دیوی شاراوەی فلیمی (براءة المسلمين)‏
بەروار: 2012/09/15سەردارن: 2610نوسەر: ڕەوەند عبدالله

بەڵێ‌ تەنانەت ئەكتەرەكانی فلیمەكەیشت بەریئن لە فلیمەكەت‏
كەس گومانی نیە لەوەی كە جولەكە و خاچ پەرستان هەر لە سەرەتای دابەزینی سروشەوە دژایەتی ئەم ئاینە و پەیامبەرەكەی ‏صلى الله عليه وسلم‏‏ ئەكەن و تا ئەمڕۆ بەبەردەوامی لە پلان داڕشتندان بۆ عەیبدار كردنی ئەم ئاینە پیرۆزە و پەیامبەرە مەزنەكەی صلى الله عليه وسلم‏‏ ، چونكە ‏باش دەزانن ناتوانن مەشخەڵی ڕوناكی ئەم ئاینە بكوژێننەوە و لەناوی ببەن . جا پێوستە موسڵمان بەم جۆرە كارانە سەرسام نەبێ‌ و ‏هەمیشە چاوەڕوانی لەوە خراپتریشیان لێ‌ بكات . ‏
دوژمنایەتی كردنی ئەو دەرون نەخۆشانە بۆ ئەم ئاینە لە چەندین ئایەتدا خوای پەروەردگار ئاماژەی بۆ كردوە هەروەك ‏ئەفەرموێ‌ :[ لَتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاوَةً لِّلَّذِينَ آمَنُواْ الْيَهُودَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُواْ ] ( المائدة : 82 ) .
وە هۆكاری ئەم دژایەتی كردنەیشیان بریتیە لە ئێرەیی بردنیان بەوەی ئێمە موسڵمانین و ئەوان بێ‌ باوەڕن هەربۆیە ئەیانەوێ‌ ‏بەم جۆرە كارانە ئێمەش وەكو خۆیان گومڕا بكەن هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [ وَدَّ كَثِيرٌ مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ يَرُدُّونَكُم مِّن بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّاراً حَسَداً مِّنْ عِندِ أَنفُسِهِم مِّن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمُ الْحَقُّ ] ( البقرة : 109 ) .
جا وەك ئاشكرایە دوای ئەوەی ( نقولا باسیلی نقولا ) ـی دەرون نەخۆش بەناوی ( براءة المسلمين ) فلیمێكی دەرهێناوە ، بە خەیاڵی ‏نەخۆشی خۆی پێی وایە ئەم ناوە توانجدانە لە موسڵمان و روشاندنە بۆ كەسایەتی پەیامبەرمان ‏(صلى الله عليه وسلم‏ ، لە كاتێكدا بە بڵاوبونەوەی ‏تەنها (13) خولەكی فلیمەكە تەنانەت ئەكتەرەكانی فلیمەكەیشی بەرائەتی خۆیان لەو كارە دەربڕی و رەتیان كردەوە كە زانیبێتیان ‏ئەو فلیمە سەبارەت بە پەیامبەری موسڵمانان صلى الله عليه وسلم‏ و ئاینەكەیان بێت .‏
‏ سینارست و دەرهێنەری ئەم فلیمە كەسێكی ( قبطي ) میسریە خاوەن رەگەزنامەی ئەمریكیە بەناوی ( نقولا باسیلی نقولا ) وە ‏دەرچوی بەشی ئادابە لە جامعەی قاهیرە هەروەك لە چاوپێكەوتنێكدا هاتووە كە لە موقعی ( رادیۆ سوی ) لەگەڵیا ئەنجامی دراوە ، وە ‏ئەم كەسایەتە خۆی كەسێكی دزو خراپە لە ساڵی 2011 حوكم دراوەتە سەریا بە بەندكردنی بۆ ماوەی 21 مانگ بە تۆمەتی دزی و ‏فڕوفێڵ وە 790 دۆلار غەرامەی دراوەتە سەرا وەك قەربووكردن و بژاردن ، هەروەها بۆی نەبووە بۆ ماوەی پێنج ساڵ كۆمبیوتر و ‏ئینتەرنیت بەكار بهێنێ‌ مەگەر بە رەزامەندی چاودێری رەوشت . ‏
ئەگەرچی ناوبراو نكۆڵی دەكات لەوە ناوی باسیلی بێت بە حوكمی ئەوەی ئەڵێ‌ من باسیلی دەرهێنەر ئەناسم كەچی رۆژنامەی " ‏نیویورك تایمز " ئاماژەی بەوە كردوە كەوا ئەو ژمارە تەلیفۆنەی كە ( باسیلی ) بەكاری هێناوە لە گفتوگۆكردنی كە پێش ماوەیەك ‏بۆ ( وول ستریت جورنال ) قسەی كردوە هەمان ژمارەكەی نیقولایە .‏
