الحمدلله وحده ، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده : أما بعد :
زۆربوونی خراپەو بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشی زۆرێك لە گەنجانی بەرەو هەڵدێر بردووەو هەندێكیشیانی تووشی زینا و داوێن پیسی كردووە ، كاتێكیش لەم گەنجانە بپرسین بۆ ئەو كارە دەكەن؟
دەڵێن : ناتوانین لەسەر قورسی پرۆسەی هاوسەرگیری و زۆربوونی خراپەو ڕووتی زۆرێك لە ئافرەتانو ئارەزووە زۆرەكانمان ئارام بگرین ، ئێمەش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم گەنجانە – خوای گەورە هیدایەتیان بدات بۆ ڕەوشت جوانی – وە بۆ پەند وەرگرتنی هەموومان كورتەیەك لەو هۆكارانە باس دەكەین كە لەلایەن ژنەكەی پاشای میسرەوە بەكارهێنرا بۆ لە خشتەبردنی یوسف - علیه السلام – و ڕاكێشانی بۆ داوێن پیسی ، كە بەڕاستی مەكر و فێڵی ئەو ئافرەتە تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورە بوو بۆ یوسف ، و ئەگەر فەزڵ و بەخششی خوای گەورە نەبوایە ڕزگاری نەدەبوو ، گەورەیی ئەم تاقیكردنەوەیەش لەوەدا دەردەكەوێت كە هەموو شتێك ئاسان و فەراهەم بوو بۆ ئەوەی یوسف ئەو تاوانە ئەنجام بدات لەوانەش :
1 . ئافرەتەكە خۆی بانگی یوسفی كرد ئەمەش ڕێخۆشكارێكی گەورە بوو ، چونكە بانگ كردنی پیاو لەلایەن ئافرەتەوە وەكو بانگ كردنی ئافرەت نیە لە لایەن پیاوەوە ، كە ئافرەت بانگی پیاوی كرد ئەو كات ئەو لەمپەرە دەرونیانەی كە لەلای پیاو هەیە نامێنێت ، وەكو ترسان لە خۆبەدەستەوەنەدانی ئافرەتەكە یاخود هاواركردنە كەسوكار و ... هتد .
2 . یوسف لە ماڵەكەیاندا بوو واتە كەسێكی نامۆ نەبوو تاوەكو خەڵكی گومان لە چوونە ژوورەوەی بكەن.
3 . ئافرەتەكە هەموو دەرگاكانی كۆشكی داخست كە ئەمەش ترسی ئەوەی نەهێشت خەڵكی پێیان بزانن .
4 . هانی یوسفی دەدا بۆ ئەوەی ئیشە خراپەكەی لەگەڵ بكات .
5 . یوسف گەنج بوو پاڵنەری زیناش لای گەنج زۆر زیاترە .
6 . ئافرەتەكە گەورەی یوسف بوو دەبوو گوێڕایەڵی بوایە لە هەر فەرمانێك كە پێی دەكرد .
7 . یوسف كۆیلە بوو پاڵنەری زیناش لای كۆیلە زیاترە وەك لە كەسێكی ئازاد ، چونكە كۆیلە هەر بە چاوی سووكەوە سەیر دەكرێت ، بۆیە لە ئابڕوچوون ناترسێت .
8 . یوسف كەسێكی نامۆ بوو لە وڵاتی میسر ، كەسی غەریب و نامۆش لە ئابڕوچوون ناترسێت وەكو كەسێك كە خەڵكی وڵاتەكە بێت .
9 . ئافرەتەكە جوان بوو ، پاڵنەری زیناش لەگەڵ ئافرەتی جواندا زۆر زیاترە .
10 . ئافرەتەكە خاوەن دەسەڵات بوو دەیتوانی ئەگەر یوسف ئاشكراش بێت بەرگری لێبكات .
11 . مێردی ئافرەتەكە غیرەتی نەبوو ، چونكە سەرەڕای ئەوەش كە بە ژنەكەی زانی پێی وت داوای لێخۆشبوون بكە بۆ تاوانەكەت و كاردانەوەی خراپی نەبوو .
12 . ئافرەتەكە جگە لە خۆی مەكر و نازی ئافرەتانی تریشی بەكارهێنا .
13 . هەڕەشەی ئەوەی لە یوسف كرد كە ئەگەر زینای لەگەڵ نەكات ئەوا سجنی دەكات .
سەرەڕای هەموو ئەو ئاسانكاریانە یوسف – علیە السلام – كۆڵی نەدا و ئارامی گرت ، و داوای لە خوای گەورە كرد ڕزگاری بكات ، ئەویش وەڵامی دایەوە و ڕزگاری كرد .
دەسا گەنجانی بەڕێزمان یوسف ئاسا بە سەبر و ئارام بن ، و ڕەزامەندی خوای گەورە زاڵ بكەن بەسەر چێژێكی كەمی دونیاییدا كە لە پاش تەواو بوونی هەست بە بێزاری و پەشیمانی و بێتاقەتی و تاوانباری دەكەیت .