ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org
نوسەر: محمد بن عبدالله الدويش/ و/ م.فلاح حسن
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠١١/٠٣/٢٥
بۆ هەموو باوك و دایك و مامۆستایەك
بسم الله الرحمن الرحيم
لەوانەیە دووركەوتنەوەى ئێوە لە تەمەنى لاوێتى، هەندێك لەوشتانەى لە بیرتان بردبێتەوە كە بەسەر گەنج دا دێت لەم قۆناغە سەختەدا لە فێڵ و تەڵەكەكانى شەیتان، وە لەوانەیشە لە ماوەى ڕابردوودا هەستان بەهیچ مەترسیەك نەكردبێت بۆ سەر ڕۆڵەكانتان، جا ئەوەتان یاد دەخەمەوە كە بیر لەو فەرموودەیەى پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم بكەنەوە كە دەفەرمووێت: " كلكم راع وكلكم مسؤول عن رعيته، فالرجل راع على أهل بيته و مسؤول عن رعيته... "  البخاري (7138)
واتە: هەمووتان كاربەدەستن وسەرپەرشتیارن و هەمووشتان بەر پرسیارن بەرامبەر بە ژێردەستەكەتان، پیاو كاربەدەستە بە سەر ئەهل و بەیت و ماڵەكەیدا و بەر پرسیارە لە ژێر دەستەكەى.
وە پێش ئەوەش بیر لەووتەى خواى گەورە بكەنەوە كە دەفەرمووێت [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ ] (التحريم: 6)
واتە: ئەى ئەو كەسانەى كە باوەڕتان هێناوە، خۆتان و كەسو كاریشتان بپارێزن لە ئاگرێك كە سووتەمەنیەكەى بەرد و مرۆڤە، جۆرە فریشتەیەكى تووڕە و تووند و تیژى بەسەرەوەیە كە هەرگیز سەرپێچى خواى پەروەردگار ناكەن و بە هەرچى فەرمانیان پێ بكات بەئەنجامى دەگەیەنن.
لە یەكێك لەو ڕاپۆرتانەى كە رۆژنامەى (الانباء) ى كویتى ئەنجامى داوە، لاوێك لەوانەى كە تووشبوە بە بەڵاى جگەرە كێشانەوە دەڵێت: بەڕاستى من باوك و دایكم بە بەر پرسیارى یەكەم دەزانم، چونكە من ڕۆژێ لە ڕۆژان باوكم لێى نەپرسیوم كە بۆ كوێ دەچم و لە گەڵ كێ هەڵسوكەوت دەكەم.
وە هەروەها یەكێك لەو گەنجانەى كە گەڕاوەتەوە (دار الملاحظة ‌) لە (ریاض) باوكى خۆى تاوان بار دەكات و دەڵێت: باوكم گوێ بەوە نادات كە من فەرزو واجباتە دینیەكان ئەنجام دەدەم یان نە، وەك (نوێژو و ڕۆژوو، و ئەمر كردن بەچاكە و نەهیكردن لە خراپە...) وە ئەگەر باوكم منى بە شێوەیەكى ئیسلامیانە و پاك پەروەردە بكردایە ئەوا ئەو پەروەردەیە بۆ من ئەبوو بە قەڵغانێك بەرامبەر بە شەیتان و فڕو فێڵەكانى... هەر بۆیە من لایەنى دینیم لاواز بووبوو، وە تووشى لە رێ لادان هاتبووم، جارێكى تریش گەڕامەوە بۆ ئەم خانەیە. (*)
[وە ئیستاش رِێگەى ئەوەم بدەن كە چەند پێشنیارێكتان ئاراستە بكەم]
1 / ڕێكەوتین لە سەر ئەوەى كە (ئیمان) وەك قەڵا و پارێزەرێك وایە لە تاوان، بۆیە ـ خواى پەروەردگار من و ئێوەش سەركەوتوو بكات ـ سووربن لە سەر ئەوەى كە لە دڵى ڕۆڵەكانتاندا بیڕوێنن و پەروەردەیان بكەن لە سەر خۆشەویستى خواى گەورە و پێغەمبەرە ئازیزەكەى صلى الله عليه وسلم.
2 / ڕێكەوتین لە سەر داخستنى ئەو دەرگایانەى كە سەر دەكێشن بۆ تاوان، بۆیە ـ خواى پەروەردگار بتپارێزێت ـ بڕیارێكى یەكلاكەرەوە بدە دەربارەى ئامێرەكانى ڤیدێو و تەلەفزیون و گۆڤارە ڕەوشت ڕووخێنەر و ئارەزوو ورووژێنەرەكان.
3 / بە ڕاستى ـ جێى داخە ـ ئەو شتەى كە گەنج حەزى لێ دەكات و تینویەتى لە لاى هاوڕێ خراپەكانى دەستى دەكەوێت وەك پێكەنین و ڕوو خۆشی و گاڵتە و گەپ. ئەى باشە تۆ بۆچى هەوڵ نادەى كەش و هەواى ماڵەوە بگۆڕى بۆ پەیوەندیەكى برادەریانە نەك بیكەى بە سەربازیانە و بەشێك لەو بزە و پێكەنینەت كە پێشوازى هاوڕێكانتانى پێ دەكەى بگوێزیتەوە بۆ ماڵەوە و هەندێ لە گاڵتە و گەپەكانیشت بگوێزیتەوە بۆ جگەر گۆشەكانت.