ئەمە كورتەیەك بوو لەسەر ناوبراو كە بەڵگە بوو لەسەر درۆزنی و خراپی ئەو كەسایەتیە ، هەر ئەمەش وای لێكردووە تەنانەت ‏ئەكتەرەكانی فلیمەكەیشی فریو بدات ، چونكە پێی وتبون فلیمەكە باسی شتێك دەكات كەچی دواتر درۆی كردووە .‏
ئەم كەسە نەخۆشە كە زانیویەتی هیچ ئەكتەرێك ئامادە نیە لە فلیمێكی بێ‌ سەر و بەری سەرتاپا درۆ بەشداری بكات ناچار ‏كڵاوی كردۆتە سەر ئەكتەرەكان هەوەك رۆژنامەی ( الغاردیان ) ئاماژەی بەوە كردووە : كە ئەوانەی لەم كارە بەشداریان كردووە ‏فریودراون لە دوو لاوە :‏
یەكەم : ئەم دەرون نەخۆشە ئەكتەرەكانی وا تێگەیاندووە كە فلیمەكە ناوی ( مقاتلو الصحراء ) ە . ‏
هەروەها ئەكتەرەكان ئاماژەیان بەوە كردوە كە بێ‌ ئاگابوون لەوەی فلیمەكە دژایەتی كردن بێ‌ بۆ موسڵمانان بەڵكو وا تێگەینراون ‏باس لە مێژووی كۆنی میسر دەكات .‏
دووەم : ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لە فلیمەكەدا دەرئەكەوێ‌ پێچەوانەی ئەو دەقانەیە كە ئەكتەرەكان لە فلیمەكە وتویانە ، ‏چونكە ئەو سیناریۆیەی ئەمان لەبەریان كردوە و وتویانە هیچ قسەیەكی تیا نەبووە سەبارەت بە پەیامبەر محمد ‏صلى الله عليه وسلم‏ ، كەچی بۆیان ‏دەركەوتوە دەنگەكانی ئەمان دەستكاری كراوە و دەنگی تری لە جێگە دانراوە وەك رۆژنامەی " نیویورك تایمز " پێی وایە لەپاش ‏پیاچونەوە بۆ جوڵەی لێوی ئەكتەرەكان و بەراورد كردنی لەگەڵ قسەكان پشت راستی قسەی ئەكتەرەكان ئەكاتەوە لەوەی دەستكاری ‏دەنگەكان كرابێ‌ ، وە خودی دەرهێنەر ئەو هەواڵەی پشت راست كردۆتەوە كە دەستكاری حیوارەكانی كردوە و گۆڕیویەتی هەروەك ‏ژنە ئەكتەر ( سیندی لی غارسیا ) كە لەچەند بەش و وێنەیكی فلیمەكە دەر ئەكەوێ‌ ئەڵێ‌ : لە فلیمەكە من رۆڵی دایكێك ئەبینم كە ‏ناچار ئەكرێت بە دەستهەڵگرتنی لە مناڵەكەی بۆ كەسێك بەناوی ( ماستر جورج ) .‏
وە ماڵپەڕی پاڵاوتەكردنی ئەكتەرەكان باس لە كەسایەتیەك ئەكەن لەو فلیمە بەناوی ( جۆرج كە كەسێكی ستەم كار و بەهێزە ، ‏بەڵام لەو 13 خولەكە دەنگێكی تر خراوەتە شوێن دەنگەكەی غارسیا كە هێنانی ناوی ( محمد ) ـە صلى الله عليه وسلم‏ لە جیاتی ( جۆرج ) هەروەك لە ‏ماڵپەڕی ئەلیكترونی ‏gawker.com‏ ئاماژەی پێ‌ ئەكات ، وە ئەڵێ‌ : ئەو سیناریۆیەی من بینیم هیچ پەیوەندیەكی بە موسڵمانان و ‏پەیامبەرەكەیانەوە صلى الله عليه وسلم‏‏ نەبووە تەنانەت ناوی محمدیشی ‏صلى الله عليه وسلم‏‏ تیا نەبووە هەربۆیە كە ئەنجامی كۆتایی فلیمەكە ئەبینێ‌ توشی ‏سەرسوڕمان ئەبێ‌ ، وە دوچاری حاڵەتێكی دەرونی خراپ بووە . وە ئەڵێ‌ : ئەمە بەلای منەوە جێگای باوەڕ نیە وەك بڵێی ئەم فلیمە ‏هیچی لەوانە تیا نیە كە تصویرمان كردوە .‏
وە هەر لە هەمان ماڵپەر بەرگری لە هاوڕێ‌ ئەكتەرەكانی تری كرد و وتی : ئەوانیش فڕیودراون لەلایەن دەرهێنەرەوە . وە ‏بڕیاری داوە داواكاریەكی دادوەری لەسەر بەرز بكاتەوە ، وە ئەڵێ‌ : پەیوەندیم پێوە كردووە و پێم وتووە بۆچی من خستۆتە ئەم ‏موقفە خراپە كە ئەو هەموو خەڵكە ئەكوژرێ‌ بەهۆی فلیمێكەوە كە بەشداریم تیا كردووە ؟ ئەڵێ پێمی وت : هەڵەی من نیە .‏
