ناسینی پەیامبەری خوا یەكێكە لە ‏بنچینە سەرەكیەكانی ئیسلام
بەروار: 2013/01/10سەردارن: 3475نوسەر: ڕەوەند عبدالله

ناسینی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم هەر ئەوە نیە بە زمان ‏بڵێین ئەیناسین و ناوی ( محمد ) ـە و پەیامبەری خوایە ‏، بەڵكو پێویستە ناسینەكە داخوازی كۆمەڵێ‌ شت ‏بكات بەبێ‌ ئەوانە مرۆڤ سود لەو ناسینە نابینێ‌ ، پێش ‏هەموو شتێ‌ گرنگی ناسینی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ‏لەوەدایە نێوەندی نێوان بەندەكان و خوای ‏پەروەردگارە لە رونكردنەوەی شەرعی خوا و چۆنێتی ‏پەرستنی ، وە دەبێ‌ ئەم ناسینە داخوازی چەند شتێك ‏بكات ئەوجا دەبێتە ناسینێكی دروست و سود بە ‏موسڵمان ئەگەیەنێ‌ :‏
‏1 / دەبێ‌ ئەو ناسینە داخوازی ئەوە بكات كە قایل ‏بین بەو رێنمایی و ئاینەی كە پێی هاتووە ، وە ‏باوەڕكردن بەوەی كە هەواڵی پێداوە ، لە گەڵ ‏گوێڕایەڵی كردنی فەرمانەكانی و دوركەوتنەوە لە ‏قەدەغە كراوەكانی و فەرمان ڕەوایی كردن بەو ‏شەریعەتەی پێی هاتووە لەگەڵ رازی بوون بە ‏دادوەریەكەی . ناسینیش تەنها بە وتن نیە بەڵكو دەبێ‌ ‏بە كردەوە بیسەلمێنین .‏
‏2 / دەبێ‌ ئەم ناسینە ببێتە هۆی ئەوەی لە ‏ناكۆكی و كار و باری ئاین بگەڕێینەوە لای خۆی وەك ‏خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ أَطِيعُواْ اللّهَ وَأَطِيعُواْ الرَّسُولَ وَأُوْلِي الأَمْرِ مِنكُمْ فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللّهِ وَالرَّسُولِ ]النساء59 .
كە ئێستایش خۆی لە ژیان نەماوە دەگەڕێینەوە بۆ لای ‏قورئانەكەی خوا و سوننەتی پەیامبەرمان صلى الله عليه وسلم بە ‏تێگەیشتنی پێشینی ئەم ئوممەتە كە ئەوانیش ‏هاوەڵانن ‏
‏3 / .دەبێ‌ ئەم ناسینە بە شێوەیەك بێت قسەی ‏كەس پێش قسەی نەخەین و ڕاو بۆچونی كەس پێش ‏راوبۆچونی نەخەین هەروەك ابن عباس فەرموویەتی : ‏نزیكە لە ئاسمانەوە بەردتان بەسەردا داببارێت من ‏دەڵێم : پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم وای فەرمووە ، كەچی ‏ئێوە دەڵێن : ( أبو بكر ، و عمر ) ‏‏ فەرموویانە !!!‏
هەروەها پێشەوا احمد ئەفەرموێ‌ : سەرم ‏سوڕماوە لە كردەوەی ئەو كەسانەی كە سەنەدی ‏فەرموودەیان ناسیوە ، كەچی بۆچوونی ( سفیان ) ‏وەردەگرن ، لەو لاشەوە خوای پەروەردگار فەرموویەتی ‏‏: [ فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ ]
‏4 / پێویستە ئەو ناسینە وامان لێبكات ملكەچی ‏بڕیارەكانی بین هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَن يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ]النور51‏
