حوكمی نوێژكردنی پیاوان بە پۆشاكی شۆڕەوە (بەشی یەكەم)
بەروار: 2012/12/11سەردارن: 3681نوسەر: ڕەوەند عبدالله

الحمد لله وحده ، و الصلاة والسلام على من لا نـبـي بعده :
‏ لەبەر كردنی جلی شۆڕ لە خوارووی قاپدان ‏‏(قولەپێ) وە چ بۆ فیز و تەكەبور لەبەر بكرێت ، یان ‏وەكو خویەك یان وەكو دابونەریت هیچ فەرقی نیە و ‏تاوانێكی زۆر گەورەیە و چەندین فەرموودە لەسەر ‏ترسناكی تاوانی لەبەركردنی ئەم جۆرە جل و بەرگە ‏هاتووە ، ئەم جۆرە جلەیش پانتۆڵ و شەرواڵی كوردی و ‏دشداشەیش ئەگرێتەوە . لەو فەرمودانەش لەبارەی جلی ‏شۆڕەوە هاتوون :‏
‏1 / پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت: ‏سێ‌ جۆر كەس هەن لە قیامەتدا خوای پەروەردگار ‏نایاندوێنێ‌ و ڕویان تێناكاو لە تاوان پاكیان ناكاتەوە و ‏سزایەكی توندیان دەبێت ... كەسێك جلی شۆڕ لەبەر بكات .‏
‏ 2/ پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت: ‏ئەو جل و بەرگەی لە خوار قاپدانەوە بێت ئەوە لە ‏ئاگردایە .‏
‏(لێرەدا مەبەست پێی ئەو كەسەیە كە جلەكەی ‏شۆڕ كردۆتەوە لە ئاگردایە ) .‏
‏3/ لە هبیب بن مغفل رضي الله عنه ئەفەرموێت ‏گوێم لە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بوو ‏ئەیفەرموو : هەركەسێك بۆ فیز و تەكەبور جلەكەی ‏ژێر پێی بكەوێ‌ ئەوا ژێر ئاگر دەكەوێ‌ . ‏
‏4/ لە ابن مسعود ەوە ئەفەرموێت : گوێم لە ‏پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بوو ئەیفەرموو : ‏هەركەسێك بە جلی شۆڕەوە نوێژ بكات بۆ فیزو تكبر ‏ئەوە باوەڕی بە حەڵاڵ و حەرامی خوا نیە . ‏
‏5 / پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی : ئامان نەكەی ‏جلەكەت شۆڕبكەیتەوە چونكە شۆڕی جل لە فیز زلیە ، ‏وە خوای پەروەردگاریش پێی خۆش نیە . ‏
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بكەین بەوەی كە ‏فەرمودەی ژمارە ( 3 و 4 ) هەندێك خەڵكی نەفامی ‏ناشارەزا ئەیكەنە بەڵگە بۆ ئەوەی ئەگەر بۆ فیز و ‏تەكەبور نەبێ‌ ئاساییە ، بەڵام ئەمە دەعوایەكی پوچەڵە ‏چونكە لە فەرمودەی ژمارە ( 1 و 2 ) بە هیچ شێوەیەك ‏باسی تەكەبور و فیز زلی تیا نیە ، تەنانەت لە ‏فەرمودەیەی ژمارە (5) پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم زۆر بە ڕاشكاوانە تەئكید ئەكاتەوە لەسەر ئەوەی ‏كە خودی جل شۆڕیەكە لە تەكەبور و فیز زلیە ‏هەروەك ئەفەرموێ‌ : ئامان نەكەی جلەكەت ‏شۆڕبكەیتەوە چونكە شۆڕی جل لە فیز زلیە ، وە خوای ‏پەروەردگاریش پێی خۆش نیە .‏
دەبینین لەم فەرمودەیە هیچ باسی فیز و ‏تەكەبوری نەكردووە بەڵكو بە پێچەوانەوە خودی جل ‏شۆڕكردنەوەكەی بە فیز و تەكەبور ناوبردوە .‏
