ئامادەكردنی: عدنان بارام كەلاری
جگەرگۆشە و ڕۆڵەی شیرینم : پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم منداڵانی خۆش ویستووە ، و یاری لە گەڵدا كردوون و هەڵی گرتوون ، و دەیكردنە كۆڵی خۆی بۆ خۆشبەخت كردنیان ، هەروەك لەگەڵا حەسەن و حسیندا ئەو كارەی بۆ كردوون ، و یاری پێیان نەدەبڕی لەكاتی یاریكردنیان ( هەروەكو ئەنەس بۆمان دەگێڕێتەوە كە ئەو كارە لەگەڵا خۆیدا ڕویداوە ) ، وە هیچ جیاوازی نەدەكرد لە نێون كوڕ و كچدا ، و چەندەها جار هاوەڵانی بینیویانە ماچی حەسەن و حوسەینی دەكرد ، و دەیفـەرموو : " إِنَّـهُ مَنْ لا يَرْحَمْ لا يُرْحَمْ " ( متفق علیه ) ، واتە : ئەو كەسەی بەزەیی نەبێت بەزیی لێ ناكرێت ـ واتە : خوای پەروەردگار بەزەیی پێدانایەتەوە ـ ، یان جاری وا هەبوو ئومامەی كچی زەینەبی ـ لە كاتی نوێژكردنیدا ـ هەڵدەگرد بۆ ئەوەی نەگریت ، و دایكی ئیش و كاری خۆی بكات ( رواه البخاری ومسلم ) ، جاری واش هەبوو سوژدەی نوێژەكەی درێژ دەكردەوە لە بەر ئەوەی حەسنی كچەزای لە سەر پشت بوو ( صحیح سنن النسائی ، برقم : 1141 ) ، وە ئەگەر لە كاتی نوێژی جەماعەتدا گوێی لە دەنگی گریانی منداڵێك ببایە ، نوێژەكەی كورت دەكردەوە بۆ ئەوەی دایكی بڕوات بۆ لای وئامۆشی بكاتەوە ( البخاری ) .