نوسینی/ ولید بن راشد السعیدان
گرنگی پێدان و تەخریجی حەدیسەكانی/ سالـم بن ناصر القرینی
وەرگێڕانی/ زریان سەرچناری
پێداچونەوەی/ مامۆستا ئاكۆ محمد عبدالله
یەكێك لەو بابەتانەی كە لەم سەردەمەدا مشتومڕێكی زۆری لە سەرە : مەسەلەی وێنەگرتنە بە تایبەتی (وێنەی فۆتۆگرافی) ، بۆیە هەندێك لە زانایان خوا پلەیان بەرزتربكاتەوە و باشترین پاداشتیان بداتەوە، لەوانەیان كە مردون خۆشبێت و زیندوەكانیان دامەزراو بكات لەسەر حەق، ئیجتهادێكیان هەڵبژاردووە ئەویش ئەوەیە كە ڕێیان پێداوە، وە چەند بەڵگەیەكیشیان بۆ هێناوەتەوە، هەڵبەتە ئەوانەیان كە ئەم ئیجتهادەیان هەڵبژاردووە بێگومان لە دوای هەوڵێكی زۆر و گەڕان بەناو بەڵگەكاندا بووە نەك هەر لە خۆیانەوە، وە لە یاساكانی شەریعەتیشدا هاتووە : هەر زانایەك بە هەموو توانایەوە هەوڵا بدات بۆ تێگەیشتن لە بابەتێك ئەوا پاداشتێكی بۆ دەنوسرێت لە لایەن خوای گەورەوە، چونكە ئیجتیهادی كردووە (مُجْتَهِد)یش واتە: ئەو زانایانە دەكات كە پلەیەك لە زانایی دەزانن دەتوانێت حوكمی شەرعی لە بەڵگەی نادیارو ئاڵۆزەكان دەربهێنێت، بەو هەوڵە كە دەیدات دەبێتە خاوەنی یەك پاداشت ئەگەر ڕاستی نەپێكا، وە ئەگەر پێكای و مەسەلەكەی وەك خۆی بۆ ڕوون بۆوە ئەوا دوو پاداشتی بۆ هەیە، پاداشتی هەوڵ دانەكەی وە پاداشتی دۆزینەوەی ئەو ڕاستیە، كەواتە تەماشای بەرزو بڵندی ئەم ئیسلامە بكە، چەندە دادپەروەر و چەندە مەزنە، ڕەحمەتی خوا بەلێشاو بڕژێت بەسەر ئەو زانایانەدا كە ئەم ئیسلامەیان بە ئێمە گەیاندووە، خوایە بە میهرەبانی خۆت پلەیان بەرز بكەیتەوە لە دونیاو قیامەتدا، لە بەر ئەو كاریگەریە باشەیان لە سەر موسوڵمانان.