4 / باوكى بەڕیز.. مامۆستا و دایكى بەسۆز: ئایە پێتان وایە كە ڕۆڵەكانتان كاتێك بە دەست گرفتێكەوە بناڵێنن، دین بۆ لاتان و سنگى خۆیان بۆتان دەكەنەوە و باسى گرفتەكانیان دەكەن ؟ ئەى باشە ئێوە بۆ هەوڵى لابردنى ئەو پەردەیەى نێوانتان نادەن كە بووەتە ڕێگر و فێرى ڕۆڵەكانتان ناكەن كە كراوە بن لە خستنە ڕووى گرفتەكانیان لە گەڵتاندا
5 / ووریا بە لە سادەیى و خۆشباوەڕییەكى كوێرانە، ببورە من ناڵێم گومانى خراپ ببە بە كوڕەكەت، بەڵام پێویستە ئەوە بزانى كە تۆ دوایین كەسى كە كوڕەكەت دەیەوێ شارەزاى حاڵى بیت، بۆیە ئەو شتەكانت (خراپەكان) لێ دەشارێتەوە و شتێكت پیشان دەدات كە لە ڕاستیدا وا نیە.
6 / لە وانەیە ئەوەت لە بیر نەچووبێتەوە كە ئێمە ئامۆژگارى رۆڵەكەتمان كرد بە هاوڕێ چاك، بۆیە تۆ یارمەتى دەرى بە لەو كارەى و كار ئاسانى بۆ بكە لە دۆزینەوەى هاوڕێ چاك، وە ئەوەش بزانە كە ئەگەر ڕۆڵەكەت هاوڕێ ى چاكى نەبوو ئەوا بآ گومان هاوڕێیەتى كەسى خراپ دەكات، بۆیە كامیان بە باش دەزانى ئەوە هەڵبژێرە بۆ ڕۆڵەكەت.
7 / ئەگەر جارێكیش بۆت دەركەوت كە كوڕەكەت تووشى هەڵەیەك بووە، ئەوا وریابە لە پەلەكردن و زوو هەڵچونت، چونكە سەرەڕاى ترسناكى ئەو كارە، بەڵام پێویستى بە چارەسەرێكى ژیرانە و دارێژراو هەیە پێش ئەوەى بە یەكجارى ڕۆڵەكەت لە دەست بدەى، وە پێشت وانەبێ كە قسەى ناشرین و لێدان، دەرئەنجامى چەناى چەند ساڵ بێباكیت بۆ چارەسەر دەكات، لەوانەشە باشترین كەسیك كە یارمەتیت بدات مامۆستایەك بێت كە جێى ڕێزى ڕۆڵەكەت بێت یان پێشنوێژى مزگەوتێك یان كەسانى هاوشێوەى ئەمانە، وە هیچى تێدا نیە كە باسى گرفتەكەى خۆتیان بۆ بكەى بەڵكو یارمەتیت بدەن.
8 / وە ئەگەر كوڕەكەت یان كچەكەت پێگەیشت و كاتى خۆى هاتە پێشەوە، چى دەبێتە ڕێگر لەوەى كە ئامۆژگاریەكەى پێغەمبەرى خواى صلى الله عليه وسلم پێ جێبەجێ نەكەیت كە فەرموویەتى:" ئەى كوڕانى گەنج هەر كام لە ئێوە تواناى هەبوو با ژن بهێنێت"؟
باوكانى بەڕێز، مامۆستایانى دڵسۆز، دایكانى بە سۆز:
بە ئەرك نەبێ جاریكى تر ئەم پێشنیارانە بخوێننەوە و لێى تێبگەن و بیرى لێ بكەنەوە، خواى گەورە یارمەتى من و ئێوەش بدات بۆ پاراستنى ئەو ئەمانەتەى كە دراوە بەسەرماندا.
باوكان و لاوانى بەڕێزم ئەمە ئەوە بوو كە پێم خۆش بوو بیخەمە بەردەستى ئێوەى خۆشەویست، هەرچەندە بەرهەمێكى كەمە، بەڵام بە پێویستى دەزانم لە سەر خۆم بەرامبەر بە ئێوەى بەڕێز، بە هیواى ئەوەى كە شتێكى سوود بەخشم پێشكەش كردبێتن و هیواداریشم لە تێبینییەكانى خۆتان بێ بەشم مەكەن، داواكاریشم ـ بە پشتیوانى خواى پەروەردگار ـ لە دووعاى چاكەى خۆتان بێ بەشم مەكەن.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
============================
(*) گۆڤارى (دارالملاحظة‌) ژمارە: (3) لاپەڕە (51 - 52).
ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org