سێ باسی گرنگ لە باسەكانی نوێژ
نوێژكردن لە نێوان كۆلەكەكانی مزگەوت ..
سوترەی نوێژگەر حوكم و ئادابەكانی ..
ئامینی نوێژ واتا و چاكە و حوكم و شێوازی ووتنی ..
نووسینی: باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری
موسڵمانی بەڕێز : ئەم نووسین و بایەتەی بەردەستت سێ بابەت و بەرهەمی ئامادەكارن پێشووتر لە هەندێك لە ژمارەكانی ( گۆڤاری ڕێگای ڕاست ) ـدا بڵاوكراونەتەوە ، جا لەبەر گرنگی بابەتەكان و پەیوەست بوونیان بە یەكێك لە پایە كرداریە گرنگەكانی ئیسلام ـ بەڵكو بە گرنگترینیانەوە ـ كە نوێژە ، وە لەبەر كەمتەرخەمی موسڵمانان لەم بابەتانە و بێ ئاگایی زۆرێكیان لێیان ، بە پێویستم زانی بەكۆكراوەیی و لە یەك پەرتوكدا و لەژێر ناونیشانی ( سێ باسی گرنگ لە : باسەكانی نوێژ ) ـدا كۆیان بكەمەوە ، بۆ ئەوەی موسڵمانان زیاتر لێیان سودمەند ببن ، و ببنە توێشوویەكیش بۆ ئامادەكار و نووسەریان ... كە داواكارم لە پەروەردگاری میهرەبان و بەبەزەییم بەفەزڵ وڕەحمەت وبەزەیی خۆی لێمی وەرگرێت ، و لەو كردەوانە بێت كە تەنها و تەنها لەبەر ڕەزامەندی ئەو ئەنجام دابێتن .