پێداچونەوەی: م. عبداللطیف أحمد و م. خلیل أحمد فرج
كۆكردنەوە و وەرگێڕانی: م.علی خان
جا ئەم چەند دێڕە دیاری منە بۆ هاودەردەكانی هاوڕێم:
بۆ ئەوانەی بە دەست تاوانەكانیانەوە گیرۆدە بوون.. ؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان بەندی كردون.. ؟!
بۆ ئەوانەی ستەمی زۆریان لە خۆیان كردوە.. ؟!
بۆ ئەوانەی زۆرێك لە تاوان ئەنجام دەدەن و كەمجار تەوبە دەكەن.. ؟!
بۆ ئەوانەی زۆرجار بڕیاری تەوبە كردن دەدەن.. بەڵام دوای دەخەن..؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان لەو پەروەردگارە بە ڕەحمە دوری خستونەتەوە..؟!
بۆ ئەوانەی تاوانەكانیان بوە بە باعیسی دواكەوتنیان لە قافڵەی پیاوچاكان..؟!
بۆ ستەمكارێلێكی تاوانپیشەی ئەمسالی ئێمە.. ؟!
[هەروەها بۆ:]
ئەوانەی هیچ دەرگایەكی خراپە نەماوە لێیان نەدابێت..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان قورئانیان نەخوێندوە..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان سوژدەیەكیان بۆ خوا نەبردوە..؟!
بۆ ئەوانەی لە تەمەنیان تامی باوەڕیان نەچەشتووە..؟!
بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت بە ڕاستی تامی ژیان بچەژن..؟!
بۆ ئەوانەی زۆر تاوانبارن، واشئەزانن چاكە كارن، و هیچیان نەكردوە..؟!
بۆ ئەوانەی بە دوای پڕكردنەوەی كەلێنەكانی ژیانیاندا ئەگەڕێن.. ؟!
بۆ ئەمانە و جگە لەمانیش.. ئەم دیاریە پێشكەش دەكەم..
بە هیوای ئەوەی: پوچەڵكەرەوەی پیلانەكانی شەیتانە مرۆیی و جنۆكەییەكان بێت كە دەیانەوێت كەس تەوبە نەكات و ببنە بەربەستی ڕێی تەوبەكردن.
بە هیوای ئەوەی: ڕێنشیاندەری تاوانبار بێت بۆ چۆنێتی تەوبەكردن، ڕێنمایی كاری تەوبەكار بێت بۆ چۆنێتی بەردەوام بوون..
بە هیوای ئەوەی: ئەو ئاوە سازگارە ساردە بێت كە لە دوای گەرما و شەكەتیەكی زۆر دەخورێتەوە..
بە هیوای ئەوەی: فێنكی دەرونەكان بێت..
لە بیرت نەچێت عیبرەت بە ڕێكی كۆتاییە.. نەك كەموكورتی سەرەتا
دواكارم لە خوای گەورە سود بە من و برا و خوشكانم بگەیەنێت، ئەوەشی عەیبێكی تێدا دەبینێت بەخیلی نەكات لە ئامۆژگاری، ئەوەشی سودێكی لێدەبینێت دوعایەكی خێر بكات، بەسم بێت خوا دوعایەكی خێری یەكێكتان بۆ من قبوڵ بكات.