وە ئەوەی وتەی ئەم ئەكتەرانە پشت راست بكاتەوە خودی قسەكانی ( نیقولایە ) كە لەو گفتوگۆیە دەركەوتووە كە بۆ موقعی ‏رادیو سەوا ئەنجامی داوە :‏
پرسیار : هەندێ‌ لەو ئەكتەرانەی بەشداریان لە فلیمەكە كردووە ئەڵێن : دوچاری فریودان هاتوون لەلایەن تۆوە ؟ وە ئەڵێن : ‏پێمان وابووە بەشداری لە فلیمێك ئەكەین سەبارەت بە میسر پێش 2000 ساڵ ؟‏
باسیلی : ئەو ئەكتەرانەی بەشداریان كردووە سەر بە هیچ سەندیكایەكی پیشەیی نین هەربۆیە مافی ئەوەیان نیە رەخنە بگرن ‏لە شێوەی كۆتایی فلیمەكە بەڵكو دەرهێنەر مافی هەموو جۆرە گۆڕانكاریەكی هەیە لە فلیمەكە چۆنی بوێت .‏
پرسیار : كەواتە خۆیشت دان ئەنێی بەوەی ئەكتەرەكانت فریو داوە ؟
باسیلی : ئەوە مافی دەرهێنەرە ، دەرهێنەر مافی ئەوەی هەیە هەرچیەك بكات لەو فلیمە لە گۆڕانكاری بەبێ‌ پرس كردن بە ‏ئەكتەرەكان .‏
ئەمە حاڵی ئەو سینارست و دەرهێنەرە درۆزنە دەرون نەخۆشەیە ، كە تەنانەت لەگەڵ ئەكتەرەكانیش درۆی كردوە و فریوی ‏داون . بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە چۆن بەرەنگاری ئەم كارە دزێوە ببینەوە ؟ ‏
بەڕاستی ئاینی ئێمە ئاینی ئاشتی و رێزگرتنە ، دوژمنانی ئیسلامیش ئەیانەوێ‌ بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەم حاڵەتە هەر جولەكە و ‏خاچ پەرستێكمان دەست كەوت ـ كە ئەهلی زیمە لە وڵاتی موسڵمانا ، یان پەیمان پێدراون ـ بیكوژین و ئاژاوە گێڕی بكەین بۆ ئەوەی ‏بڵێن : دەرهێنەر راستی كرد ئیسلام ئاینی خوێن رشتنە . خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ‌ : [ وَدُّواْ لَوْ تَكْفُرُونَ كَمَا كَفَرُواْ فَتَكُونُونَ سَوَاء ] ( النساء : 89 ) .
دەرهێنەر و پشتیوانانی ئەیانەوێ‌ ئێمەش بە قسەی خراپ و جوێن دان و ئاژاوە گێڕی وەڵامیان بدەینەوە بۆ ئەوەی وەكو ئەوان ‏بین لە زمان پیسی و خراپی . هەربۆیە پێویستە ئێمەی موسڵمان هەڵوێستێك بنوێنین كە هەموو جیهان شایەتی بۆ بدات كە ئیسلام ‏ئاینی ئاشتی یە نەك خوێن ڕێشتن بە ناحەق ، پێویستە بە زانست و بە ڕەوشت بەرپەرچی ئەم جۆرە بوختان و درۆیانە بدەینەوە ، ‏بە زیندوو كردنەوەی سوننەت و گرتنە بەری رێبازی پەیامبەرمان صلى الله عليه وسلم‏‏ بۆیان بسەلمێنین و پێیان بڵێن : ئەمە ئەو رەوشت و بەها ‏بەرزانەیە لە پەیامبەرمانەوە ‏صلى الله عليه وسلم‏‏ بۆمان بەجێماوە ، دەبێ‌ بە ئاكار و رەفتاری جوان پێیان بڵێین : ڕووتان ڕەش بێت ئەمەیە ڕەفتاری ‏پەیامبەرمان صلى الله عليه وسلم‏‏ كە بریتیە لە قورئان ، دەبێ‌ ئەوەش بۆ جیهان بسەلمێنین موسڵمانان شەرخواز نین ، بەڵام قبوڵیش ناكەن ‏سنورەكانیان ببەزێنن .‏
---------------------------------
سەرچاوەكان :‏

صحيفة " الغارديان "
صحيفة " نيويورك  تايمز "
وكالة " إنترفاكس " الروسية للأنباء .
موقع " راديو سوا " .
ميدل ايست أونلاين .

بابەتەکانی تر