ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org
نوسەر: میهرەبان محمد
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠١٠/٠٣/٠٧
چۆن پارێزگارى لەجوانى یەكەت دەكەیت؟
خوشكانى خۆشەویست:
لاسایى كردنەوەى ڕۆژئاوایى یەكان ترسناكترین كێشەیە، كەڕووبەڕووى ئافرەتانى موسڵمان دەبێتەوە. هەر ئامۆژگارى و مۆدێلێك لەڕۆژئاواوە بێت ئافرەتان پێى خۆشحاڵ دەبن و هەوڵى لاسایى كردنەوەى دەدەن، چونكە وادەزانن ئەوە نیشانەى شارستانیەت و پێشكەوتنە.
خوشكم:
ئامۆژگارىیەكانى ڕۆژئاوایى یەكان تەنها بەكەڵكى خۆیان دێت، پێویستە ئافرەتى موسڵمان ڕەچاوى ئەو ئامۆژگاریانە بەپێى شەرع بكات وەئەگەر پێچەوانەو دژى ئایینە پیرۆزەكەى بوو و زانى زەرەرمەند دەبێت و دووچارى بێ ئابڕوویى دەبێتەوە، ئەوكات پشتى لێ هەڵكات و بەگوێى نەكات.
خوشكانى خۆشەویست:
ئەمڕۆ باسى شتێك دەكەین كەلەنێوان ئافرەتاندا یەكجار بەربڵاوەو لەپەرەسەندندایە بەجۆرێك هەرگیز لەسەردەمانى پێشوو بەو شێوەیە نەبووە، ئەوەش هۆكارەكانى جوانكردنەوە (مستحضرات التجميل)ە.
هۆكارەكانى جوانكردنەوە (مستحضرات التجميل):
ئاوێتەكراوەكانى جوانكردن (سپیاوو سوراو) كەزۆربەى ئافرەتان بەكارى دێنن بۆ بۆیاخ كردنى ڕوومەتیان بەئامانجى جوانكردنەوەى، گەورەترین كێشەیەو ترسناكترین زەرەرى هەیە بۆ پێستى ڕوخسار، وەئاشكرایە كەدەزگاكانى ڕاگەیاندن بەهەموو شێوەیەك شەوو ڕۆژ جاڕ بۆ ئەو گیراوانە لێ دەدەن بۆ سەرنج ڕاكێشانى ئافرەتان و هاندانیان بۆ بەكارهێنانى تا وایان لێ كردووە بووە بەخوو و پیشەى زۆربەى ئافرەتان.
بەكارهێنانى سوراوو سپیاو بۆ ڕوخسارى ئافرەت دوورى دەخاتەوە لەشێوەى سروشتى خۆى كەپەروەردگار بەڕێك و جوانى دروستى كردووە.
مكیاج وێنەى ڕوومەت ئەگۆڕێ و زەرەر لەپێست ئەدات وەك:
1ـ سەرهەڵدانى چرچ و لۆچى پێش كاتى خۆى، واتا ئەو ئافرەتانەى سوراوو سپیاو بەكاردێنن پێش بەساڵاچوون پێستى چرچ و لۆچ دەبێت و دەڵێى پیر بووە.
2ـ خاوبوونەوەى دەمارەكانى ڕوومەت.
3ـ هەڵوەرینى برژانگ.
4ـ دامركانەوەو نەمانى ڕووناكى و بریسكەى ڕەنگى ڕوومەت پاش ماوەیەكى كەم ئافرەتى گەنج وا لێدەكات كەشێوەى گەورە بێت و دەڵێى سەردەمانێكە پیربووە.
بەكارهێنانى مكیاج (سوراو و سپیاو) بۆ ئافرەتى خواپەرست دەبێتە هۆى دواخستنى نوێژەكانى لەكاتى خۆى، دەست نوێژ ناگرێ لەپێناوى پاراستنى بۆیاخى ڕوومەتى،و خواپەرستى دەبێت بەئەركێكى قورس بەلایەوە،و لەبیرى دەچێت كەخواى گەورە بۆ تەنها ئامانجێك دروستى كردووە كەعیبادەت و خواپەرستى یە، عیبادەتیش بەملكەچى بۆ فەرمانەكانى پەروەردگارو دووركەوتنەوەو خۆپاراستن لەتاوان و سەرپێچى ئەنجام دەدرێت.
ئەمانە هەندێ زانیارى گرنگن سەبارەت بەهۆكارەكانى جوانكردن:
مامۆستا فاطمه النجار پزیشكى پسپۆر لەنەخۆشى یەكانى پێست باس لەمەترسى بەكارهێنانى مكیاج و شوێنەوارى خراپى لەسەر پێست دەكات، لەووتارێكدا شیكارى تەواو بۆ هەموو ئامادەكراوەكانى جوانكردن (مستحضرات التجميل) و زەرەرى بۆ پێست باس دەكات:
1ـ ئایا دەزانیت سوراوى لێو، تیشك هەڵدەمژێت و لێو ووشك و قڵیش دەكاو توێكڵەكەى لێ دەكاتەوەو پێستى لێوارى دەم ڕەش و تۆخ دەكاتەوە بەتایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەى كەئەسمەر پێستن؟و خواردنى بۆیەى سوورى لێو زەرەرمەندى بۆ تەندروستى هەیەو هۆى تووش بوونە بەنەخۆشى درێژخایەن.