هەروەها ئەفەرموێ‌ : [فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىَ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجاً مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيماً ] النساء65
‏5 / دەبێت ئەم ناسینە ببێتە هۆی ئەوەی ‏پێچەوانەی نەبینەوە هەروەك خوای پەروەردگار ‏ئەفەرموێ‌ : [ فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ ] پێشەوا ( ابن كثیر ): فەرمویەتی : ‏گوێڕایەڵی پەیامبەری خوا ‏صلى الله عليه وسلم پێشترە لە گوێڕایەڵی ‏هەموو كەسێكی تر ، با چاكترینی ئەم ئوممەتە بن ، كە ‏‏( أبو بكر ، و عمر ) ن .‏
وە فەرموویەتی : وە وتەی خوای پەروەردگار كە ‏فەرموویەتی : [ فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ ] ، ‏واتە : لە فەرمانی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ، كە ڕێباز، و ‏پەیڕەو ، و ڕێگا ، و سوننەت ،و شەریعەتەكەیەتی ، ‏بۆیە دەبێت هەموو ووتە و كردەوەكان بە ووتە و ‏كردەوەكانی ئەو بپێورێت ، جا ئەوەی هاوكۆك و ‏هاودەنگ بوون لە گەڵ ئەودا وەردەگیرێت ، ئەگەر ‏پێچەوانەش بوو لە گەڵیدا ، ئەوە ڕەتكراوەیە بە ڕووی ‏خاوەنەكەی و ئەنجام دەرەكەی ، هەر كەسێك بێت . ‏
‏6 /دەبێت ئەم ناسینە ببێتە هۆی خۆش ویستنی ‏هەروەك خۆی ئەفەموێ‌ : (( فَوَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى أَكُونَ أَحَبَّ إِلَيْهِ مِنْ وَالِدِهِ وَوَلَدِهِ)) صحيح البخاري
بەڵام خۆشویستنەكە لەبەر ئەوە نەبێ‌ عەرەبە یان ‏لەبەر خزمایەتی و لەبەر بەهێزی كەسایەتیەكەی نەبێت ‏بەڵكو پێش هەموو شتێك لەبەر ئەوە بێت كە نێردراوی ‏خوایە چونكە خۆش ویستن تەنها لەبەر خودی زاتەكە ‏تەنها بۆ خوایە و نابێ‌ بۆ كەسێكی تر ئەنجام بدرێ‌ ‏چونكە دەبێتە شیرك ، ئەوانەی لەبەر خزمایەتی ‏خۆشیان ویست سودیان لەو خۆشەویستیە نەبینی ‏وەك (ابو طالب) . لەم سەردەمەش هەندێ‌ لە ‏رۆژئاواییەكان رەنگە شایەتی بۆ بدەن وەك ‏سەركردەیەكی بلیمەت و بە توانا ئەمانەش سود لەو ‏بەرزراگرتنەی نابینن چونكە لەبەر خودی ‏كەسایەتیەتی ، ئەم جۆرە خۆش ویستنەش تەنها ‏دەبێ‌ بۆ خوا تەرخان بكرێ‌ .‏
هەربۆیە هەركەسێك ئیدعای خۆش ویستن و ناسینی ‏پەیامبەری خوای كرد پێویستە بكۆڵێتەوە لە خۆی ‏ئایە ئەو خاڵانەی سەرەوە لە خۆیدا جێ بەجێ‌ ئەكات ؟ ‏ئەگینا ناسینەكەی تەنها ئیدعایە و هیچ سودێكی لێ‌ ‏نابینێ‌ ، ئەمەش تەنها دڵۆپێك بوو لە زەریای ئەم ‏بابەتە ، چونكە زۆر زۆر زیاتر لەمە هەڵدەگرێ‌ لەسەری ‏بنوسین ، داواكارم لە خوای پەروەردگار هەموو ‏موسڵمانێك سەركەوتو و موفق بكات بۆ ناسینی ‏پەیامبەرەكەی بەو شێوەیەی خۆی پێی رازیە .‏