بسم الله الرحمن الرحیم
ئەم چەند دێڕە دەنێرم بۆ هەموو خوشكەكانم, بۆ ئەو خوشكانەم كە هەست بە بێزاری و بێ هیوایی دەكەن و وادەزانن دەرگاكان بەرویاندا داخراون، چەند وشەیەكە بۆ ئەوانەی دڵتەنگن و دەناڵێنن بە دەست ستەمی جۆرا و جۆرەوە.
خوشكی بەڕێزم: لە وشەكانم وردبەرەوە و هەوڵبدە بیر بكەیتەوە لە پاداشتی ئەو تاقیكردنەوانەی كە لەلایەن خوای گەورە ڕووبەڕووت ئەبێتەوە تا ئارام بگریت, ئەو كات ئارامگرتنەكەت لەبەر خوای گەورە ئەبێت، ئازیزەكەم تكایە بە ئازایی پێشوازی لە ناخۆشیەكان بكە، ئارام بگرە ، چونكە پەروەردگارمان فەرموویەتی: [وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ] "البقرة 249" وە هەروەها لە سورە ال عمران فەرمویەتی [وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ] (146 ) هەرچەند دەردەسەری ونەهامەتی ڕووی تێكردی و ڕێگاكەت تاریك بوو هەر ئارام بگرە و دڵنیابە كە لەگەڵ هەموو ناخۆشییەك خۆشییەك دێت، (ان مع العسر یسرا) "الشرح 6 "
خوشكەكەم, زۆر ئاساییە ئەگەر دووچاری ناخۆشی و ستەمی دەور و بەرت بوویتەوە ، چونكە ئێمە لە سەردەمێك ئەژین ئەوەی دەست بە قورئان و سوننەتەوە بگرێت غەریبە و توشی چەندەها ناخۆشی ئەبێت كە هەموویان تاقیكردنەوەی پەروەردگارن، تۆش كە ئێستا خۆت داپۆشیوە بەو شێوەیەی كە خوای گەورە فەرمانی پێكردویت و هەمیشە عاباكەت و دەستكێش و نقابەكەت لەبەركردوە و هەرگیز لە سنوری شەرع ناچیتە دەرەوە دڵ تەنگ مەبە لەبەر ئەوەی قسەت پێئەڵێن و وەك جاران نازت هەڵناگرن و گوێت بۆ ناگرن، لەبەرئەوە تەنها تۆ وانیت دڵنیابە زۆربەی ئەو خوشكانەی وەك تۆ الحمدلله ڕێگای ڕاستیان دۆزیوەتەوە وەك تۆ وان و بگرە لەوانەیە لە تۆ زۆر زۆر خراپتر بن، هەمیشە سوپاسی خوای گەورە بكە لەسەر ئەوەی كە تۆی تاقیكردۆتەوە بشزانە ئەوە قەدەری خوای گەورەیەو هەرچی بوێت ئەنجامی دەدات، [ مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَي اللَّهِ يَسِيرٌ] "الحدید 22" واتە (هیچ دەرد و بەڵا و موصیبەتێك ڕوو نادات نە لە زەوی و نە لە خودی خوتان ئیلا بەرلەوەی كە ئەوە ڕوبدات لە كتێبێكدا نوسراوە و بڕیار دراوە كە لوح (المحفوظ)ە كە ئەمەش كارێكی ئاسانە بۆ خوا)، هەرگیز مەترسە لەو كەسانەی زۆرت لێدەكەن و قسەت پێ ئەڵێن.... چونكە دڵنیابە تەنها ئەوە ڕوو ئەدات كە خوای گەورە ویستی لەسەرە زانایانی اهلی سوننە فەرموویانە ( ما شاء الله كان و ما لم يشأ لم يكن) واتە خوای گەورە ویستی لە هەر كارێك بێت دەبێ و ویستیشی لە هەر كارێك نەبێت نابێت. ئەوەش بزانە كە خوای گەورە تۆی خۆش ئەوێت بۆیە تاقیتدەكاتەوە ، ئەگەر صبر بگریت و بەردەوام بیت ئەوە پاداشتی گەورە چاوەڕوانتە ، ئەوەتا خۆشەویستمان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (ان الله إذا أحب قوما ابتلاهم، فمن رضي فله رضا و من سخط فعليه السخط) أخرجه الترمذي في الزهد (4601) و ابن ماجه في الفتن (4031) وصححه العلامة الألباني في الصحيحة :146) واتە ( بێگومان خوای گەورە ئەگەر خەڵكانێكی خۆشبوێت تاقیان دەكاتەوە، جا ئەو كەسە ئەگەر ڕازی بێت بەو تاقیكردنەوەی خوای گەورە ئەوا ڕەزامەندی خوای گەورە بە دەست دەهێنێت، وە هەر كەسێكیش توڕەبێت و پێی ڕازی نەبێت ئەوا توڕەی خوای گەورەی لەسەر ئەبێت).
