكی ( الله ) !!. لە كاتێكدا خۆیان دان دەنێن بەوەی كە شەریكی خوا نین لە دروست كردن ‌و باران باراندن و ڕووەك سەوز كردن و پەروەردگارێتیدا !!.
واتای ئایەتی(61): ئایا پەرستنی دروست كراوەكانی ئێوە خێرترە، یان پەرستنی ئەو خوایەی كە زەوی بۆ ئێوە جێگیر كردووەو بۆی كردوون بە جێگای قەرار گرتن و، لەناو زەویشدا چۆم و ڕووباری بۆ داناون و، شاخی پتەویشی لە زەوی داكوتاوە بۆ بەهێزكردن و بەستنەوەی، وەهەروەها لەنێوان دوو بەحری شیرین و سوێر، مانعێكی داناوە بۆ ئەوەی تێكەڵاو نەبن ؟! .
ئایا هیچ پەرستراو ( معبود = إله )ێك هەیە لەگەڵ ( الله ) ئەمانەی پێشووی بۆ كردبن تاوەكو بەوە بووبێتە شیاوی پەرستن بۆكردن و كردنە شەریكی خوا ؟! .
نەخێر نی یە، بەڵام موشریكەكان هەر بەردەوامن لەسەر شەریك بۆ خوا دانان لە پەرستندا، چونكە زۆربەیان قەدری گەورەیی خوا نازانن بۆیە بەنەفامی و كوێرانەو لاسایی كردنەوە شەریكی بۆ دادەنێن و بەندەیەكی دروستكراوی لاوازی بێ‌ دەسەڵات دەكەن بەهاوبەشی خوای دروستكاری بوونەوەر لە پەرستندا‍‍ !!.
واتای ئایەتی(62): ئایا پەرستنی مەعبودەكانی ئێوە خێرترە یان تەنها پەرستنی ئەو خوایەی كە وەڵامی لێقەوماوو داماوو غەمبار دەداتەوە كاتێ‌ هاواری بكاتێ‌. وە ناڕەحەتی لەسەر لادەبات. وە هەروەها دەتانكات بە نیشتەجێ‌ی پێش خۆتان ؟! .
ئایا هیچ پەرستراوێك هەیە لەگەڵ خوا خاوەنی ئەم نیعمەتانە بێت بەسەرتانەوە ؟ بۆیە ئێوەش بەندایەتی بۆ بكەن لەگەڵ خواو هاواری بكەنێ‌ لەكاتی تەنگانەدا ؟!
نەخێر هیچ یەكێكی تر نی یە كە وەڵامی لێقەوماو بداتەوەو ناڕەحەتی لەسەر لابەرێت. وەموشریكەكان خۆیان ئەمەیان چاك دەزانی بۆیە لەكاتی تەنگانەدا ـ بۆ نموونە ـ لەناو دەریادا كە ( مەترسی تێداچوونیان بۆ دەهات) تەنها هاواریان دەكردە خوا، چونكە دەیانزانی تەنها(الله) بە فریای لێقەوماوان دێت و، ناڕەحەتیان لەسەر لادەبات. بەڵام بەداخەوە كەم عیبرەت وەردەگرن و، كەم بیردەكەنەوە لە گەورەیی و دەسەڵاتی خوا؛ بۆیە مەعبوداتێكی ( پەرستراوانێكی ) نا شایستەتان پەرستوون و بەوە كردووتانن بە شەریك بۆ خوای گەورەو تاكە پەرستراوی حەق.
واتای ئایەتی(63): وە ئایا پەرستنی ئەوانە خێرە كە كردووتانن بە شەریكی خوا، یان پەرستنی ئەو خوایەی كە ڕێنمونیتان دەكات لە تاریكایەكانی دەشت و دەریا، كاتێك كەڕێتان لێ‌ تێك دەچێت و شەوتان بەسەردا دێت ؟ وە ئەو خوایەی كە بەر لە ناردنی بارانی ڕەحمەتی، بای مزگێنی دەنێرێ‌ ؟
ئایا پەرستراوێكی دی لەگەڵ (الله) هەیە، ئەم شتانەی بۆ ئێوە كردبێت؛ تاوەكو ئێوەش بە شیاوی پەرستن بۆكردنی دابنێن و هاواری بكەنێ‌ ؟
نەخێر هیچ یەكێك نی یە لەو پەرستراوانە، جگە لە ( الله )، كە زۆر بەرزترە لەوەی كە دەیكەن بە شەریكی خوا [تَعَالَى اللَّهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ ].
[ كەواتە خوای گەورە بە موشریكی دانان چونكە پەرستن و هاواركردنیان بۆ غەیری خوا دەكرد، هەرچەندە باوەڕیان وابوو كە تەنها خوا دروستكارو ڕازیق و بارانبارێنەرو ژینەرو مرێنەرو هەڵسوڕێنەری بوونەوەرە، وەكو لە وەڵامەكانیاندا دەركەوت كە لەم لایەنە شەریكیان بۆ خوا دانەنابوو.