2ـ ئەو ڕەنگانەى كەبەكاردەهێنرێت بۆ دەورى چاو هەمووى مادەى كیمیاوى سووتێنەرن. ئایا دەزانیت كە:
* ڕەنگى ڕەش كەلەقەڵەمى برۆدا هەیە بریتىیە لەژەنگى ئاسن!!! وەڕەنگى ڕەشى قەڵەمى چاو لەشتێكى ڕەشى بریسكەدار دروست كراوە پێى دەڵێن (جالینا) كەپێكهاتووە لەقوڕقوشمى زیان بەخش.
* ڕەنگى شین: تەنها ڕەنگى شینى (بروسى)یە.
*ڕەنگى سەوز: ڕەنگى ئۆكسیدى كرۆمە.
*ڕەنگى قاوەیى ئاڵ: یەكێكە لەژەنگى ئاسنى سووتێنراو، هەروەها ڕەنگى زەردیش.
* برژانگى دەستكردو ئەو شت و مەكانەى كەبرژانگ ڕەنگین و بریسكەدار دەكەن، كەپێى دەڵێن (لاینر) لەلاستیك دروست كراوە هۆكارى سووتاندنەوەى پێڵووى چاوەو برژانگ هەڵدەوەرێنن.
ووردكراوەكان (مساحیق):
زۆر بەكارهێنانى دەبێتە هۆى بەستنى كونى موو و سووتاندنەوەى پێست، بەتایبەتى زۆربەى ووردكراوەكان لەبۆیاخى (ئەنیلین) پێكهاتووە.
دواى ئەم كورتە باسە لەپێكهاتووەكانى هۆیەكانى جوانكارى، هەر ئافرەتێكى موسڵمان باوەڕ بكات بەوەى كەبلاَودەكرێتەوە بۆ ئەو سپیاو و سوراوانەو دەڵێن ڕۆڵێكى یەكجار كاریگەرى هەیە بۆ جوانكردنەوەى پێست، ئەوا ئەو ئافرەتە زوڵم لەپێستى دەكات و پاشان دەڵێت چارەسەر لەكوێیە!
لێرەدا پرسیارێك لاى خوشكان دروست دەبێت و دەڵێن:
ئایا خۆمان جوان نەكەینەوە، كەچى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئامۆژگارى كردووین بەجوانى،وە لە فەرموودەیەكى صەحیحدا دەفەرموێت: ((إن الله جمیل یحب جمال))، واتە: پەروەردگار جوانەو حەز لەجوانى دەكات؟ وەدەبێ ئافرەت بەجوانترین خشڵ خۆى بڕازێنێتەوە بۆ مێردەكەى؟
خوشكم:
هیچ كەس لەزانایان نەیان ووتووە ئاوێتەكراوەكان حەرامە..
بەڵام پزیشكان دەڵێن زەرەرمەندە بۆ پێست. وەئەگەر مەسەلەكە گەشتە ڕادەى ئەوەى ئافرەت متمانەى بەخۆى نەبێت، ئەوا ئەتوانێت بەكارى بهێنێت بەڵام بەشێوەیەكى كەم و ماوەیەكى كورت.
وەبزانە زۆربەى زۆرى پیاوان ڕوخسارى سروشتى پاك لەسوراو و سپیاو پەسەند دەكەن!
ئایا چارەسەر چى یە؟
ئەوەى لەم بارەیەوە دەزانم پێت دەڵێم:
باشترین و سوودمەندترین دەرمان بۆ جوانیت ئاوە، واتا پاكى بەردەوامى، هەروەها بۆنى خۆش (عطر) ئەمەش تەنها بۆ مێردەكەت، وەكلى سروشتى كەسوودبەخشە بۆ چاو، وەجلى جوان و بازن و ملوانكەو خشڵى ڕەونەقدارو سەرنج ڕاكێش ئەگەر ئاڵتوون بێت یان زیو یان ڕەنگاوڕەنگ بێت، هەروەها لاستیكى قژ كەنەخش و نیگارى لێیەو ڕەنگاوڕەنگە.
ئەگەر هەموو ئەمانە بكەى، ئەوا مێردەكەت هەرگیز داواى لەمە زیاترت لێ ناكات، دەگمەن لەهەندێ حاڵەتدا نەبێت.
بزانە جوانترین شت ئافرەت پێى جوان دەبێتەوە لەپێش چاوى مێردەكەى وەبەلایەوە دەبێتە شازادەى هەموو جوانەكانى دونیا، زەردەخەنەى سەرلێوە لەكاتى گەڕانەوەى پیاو بۆ ماڵەكەى هەرچەندە ئافرەتەكەش دڵى پڕ بێت لەخەم و خەفەتى دونیا، بەو زەردەخەنەیەوە نرخى ئەو سوراو و سپیاوانەى بۆ دابین دەكات و دەمێنێتەوە.
ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org