لەم فەرمودانەوە گەورەیی تاوانی لەبەركردنی ئەو ‏جۆرە جلانەمان بۆ دەردەكەوێ‌ كە هۆكاری چونە ئاگرن ‏، و خوای پەروەردگار ناڕوانێ‌ بۆ لەبەر كەری و ‏نایدوێنێ‌ و لەتاوان پاكی ناكاتەوە ، تەنانەت لە ‏فەرمودەیەكیان خودی ئەو جۆرە جلە بە فیز و ‏تەكەبور ناوی هاتووە با ئەوەش لەبەری بكات ئیدعای ‏ئەوە بكات كە بۆ تەكەبور نیە ، ئەم كردەوەیەش خوا ‏پێی خۆش نیە ، جلێكیش خوا پێی خۆش نەبێ‌ چۆن ‏لەو كاتە لەبەری ئەكەیت كە لەگەڵ خوادا قسە دەكەیت ‏و لێی دەپاڕێیتەوە كە نوێژكردنە ؟
زانایانیش زۆر بە توندی باسی ترسناكی ئەم جۆرە ‏جلەیان كردوە و بە حەرام و تاوانی گەورە دایان ناوە با ‏بۆ تەكەبوریش نەبێ‌ : ‏
پێشەوا شەوكانی لە (نیل الاوطار(1/641)) ‏ئەفەرموێ‌ : هەندێك لە پاشینان هەستاون بە ‏نوسینەوەی نوسراوێكی درێژ كە تیایدا جل شۆڕی بە ‏ڕەهایی یەكلا كردۆتەوە كە حەرامە .‏
وە الحافظ لە (الفتح))(10/275 ) ئەفەرموێت : ‏بەڵام سەبارەت بە جل شۆڕی بۆ جگە لە فیز زلی و ‏تەكەبور روكەشی فەرمودەكان ئەوە دەگەیەنێت كە ‏ئەویش حەرامە ، پاشان فەرموی : وە لایەنی حەرامێتی ‏پێشدەخرێ‌ ، لە لایەكی تریشەوە جێگەی توش بونە بە ‏فیز زلی ، هەروەك ابن العربی فەرمویەتی : دروست نیە ‏موسڵمان جلەكەی ئەوەندە شۆڕ بكاتەوە بە شێوەك ‏بكەوێتە خوار قاپە ڕەقەیەوە ، وە بشڵێ‌ من ئەو كارەم ‏بۆ فیز زلی نیە ، چونكە یاساغی كردنەكە ئەوەش ‏دەگرێتەوە هەروەكو لە گۆی وشەكەوە دەردەكەوێ‌ . وە ‏ناشبێ‌ ئەو كەسەی كە گۆی وشە بیگرێتەوە لە حوكم دا ‏بڵێت من ئەوە جێبەجێ‌ ناكەم لەبەر نەبونی ‏هۆكارەكەی لە مندا ـ كە فیز زلیە ـ چونكە دەعوایەكی ‏باوەڕ پێنەكراوە . بەڵكو خودی شەرواڵ درێژیەكەی ‏بەڵگەیە لەسەر فیز زلی و تكبری . ‏
كەواتە ئەوانەش ئەڵێن بۆ تكبر لەبەری ناكەین ‏ناتوانن بیسەلمێنن لەبەر دوو هۆ .‏
یەكەم /
ئەوەی ئەیڵێن تەزكیەی نەفسە خوای ‏پەروەردگاریش ئەفەرموێ‌ : [ فَلَا تُزَكُّوا أَنفُسَكُمْ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اتَّقَى ] (النجم :32)
دووەم / ئەگەر بۆ تكبر نیە با تەنها جارێك بتوانن ‏و دەست لەو جۆرە جلانە هەڵ بگرن و لەبەری نەكەن . ‏
لەلایەكی تریشەوە لەبەركردنی ئەم جۆرە جلانە ‏بۆ پیاوان حەرامە ، چونكە خۆ چواندنە بە ئافرەتان ، ‏هەروەك لە (ابن عمر) ەوە هاتووە ئەفەرموێت : ‏پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم‏ فەرمویەتی : هەركەسێك بۆ فیز و ‏تەكەبور جلەكەی شۆڕبكاتەوە خوای پەروەردگار لە ‏ڕۆژی دواییدا تەماشای ناكات ( أم سلمة ) فەرموی : ئەی ‏ئافرەتان چی بە پاڵدمی كراسەكانیان بكەن ؟ فەرموی : ‏با بستێك شۆڕی بكەنەوە أم سلمة فەرموی : كەواتە ‏پێكانیان دەر دەكەوێت ؟! ئەویش فەرمووی : با باڵێك ‏شۆڕی بكەنەوە ، و لەوەش زیاتر شۆڕی نەكەنەوە (سلسلة الأحاديث الصحيحة : 1864 ) .
