ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org
نوسەر:
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠١٢/١٠/١٣
بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی
پرسیاری ژمارە ٧١٣:بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی

وەڵام:بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەی خوێنەری یەك خواپەرست و شوێنكەوتەی سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم‏) بە داخەوە دەڵێم:‏
ئەم پەرستشە پیرۆزە و ئەم دروشمە گەورەیەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ـ وەك هەموو ‏جۆرەكانی تری پەرستشەكان و دروشمەكانی ئاینە پاك و بێ كەم و كوڕییەكەی ئیسلام ـ بێ بەش ‏نەبووە لە كۆمەڵێك بیدعەی ڕەش و داهێنراوی نەفامەكان و ئەوانەی لایان داوە لە ڕێگای ڕاست، ‏بۆیە بە پێویستم زانی ئاگادارت بكەمەوە لە بیدعە و داهێنراوەكانی ‏قوربانی.‏
بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر باسی بیدعە و داهێنراوەكان ئەوەت یاد دەخەمەوە كە خوای ‏پاك و بێگەرد هیچ پەرستش و هیچ كردەوەیەك لە موسڵمانان وەر ناگرێت و پاداشتی بە چاكە ‏ناداتەوە ئەگەر ئەم دوو مەرجەی خوارەوەی تێدا نەبێت:‏
‏1 ـ الإخلاص: واتە مەبەست و نییەتت لە كرەوەكەدا تەنها ڕەزامەندیی خوا بێت.‏
چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [وَمَا أُمِرُوا إِلاَّ لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ] (البينة 5).
واتە: بە هیچ شتێك فەرمانیان پێ‌نەكراوە تەنها بەوەنەبێت كە خوا بپەرستن و بە نییەتێكی ‏پاك و پوختەوە دین داری بۆ خوا بكەن.‏
‏2 ـ الاتباع: واتە كردەوەكەت دەبێت بە پێی سوننەتی پێغەمبەر بێت (‏صلى الله عليه وسلم‏) بێ زیاد و كەم.‏
چونكە پێغەمبەری خوا (‏صلى الله عليه وسلم‏) فەرموویەتی: ((مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ)) صحيح مسلم رقم: (1718).
واتە: هەر كەسێك هەر كردەوەیەك بكات، وە ئەو كردەوەیە ئەمری ئێمەی لە سەر نەبێت ‏‏ [واتە: بە پێ‌ی سوننەتی من نەبێت] ئەوا لـێ‌ی قەبوڵ ناكرێت و ڕەت دەكرێتەوە.‏
هەروەها پێغەمبەری خوا (‏صلى الله عليه وسلم‏) لە سەرەتای هەموو ووتارێكدا فەرموویەتی:  ((… وَأَحْسَنَ الْهَدْيِ هَدْيُ مُحَمَّدٍ (صلى الله عليه وسلم)، وَشَرَّ الأُمُوڕ مُحْدَثَاتُهَا، وَكُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ، وَكُلَّ ضَلاَلَةٍ فِي النَّاڕ)) صحيح مسلم رقم: (867)، وصحيح سنن النسائـي رقم: (1578) واللفظ له، وانظر: "خطبة الـحاجة" للإمام الألبانـي، و"علم أصول البدع" لعلـي الـحلبـي ص: (5ـ 6).
واتە: باشترین و چاك ترین ڕێگا و ڕێباز: ڕێگا و ڕێبازی پێغەمبەرە (‏صلى الله عليه وسلم‏)، وە خراپترین ‏شت: داهێنراوەكانە، وە هەموو داهێنراوێك بیدعەیە، وە هەموو بیدعەیەك گومڕاییە، وە ‏هەموو گومڕاییەك لە گەڵ خاوەنەكەیدا لە دۆزەخدایە.‏
جا بۆ ئەوەی قوربانییەكەت لە سەر سوننەت بێت ئەوا دەبێت ئاگادار بیت و خۆت بە دوور ‏بگریت لەم بیدعە و داهێنراوانە و هەر بیدعەیەكی چەپەڵی تر.‏
بیدعە و داهێنراوەكان:‏
‏1 ـ قوربانی كردن بە مەبەستی خۆ دەرخستن و شانازی كردن بە سەر خەڵكەوە، (أبو أیوب ‏الأنصاری) بە دڵێكی غەمبارەوە دەفەرموێت: ((…ثُمَّ تَبَاهَى النَّاسُ فَصَارَ كَمَا تَرَى)) !
