هەڵوێستی مامۆستا خەلیل ئەحمەد كەلاری سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری
بەروار: 2015/05/11سەردارن: 2445نوسەر: مامۆستا خەلیل ئەحمەد

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
ب / ئاگاداركردنەوە و ئامۆژگاری
لەبەر ڕۆشنایی ئەو فەرموودە بەناوبانگەی پەیامبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم كە دەفەرموێت : (الدين النصيحة) واتە : ئاینی خەڵك بە ئامۆژگارییەوە دەوەستێت ، هاوەڵان فەرموویان : (قلنا لـمن ؟) واتە : ئامۆژگاری بۆ كێ‌ ؟ (قال : لله ولكتابه ولرسوله ولأئمة الـمسلمين وعامتهم) .
منیش هەموو كاربەدەستان و بەرپرسان لە كوردستانی خۆشەویست وە هەموو تاكەكانیشی ئاگادار دەكەمەوە و ئامۆژگاری برایانە و دڵسۆزانەم بۆیان هەیە بە تایبەتیش هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەوقافـی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی بڕیاری قەدەغەكردنی كتێب و نوسراوی هەندێ‌ لە بەناوبانگترین زانایانی ئیسلام ، چونكە ئەو نوسەرانەی لەو بڕیارەدا ناویان هاتووە زۆرترین خوێنەریان هەیە لە دونیای ئیسلامدا ، وە كتێبەكانیان سەرچاوەی شەرعین و باس لە ناوچە و ڕەگەز و تەعبیر لە هیچ وڵات و شوێنێك ناكەن ، بۆیە داواكارم لە بەرپرسان و یەكێتی زانایانی كوردستان و هەموو كەسێكی خەمـخۆر لەم هەرێمەدا ئەم دەرگایە نەكەنەوە ، چونكە بەڕاستی بڕیارێكی ئیجابی نیە وە دەرگای توندوتیژی و ناڕەزایی موسڵمانانی سوننە مەزهەب دەكاتەوە ، ئەنجا بەڕاستی دوای ئەوەی بڕیارەكەم بینی زۆر سەرمسوڕما چونكە كەسانی قەدەغەكراو بریتین لە زانایان لای پەیڕەوكارانیان و نەیارانیان ، ئەنجا لە بارودۆخێكی ناسكدا بۆچی بڕیاری لەم جۆرە وە بە تایبەت تریش چەند ڕۆژێك یان چەند هەفتەیەك نابێت وەزارەتی ئەوقاف قوتابـخانە ئاینیەكانی خستەسەر وەزارەتی پەروەردە ! جا ئەم كارە بەباش نازانـم و دەترسم ببێتە دەرگایەك بۆ ئاڵۆزی زیاتر لە نێوان بیربۆچونە جیاوازەكاندا ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك :
یەكەم / چونكە ئەو كتێبانەی قەدەغەكراون نوسەرەكانیان بریتین لە گەورە زانایانی ئیسلام وە بریتین لە زانایانی ـ نێوەندگیر ـ بۆیە بەم هەڵویستە خوێندنەوەی سەلبی بۆ دەكرێت ئەویش ئەوەیە كە كورد دژی ئاینی ئیسلامە كە لە حەقیقەتیشدا پێچەوانەكەی ڕاستە ، وە خەڵكی كوردستانیش لەباوباپیرەوە سوننە مەزهەبن وە هیچ گرفتێكیان لەگەڵ ئەم جۆرە باسانەدا نەبووە .
دووەم / پاشان قەدەغەكردنی بەرهەمی چەندین زانای پایەبەرز كە سەدەها ساڵە موسڵمانان پەیڕەوییان دەكەن چونكە ئەگەر تەنها یەك زانا بوایە بەم شێوەیە قورس نەبوو هەرچەندە هەڵەش بێت بەڵام كۆمەڵێك زانا وە لە یەك مەزهەبی دیاریكراو وە هەمووشیان مردبن تەنها یەك لەوانە نەبێت ئەمە ناتەندروستە و گرفت دروست دەكات .
سێ‌یەم / هەروەها قەدەغەكردنی هەموو كتێب و بەرهەمەكانیان بە شێوەیەكی ڕەها شتی وا هەر نەبووە و نەكراوە ! چونكە دەكرێت كتێبی زانایەك دەرهاوێشتەی خراپی هەبێت بەڵام هەموو كتێبەكانی وە بە یەك بڕیاریش هەموو كتێبەكانیان !
چوارەم / قەدەغەكردنی كتێبی كۆمەڵە زانایەك كە ئەوەی دیراساتی شەرعی هەبێت لەم سەردەمەدا ـ تەنها كەسانێك نەبێت كە بە بیری تایفی بیردەكەنەوە ـ دەزانێت كە ئەم زانایانە ڕۆڵی زۆر باشیان هەبووە لە ڕاگرتنی پارسەنگی فیكری ، وە زۆر دژی توندڕەوی بوونە ، بۆیە نازانـم لە بری برەودان بە فیكر و هەوڵی ئەم زانایانە لە دژایەتی كردنی تونڕەویدا وەك توندڕەوەكان دژی ئەلبانی و ابن باز و كێ‌ و كێ‌ دەوەستنەوە و بڕیار لەسەر ئەمان دەدرێت بەداخەوە !
