نووسینی زانای پایەدار: عبد الرزاق بن عبد المحسن البدر
وەرگێڕانی : محمد عبد الرحمن لطیف/ وتارخوێنی مزگەوتی (شێخ إبراهیم) / كەلار
بەڕاستی بازرگانی كردن و دەستخستنی سوود و قازانجەكان و كێبڕكێ كردن لەپێناو دەستكەوتنی داهاتەكان جێی تەماحی هەموو مرۆڤێك و ئارەزوومەندی هەموو بەندەیەكە ، وە هەموو كەسێكیش لەم دونیایەدا فرۆشیار و كڕیار و بازرگانە ، وە هەموو كەسێكیش لە خەڵك بەیانیان لە ماڵ دەچێتە دەرەوە خۆی دەفرۆشێت جا یان خۆی ئازاد دەكات یان خۆی دەفەوتێنێت ، بەڵام بازرگانی بەقازانج و دەستكەوتی ڕوون كە سوودەكەی لە دونیا و دواڕۆژی عەبدا دەمێنێتەوە زۆربەی خەڵك بێئاگان لە كێبڕكێ كردن تێیدا و بێئاگان لە هەوڵدان بۆ وەدەستخستنی ..
وە لەم كتێبەدا (بازرگانییە بەقازانجەكان / الـمَتاجِرُ الرَّابِحة) قسەمان لەسەر ئەم جۆرە بازرگانییەیە ، بازرگانی دواڕۆژە بە كردەوە چاكەكان ، نوێژ جێی بازرگانی تێدا كردنە ، وە ڕۆژوو جێی بازرگانی تێدا كردنە ، وە صەدەقە و ماڵ بەخشین جێی بازرگانی تێدا كردنە ، وە هەموو كردەوەیەكی چاك كە عەبد خۆیی پێ نزیك دەكاتەوە لە خوا بریتییە لە ئەم بازرگانییە بەقازانجانە ، وە هەروەكو چۆن لە تیجارەت و بازرگانیدا قازانج كردن و زەرەر كردن هەیە بە هەمان شێوە لەم تیجارەت و بازرگانییشدا قازانج كردن و زەرەر كردنیش هەیە ، جا هەركەسێك باوەڕی هێنا و كردەوەی چاكی كرد ئەوە ئەجر و پاداشتی گەورەی بۆ هەیە .. وە هەركەسێكیش پشت بكات لە ئیمان و كردەوەی چاك ئەوە زەرەر و زیانی ڕوونی كردووە .