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم فەرمودەیە ئێستا ‏ئافرەتان جلەكانیان كورت دەكەنەوە و پیاوانیش شۆڕی ‏دەكەنەوە . ‏
لەو فەرمودەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت بەدەر ‏لەوەی ئەو جۆرە جلانە بۆ پیاوان حەرامە لە لایەكی ‏تریشەوە خۆچواندنە بە ئافرەتان ، خۆ چواندن بە ‏ئافرەتانیش لەعنەتی لەسەر هاتووە . هەروەك ‏پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت : ((لَعَنَ اللهُ المُتَشَبهِينَ مِنَ الرّجالِ بالنّسَاءِ)) .واتە : خوای پەروەردگار لەعنەتی ‏كردوە لەو پیاوانەی خۆیان بە ئافرەتان ئەچوێنن .‏
لەعنەتیش واتە بێ‌ بەشبون لە ڕەحمەتی خوا ، ‏ئاخۆ موسڵمان گەر ژیر بێت چۆن خۆی بەر لەعنەت ‏دەخا و خۆی دەكاتە هاوتای شەیتان ؟!‏
دەرئەنجام دەگەینە ئەوەی كە لەبەركردنی ئەم ‏جۆرە جلە لە دوو ڕووەوە تاوانە :‏
یەكەم / بە دەقی فەرمودەی صحیح یاساغی لێكراوە ‏
دووەم / خۆچواندنە بە ئافرەتان و لەعنەتی لەسەر ‏هاتووە . ‏
وە سەبارەت بە تاوانی گەورە زانایان فەرمویانە : ‏لە نیشانەكانی تاوانی گەورە ئەوەیە ئەگەر بەڵێن بدرێ‌ ‏بە ئەنجامدەری بە ( چوونە ئاگر و دەركردن لە ‏ڕەحمەتی خوا و لەعنەت ) ، یان هاوشێوەیان ، وە هەر ‏یاساغیەك بەڵێنی تیابوو بە چونە ئاگر ئەوا لە ریزی ‏گەورە تاوانەكان حسابی بۆ دەكرێ‌ ، پەیامبەری خوایش صلی الله علیه وسلم‏ ‏فەرمویەتی : ((أسفل الكعبين من الازار فى النار)) بۆیە ‏ئەگەر كارێكی سوننەت بوایە ئەوا بەڵێنی چوونە ئاگر ‏نە ئەدرا بە ئەنجامدەری ، چونكە بەڵێنی چونە ئاگر ‏لەسەر وازهێنان لە سوننەت نادرێ‌ .‏
لەوەی باسمان كرد بۆمان دەركەوت كە لەبەركردنی ‏جلی شۆڕ بۆ پیاوان لەلایەكەوە حەرامە وە لەلایەكی ‏ترەوە خۆ چواندانە بە ئافرەتان و لەعنەتی لەسەر ‏هاتووە .‏

وَآخِرُ دَعْوانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمينَ‏