خوشكە خوشەویستەكەم, با لە خۆشی و ناخۆشیدا دوعا و پاڕانەوەكانت تەنها بۆ بەر دەرگای پەروەردگارت بێت و جگە لەو خوایە لە كەسی تر نەپاڕێیتەوە ، چونكە ئەو كەسەی وا نەكات پەنا بەخوا خەسارۆمەندی دونیا و قیامەتە ، ئەوەتا خوای بەرز ئەفەرموێت [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَعْبُدُ اللَّهَ عَلَي حَرْفٍ فَإِنْ أَصَابَهُ خَيْرٌ اطْمَأَنَّ بِهِ وَإِنْ أَصَابَتْهُ فِتْنَةٌ انقَلَبَ عَلَي وَضهِهِ خَسِرَ الدُّنْيَا وَالْآخِرَةَ ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِينُ] "الحج 11" واتە (هەندێك لە خەڵكی هەیە تەنها لە یەك حاڵەتدا خواپەرستی دەكات (ئەویش ئەو حاڵەتەیە كە دنیا بەدڵی ئەو بێت)، ئەگەر تووشی خێرو خۆشی بوو دڵی پێی خۆشە، خۆ ئەگەر تووشی تاقیكردنەوەیەك هات، ئەوە هەڵدەگەڕێتەوە، ئا بەو حاڵەتەی دنیا و قیامەت لە دەست خۆی دەدات و زەرەرمەندی هەردوو لایە و هەر ئەوەشە خەسارەتمەند و زەرەرمەندی ڕوون و ئاشكرا). لەبەرئەوە تەنها خوای پەروەدگارە لە هەموو كاتەكاندا ئاگای لێتە و هەر ئەویشە وەڵامی دوعا و پاڕانەوەكانت ئەداتەوە هەروەك خۆی ئەفەرمویت :[أَمَّن يُجيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ] ”النمل 62" واتە (كێیە ئەوەی كە دوعای داماوان قبوڵ ئەكات كاتی لێی بپاڕێتەوە، وە شتی خراپە و ناخوش لەسەر مرۆڤەكان لا ئەدا؟) خوشكە باشەكەم هەمیشە دوعا بكە بە تایبەت ئەو كاتەنەی كە بەتەنیایت, لەو كاتەی كە خەڵكی لەدەریای خەوتندا نقوم بوون, لە تاریكای شەودا دانیشە و بگری و بیر بكەرەوە و لەگەل خۆت قسە بكە و بڵێ من بۆچی دروستكراوم؟ بۆ ئەوەی تەنها خەم و خەفەت بخوم؟ یان بۆ ئەوەی تەنها ڕابوێرم و بێئاگا بم؟ نا تۆ بۆ هیچ كام لەمانە خەلق نەكراویت [وَمَا خَلَقْتُ الْجنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ] "الذاریات 56"، ئەوە بزانە خوای گەورە هەرگیز بە تەنها جێت ناهێڵێت و دڵنیابە كە وەڵامی دوعا و پاڕانەوەكانت زوو بێت یان درەنگ, ئێستا بێت یان بەیانی یان ساڵێكی تر هەر دەدرێتەوە و تەنها و تەنها پشت بەو ببەستە لەكاتی دڵتەنگبوون و گیروگرفت و ناهەمواری بارودۆخەكان .
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما مزيدا.