ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org
نوسەر: زهراء محمد مجید
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠١٠/١٢/٢٧
باڵاپۆشى ناسنامەى پاكێتى یە
خوشكى بەرێزم: بەراِستى ئەم پۆشاكە ناسنامەى پاكێتى تۆیە، و بەڵگەش لەسەر ڕاستى ئەم وتەیەم ئەو ئایەتە پیرۆزەى خواى گەورەیە كە دەفەرموێ: [ يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُل لِّأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاء الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِن جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَن يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا ] (الأحزاب: 59).
واتە: ئەى پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم بەخێزان و كچەكانت و ئافرەتانى بڕواداران بڵێ با جلبابەكانیان (واتە: باڵاپۆش یان عاباكانیان) بەخویاندا بدەن، و خۆیان داپۆشن ئەوەش لەبارترە بۆ ئەوەى كە بە رەوشت بەرز و بەحەیا و حشمت و قورس و سەنگینى بناسرێنەوە، تا ئەزیەت و ئازار نەدرێن، پەروەردگارى تۆش لێبووردە ومیهرەبانە.
وە ئەم داپۆشینەش تەنها بۆ خێزان و كچانى پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم نیە بەڵكو بۆ هەموو ئافرەتانى بڕوادارە.
خوشكى بەرێزم بزانە خواى گەورە پلە وپایەیەكى بەرزى بۆ ئافرەتان داناوە هەر بۆیە فرمانمانیان پێدەكات بە باڵاپۆشى، چونكە پلەیەكى بەرزە بۆ ئافرەتان و تاكو نەبێتە كاڵایەكى بێ نرخ هەریەكە و بەویستى خۆى هەر چۆنێكى بوێت تەماشات بكات.
هەروەكو خواى گەورە لە سورەتى (الأحزاب): ئایەتى(33) دەفەرموىَ: [ وَلَا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَى ] .
واتە: لەكاتى دەرچونتان لەماڵ خۆتان ڕووت مەكەنەوە هەر وەكو چۆن ئافرەتان لەسەردەمى نەفامیدا خۆیان ڕووت دەكردەوە.
كەواتە خوشكى بەرێزم: خواى گەورە خۆ ڕووت كردنەوەى داوەتە پاڵ كارى نەفامى، وە ئەم خۆداپۆشینەش بەندكردن وسەركوتكردن نیە هەروەكو چۆن هەندێ خەڵكى واى دادەنێن بەڕاستى خواى گەورە كە فرمانى كردووە بەخۆداپۆشین بەماناى ڕێزدانان و ناسینەوەى ئافرەتانى بروادار و بەحەیاو حیشمەت و پارێزەر و پاكێتى یە بۆ ئافرەتان تاوەكو لەدونیادا سەربەرزبێت وە لەقیامەتیش سەركەوتو و قەڵغان بێت بۆت لەئاگرى دۆزەخ.
خوشكى بەرێزم: تۆ نابێت گوێ بدەى بەقسەى ئەو كەسانەى كەتانەو تەشەرەت لێدەدەن یان لەسەر حیجابەكەت قسەت پێدەكەن چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێ: " لا طاعة لمخلوق في معصية الخالق " (رواه أحمد في مسنده، وصححه الألباني في: صحيح الجامع: 7520).

ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org