پێنجەم / ئەنـجا قەدەغەكردن بە بێ‌ بەڵگە و لۆژیك و ژیری و دیراسات جێگەی قەبوڵ نابێت ، چونكە خوێنەران زۆر لەوە زیاتر دەزانن چاوبەست بكرێن لە لایەن كەسانێكەوە كە بوونەتە مایەی دەركردنی وەزارەت بەم بڕیارە ، هەروەها من دەپرسم ئەو بڕگانە چین پێچەوانەی ڕاستین وە موخالیفن بە دەقە شەرعیەكان بە بەڵگەوە لە مەزهەبەكانی تر وە لای باقی تر لە زانایان ؟
شەشەم / وە ڕیـزكردنی ئەو زانایانە و بە بێ‌ ناوهێنانی كتێبەكانیان وا دەردەخات كە دەستێكی دژ و تایفی لە پشت گەڵاڵەكردنی ئەم بیرۆكەیە بوبێت ، لە ڕەوتی نەیارانی ئیسلام بە گشتی و ڕەوتی خورافە و ئەفسانەپەرستی ، چونكە من لەو باوەڕەدام نە وەزیر و نە وەزارەتیش ئاشنا نین بەو كتێبانە ، وە لە كاتێكدا ئەم وشانە دەنووسم ئەوە بڵاوبووەتەوە كەسانێك لە ڕۆژی هەینیدا ئەو كتێبانە بسوتێنن ! ئەمەش بەڕاستی دەرهاوێشتەی خراپی لێدەكەوێتەوە كە هەر تاقم و حزبێك كتێبی ئەوی تر بسوتێنێت .
حەوتەم / ئەم بڕیارەی وەزارەت لە تایبەت كردنی سەرچاوەی مەزهەبێك ئەوە دەردەخات كە توندڕەوی یەكلایەنەیە و سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مەزهەبێك بەڵام وانیە ، تەنانەت فشارخستنەسەر خوێنەرانی ئەم كتێبانەش توندڕەویە و زەوتكردنی ئازادییەكانە ! پاشان بەدیلەكان كامانەن وە بە بەڵگەوە و بایەتیانە قسە لەسەر ئەم مەسەلە بكەین .
هەشتەم / ئەنـجا لەم سەردەمی پڕ لە ئامێر و زانست و تەكنەلۆجیادا كەی بەرژەوەندی پێكەوەژیان و نەرمونیانی بوونە كاغەز و پەڕاو لە یەكتر قەدەغە بكەین ! ئەی بۆ نازانن گەورە و گچكە ئایفۆن و ئایپاد و كۆمپیتەر و ڤایبەر و فەیسبوكيان پێيە ، بەرنامەی وا هەیە بە چەند گێگایەك نیو ملیون حەدیسی تێدایە وە سەدەها هەزار كتێب لە یەك بەرنامەدا كۆكراوەتەوە ، باشە عەیب نیە بۆ وڵاتی ئێمە تازە خەریكی شەڕی نەفسی و كاعەز بین لەگەڵ یەكتر ؟!
نۆیەم / باشە سەرچاوەكانی لاڕێبون و توندڕەوی تەنها دیراساتی ئیسلامیە ؟! ئەی باشە شیرك و سیحر و گەندەڵی و بێكاری و هەژاری قەدەغەكرا و چارەسەركرا ؟ وە هەموو ئەو كتێبانەی چاپدەكرێن لە كوردستاندا كە فیتنە و فەسادی حزبی و لەناوبردنی بەرژەوەندی گشتی لەخۆ دەگرێت قەدەغەكراون ؟ یان دەرگا لەسەر پشتە بۆ هەموو نوسینێك ئیللا ئەم كتێبانە نەبێت ؟!
دەیەم / قەدەغەكردنی ئەم كتێبانە بە تۆمەتی توندڕەوی زوڵمە و لە جێی خۆیدا نیە بە تایبەت بەناوزڕاندن و شكاندنی ڕێزی ئەو نوسەرانە هەرچەندە لەو باوەڕەدام نە وەزیر و نە وەزارەتیش هیچ كێشەیان لەگەڵا ئەو نوسەرانەدا نیە .
ئەنجا مەحروم كردنی خوێنەرانیش لە كتێبەكانیانی ئەلبانی و ابن باز و ابن تەیـمیە ئاسان نیە چونكە لەم سەردەمەدا كەس ناتوانێت نەگەڕێتەوە سەر كتێبەكانی ئەلبانی بۆ زانینی (صحیح) و (ضعیف)ی فەرموودەكان ، وە كەس ناتوانێت نەچێتەوە سەر ابن تەیـمیە بۆ دیراسەتی فیرەق و كێشەی تەكفیر و توندڕەوی كە بە شێوەیەكی یەكجاری فیكری توندڕەوی ڕیشەكێش كردووە ، بەڵام كەسێك كە تفەنگ بە تاریكیەوە بنێت ئەوە ئاسانە ، بەڵام بەڕێزان بەڕاستی مێژوو ئەوەمان لەسەر تۆمار دەكات وە دەبێتە پەڵەیەكی ڕەش بەسەرمانەوە .