واتای ئایەتی(64): وە ئایا كێ‌ لە نەبوونەوە بوونەوەری دروست كردوە، دواییـش تێـكی دەداتـەوەو، خەڵـكی دەمرێنێ‌ و، نیزامی جیهان دەشڵەژێنێ‌ ، وە دیسان دوای ئەوە دەیان گەڕێنێتەوە ؟ وەكێ‌ ڕزقتان دەدات لە ئاسمان بە باراندنی باران و، لە زەویش بە ڕواندنی ڕووەك و دانەوێڵە ؟
ئایا هیچ مەعبودێكی ( پەرستراوێكی ) تر هەیە لەگەڵ ( الله ) ئەم شتانە بكات؛ تاوەكو ئێوەش بیپەرستن لەگەڵ ئەودا ؟!.
نەخێر چاك دەزانن كە هیچ مەعبودێك ( پەرستراوێك ) نی یە ئەمانەی پێ‌ بكرێت و شەراكەتی خوای كردبێت لەمانەدا. كەوابوو هیچ یەكێكی تر شایستەی پەرستن بۆكردن نی یە لەگەڵ خوادا. وە ئەگەر هەر گومانی ئەوەش دەبەن، كە پەرستراوەكانتان شایستەی پەرستن و هاوار بۆكردن بن، وە بە دروستی دەزانن بكرێن بە واسیتە بۆ ئەوەی شەفاعەتتان بۆ بكەن لای خوا بەبێ‌ ئەوەی خوا ڕێگای ئەوەی بە ئێوەش و ئەوانیش دابێت، ئەوا دەی بەڵگە بهێننەوە لەسەر ئەو گومان و بیرو باوەڕە شیركیەتان ئەگەر ڕاست دەكەن :[أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ].
ئێمەی ئەهلی سوننەتیش هەمان ئەم ئایەتە دەخەینە ڕووی ئەوانەی پیاوچاكان و پێغەمبەران (علیهم الصلاە والسلام) دەكەن بە واسیتەو داوای شەفاعەت و هێنانی خۆشی و لادانی ناخۆشیان لێ‌ دەكەن و هاواریان دەكەنێ‌ لە خۆشی و ناخۆشیدا. وەكو پەروەردگار بەو نەفامانە دەڵێت: [ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ] بەڵگەكانتان بێنن ئەگەر ڕاست دەكەن و كارەكەتان بـە ڕاسـت دادەنـێـن. وا ئێمە بەڵگەكانی خۆمان باس دەكەین لە قوڕئان و سوننەت، ئەی كوا بەڵگەكانی ئێوەش لە قوڕئان و سوننەت ؟!
كەواتە: لەم ئایەتە قوڕئانیە پیرۆزانەدا بۆمان دەركەوت كە موشریكەكانیش ـ وەكو شەخس پەرستانی ئەمڕۆ ـ باوەڕیان هەبوو بە: ( توحید الربوبية ). واتە: تەنها پەروەردگارێتی خوا واتە ئیعتقادیان وابوو كە بەتەنها ( الله ): خالق و ڕازق و مالك و زیندووكەرو مرێنەرو بەڕێوەبەرو باران بارێنەرو ژینەرو پەروەردگاری ئەرزو ئاسمان و هەموو بوونەوەرەو بێ‌ ئەوەی هیچ كەس شەریكی بێت لەم كارانە، واتە ئیعتیقادیان وابوو كە تەنها خوا خاوەنی ئەم كارانەیە (إفراد الله بأفعاله). وە كەسی تر بكەری هیچ كارێك لەم كارانە نی یە جگە لە (الله).
وە هەروەها لە ڕێگای ئەم باوەڕ بوونەیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا ( توحید الربوبیە )، قوڕئان بانگی دەكردن بۆ تەنها پەرستنی ئەو خوایە ( توحيد الألوهية ) واتە: لە ڕێگای باوەڕ بوونیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا، بانگی دەكردن بۆ تەنها پەرستنی خوا. واتە ئەم باوەڕ بوونەیان بە( توحيد الربوبية )ی دەكرد بە بەڵگە لەسەریان بۆ باوەڕ هێنانیش بەتەنها خوا پەرستی، چونكە كێ‌ بەتەنها خالق و پەوەردگار (رب) بێت، دەبێت خەڵكی عیبادەت بۆ ئەو بكەن بەتەنها.
كەواتە كافربوونی موشریكەكان بەهۆی ئەوەوە نەبوو، كە باوەڕیان بە بوونی خوا، یان تەنها پەروەردگاریەتی خوا نەبووبێت و، باوەڕیان بە بتەكانیان بوبێت كە شەریكی خوا بن، لە دروست كردن و پەروەردگاریەتیدا!!.
نەخێر كوفرەكەیان لەبەر ئەوە نەبوو، چونكە لەمەدا شەریكیان بۆ خوا دانەدەناو، باوەڕی تەواویشیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا هەبوو، بەڵام هۆی كافربوونیان و، خەلەلیان ئەوەبوو كە: بەتەنها ئەو پەروەردگارەیان نەدەپەرست !!