‏ 2 ـ هێنانی مەلایەك بۆ ئەوەی ئامادەی سەربڕینی قوربانیەكە بێت!‏
‏3 ـ چاو ڕەشتنی حەیوانی قوربانی پێش سەربڕینی!‏
‏4 ـ پارچە پەڕۆیەكی سوور دەخەنە ملی حەیوانەكە!‏
‏5 ـ مووروو و بەن بەستن بە شاخی حەیوانەكەوە!‏
‏6 ـ شەكری كوڵۆ یان نوقڵ یان شیرینی دەخەنە ناو دەمی حەیوانەكە لە كاتی سەر بڕینیدا!‏
‏7 ـ دوعا و ویرد خوێندن بە گوێ‌ی حەیوانەكەدا!‏
‏8 ـ نەووتنی (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) لە كاتی سەر بڕینی قوربانیەكەدا بە هۆی مەشغووڵ بوون ‏بە هەندێك ویردی تری نا شرعیەوە!‏
‏9 ـ ووتنی نیەت بە زمان لە كاتی سەر بڕینیدا، چونكە جێگای نیەت تەنها دڵە.‏
‏10 ـ ووتنی (لەڕێی خوا و مەولوودی پێغەمبەر ‏صلى الله عليه وسلم‏) لەكاتی سەر بڕینی قوربانیەكەدا، چونكە ‏دەبێت تەنها بڵێت: (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) وەك لە سوننەتی پێغەمبەردا هاتووە (‏صلى الله عليه وسلم‏).‏
‏11 ـ نەخواردنی گۆشتی قوربانی لە لایەن خاوخێزان و خاوەنی قوربانیەكەوە، چونكە ‏پێغەمبەر (‏صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: " كُـلُوا " واتە: لێی بخۆن.‏
‏12 ـ هەندێك لە خەڵك دەڵێت: ئەگەر حەیوانێك پێش جەژن دیاری بكرێت بۆ قۆچ و قوربانی ‏ئەوا نابێت لـێ‌ی بخۆیت و دەبێت هەمووی ببەخشیت !!! ‏
ئەم شتە لە سەردەمی پێغەمبەردا (‏صلى الله عليه وسلم‏) نەبووە و پێچەوانەشە بۆ فەرموودەی: " كُـلُوا " ‏واتە: لێی بخۆن، وە ئەم بیدعەیەش بۆتە هۆی دوور كەوتنەوەی زۆرێك لەو جۆرە خەڵكانە لە ‏ئەنجامدانی قوربانی كردن !‏
‏13 ـ فرۆشتنی پێستی قوربانیەكە یان بەخشینی بە قەصابەكە لە جیاتی كرێ‌ی سەر ‏بڕینەكە.‏
‏14 ـ دابەش كردنی گۆشتی قوربانییەكە بە سەر هەموو دراوسێكاندا ئەگەر چی دەست ‏كورت و موحتاجیش نەبن لە بەر لۆمە و تانەی خەڵك، چونكە صەدەقە تەنها بۆ فەقیر و هەژارانە ‏، وە لە فەرموودەكەی (أَبُو بُرْدَةَ) دا باسی موحتاجی دراوسێ‌ كراوە، ((وَذَكَرَ هَنَةً مِنْ جِيرَانِهِ)) (أي حاجة).
‏15 ـ شاردنەوەی خوێنی قوربانییەكە لە ژێر خاكدا، بە مەبەستی ئەوەی كە ئەو خوێنە ‏تێكەڵ نەبێت بە ئاوەڕۆ (مەجاری) چونكە وا دەزانن خوێنی قوربانی موبارەكە.‏
‏16 ـ یەكسانی لە دابەش كردنی گۆشتی قوربانییەكەدا بە سەر هەموو ماڵەكاندا وەك یەك ‏‏!!! ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی دادپەروەری لە نێوان ئەو خێزانانەی كە ژمارەیان زۆرە ‏بەرامبەر بەوانەی كە ژمارەیان كەمە !‏
كەواتە: دەبێت بەش و پشكی ئەو خێزانانەی كە ژمارەیان زۆر ترە زیاتر بێت لەوانەی كە ‏ژمارەیان كەمەترە: [إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ] (النحل 90)
[ئەم پرسیار و وەڵامە لە كتێبی (چۆنێتى قوربانى كردن لەسەر دەمى پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم) وەرگیراوە لە نوسنی مامۆستا محمد عبدالرحمن]

ماڵپەری بەهەشت - www.ba8.org