یانزەیەم / پاشان ئەم بڕیارە فشار لەسەر پەیڕەوكارانی ئەهلی سوننە دروست دەكات وە دەرگای توندوتیژی دەكاتەوە چونكە وەك وتراوە (كلُّ مـمنوع مرغوب) هەرچیەك قەدەغە بكرێت خۆشەویستتر دەبێت، پاشان خەڵك لە حكومەت زویر و عاجز دەكات و قسەی كەسانی توندڕەو زاڵ دەكات كە دەڵێن ئەم كاربەدەستانە دژایەتی ئیسلام دەكەن .
دوانزەیەم / زانایان و قوتابیانی زانست هەموو كتێبێك دەخوێننەوە بە تایبەتیش ئەو كتێبانە ، بۆیە ئەمە دەبێتە مایەی لەیەكترازانی هەڵگرانی زانستی شەرعی و كاربەدەستان ، ئەوەیش شتێكی ترسناكە .
سیانزەیەم / دەركردنی بڕیاری بەم شێوە هەستیارە پێویستە ڕووبەڕووی زانایان بكرێتەوە وە پێویستە یەكتێی زانایانی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر بدەن یان پەرلەمان چونكە لە واقیعدا ئەوان نوێنەری خەڵكن یان سەرۆكی هەرێم هەموو ئەمانەش پێویستە بەڵگە بـخرێتە ڕوو چونكە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە .
وە من دەپرسم كتێبی هەر حزب و لایەن و مەزهەبێكی تر قەدەغە بكرێت یان كەناڵێك دابـخرێت یان هەر دۆسیەیەك بـجوڵێنرێت دەبێتە چ هەرایەك هەموو كاربەدەستان و پەرلەمانتاران سەرقاڵ دەكرێن .
چواردەیەم / من نازانـم مافی نوسین و خوێندنەوە و پەخش بۆ ئەوانە هەیە كە گاڵتە بە ئیسلام و بە قورئان و بە دەق و بە شەریعەت لە نوسراو و گوتار و كەناڵ و كـۆڕ و ... هتد ، كە هەندێ‌ شت دەڵێن بە هەموو پێوەرەكان بە پێوەرەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیریشەوە قەبوڵ نابن بەڵام تا ئێستا قەدەغە نەكراون ! ئەی ئایا كۆمەڵە سەرچاوەیەك لە نوسراوی كەسانێك لە ژێر گڵدان بۆ قەدەغە بكرێت ؟
بەڕێزان كەسانی وا هەن لە كەناڵەكاندا مێژووی ئیسلام بە سەدە تاریكەكان وەسف دەكەن وە بە سەردەمی زێرنی ئیسلام دەڵێن فاشیزم ئایا ئەمانە بێ‌ڕێزی نین بەرامبەر بە بیروباوەڕ و هەست و نەستی زۆرینەی خەڵكی كوردستان وە ئایا ئەمانە هۆی نائومێد كردنی خەڵك نین لەسەركردایەتی كورد و حكومەتەكەی .
بۆیە داواكارم لە بەڕێز سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی وە بەڕێز سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی وە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان و تێكڕای پەرلەمانتاران وە مەكتبی سیاسی هەموو حزبەكان وە یەكتێتی زانایان وە هەموو مەزهەبەكان وە هەموو مامۆستایانی ئاینی و هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن وە هەموو خوێنەرانی بەڕێز پێویستە بە هۆشیاری لەگەڵ بیروباوەڕی خەڵكی كوردستان هەڵسوكەوت بكەین ، وە نەبینە هۆكاری دروست كردنی قەیرانی زیاتر بۆ گەلەكەمان .
لە كۆتاییدا داواكارم لە خوای گەورە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ڕەوشتی جوانی كۆمەڵگەی كوردەواری و ئەمن و ئاسایش و خۆشگوزرانی هەرێم و خەڵكی كوردستان بپارێزێت و زیاتر و بەرقەراری بكات ، ئامین .

مامۆستا / خەلیل ئەحمەد
12 / 5 / 2015

پەیامێك بۆ :
بۆ هەریەك لە بەڕێزان : سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی ..
وە بەڕێز سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ..
وە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان و تێكڕای پەرلەمانتاران ..
وە مەكتبی سیاسی هەموو حزبەكان ..
وە یەكتێتی زانایان و هەموو مەزهەبەكان ..
وە هەموو مامۆستایانی ئاینی ..
وە هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن ..
وە هەموو خوێنەرانی بەڕێز ..